Ata-Qaradaxi-4

عەتا قەرەداخی : دامەزراوەکانی کۆمەڵگەى کوردی و شێوازی فەرمان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە یەکێک لە خاسێتە دیارەکانی حیزبی رۆژهەڵاتی ئەوەیە کە لەسەر شێوەی هەرەمی دینی یان خێڵ پێکدێت . ئەو هەرەمەش دوو خاسێتی سەرەکی هەیە : یەکەمیان شێوەى پێکهاتنەکەیەتی ئەویش ئەوەیە خودا لە لوتکەی هەرەمەکەدایەو هیچ کەس ناگاتە ئاستی ئەو بە پێغەمبەرانیشەوە چونکە پێغەمبەرانیش رەوانەکراوی ئەون و ئەگەر پەیامیشیان بۆ هاتبێت ئەوا لەلایەن خوداوە ئەو پەیامەیان پێگەیشتووە . راستە پێغەمبەران بەپێی بنەماکانی ئایین لە زۆر رووەوە کەسانی ئاسایی نین بەڵام دیسان ئەوان نێردراوی خودان و فەرمانەکانی خودا بە بنیادەم دەگەیەنن.

دووەم لە هەرەمی دینیدا هەمیشە کۆی فەرمانەکان لەلایەن خوداوە دێن واتە لە لوتکەى هەرەمەکەوە دێتە خوارەوەو ئاراستەی فەرەمانیش لە هەرەمی دینیدا یەک ئاراستیەو لە لوتکەوە بەرەوە خوارەوە بۆ بنکەى هەرەمەکە دێت و هیچ کەس لە پێکهێنەرەکانی ئەو هەرەمە بۆی نییە هیچ کام لەو فەرمانانەی کە لەسەرەوە دێنە خوارەوە رەت بکاتەوە . ئەمە بێجگە لەوەى کە کۆی پنتە ناوەندەکان لە هەرەمی دینیدا لە پێغەمبەرانەوە هەتا پیاوانی ئاینی یەک ئەرکیان هەیە ئەویش گەیاندنی فەرمانەکانی خودایە بە خوارەوە واتە بە خەڵک .

دووەمیان هەرەمی پێکهاتەى خێڵە کە خێزان یەکەی پێکهێنەرێتی ، ئەویش هەمان بنیادی هەرەمی دینیی هەیە . خێزان لە هەردوو قۆناغی دایکسالاری و باوکسالاریدا شێوازی هەرەمی بووەو دایک یان باوک لە لوتکەی هەرەمەکەدا بووەو کۆی فەرمانەکان لەلای ئەوەوە دەرچوون و ئەندامانی تری خێزان مافی رەتکردنەوەیان نەبووەو پێویست بووە بە گوێڕایەڵییەوە کۆی فەرمانەکان جێبەجێ بکەن . هەمان ئەم بنیادو عەقڵیەتە بووەتە بنەما بۆ پێکهێنانی یەکەکانی تری کۆمەڵگە لە خێڵ و عەشیرەت ، واتەى دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت گەورەکراوی دامەزاراوەى خێزان بووە . ئەمە باری سرووشتی بنیادیی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکانە . لەهەندێ لە کۆمەڵگەکاندا ئەم دوو دامەزراوەیە پێکەوە تێکڵاوبوون و سیستێمێکی کۆمەڵایەتی سیاسی ئابوورییان پێکهێناوە . واتە فاکتەری ئایین و فاکتەری خێڵایەتی و عەشیرەتایەتی کە لە ئاستێکی تردا فاکتەری رۆح و فاکتەری خوێن و دەمار دەگرێتەوە یەکیان گرتووەو پێکەوە بوونەتە بنەمای پێکهێنانی سیستێمی بەڕێوەبردن وەکو ئەوەى لە کۆمەڵگەى عەرەبی ئیسلامیدا لە سەردەمی هاتنی ئایینی ئیسلامەوە درووستبووەو تاکو ئێستاش بەردەوامە .

لە مێژووى نوێی رۆژهەڵاتدا کە حیزب پێکهاتووە لە دایکبووى سرووشتیی کۆمەڵگەى رۆژهەڵاتی نەبووە چونکە لەلایەک کۆمەڵگەى کشتوکاڵی و شوانکارەیی بووە لە لایەکی ترەوە کۆمەڵگەى دامەزراوەى خێڵ و ئایین بووە ، واتە پێش ئەوەى حیزب لە رووی بەرنامەو ئایدیۆلۆجیاوە تاکەکانی کۆمەڵ رێکبخات و پێکیانەوە ببەستێت ، دوو رایەڵی تری بەهێز هەبوون کە تاکەکانی کۆمەڵیان رێکخستووەو پێکیانەوە بەستوون کە ئەوانیش رایەڵی ئایین و رایەڵی خێڵایەتییە . هەر بۆیە حیزب نەیتوانیووە لە رۆژهەڵاتدا دامەزراوەیەکی نوێی کۆمەڵگەى شار لە سەر شێوازی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان بە تایبەتی رۆژئاوا درووست بکات . بۆیە کاتێ حیزب لێرە لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکاندا درووست دەبێت ناتوانێت دامەزراوەیەکی بە تەواوی جیاواز لەو دامەزراوانە دروست بکات کە ئایین و خوێن و دەمار بەرهەمیان هێناون . هەربۆیە لێرە کە حیزب دروست دەبێت بنیادی پێکهێنەری کۆمەڵگەو کەلتوورو عەقڵی باوو دەسەڵاتی بەسەردا دەکات .

