Hisham-xezib-335x300

هشام غسیب : پڕۆژەی کولتووری زانستیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە عەرەبیەوە  : جیهاد موحەمەد

سەرچاوە : حوار متەمەدن

( کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیی و عەرەبییەکان و کوردستانیش ، تا هەنووکە نەبوون بە خاوەنی کولتووری زانستی ، لاوازیی کولتووری زانستی لە کوردستاندا لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا بە زەقی دەردەکەوێت . بۆ دروستکردنی ئەم کولتوورە پێویستە ئەم نووسینەو و چەندین نووسینی وا بخوێنینەوە و دیالۆگی لەسەر بکرێت ، بۆ ئەوەی ئەم دەردو بەڵا شێرپەنجەییە لە جومگەکانی ئابووریی ، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، پەروەردەیی ، تەندروستیی، فەرهەنگیی و کارگێریی بسڕینەوە و لە جێگەیدا کولتوورێکی زانستیی سەردەمیانە و جیهانی بەدیبهێنین …. وەرگێڕ )

پوختەیەک

سەرچاوەی ئەم نووسینە ، ئەو بیرەیە ، کە بوون و دەستکەوتنی کۆمەڵێک مەرجی کولتووریی لە هەرچ کۆمەڵگایەکدا وەک دروستکردنی ماشێنێکی نیشتیمانی کارا و کاریگەر چاولێدەکات بۆ لێتوێژینەوەی زانست.

پێشینە و یەکەمیی ئەو مەرجانەش ، بۆ بەدیهێنانی ( پڕۆژەی کولتووری زانستی ) بۆ بەردەوام بەرهەمهێنانی مەعریفە پێویستییمان بە دروستکردنی ئاگاییەکی زانستیی گشتیە .

بۆ ئەوەی نووسینەکەشمان ، ڕوخسار و چوارچێوەی ئەو ( پرۆژەیە ) دەستنیشانبکات بەو پەسندییەی کە پرۆژەیەکی کولتووریی مێژووییە . دواجاریش بۆ پوختکردنەوەی ئەو ڕوخسار و چوارچێوەیە ، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەو پڕۆژە کولتوورییە زانستییە لە جەوهەریدا پڕۆسەیەکە زانست وەک پڕۆژەیەکی مێژوویی لە هوشیاریی گتشتیی نیشتییمانیدا بەرجەستەدەکات .

پێشەکی :

لێکۆڵینەوە لە کێشەی توێژینەوەی زاسنتیی لە وڵاتانی عەرەبیدا ، پێش هەموو شتێک لەسەر ڕەهەندی ئابووریی کێشەکە دەوەستێت، کێشەکە لە کێشەی ئابوورییەکی ڕووتدا کورتدەکرێتەوە، خۆمان لە بەردەم کێشەی پێدانی کەمیی و نزمیی بودجەی دانراوی حکومیی بۆ لێتوێژینەوە زانستییەکان و لاوازی و نزمی ئاستی هاوبەشی کەرتی تایبەتدا بۆ لێتوێژینەوە زانستییەکان دەبینیەوە. هەندێک جاریش لێکۆڵینەوەکان ئامرازی سیاسییانە دەستنیشاندەکەن لەم کێشەیدا، وەک نەبوونی ژینگەی ئازادیی و لاوازی ئامرازەکانی دیموکراتیی و بەردەوامبوونی شێوازە کارگێڕییە کۆنەکانی پێش سەردەمی تازەگەرێتیی لە دامەزراوە زانستییەکاندا. بەڵام ئەم لێکۆڵینەوانە بە دەگمەن هەنگاودەنێت بەرەو کێشە کولتوورییەکەی(کولتووری زانستیی) نیشتیمانە ڕۆژهەڵاتییەکان و عەرەبییەکان، ئەو کێشەیەیی کە خۆی لە باڵایی شێوازی هوشیارییدا دەبینێتەوە پێش زانست لەسەر هەموو ئاستەکان، لەوانەش ئاستی دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمیی و رۆشنبیریی و ئابووریی، ئەم دەستەبژێرانە بە دەگمەن هوشیاریی زانستییانەییان هەیە، واتا بە دەگمەن زاسنت لە لایان بووە بە کولتوور، بە دەگمەنیش دەچێتە سەر ڕێچکەی چارەسەری ئەو کێشەیە بە نوێگەرێتییکردن لە هوشیارییە باوەکەییدا و، بە عەقڵانیکردنیی و، هەڵوەشاندنەوەی شۆڕشی چەواشەکار و پێچەوانەی عەقڵگەرایی، کە هەژموونی هەیە بەسەر ڕۆشنبیریی کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتیی و عەرەبییدا لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا هەنووکە. کە ئەم کێشەیە بە چڕی لە هەموو بونیادە کۆمەڵایەتیەکاندا خۆی سەپاندوە، لەوانەش ژینگەی ئابووری و کایەیی سیاسی و کارگێڕیی. کەمتەرخەمیی و لاوازیی لە گرنگییدان بە لێتوێژینەوەی زانستیی و نەبوونی دامەزراوەیی و ئازادی و کارگێڕییەکی سەرکەوتوو و پێگەییو بە جۆرێک کە هەڵقوڵاوی کێڵگەیەکی پڕ لە کێشەو ئاڵۆزیی هوشیاریی وکولتووری نەبێت .

ئەم نووسینە دەروازەیەکی سەرەتاییە بۆ ئەم بابەتە ئاڵۆز و تێکچڕاوە و، تەقەلایەکیشە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ژینگە پشتگوێخراوە و زۆنگە بۆگەن و تەموومژاوییە. هەروەها جەخت لە ناوەندێتیی کێشەی هۆشمەندیی دەکاتەوە، واتا کێشەی ڕۆشنبیریی سەرەکییە لەم وڵاتانەدا. لەم نووسینەدا مەبەستمانە کە روخساری پرۆژەی کولتووری زانستیی دەستنیشانبکەین بە ئامانجی بونیادنانی هۆشمەندیی زانستییانە لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی شۆڕشی چەواشەکار، واتا پڕۆژەی ئامانجگیر بۆ بونیادنانی کولتووری لێتوێژینوەی زاسنتی و کردنی بە بنکەیەک بۆ دروستکردنی مەعریفەیەکی کاراو کاریگەریی لۆکاڵیی و جیهانی .

ئەم نووسینە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە کورت و پوختدەکاتەوە وەک پڕۆژەیەکی کولتووریی مێژوویی .

هیواخوازیین ئەم لێتوێژینەوەیە هەنگاوێک بێت لە تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ بناغەی ڕۆشنبیریی و بە ئاگاییهێنانەوە لەسەر دواکەوتوویی ئەم بابەتە و تێپەڕاندنی ئەو کێشە ئاڵۆزە .

زانست وەک کولتوور

بۆ ئەوەی قسە لەسەر کولتووری زاسنتییانە بکەم، پێشوەخت دەبێت قسە لەسەر زانست بکەم وەک کولتوور، بە دانانی وەک پڕۆژەیەکی کولتووریی مێژوویی. کاتێکیش کە ناوی دەبەم بە پڕۆژەی کولتووریی، مەبەستم ئەوەیە کە خۆی لە خۆیدا وەک مەعریفە ناناسرێت، بەڵکو وەک هۆشمەندی کۆمەڵایەتیی و هێزی جوڵێنەری کۆمەڵگا و مێژوو دەناسرێت. کاتێکیش دەڵێم پڕۆژەیەکی مێژووییە، مەبەستم ئەوەیە کە لە ساتێک یان لە ساتگەلێکی مێژوویی دیاریکراودا لە دایکبووە و، لە پڕۆسەیەک یان چەندین پڕۆسەی دیاریکراودا گەشەیکردوە و پێگەیشتوە، لە هەندێک کاتیشدا پاشەکشەیکردوە، هەندێکاتیش بە درێژایی سەردەمێکی تەواو پوکاوەتەوە و دواییهاتوە و لە کەڵک کەوتوە. کەواتە زانست ئۆرگانێکی کولتووریی مێژووییە لە دڵی مێژووەوە هەڵقوڵاوەو لە دایک بووە بەو جۆرەی بووە بە هێزێکی سەرکیی گۆڕان .

لەم دەستپێکەدا، شۆردەبمەوە بۆ نێو زانستی سروشتی، ئەوەی کە ناو دەبرێت بە زانستی ورد و تەواوExat Science . مەبەستم ئەو زانستەیە کە بونیادی مەعریفەیەک دەنێت دەربارەی سروشت بە شێوەیەکی دیاریکراو بە تێڕوانینێکی پشکێنەرانە، بەو جۆرەی کە ماتماتیک دەبێت بە ناوەڕۆکی پێناسەکردنیی و میکانیزمەکانیی و پێوندییەکانی، کە شیاوبێت بۆ بەرجەستەکردنی بە پێوان و ئەزمووکردنێکی وردەکاریی. ئەو زانستەیە کە خەریکدەبێت بە چەندێتیی فیزیایی ورد و پێوندیی و وابەستەی تێروانینێکی پشکێنەرانەوە .

بە گوێرەی ئەم باسەش، یەکەم زانستی سروشتی ورد لە مێژووی بابل لە عێراق دا نزیکەی لە ساڵی ٥٠٠ پێش زاین هاتاتە ئاراوە Neugebauer, 1969;Aaboe, 2001. ئەوە زانستی گەردونناسیی بابلییەکان بوو کە بە شیکارییەکی ژمارەیی تۆکمە و بە تێڕوانینێکی مەنهەجیی ورد هاتە ئاراوە. ئەم زانستە چەندین سەدە بەردەوامبوو، دواتر فەوتا و نەما. لە سەدەی دوانزەی پێش زاینی، زانستێکی تری کلاسیکی گەردونناسیی لە لایەن گریکەکانەوە دامەزرا لەسەر بنەمای ئەندازیاریی سەلمێندراو . ئەم زانستە کلاسیکییە لە لای گەردونناسانی میسرییەکان و یونانییەکان و تۆڵەمای(بتلمیوس) لە سەدەی دووی کۆچییدا گەیشتە لوتکە. ئەم زانستە لە جیهانی گریکیدا پاشەکشەیکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەیشە شارستانیەتی عەرەبی ئیسلامیی، لەم شارستانیەتەدا خاکێکی بەپیت بوو بۆ درێژەپێدانی. وەرچەرخانێکی تری بە خۆیەوە بینی لەسەر دەستی حسن بن هیثم و موئەیەدەدین و قوتبەدینی شیرازی و توسی و ئبن شاتر و کەسانی تردا. لە لایەکیترەوە کندی و ئبن هیثم کەوتنە لێتوێژنەوەی تر لەسەر تیشک .

ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە زانستی ورد(علم الدقیق) لە شارستانیەتی ئەوروپیی نوێەوە دەستپێنەکردوە، بەڵکو لە شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی دێرینەوە دەستیپێکردوە. بەڵام بە شێوازێکی مەنهەجیی عیرفانیی، واتا لەسەر ڕێبازێکی فەلسەفیی ئاینیی شۆڤێنیی پێکهات. ئەم شەپۆلەش داخراو و پەروێزخراو و لێکترازاو و نمایشکراو بۆ گرژبوون و هاتنەوەیەک ئامادە بوو. ئەم خەسڵەتەش بە ئاشکرا کاریگەری هەبوو لەسەر ڕەوشی زانستی سروشتیی و قەوارەکەیی و شێوە گشتییەکەی. بۆیە کێڵگەی زانست کێڵگەیەکی جێگیر نەبوو بەڵکو سنوردار و بچووک بوو لە ڕووی ژمارەی ئەوانەی کاریان تیا دەکرد و لە رووی بەرجەستکردنیشێوە سنورداربوو، کاریگەریی کەم و لاوازی هەبوو لەسەر بواری ئابووری و هۆشمەندی و ڕۆشنبیریی بە بەراورد لەگەڵ بوارەکانی تری سەربازگەرایی و بازرگانێتیکردن و کشتوکاڵیی و دەریاوانیی و پێشەکانیتر. ڕێکخستنی کێڵگەی زانست وەک ڕێکخستنی پێشەگەریی وابوو. ئەمە جگە لەوەی کە وابەستە و پاشکۆی دامەزراوە دینیی و سیاسییەکان بوو .

بۆیە ئەم زانستە لە ڕۆژهەڵاتدا کوژایەوە و، ناوڕۆکەکەشی گواسترایەوە بۆ ئەوروپا، لە ئەوروپادا زەوینەیەکی بە پیت هەبوو لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا بۆ گەشەکردنی ئەم زانستە، بۆیە توانرا دەستبەرداری پایە مەعریفییە کۆنەکانی بێت و خۆی لەسەر تەوژمێکی شارستانی عەیار تەمامدا رابگرێت. کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگ و گەرموگور لە ئەوروپادا ڕوویاندا لە سەدەی حەڤدەیەمدا، بە تایبەتی پڕۆژە زانستییەکانی گالیلۆ، بە ناوی گالیلۆی ئیتالیی .

بنەماو بنچینەی ئەم پڕۆژەیە، ئەو تێڕوانینە بوو بۆ سروشت کە سیستەمێکی فیزیایی کۆتا نەهاتووە، پێکهاتوە لە ژمارەیەکی فیزیایی کۆتا نەهاتوو کە پێکەوە کارلێکییان هەیە لەسەر یەکتری لە ناوەوە و لە دەروەدا بە چەندیین ڕێگە. ئەم پێوەندییە فیزیایی و سیستەماتیکییە حوکمی پێوندییە تایبەتەکانی نێوان چەندێتیی فیزیایی دەکەن کە پێی دەوترێت یاساکانی سروشت. ئەم چەندێتییانەش بە پێوەری ماتماتیک و پێوانێکی ورد سنورداردەکرێت و سنورەکانی و کاریگەرییەکانی دەستنیشاندەکرێت. گالیلۆ پڕۆژە زانستییەکەی دەستپێکرد بە لێتوێژینەوە لە چەندێتییە فیزیاییە پیویستییەکان بۆ پەسەندیی سیستەمی فیزیایی و دیاریکردنی سنورەکانی بە ماتماتیک و پێوانێکی ورد و دۆزینەوەی تۆڕی پێوندیە بیرکارییەکان لە نێوانیاندا .

نیوتن ئەم تۆڕی پێوەندییەی بە زانستی (جیاکاریی و تەواکاریی) Calculus ڕاگرت و گۆڕیی و ماشێنێکی کاریگەری بەرهەمێنەریی مەعریفە. ئەم پڕۆژەیە هێزێکی گەورەی بەخشی بە بەرهەمهێنانی مەعریفە و تەکنیکیی خێرایی لە گەشەسەندندا بۆ گەورەترین پیشەسازی لە جیهانی نوێدا. لەگەڵ ئەوەی کە زانست لە کۆندا لە پەراوێزدابوو، لە یەکترازا و بچر بچر بوو لە ڕووی ئابووریی و ڕۆشنبیرییەوە، پەیوەستبوو بە شتێک لە دەرەوەی خۆی، لە ڕووی ڕێکخستنیشەوە پیشەیی بوو، بەڵام لە جیهانی نوێدا کاریگەریی هێندە گەوەرە بوو لەسەر پیشەسازی کە کردی بە بوارێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەرکەوتوو و، جوڵینەر و گەشەی ئابووریی و ڕۆشنبیریی .

ئەم پڕۆژە ڕۆشنبیرییە گەورەیە هێزێکی بە توانای داناوە لە تەوەرگیرییەکی گەوهەری ژیانی سەردەمییانەدا. پێیسەرسامبیین یان نا، ناتوانرێت وازیلێبهێنرێت و چاولێپۆشینیی مەحاڵە، دەنا شەمەندەفەری مێژوو بەجێماندەهێڵێت و تێشکان دەخاتە نێو جومگەکانی ژیانی گەل و نەتەوەو کۆمەڵگکانمانەوە، وازهێنان و پشتگوێخستنی پرۆژەی کولتووریی زانستییانە لە بەردەم ڕەشەبای تێشکان و کۆیلایەتیی و لێکترازاندا نمایشماندەکات. بۆیە نەتەوە عەرەبییەکان و ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ بەدەستهێنانی زانست بەو ماناییەی کە پرۆژەیەکی گەورەی ڕۆشنبیرییە، هەروها بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەی زانستی تازەگەرێتی کە گالیلۆ و نیوتن بڵاویانکردەوە، ناتوانێت پشتگوێیبخات و دەستبەرداربێت. پرۆژەی کولتووریی زانستییانە گۆڕانکارییە گشتگیرییەکانی لێوە ئەنجامدەدرێت. پرسیار ئەوەیە: چۆن دەتوانرێت ئەم پرۆژە گەوەرەیە بەدەستبهێنرێت؟ چۆن دەتوانیین مەعریفەیەک دروستبکەین کە هاوکاریی و یارمەتییدەری کۆمەڵگاکانمان بێت بۆ دروستکردنی مەعریفەیەکی جیهانیی گەورە و بەتوانا؟

پرۆژەی کولتووریی زانستییانە

خاڵی دەستپێکی ئەم پڕۆژەیە بەدیهێنانیی فکرییە، واتا زانیین و شارەزایی لە بنجوبناوان و زەوینە بناغەییەکەی و میکانیزم و بونیادی ئاگایی گشتییەکەیەتی. پێویستە ئەم دەرکەوتە مێژووییە قبوڵکەین بەو زانیین و زانیارییانەوە لەسەری، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە ڕۆشنبیرییە زانستییە بخەینە ڕاژەی گەشە و بونیادنانی کۆمەڵگاوە لەسەر بنەما ڕاستقینەکەی خۆی، واتە لەسەر بنەماکانی تازەرگەرێتیی.

گەشەکردنی کۆمەڵایەتیی بە بێ هوشیاریی و ئاگاییەکی گشتگیریی کۆمەڵایەتیی وەک جەستەیەکی بێ گیان وایە. هەموو داهات و سەرمایەگوزارییەکان و پرۆژە ئابوورییەکان هیچ سود و کەڵکێکی نییە بە بێ تازەگەرێتیی لە هوشیاریی و ئاگایی لەسەر بنەمایەکی زانستییانە. زانین و زانیاریی لەسەر پرۆژەی زانستیی بەو مانایەیی کە پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی و بونیادنانێکی گشتگیرە پێویستە لەسەر بنەما بەهێزەکانی گۆران بۆ ڕۆشنبیریی و ئاگایی گشتیی دەستپێبکات. لە ڕاستییدا مەبەستمان لە پرۆژەی ڕۆشنبیریی زانستیی ئەمەیە .

هەوڵێکی زۆری بچر بچر و لەیکتری جیا دراوە بۆ ئەم پرۆژیە لە بوژانەوە و رینیسانسی وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵام ئەم هەوڵانە وەک هەوڵی تاکە کەسیی و بچر بچر ماونەتەوە و نەبوون بە هەوڵێکی ئۆرۆگانیی و دامەزراوەیی بەربڵاو. هەندێک لەم هەوڵانە لە لایان ڕژێمە نەتەوەییەکانەوە بووە و هەندێکیشیان لە لایەن کۆمەڵەکانی کۆمەڵگای ئازادەوە بووە، بەڵام هەموویان بە شێویەکی ناکۆک و لە یەکترازاو بوون. هەتا ئێستاش کۆمەڵگا هەر لەسەر ئەو میتۆدە خراپە بەردەوامە. تا ئێستا هەوڵێکی جددیی بە میتۆدێکی مەنهەجیی لەم ڕووەوە نەدراوە و دەرنەکەوتوە. بێگومان ئەم تێشکانە پێوەندییەکی تووندی بە تێشکانی مێژوویەوە هەیە، کە نەیتوانییوە تازەگەرێتی بەدەستبهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو مێژوو، واتا کۆمەڵگا هەر لە دەرەوەی مێژوو ماوەتەوە. بۆیە من پرۆژەی کولتووریی زانستییانە بە گرنگ و بناغەیی دەزانم بۆ بوژانەوە و ڕێنیسانس .

لە روانگەی ئەم شیکارییەوە، پرسیاری مەبەستە وردەکارییەکانی ئەم پرۆژەیە دەکەم. فوکوسکردن لەسەریی و لەگەڵ ئەزموونی کەسیی خۆمدا مەبەستەکان بەم جۆرەی لای خواروە دەبینم :

١/ تەقینەوە و دەرکەوتنی زمانێکی پڕ مانا و پاراو و دەوڵەمەند لە دەربڕینە مەعریفییەکان، واتا زمانێکی بە توانا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو دواکەوتوویی و وابەستەیی و پاشکۆییەک .

٢/ پوختی لە هونەری بەکارهێنانی دەربڕینەکان بە شێوەیەک وردی زمانەوانیی و سڕینەوەی تۆز و خۆڵی کەڵەکەبووی پاشکەوتویی مێژووی ستەمکاریی و ستستیی و داماویی و دەستوپێ سپیی شارستانیی .

٣/ زەقکردنەوەی زانست وەک بیرێکی کولتووریی و بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیی باڵا و دانانی لە جێگەی هەموو خەیاڵپڵاویی و ئەفسانە کۆمەڵایتییەکان .

 787 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست