ئارام قزلەریی : گڕێ کوێرەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ، بە فویەک ئەکرێنەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێش راپەڕین کاتێک کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی بەعسدا بوو . هەرچی ببیسترایەو بگوترایە سەبارەت بەبارودۆخی نێوان کوردو حکومەتی مەرکەزی ، لە لایەن هەموو تاکێکی کوردەوە حسابی بۆ دەکراو دەزانرا ، کە ڕژیمی بەعس بێ ئەمانەو هەموو خواست و ئارەزوەکانی نەمانی گەلی کوردو لەناو بردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردایەتی بووە .

لەو زەمەندا نە ڕاگەیاندنەکان وەک ئێستا بەرەو پێش چوبوو ، نە دنیای تەکنەلۆژیاش وەک ئەم سەردەمە گەیشتبووە ئەو ئاستەی کە ڕاستیەکان لە ماوەیەکی کورت و خێرادا ، بگاتە دەست هاولاتیان .

لەسەردەمی پاشایەتی عێراقەوە تا دوا دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ، کێشەی کوردو حکومەتی مەرکەزی تەنها کێشەیەکی سیاسی و نەتەوایەتی بوو ، ئەوەی لە سیاسەتیش شارەزا نەبوایەو ئاستی ڕۆشنبیریشی زۆر بەرز نەبوایە ، لەوە تێ دەگەیشت دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان پیلانیان بۆ خاپورکردنی کوردستان و نەمانی هاوڵاتیانی کورد بووە .

هەرچی بیسترا لەڕابردوداو ئەوەشی ئێستا دەبیسترێت لەسەر ڕژێمەکەی بەعس بێ زیادوکەم ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرەو کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات .

لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ وە ، دەسەڵاتی ئەو ڕژێمە کۆتایی پێهات لەناو کوردستاندا ، پێش راپەڕین بەرنامەو پلانی حیزبە کوردیەکان هەمان ئامانج و داخوازی گەلی کورد بوو بۆ بەدیهاتنی سەرجەم مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و گەڕاندنەوەی ناوچە دابراوەکان بۆسەرهەرێمی کوردستان .

بەداخەوە لە دۆزینەوەی یەکەم بیرە نەوتەوە ، کێشە نەتەوایەتی و سیاسیەکان گۆردرا بۆ کێشەی بازرگانی و کورسی دەسەلات و بەرژەوەندی تایبەت ، لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانیەوە هەتا ئەم ساتە وەختە کە کورد خاوەنی پەرلەمان و حکومەتە ، نە توانرا بۆ تەنها پستێکی ناوچە دابراوەکان بگەرێنرێتەوە سەر هەرێم و مادەی ١٤٠ یش وەک مردو لە دارەمەیتا داپۆشراو و ئەوەی دەوترێت و دەبیسترێت تەنها چەواشە کردنی خەڵکەو هیچی تر .

لەیەکەم کابینەی حکومەتی مەرکەزی عێراقەوە کێشەو گرفتی کوردو بەغدا هەر بەردەوامەو بەجارەسەر نەکراوی ماوەتەوە ، ئەوەندەی باس لە کێشەی بودجەو داهاتی کۆمپانیاو نەوت دەکرێت ، نە پەرژاونەتە سەر کێشە سەرەکیەکانی پەیوەستە بەچارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە . کاتێک گرژی دروست دەبێت لەسەر پارەو داهات ، هێزی پێشمەرگە دەخرێتە ئامادەباشیەوە ، ها ئێستاو ها کەمێکی تر شەڕ لە نێوان پێشمەرگەو هێزەکانی عێراقدا دروست دەبێت ، کە هەر هەموو لایەکما ئەوە دەزانین جوڵاندنی ئەو هێزانە چەند مەسرەفی گرانە و گەڕانەوە و مانەوەیان چەند مەبلەغی خەیاڵی تێدەچیت .

بە پێی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی نێوان هەڕێم و بەغداد ، گومانی شەر زیاترە وەک لە دانوستان و چارەسەر کردنی کیشەکانی نێوانیان ، چەندین جارشاندی هەرێم و حکومەتی ناوەند کۆبونەتەوەو نە گەیشتونەتە ئەنجام ، بێ ئاکام گەراونەتەوە بەرەو کوردستان .

بە قودرەتی قادر لەپر بەرپرسێک دەچیتە بەغداو لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا کۆدەبێتەوەو دوای نانخواردنێکی دۆستانە گرێ کوێرەکان دەکرێنەوەو ، جەنابی سەرۆک وەزیریش خێرا دەگاتە هەرێمی کوردستان و فەرشی سوری بۆ دادەخرێت و وەک ئەوەی نە بایان دی بێت ونە بۆران .

زۆر دەمێکە کێشەی کوردو چارەنوسی خەڵکی کوردستان خراوەتە گۆڕەوەو ئومێدی چارەسەرکردنی بۆتە خەیاڵێکی وەهمی و بونی نیە ، خەڵکی کوردستان گەر پێش راپەڕین بێ ئاگا بوبێت لەبارو دۆخی سیاسی جیهان بە گشتی و عێراق و کوردستانیش بە تایبەتی ، ئێستا هەم خەڵک ژیرو چاو کراوە بوە ، هەم نەهێنی دانوستان و کۆبونەوەکانیش بە زورتین کات بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا دەبێت .

کێ هەیە ئەو ڕاستیانەش نەزانێت کە کورسی دەسەڵات و کۆمپانیاو بازرگانیکردنی بەرپرسان بۆتە جێگرەوەی هەموو داخوازیەکانی خەڵکی گەلەکەمان و لەبەر سەرقاڵی بونیان بە کۆکردنەوەی داهاتی نامەشروع ، بیریان لە چەمکە نەتەوەیی و نیشتمانییە گرنگەکان نەکردۆتەوە . بۆیە هەق وایە چیتر واز لەو قسەی باقوبریقانە بهێنن ، بەناوی دبلۆماسیەتی کوردەوە دەیکەن لە کۆڕو کۆبونەوەکانیاندا هەر هەموویان ئەوەندە قسەکانیان دوبارە بۆتەوە پێویستیان بەوە نەماوە بیخوێنەوە ، گەر بەوردی گوێ لە قسەکانیان بگرین لە یەک کاتژمێردا تەنها وشەیەک هەڵە ناکەن ئەوەندە شارەزا بون ، وەک ناوی خۆیان مێژوی ڕابوردو داهاتوشیان لەبەر کردوە . داوای دەەوڵەتی سەربەخۆش دەکەین ! جارێ دەوڵەت نیین زۆبەی زۆریان بونەتە خاوەنی داهاتێکی خەیاڵی و لایەکی کودستانیان بۆ خۆیان داگیر کردوە ، دەبێت لە کاتی دەوەڵەت بونماندا چی بگوزەرێت لەم هەرێمی بەرپرساندا نەگ هەرێمی کوردستان ، وا باشترە چیتر نە باسی چارەنوسی کورد بکەن نە باسی کێشە سیاسی و نەتەوایەتی، کورد وتەنی کە دەڵیت ئەو خورمایەی جەنابتان خواردوتانەو بەردەوام دەیخۆن ، زۆر دەمێکە ناوکەکەی لە گیرفانی خەڵکی کوردستاندایە .

ستۆکهۆڵم