ئەم هۆکارانەش جۆرێک لە دامەوزراوە درووست دەکەنەوە کە وێناکردنەوەى دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەتن . هەر لێرەوە حیزب دەبێتە وێنەیەکی تری دامەزراوەى ئایینی و خێڵایەتی و لە رووی بنیادو پێکهاتن و شێوازی فەرمانەوە هەمان وێنەى هەرەمی دامەزراوەو دەسەڵاتی ئایین و خێڵ دەبێت . وەکو ئاشکراشە لە لوتکەی ئەو هەرەماانەدا تاکەکەسی بەدەسەڵات بوونی هەیەو هەموو فەرمان و بڕیارێک لەلای ئەوەوە دەردەچێت ، کە لە هەرەمی دینیندا فەرمانی خودایەو لە هەرەمی خێڵایەتی و عەشیرەتایەتیشدا فەرمان و بڕیاری کەسی یەکەمی ئەم دامەزراوەیە . حیزب لێرە لەرووی پێکهاتن و شێوازی کارکردن و عەقڵی باڵادەستەوە هەمان سرووشتی دامەزراوەى ئایین و خێڵی هەیە .

کۆمەڵگەى کوردی کە هەمان سرووشتی پێکهاتەى ئایینی و خێڵایەتی هەیەو سەرباری نەبوونی دەسەڵاتی نەتەوەیی باڵادەست لەم کۆمەڵگەیەدا کە مەبەست دەسەڵاتی سیاسی ئیداری دانپێدانراوە واتە دەوڵەت ، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا دامەزراوەى ئایینی و خێڵایەتی پێکداچوون و ئەوەش بووەتە هۆی پاراستنی بنەماکانی کەلتوورو عەقڵی باوو باڵادەستی نێو ئەم کۆمەڵگەیەو کاتێکیش کە دامەزراوەى حیزب بەهۆی کاریگەری دەرەوە لەم کۆمەڵگەیدا درووست بووە نەیتوانیووە لەو دیووى ئەو واقیعە باڵادەستەوە پێکبێت و خاسێتەکانی حیزب وەکو دامەزراوەى کۆمەڵگەى شار وەربگرێت . هەر لێرەوە هەرەمی حیزبی کوردی بووەتە هاوشێوەى هەرەمی پێکهاتەى دینی و خێڵایەتی . واتە هەرچۆن لە هەرمی دینیندا خودا لە لوتکەى هەرەمەکەدایەو هەرچۆن لە هەرەمی خێڵ و عەشیرەتدا سەرخێڵء و شێخی عەشیرەت لە لوتکەى هەرەمەکەدایەو هەموو بڕیارو فەرمانێک لەدەست ئەودایە ، بەهەمان شێوە لە دامەزراوەى حیزبی کوردیدا کەسی یەکەم کە سەرۆک یان سکرتێرە لە لوتکەى ئەو هەرەمە حیزبیەدایەو هەموو دەسەڵاتکانیش لە دەستی ئەودا کۆدەبێتەوەو هەموو بڕیارو فەرمانێکیش لە دەستی ئەودایەو هەرچۆن لە دەسەڵاتی هەرەمی دینی و خێڵدا کەس ناتوانێت بڕیارو فەرمانی سەرەوە رەت بکاتەوە ، بەهەمان شێوە لە هەرەمی دەسەڵاتی حیزبی کوردیشدا کەس ناتوانێت فەرمانی سەرەوە رەت بکاتەوە.

ئەم سرووشتی پێکهاتنە لە حیزبی کوردی و لە کۆی دامەزراوەى حیزبی رۆژهەڵاتی و کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا لە روویەکەوە لە دامەزراوەى ئایینی و خێڵ و عەشیرەت جیا دەبێتەوە . ئەویش ئەوەیە دامەزراوەى ئایینی کە هێزی باڵای خودا لە لوتکەکەیدایە بەردەوزام وەکو خۆی دەمێنێتەوەو تەنانەت بە کۆچکردنی پێغەمبەرانیش دووچاری شکست نەبووە هۆکەشی ئەوەیە کە مەسەلەى ئایین کاتێ رووبەری کۆنەستی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە داگیر دەکات ئیتر بە ئاسانی لە کۆمەڵگەو ژیان جیاناکرێتەوەو دەبێتە کۆنەست و سایکۆلۆجیای گشتی کۆمەڵگە ، بۆیە بەردەوام بە زیندوویی دەمێنێتەوە . بە گوێرەى دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت لەبەرئەوەى کە رایەڵەی پێکەوەبەستن تیایاندا رایەڵی خوێن و دەمارەو ئەم رایەڵەش مەگەر پەرەسەندنی بەهێزی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری ریشەیی لە ژیانی گشتی کۆمەڵگەدا رووبدات و فاکتەری پێکهێنانی گەل و نەتەوە ئەوەندە بەهێز بێت هەموو رایەڵە سنووردارو تەسکەکانی خوێن و دەمارو دامەزراوە لۆکاڵییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوسا ئەگەری لاوازبوون و رووخاندنی دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت هەیە.

دیارە لە کۆمەڵگەى کوردیدا تاکو ئێستا ئەو پەرەسەندنە رووینەداوەو ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە جەماوەرییەش کە ناسیونالیزم درووستی دەکات پێکنەهاتووە ، بۆیە هەتا ئێستا دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت بەردەوامن و بوون و ئامادەبوونی خۆیانیان هەیەو تەحەکومیش بە کۆمەڵگەوە دەکەن . بەڵام ئەگەر سەیری دامەزراوەى حیزب بکەین لە کوردستاندا ئەوە بە ئاشکرا دەبینین کە حیزب نەبۆتە دامەزراوەى کۆمەڵگەى شارو بە ئاشکرا دیارە جێگرەوە یان هاوشێوەى دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەتە . بەڵام رەنگە زۆرجار دامەزراوەى حیزبی کوردی نەتوانێت وەکو دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت بوونی خۆی بپارێزێت بە تایبەتی لەسەر ئاستی لوتکەى هەرەمەکەى .

لە هەرەمی خێڵ و عەشیرەتدا لوتکەى هەرەم نەدەڕوخێت نەهەرەس دەهێنێت و بە مردنی کەسی یەکەمیش هەر لە بازنەى داخراوى کەسێتی سەرۆک خێڵ یان عەشیرەتدا کەسێکی تر شوێنی دەگرێتەوە . بەڵام ئایا ئەم مەسەلە لە نێو حیزبی کوردیدا چۆن دەکەوێتەوە ؟ بە درێژایی مێژووی درووستبوونی حیزب لە کوردستاندا ، زۆرینەى حیزبەکان لە دوای کۆچی دوایی یان دوورکەوتنەوەی کەسی یەکەمیان بە تایبەتی دامەزرێنەرەکانیان دووچاری شکست بوون . هۆکەشی ئەوەیە کە ئەو دامەزراوە حیزبیانە نەیانتوانیووە ببنە دامەزراوەیەک لە دەسەڵات و کاریگەری کەسی یەکەم دەربازببن و ببنە دامەزراوەیەک لە بری ئەوەى تاکەکەس تەحەکومیان پێوە بکات ، دامەزراوەکە تاکەکەس لە خۆیدا بتوێنێتەوە. بێجگە لە پارتی کە سەرباری کاریزمای باڵای مەلا مستەفای بارزانی کەچی دوای وەفاتیشی حیزبەکەى نەک دووچاری شکست نەبووە بەڵکو بە بەهێزى ماوەتەوە .

هەروەک پارتی کرێکارانیش لە دوای دەستگیرکردن و دوورخستنەوەى عەبدوڵا ئوچالان ، ئەو پارتە هەر بە بەهێزی ماوەتەوە. هۆکارەکەشی لە هەردوو حیزبدا پەیوەندی بە کاریزمای بارزانی و کاریزمای ئاپۆو کاریگەریانەوە هەیە لەسەر دوای خۆیان . هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە کە لە دنیای شارستانیدا سەرۆکی حیزب و سکرتێرو سەرۆکی دەوڵەتیش کەسانی ئاسایین و فەرمانیش چیتر فەرمانی شێواز هەرەمی نابێت ، بە تایبەتی بۆ سەردەمی ئەمەودوا کە قۆناغی باوک و کاریزما بەرەو کۆتایی دەچێت و قۆناغی گەل و نەتەوەو تاکەکەسی خاوەن شووناس دەست پێدەکات .

ئەو قۆناغەش لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت و حیزی سرووشت دامەزراوەی خێڵایەتی لە کوردستاندا دەچەسپێت و تەنیا ئەو کاتەش ئەگەری بە دیموکراتی کردنی تەواوەتی کوردستان و سیستێمی فەرمانڕەوایی دیموکراسی کوردی لەسەر زەمینەى واقیع هەیە کە شێوە پێکهاتەى دەسەڵاتی هەرەم ئاسا لە کوردستاندا کە پێشتر هەرەمی ئایین و خێڵ و عەشیرەت و حیزبی ئەڵتەرنایتیڤی خێڵ بووە لە ناو یەکەیەکی گەورەتردا بتوێتەوە کە ئەویش پێکهاتەى گەل و نەتەوەیە کە ئەوەش تەنیا لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردیدا دەگاتە ئەنجام .

 2,191 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت