کێ ئەم هەموو کەمپەینچییەی دژی گۆڕان ، کۆکردووەتەوە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گۆڕان، وەک هێزێکی نیشتمانیی، بەتەواویی، پارتیی و یەکێتیی، قەڵسکردووە. وردە وردە، هەموو باڵۆنەکانی ( کوردایەتیی و نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی و سەرکردەی زەرورە و حیزبی پێشڕەو و خێڵی موختار( هەڵبژێردراو)ی ناو گەلی کورد) یەک بەدوای یەکدا دەتەقێنێتەوە. ئەو وەهمەی کە پارتیی دڵی بۆ کەرکوک لێدەدات و لە غەمی گەڕاندنەوەیدایە، نەوشیروان مستەفا، درێشەیەکی تری پێداکرد و فسی کردەوە. دیارە زۆر دەمێکە روونبووەتەوە، کە حیزبی بەعس و کەمالیستەکان، چەند حەزدەکەن، کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی ئێستای کوردستان، پارتییش هەر ئەوەندە حەزدەکات؟ بەڵام هێشتا زۆر گەمژەی سیاسیی و گەمژەی رۆشنبیر هەن، دڵیان بە دنیای شیعار و حەماسەت و کەمپەینی ناوبەناوی پارتیی بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی خۆشە و پێیانوایە، سەرەنجام هەر پارتیی دەتوانێ چارەسەری یەکجاریی کێشەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بکات!

ئێستا کۆکتێلێکی سیاسیی و رۆشنبیریی، پەیدابوونە، دژایەتیی نەوشیروان و گۆڕان دەکەن. ئەمانە لە سنووری ئەوە دەرچووە فۆبیایان بەرامبەر گۆڕان و نەوشیروان هەبێ، بەڵکو هەموویان بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ دژایەتیی گۆڕان بەکار دەهێنرێن. ئەم کۆکتێلە، لەم درشتە عەتارییە سیاسیی و وردەواڵە رۆشنبیرییانەی خوارەوە پێکهاتوونە. ئەوەی جێگەی سەیر و گومانێکی زۆرە، وێڕای باکگراوندی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی جیاواز، هەموویان، خزمەت بە ئەجێنداکانی یەک حیزبی سیاسیی کورد دەکەن، ئەویش پارتیی دیموکراتی کوردستانە!

1. حیزبی شیوعیی کوردستان و زۆربەی هەرە زۆری شیوعییە دێرینەکان

2. ئیسلامییە رادیکاڵەکان و چەند تەوژمێکی ئیسلامی سیاسیی و مەلا سەلەفییە جۆراوجۆرەکان

3. کۆمۆنیستە کرێکارییەکان

4. هەندێکی کەم لە کوردەکانی کوردستانی ئێران( دیارە مەبەست لە زۆرینەی خەڵکی نەفسبەرزی کوردستانی ئێران نییە)

5. هەندێ مورتەزیقەی سیاسیی، بەژمارەیەکی زۆرکەم لەناو کوردەکانی سوریادا

6. ژمارەیەک لە مەکتەب سیاسییەکانی یەکێتیی ( قاعیدە و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی، نا)

7. حیزب و رێکخراوە چەپ و لاکەوتە کۆمەڵایەتییەکان

8. هەندێ نووسەر و رۆشنبیرو چەنەبازی دنیای فەلسەفە.

هێشتا بۆ هەڵبژاردن، کات زۆر ماوە، بەڵام پارتیی بە ئاشکرا کەمپەینی هەڵبژاردنی دەست پێکردووە و زەمینەی سایکۆلۆژیی و سیاسیی ئەوە خۆش دەکات، کە زیاتر لە نیوەی دەنگەکان، بە تەزویر بێ یان بە شانوشەوکەتی خۆیان، بەدەست دەهێنن. وێڕای سوود بینین لە توانای هەموو ئەوانەی لەو 8 خاڵەدا باسکراون، کەوتووەتە دواندنی پیرە سیاسییەکانی کۆنە هاوپەیمانی خۆی. کەریم ئەحمەد، لە جیاتی ئەوەی وەک سیاسییەکی دێرین، رێزی خۆی و ماندووبوونەکەی و مێژووی حیزبەکەی بگرێ، هێنراوەتە ناو پۆغڵەواتی رۆژنامەی”باس”ەوە و وەک سیاسییەکی خەڵەفاو(خەرەفاو)، هەرچی بەدەمیدا بێت، دژی نەوشیروان وگۆڕان، نایگێڕێتەوە. ئەوە ئەگەر ” باس” ترشوخوێی زیاتریشی پێدا نەکردبێ.

ئەوە زۆر راستە، قەتڵوعامەکەی پشتئاشان، تاوانێکی زۆر گەورەیە و ئەگەر بۆ یەک رۆژ، ئازادیی راستەقینە و مافی مرۆڤ، بەستاندەردی جیهانیی لە هەرێمی کوردستاندا هەبێ، پێویستە تاوانبارانی ئەو قەسابخانەیە، دادگایی بکرێن. هاوکات، وێڕای ئەوەی تاوانی کوشتنی مرۆڤ، هەر تاوانە، بە ژمارەی کەم بێت یان زۆر، بەڵام بەدڵنیاییشەوە، سزای ئەو تاوانبارانەی زۆرترینیان کوشتووە، دەبێ زیاتر بێت. ئەگەر تاوانی پشتئاشان و ٣١ی ئاب بەراورد بکرێ، لەڕووی قەبارەو مۆڕاڵ و ئێسیک( ئێتیک) و تراومای مێژووییەوە، جیاوازیی ئەو دوو رووداوە بەسەر خەڵکی کوردستان و چارەنووسی سیاسیی گەلی کورددا، بەڕاستیی وەک جیاوازیی قەبارەی کەروێشکێک و چێڵێك ( مانگا) دەردەکەون.

تاوانی پشتئاشان، بەرامبەر یەک حیزبی سیاسیی کرا، کە نوێنەرایەتیی ١%ی خەڵکی عێراق و کوردستانیشی، نە ئەوسا کردووە و نە ئێستاش دەیکات. لەکاتێکدا، تراژیدیا و ئۆپەراسیۆنی ٣١ی ئاب، نەک هەر دژ بە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا، بەڵكو دژی ئیرادەی نەتەوەیی( ئەگەر ئەم چەمکە دروست بێت) تەواوی گەلی کورد بوو. دژی ئیرادەی سیاسیی و نەتەوەیی سەرجەم پارچەکانی کوردستان بوو. ٣١ی ئاب، کوردی لە چاوی جیهاندا ئەوەندەی تر رەشکرد، مێژووی جاشایەتیی حیزبێکی کوردیی تەواو تۆخکردەوە. لە باری مۆڕاڵیی سیاسییشەوە، تەکلیف لە خولقێنەرانی جینۆساید و ئەنفال و ئەندازیارانی کیمیایی رژێنەکانی حیزبی بەعس و سەرنگومکەرانی بارزانییەکان کرا!

من هەمیشە قەناعەتم بەوە هەبووە، نەوشیروان مستەفا دەبێ بەشێک لە مەسئولیەتی ئەو تاوانە هەڵبگرێ، چونکە ئەو قائیدی بەرەیەکی شەڕەکە بوو، بەڵام تاوانبارانی سەرەکیی شەڕی ناوخۆ، بارزانیی و تاڵەبانیی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و تەواوی بەرەی جودی ئەوکاتەن. لە پێش هەموو ئەمانەشەوە، ئەبو حیکمەتی خەتمایلەکەی پارتیی( لەناو حیزبی شیوعییدا)، تاوانبار و ئەندازیاری سەرەکیی خۆشکردنی شەڕەکە بوو. باشە حشک و کەریم ئەحمەد، بۆ نایەن یەخەی تاڵەبانیی بگرن؟ خۆ نەوشیروان بەبێ پرسی تاڵەبانیی دەستی بەئاویشدا ناکرد، بەتایبەتیی لەشەڕێکی سەخت و دژوار و نائینسانیی وەک پشتئاشاندا، ئەو شەڕە بڕیاری شەخسیی نەوشیروان نەبووە، بەڵکو بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و بە موافەقەت و موبارەکەی تاڵەبانیی کراوە. شیوعییەکان، سیمبۆڵی خەباتی چینایەتیی، ئێستا گێڕەکەیان گۆڕیوە و بوونە بە سیمبۆڵی نەتەوەیی، بۆ نایەن دۆسیەی ٣١ی ئاب بجوڵێنن و باسی ئەو رەزاڵەتە سیاسییە بکەن، کە پارتیی بەسەر هەموو کوردیا هێنا؟

سەرەنجام، پیاوێکی بەئەزموون، خاوەن ئەو هەموو تەجروبە سیاسییە، هێشتا قەناعەتی بەوە هەبێ، کە پارتیی غەمی کەرکوک دەخوات و بە شیعار و راگەیاندن هیچی نەهێشتووەتەوە کە بۆ کەرکوک نەکرابێ، بەڕاستیی مەسخەرەیە. من دڵنیام خۆیشی قەناعەتی بەو قسانە نییە، بەڵام چونکە لە مینبەرێکی پۆغڵەوە ئەو قسانە دەکات، دەشبێ وا بیکات کە پارتیی خەنیی بکات. بەڕاستیی جێگەی بەزەییە بەو تەمەنە زۆرەیەوە، خۆی کردووە بە فیلمی پارتیی و مایەی پێڕابواردن، کۆمەڵێ رۆژنامەنووسی پارتیی، کەریم ئەحمەدیان لەقەڵاندۆشکان گرتووە و فیلمی کۆمیدیی، پێدەردەکەن.

مرۆڤێکی موخەزرەمی شیوعیی، بەو چەمکە راسیستییە، بڵێ کوردستان هێشتا لەژێر دەسەڵاتی “عەرەبستان”دایە، بەڕاستیی مەسخەرەیە. کەم پیرەژن و پیرەمێردی کورد لە ژیاندا ماون، ئەو وشەیە( عەرەبستان) بەکاربهێنن. عەرەبستان لە ئەدەب و سیاسیەتیی کوردییدایە، خەریکە بەتەواویی بسڕێتەوە. دواتر، عەرەبستان ناوچەیەکی جێۆگرافییە و زۆرینەی رووبەری وڵاتە عەرەبییەکان دەگرێتەوە. هەرچەندە زیاتر بەعەرەبستانی سعودییەو نیمچە دوورگەی عەرەبیی ناسراوە. لەباری سیاسییەوە، بەکارهێنانی عەرەبستان، نیشانەی ئەوەیە ئەم پیاوە خەڵەفاوە و وڕێنەی سیاسیی دەکات. کوردستان، لەڕووی عەقڵانیی و سیاسیی و زمانییەوە، ناکرێ لە ژێر دەستی عەرەبستاندا بێ! بەڵکو دەکرێ لەژێر دەستی ناسیۆنالیستە عەرەبییەکان و هێزە نەتەوەییە عەرەبەکاندا بێت. بەڕاستیی گوناهە پیاوێکی بەتەمەنی وەک کەریم ئەحمەد، بەوشێوەیە پارتیی پێی رادەبوێرێ و لەم ئاخیری عومرەیدا، بۆ ئەجێنداکانی خۆی بەکاری دەهێنێ.

لەکۆتاییدا، یەک شت روون دەبێتەوە، سەرەنجام ئەم هەموو کەمپەینچییە، دژی گۆڕان و نەوشیروان، هەموویان بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، خزمەت بەئەجێنداکانی پارتیی دەکەن. هەموویشیان جگە لە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، بە پارە، مڕ و خرپ کراون. کڕدراون و وەک رۆبۆت بەکار دەهێنرێن. لەبەرئەوە دەڵێم هەڵوێستی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، لە 7 خاڵەکەی تر جیاوازە، ئەوان زیاتر وەک فۆبیا و بەقینداچوونی ئایدیۆلۆژیی و فیکریی و جۆرێک لە نۆستاڵژیای تۆڵەکردنەوە، دژایەتیی گۆڕان دەکەن. هەرچەندە قەبارەی سیاسییان زۆر بچووکە، بەڵام ئەوان بۆ خۆیان قوربانیی دەستی پارتیی و یەکێتیین و لای کەم بەرامبەر پارە و ئیمتیازاتی ئەو دوو حیزبە، نەفسیان بەرزە .

لینکی وتارەکەی کەریم ئەحمەد : http://bas-news.net/ArticleDetail.aspx?articleid=4545

1,938 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست