عەتا قەرەداخی : کێشەکانی رەشنووسی دەستوورو نامەکەى سەرۆکی هەرێم .

پاش تێپەڕینی ماوەیەک لە سەرقاڵبوونی ناوەندی سیاسی کوردی و شەقامی کوردی بە مەسەلەى خستنە بەردەم راپرسی دەستوور یان گێڕانەوەى بۆ پەرلەمان یان بۆ لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پێداچوونەوەو گۆڕانکاری کردن تێیدا یان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پاش تێپەڕینی ماوەیەک لە سەرقاڵبوونی ناوەندی سیاسی کوردی و شەقامی کوردی بە مەسەلەى خستنە بەردەم راپرسی دەستوور یان گێڕانەوەى بۆ پەرلەمان یان بۆ لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پێداچوونەوەو گۆڕانکاری کردن تێیدا یان راێکەوتن و سازانی لەسەری ، سەرۆکی هەرێم بە نامەیەک داوای لەلایەنە سیاسیەکان کرد کە راو سەرنجی خۆیان لەسەر رەشنووسەکە بەرزبکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم . بە گشتی لایەنە سیاسیەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا وەڵامی نامەکەى سەرۆکی هەرێمیان دایەوە. زۆرێک لە بۆچوونەکان ئەوە بوو کە دەشێ لەبەر رووناکی سەرنجء تێبینییەکانی ئەو لایەنانەدا کە پرسیان پێکرابوو، سەرۆکی هەرێم بڕیاری پێداچوونەوەى رەشنووسی دەستوور بدات و یۆ ئەو مەبەستەش ئەو رەشنووسە بخرێتە بەردەم لیژنەیەکی شارەزا بۆ ئەوەى لە کورترین کاتدا چارەسەری ئەو کەموکورتیانە بکات کە ناکۆکیان لەسەرەو لە تێبینی و سەرنجی لایەنەکاندا زیاترین باسء قسەیان لەبارەوە کراوە. یان ئەو رەشنووسە بگێڕدرێتەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پێداچوونەوەى، بەڵام ئەوەى بینیمان ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم بە نامەیەکەوە کۆی سەرنجء تێبینیەکانی ئاراستەى سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەى بخرێتە بەردەم گفتوگۆوەء سەرئەنجام پەرلەمان لەو بارەیەوە بڕیار بدا ت.

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا پەرلەمان بە گشتی گفتوگۆی ئەو بابەتە دەکات یان تەنیا سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان؟ ئایا ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان گفتوگۆی ئەو بابەتە بکەن تا چ ئاستێک ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانکاریە داواکراوەکان هەیە لە رەشنووسی دەستووردا؟ ئەى ئەگەر پەرلەمان بە گشتی گفتوگۆی ئەو خاڵانە بکات کە لە سەرنجء تێبینی لایەنەکاندا هاتوون تا چ ئاستێک ئەگەری گەیشتن بە دەرئەنجامێکی ئەوتۆ هەیە کە جێگای رەزامەندی هەمووان بێت؟ ئایا دەشێ لەو ماوە کورتەدا کە تەمەنی ئەم خولەى پەرلەمان ماویەتی کێشەى رەشنووسی دەستوور چارەسەر بکرێت؟ ئەى ئەگەر پەرلەمان نەیتوانی لەو ماوە دیاریکراوەدا بگاتە دەرئەنجامێکی ئەوتۆ کە کێشەى رەشنووسی دەستوور کۆتایی پێبهێنێت ئایا چی روودەدات؟ ئایا دەشێ پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە بۆ ئەو مەبەستە؟ ئایا لە بارێکی وەهادا کارەکانی پەرلەمان لە رووی یاساییەوە تا چ ئاستێک رەوا دەبێت؟ ئەى ئەگەر پەرلەمان لەو کارەدا نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک، ئایا سەرۆکی هەرێم رەشنووسی دەستوور دەخاتە بەردەم راپرسیەوە؟ هەرچەندە ئەوەش دەبیسترێت کە دەگوترێت پێویستە ئێستا رەشنووسی دەستوور بخرێتە بەردەم راپرسیەوەو ئەگەر رەزامەندی جەماوەری وەرگرت پاشان هەموار بکرێتەوە .

بەهەرحاڵ وەرگرتنی راوبۆچوونی لایەنەکانء باری سەرنجیان لەسەر کێشەکانی رەشنووسی دەستووری هەرێم لە لایەن سەرۆکی هەرێمە کارێکە بە ئاراستەى راستء درووست بەڵام ئەوەى جێگای نێگەرانیە یەکەم ئەوەیە کە دەبوو ئەو کارە زۆر پێش ئێستا بکرایە نەک ئێستا کە ماوەیەکی زۆر کورتی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانء تەمەنی پەرلەمانیش لە رووی یاساییەوە بەرەو کۆتایی دەچێت. زۆرێک لە نێگەرانییەکانی خەڵک لەوەدا کۆدەبێتەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە پەرلەمان لەو ماوە کورتەدا نەگاتە رێکەوتنێکی ئەوتۆ لەسەر ئەو بابەتەو ئەوەش ببێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان. لەباری دووەمدا رێنەکەوتنی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە جارێکی تر کێشەکە بخاتەوە دەرەوەى پەرلەمان کە ئەویش یان دەبێ رێکەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەکاندا لەسەر بکرێت یان ئەگەری ئەوەى هەیە کە سەرۆکی هەرێم پاش شکستی پەرلەمان لە چارەسەر کردنی کێشەکەدا ئەو پرۆژەى رەشنووسە بخاتە بەردەم راپرسییەوەو ئەگەری ئەوەش هەیە لە راپرسیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئایا لە بارێکی وەهادا چی روودەدات؟ یان ئەگەر لە راپرسیدا رەشنووسی دەستوور شکستی هێنا ئەمیان چۆن دەکەوێتەوە؟ سەرەتا من بە راشکاری جاری تریش گوتوومە رەشنووسی دەستوور شتێک نییە کە دەستکاری کردنی حەرام بێتء پێشموایە دەکرا بێ هیچ بەرگریء رێگرییەک سەرۆکایەتی هەرێم بڕیاری بدایە ئەو رەشنووسە لە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستادا بگەڕێندرایەتەوە بۆ پەرلەمان یان بۆ لیژنەیەکی تایبەت بۆ چارەسەر کردنی ئەو خاڵانەى کە ناکۆکیان لەسەر هەیە. یان رێکەوتنی لایەنەکانی لەسەر بکرایە چونکە ئاشکرایە کە دەستوور وەکو بەڵێننامەیەکی کۆمەڵایەتی وەهایەو بۆ کۆی ئەندامانی کۆمەڵگە دادەنرێت بۆیە رەنگە زۆر لە جێگای خۆیدا نەبێت بە دەنگی زۆرینە بڕگەو بەندەکانی یەکلا بکرێتەوە.

من پێموایە ئەگەر مەبەست ئەوەش بێت رەشنووسی دەستوور لە ئێستادا بخرێتە راپرسیەوە بەو ئومێدەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێتء بەو پێیەش کە لە رەشنووسەکەدا هاتووە بەڕێز سەرۆکی هەرێم بتوانێت دووجاری تر خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بپاڵێوێتەوە ئەوا دەشێ جۆرە راڤەیەکی تر بۆ ئەو مەسەلەیە بکرێتء ئەو بۆچوونەى ناو ئۆپۆزسیۆنء بەشێک لە خەڵکیش کە دەڵێت. ئەو بەشەى دەستوور کە سەلاحیاتەکانی سەرۆکی هەرێم دیاری دەکات لە پێناوی کەسێتی تایبەتی بارزانیدا دانراوە، لای خەڵک ببێت بە راستی. پێموایە بە گوێرەى کەسێتی بەڕێز مەسعود بارزانی کە نزیکەى 34 ساڵە سەرۆکی حیزبێکی گەورەى وەکو پارتیەو پێگەو پایەی خۆییء ئامادەبوونء پێگەى دیاری بنەماڵەکەى لە مێژووى هاوچەرخی کوردستاندا ئەویان کردووەتە کەسێتیەکی ناسراوو دیار لە کوردستانء ناوچەکەو تەنانەت لە جیهاندا بۆیە بە بڕوای من هەڵەیەکی گەورەیە کە وەها سەیری مەسعود بارزانی بکرێت کە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کەسێتی بۆ ئەو درووست دەکات. هەروەک بۆ شەخسی بارزانیش هەڵەیە ئەگەر بوونء ئامادەبوونی خۆی لە سەرۆکایەتی هەرێمدا ببینێتەوە. من وای بۆ دەچم کە کاتێک گرنگە بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێمدا بێت کە پێگەو دەسەڵاتی خۆی بۆ چارسەرکردنی کۆی کێشە ئیداریء سیاسیء کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەى کوردی بەکار بهێنێت. بەڵام کاتێک دەستوورێک کە رێگا بۆ ئەو بکاتەوە دوو خولی تر خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بپاڵێوێتەوە، ببێتە مایەی ئاڵۆزیء پشێوی لە کوردستاندا بە بڕوای من دەبێ بەڕێز بارزانی ئەوە رەت بکاتەوە کە رێگا بدات بە ئاراستەى ئەو ئامانجە راڤەى هەڵوێستی ئەو بەرامبەر بە خستنە راپرسی رەشنووسی دەستوور بکرێت. بۆ ئەوەى ئەو جۆرە لێکدانەوەیەش بۆ هەڵوێستی ئەو نەکرێت پێویستە بێ هیچ دوو دڵیەک بڕیاری رێکەوتن لەسەر رەشنووسی دەستوور یان گێڕانەوەى بۆ پەرلەمان بدات.

من لێرەدا مەبەستمە بڵێم کە زۆرینەى قسەو گلەییء گازەندەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کە سەبارەت بە دەستوور دەبیسترێت لە بارەى دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوەیە کە پێیان وایە دەسەڵاتێکی زۆرەو سیستێمی سیاسی بە کردەوە دەکاتە سیستێمێکی سەرۆکایەتی. بە گشتیش لایەنە سیاسیەکان وای نیشان دەدەن کە سەلاحیەتەکانی سەرۆکی هەرێم لە رەشنووسی دەستووردا وەها دیاریکراون کە لە ئاستی پێگەو پایەی بەهێزی بارزانیدا بێت. بۆیە لەم رووەوە دەشێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێز بارزانی یەکێک لەم دوو خاڵە لەبەرچاو بگرێت یان رێگا بدات رەشنووسی دەستوور پێداچوونەوە بکرێتء ئەو مادانەى پەیوەندیان بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوەیە دەستکاری بکرێن یان خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کاندید نەکاتەوە. من پێموایە ئەنجامدانی هەریەک لەم دوو خاڵە کۆتایی بە کێشەى پەیوەست بە رەشنووسی دەستوور دەهێنێت. دیارە ئەنجامدانی هەریەک لەو دوو خاڵە یان هەردووکیان لەیەک کاتدا نەک لە پێگەى بارزانیء دەسەڵاتی بارزانی کەم ناکەنەوە بەڵکو بەهێزتریشی دەکەن بە تایبەتی لەسەر ئاستی جەماوەریی. لە بارێکی وەهاشدا ئەو بۆچوونەى نەیارەکانی پوچ دەکاتەوە کە پێیان وایە بارزانی زۆر مەبەستیەتی سەرۆکی هەرێم بێت یان لە پێناوی مانەوە لەو پۆستەدا راوبۆچوونی هەمووان پشت گوێ دەخات. ئەگەر سەیری کێرڤی ئامادەبوونی بارزانی بکەیت لە مێژووى خۆیدا، ئەوە بە ئاشکرا دیارە کە سەرۆکایەتی هەرێم نەیتوانیووە شتێکی زیاتر بخاتە سەر کەسێتی ئەو هەربۆیە دوورکەوتنەوەشی لە سەرۆکایەتی هەرێم هیچ لە کەسێتی ئەو کەم ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە رەنگە دوور کەوتنەوەى بارزانی لەو پۆستء پلە ئیداریء سیاسیانەى کە ئێستا هەیەتی، لەوەى ئێستای گەورەتری بکات. نموونەى زۆر کەسێتی هەیە لە مێژوودا کە مانەوەیان لە دەرەوەى پۆستء پلە ئیدارییەکان گەورەتری کردوون.

بەهەرحاڵ من وای بۆدەچم ئەگەر بارزانی یەکێک لەو دوو خاڵەى لەسەرەوە باسمان کردنن جێبەجێ نەکات واتە یان رێگادان بە پێداچوونەوەى رەشنووسی دەستوور یان خۆ کاندید نەکردنەوەو بەجێهێشتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم ئەوا کێشەى رەشنووسی دەستوور چارەسەر نابێتء پێموانییە پەرلەمان بتوانێت کارێکی لەو جۆرە بکات چونکە ئەوەى لە ماوەی رابردوودا سەبارەت بەو رەشنووسە گوێبیستی بووین روونء ئاشکرایەو مەگەر یەکێتیء تەنانەت لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە هەڵوێستەکانی پێشتریان پاشەکشە بکەن ئەگینا بە گفتوگۆی سەرۆکایەتی پەرلەمانء سەرۆکی فراکسیۆنەکانء تەنانەت بە گفتوگۆی پەرلەمانیش ئەو کێشانە چارەسەر ناکرێن ئەگەر پەرلەمان مافی گۆڕانکاری کردنی نەبێت لەو رەشنووسەدا. دیارە پاشەکشەى ئەو لایەنانەش لە ناڕەزاییەکانیان سەبارەت بە رەشنووسی دەستوور شتێکی چاوەڕوان نەکراوە. لەبەرئەوە ئەگەری ئەوە لاوازە کە کۆبوونەوەى سەرۆکایەتی پەرلەمانء سەرۆکی لیستەکان بتوانێت کێشەى رەشنووسی دەستوور چارەسەر بکات. کەواتە دەبێ کێشەى رەشنووسی دەستوور کوردستان بەرەو کوێ ببات؟

 2,339 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەتا قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: عەتا قەرەداخی