Bextyar-Sharazuri

بەختیار شارەزورى : ساختە وەک سەنتەرى گۆڕانەکان و دوا هەڵبژاردن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر هەڵبژاردن بریتى بێت لە دەسەڵاتى تاک بۆ گۆڕین و دەستاودەست کردنى دەسەڵات و سندوقەکانى دەسەڵات تاکە گۆڕەپانى ململانێکان بێت بۆ دانانى باشترین ڕێکخرا و حیزب و پڕۆژە بۆ دەسەڵات ئەوا دەکرێت ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا هەڵبژاردنەکان لە کاتى خۆیدا دەکرێت .. وە ئایا هەڵبژاردنەکان توانیویانە بە دەنگى تاک دەستاو دەست کردن بەرهەم بهێنێت ..؟ وە ئایا ساختە دەکەوێتە کوێى ئەم هاوکێشانەوە ..؟

لەم هەرێمەى خۆماندا تاکە شتێک کە نابێتە پێوەر بۆ گوڕانکاریەکان هەڵبژاردنە .. هەڵبژاردن بوتە یاریەکى لاوەکى و بوتە ئەو وێنەیەى کە پێش ئەوەى دەست پێ بکات ئەزانین هێزەکانى ناو دەسەڵات دەیانەوێت چ سیحرێکى چاوبەستانە لە تاکى دەنگدەر بکەن . ئەمە بۆ خۆى ئاماژەیە بە ئیفلیج بون و لادان لە بنەماکانى هەڵبژاردن و گاڵتەکردن بە هاوڵاتى و بڵاوکردنەوەى بێ هیوایى لاى تاک وە دروست کردنى ئەو وێنەیەیە کە هەڵبژاردن پڕۆسەیەکە بۆ بە کۆیلەکردنى تاک نەک سەنتەرى گۆڕانکاریەکان  .

لە سەرو بەندى نزیک بونەوە لە هەڵبژاردن میدیاکان هێندە باسى ساختەکارى دەکەن هێندە قسە نیە بۆ دروشم و کردار کە نیشانەیە بۆ ئەوەى کە تاک لە هاوکێشەى ئەم ململانێیانەدا بونێکى وونە و نەبوتە پێگەیەکى گرنگ لە پاشخانى ئەم حیزبانەدا ، کارەساتەکە لێرەدایە کە سەراپا میدیاکان بە ئەهلى و ئۆپۆزسیۆنەوە لە برى باسکرن و پێشکەشکردنى پڕۆژە و باشترین کردارى پێشوتر هەر باسى ساختەکردنە و بۆتە ترسێکى گەورە لاى هەموومان کە ساختە ببێتە پێگە و پێوەرێکى تەنها بۆچونە دەسەڵاتى حیزبێک  ..

ئەمە بەدەر لەوەى کە بۆخۆى هەموو دەسەڵاتەکان شەرعیەتیان نەماوە و هەڵبژاردنەکان لە کاتى یاساى خۆیان لایانداوە ئەوەى ئەمڕۆ لە دەسەڵاتە تا ئێستاش گومان لە ساختە بونى هەیە . ئێستەش کە کەوتوینەتە بەردەم هەڵبژاردنەوە ، زۆر ترین قسە لەسەر جۆرى ساختەکانەو خەمى گەورەى تاک لەم هەرێمە کارکردنە بۆ بەرگرتن لە ساختەکارى ئەم خەمە لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە بە تەواوەتى خەریکە هەرێمێک بەرهەم دەهێنین کە سەرپا بریتى بێت لە ساختەکارى … کارنامەى حیزبى جۆرێک لە ماکیاج و ساختە و هەموى بۆ بەرژەوەندى بنەماڵەیەک یان چەند کەسێک .. دروشمى مافى مرۆڤ و سەروەرى یاساکان جۆرێک لە ماکیاج و ساختە .. دەستور و حوکمى دەستور و لانەدان لە دەستور جۆرێک لە ساختە .. ئۆپۆزسیۆن و چونە دەسەڵاتى و حیزبى ناو دەسەڵات و بون بە ئۆپۆزسیۆنى ماکیاج و کۆمیدیایەک بێت تا ئەو پەڕى ساختەچێتى  ..

هەرێم پڕ لەو دروشمانەى کە وەک خشڵى ساختەو بێ بەها و ون بونى ناوەڕک هەڵواسراوە بە بەرۆک و چاوى تاکى ئەم هەرێمەدا .. بەکار هێنانى هەموو چەکێک و دەرچون لە یاسا بوتە ئەو پێوەرەى کە بە بێ ساختە حیزبێک ناتوانێ براوە بێت کە هەموو ئەمانە دەکاتە ئەوەى بەردەوام لەم هەرێمەى خۆماندا ئەو وێنەیە لاى تاک بەرهەم دەهێنین کە بکاتە ئەو دروشمەى کە ئێرە وڵاتى ساختەیە و هیچ دروشمێک تا ئەبەد نابێتە پێوەر بۆ ناوەڕۆکى خۆى .. هەرێمێک ئەوەى پێ دەوترێت لێپرسینەوە و سەروەرى یاسا و چاوەکانى چاودێرى و دەستاو دەستکردنى دەسەلات بونێکى کارتۆنى هەبێت ، ئەوا کت و مت دەبێتە وێنەیکى ساختە لە سەر ئاستى گشتى  .

دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان و میدیا ئەهلیەکان قۆناغێکى نوێ دروست بوە تا وەک سەرەتایەک بەر بەم ساختەکاریە بگیرێ و تەنها تاک لە رێ ى دەنگەکانەوە بتوانێت دەسەڵات بگۆڕێ و باشترین پڕۆژە و باشترین کردار ببێتە پێوەر لاى تاک بۆچونە دەسەڵات ، بەڵام ئەوەى جێگەى پرسیارى قورسە ئەوەیە کە لە برى بە سەنتەرکردنى دەنگ و سندوقەکانى دەنگدان تاک پەراوێز بخرێت و سندوقەکان ببنە کارتۆنى و کارى سەرەکى ساختەکردن بێت بۆ چونە دەسەڵات کە دەبێتە ئەو بنەمایەى کە وێنەیى هەرێمیکى ساختە لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا بەرهەم بهێنین .. ئێستە هەموو دەسەڵاتەکان ناشەرعین ( سەرۆکایەتى و پارێزگاکان و شارەوانیەکان و زۆرێک لە رێکخراو و سەندیکاکان و ئەوە خەریکە پەرلەمانیشى دەچێتە سەر ) با بپرسین کێ بەرپرسیارە لەم هەموو ناشەرعى بونە خۆ ئێمە بە حساب خاوەنى دەسەڵاتى دادوەرین و خاوەنى دەزگاکانى هەڵبژاردنین بۆچى هەڵبژاردن لە کاتەکانى خۆیدا نابێتە کلتور تا بتوانین بڵێن ئێمە لە هەرێمێکدا دەژین دیموکراسیە و هۆى لاوەکى نابێتە هۆى دواکەوتنى هەڵبژاردنەکان .. وە هەڵبژاردنەکان لەگەڵ پێشکەوتن و رۆحى سەردەم و هاتنە پێشەوەى نەوەى نۆى گۆڕانکارى بەردەوام دروست بکات و ببێتە ئەو ئالیەتەى کە رۆحى بزاوت و جوڵەکان بەردەوامى پێ بدات ، دیاردە ترسناکەکە لێرەدایە ئەوانەى بەرپرسن لە دیارى کردنى سستم و یاساکانى ئەم هەرێمە خۆیان هەوڵى ناشەرعى بونى خۆیان بدەن ..خۆیان دروستکەرى یەکەمى هەوڵى ساختەکارى بن و سەراپا مانشێتەکانى میدیاکان باسکردنى ساختەکارى بێت بە جۆرێک تاک بێ هیوا بکەن لەوەى کە ئەو بە دەنگەکەى دەتوانێ پەرە بە بنەماکانى دیموکراسى و ڕاستگۆى دروشمەکان و بەردەوامى جوڵە و بزاوتەکان بدات ، ئەمە بۆ خۆى ئەو راستیە دەردەخات کە ئەگەر لەم هەڵبژاردنانەدا گۆڕانکارى لە دەستاو دەستکردن و گۆڕینى دەماوچاوى تازە نەبێت بەرەو باشترکردنى کۆى گشتى دەسەڵاتى هەرێم بە دەنگى تاک ، ئەوا دوا هەڵبژاردن دەبێت و کەس باوەڕى بە سندوقى دەنگدان و گۆڕینى دەسەڵات لە ڕێ ى دەنگى تاکەوە نامێنێت و هەرێمێک بەرهەم دەهێنین کە ساختە ببێتە پێوەرى گشتى بۆ چونە دەسەڵات  .

 1,781 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست