کەمال میراودەلی: روونکردنەوەیەک دەربارەی 30 حوزەیران و پرسی دەستوور و هەلنەبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- گەرچی پرسیارو داواکاریی زۆر خۆشەویستانم لە ماوەی مانگی رابردوودا پێگەیشت کە بۆچی دەربارەی خۆکاندیدکردنەوەم یان نەکردنەوەم و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم گوایە لە 21- 9 دا هیچ نالێم و هەلوێستێک دەربارەی ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم دەرنابڕم ، داوای لێبوردن دەکەم کە من هەر بێدەنگییم لێکرد ئەمەش خوانەخواستە لە بەر بەکەمگرتنی رای خەلک و فرامۆشکردنی نەبوو. راستیی من دەمێکە و لە دەیان وتارو چاوپێکەوتندا زۆر بە سەختیی و خەستیی و تۆخیی جەختم لە سەر درۆبازیی، ساختەچێتی، فشەیی و بێیاسایی و قەرەقوشکاریی هەموو بەلێن و بەیان و پلان و راگەیاندن و نەخشەیەکی دەسەلات بە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنەوە کردۆتەوە. ئەمە کاری ئەمڕۆ نییە و ئەزموونی زیاتر لە 20 ساڵە: هەرچی دەیلێن و دەیکەن و بەلینی بۆ دەدەن و پلانی بۆ دادەنێن دەستووریی، یاسایی، ئەخلاقی نییە و تۆزقالیک راستگۆیی تیدا نییە و شایانی گرنگیپێدان و خۆپێوەماندووکردن نییە. نموونەیەک، لە دەیان بەڵگە، هەر لە چاوپێکەوتنێکی پاری مانگی ئۆکتۆبەر لەگەڵ هەفتەنامەی بانگ لە هەولێر، یەکەم پرسیاریان دەربارەی پرسی هەموارکردنەوەو گەرانەوەی دەستوور بوو بۆ پەرلەمان کە دوایی تا ئێشتاش، ئەو هەموو هەراو زەنا فشەیەی نایەوە دەیان وتاری فشەتری لە سەر نووسرا. لە بەر ئەوەی وەلامەکە درێژە لێرەدا تەنیا بەشێکی دەنووسمەوەو وێنەی چاوپێکەوتنەکەش لە گەل ئەم وتارەدا دانراوە:

2- نهێنی بەرگریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەستوور چییە كە نایەوێ بگەڕێتەوە پەرلەمان و تا چەندە ئەو هەوڵەی پارتی پەیوەستە بە پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە؟ رای جەنابتان چییەو هاوكات تیبینیتان لەسەر هەوڵی یەكێتی و گۆڕان چیە كە دەیانەوی جارێكی تر دەستوور هەموار بكرێتەوە؟

کەمال میراودەلی: بەداخەوە دەسەلات بە حوکمرانی و ئۆپۆزیسیۆنەوە هەمیشە دەتوانن ئەو ئەجندا بۆش و بێمانایەنەی خۆیان بسەپێنن و بکەنە بابەتی باسو خواسی خەڵک و میدیا کە لە درۆو دووروویی و خۆخلافاندن و خەڵک هەڵخەڵەتاندن زیاتر نییە.

دەستووری چی؟ کام پەرلەمان؟! دەوری پەرلەمان لە سیستمی بنەمالەیی حیزبیدا لە درۆیەکی گەورە بۆ هەڵلوشینی بودجە و پاکانەکردنی دەسەلاتی ناشەرعیی و تاوانی بەردەوامی دزیی و داگیرکاریی بەرامبەر خەلک زیاتر چییە؟ 21 سالە کوا دەستوور؟ لە قسەکانی بارزانی و تاڵەبانی و رەمزە گەندەلەکانی تری دەسەلات دا دەتوانی لە دوای 2005 ەوە تائێستا سەدان ئاماژە بە دەستووری عێراق بێنیەوە کە دەبێ هەموو شتێ بە پێی دەستوورو یاسا و تەوافوق بێ؟ تەنیا یەک نموونەی قسەی تالەبانی پارێزەرو سەرۆک کۆمارو سەرۆک مافیاو یان بارزانی سەرۆک هەرێم و سەرۆک حیزب و سەرۆک خێڵ و سەرۆک بنەماڵەم بۆ بىێنەوە کە دەبێ لە کوردستاندا بە پێی دەستوور و یاساو دیمۆکراسی و داپەروەریی رەفتار بکرێ؟ گەر بە رێکەوتی دەگمەنیش قسەیەکی وایان دەرپەڕاندرا بێ لە درۆو فێل زیاتر نییە.

لە وڵاتانی دیمۆکراتییدا رەمزەکانی دەسەڵات و کەسانی یەکەم دەبێ بیانەوێ و نەیانەوێ بە حوکمی پلە و پایەکەیان نموونەی دەستوور و یاساو راستگۆیی و دەستپاکیی و ئەخلاق بن، یەکجار هەلەیان کرد لێبووردن بەرامبەریان لە لایەن خەڵکەوە نیشان دەدرێ، دوو جار درۆیان کرد لە لایەن میدیای ئازادەوە ریسوا دەکرێن، بوو بە سێ جار تڕۆ دەکرین و وەلادەنرێن و لە بیر دەبردرێنەوە. لای ئێمە سەدی سەد بە پێچەوانەوەیە تا لە لوتکەی دەسەلات بەرزتر دەبنەوە، درۆو ساختەچێتی و خیانەت و ناپاکی زیاتر دەبێ تا وای لێهاتووە سەرانی کورد لە بیرو وتەو رەفتاری خیانەت و درۆو ساختەچێتی و بێدەستووری و بێیاسایی و ىێمتمانەیی جیا نەکرێنەوە.

هەرشتێ ئەوان باسیان کردووە و باسی دەکەن لە درۆو دەڵەسە و خەلک هەلخەلەتاندن و کات کوشتن زیاتر نەبووە و نییە، هەر لە باسی پەرلەمان و ماددەی 140 ویەکگرتنەوەی ئیدارەکان و هێزی پێشمەرگەو ئاسایش تا بودجەو جیاکردنەوەی حیزب و حکومەت و گێرانەوەی ماڵ و ملکی گشتی و هەلبژاردن و دیمۆکراسی یەوە تا باس وبابەتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیی و سەندنەوەی متمانە لە مالکی و کۆنتراکتەکانی نەوت و پێوەندی دەرەوەو کۆمپانیاکان و تا گیڕانەوەی پرۆژەی دەستوورێکی مردوو کە سەدی سفر دەوری لە بەرێوەبردنی حوکم و ئیدارەی وڵات و ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیی خەلک دا نییە و تەنیا گەمەیەکی ترە بۆ کات کوشتن و خەلک تەفرەدان و لەوانەشە بۆ کردنی ئەم کێشەیە بە بیانوویەک بۆ دواخستنی هەلبژاردنەکان.

من تا دوو ساڵ لە مەوبەر بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بوو تەرجەمەم بۆ بی. بی. سی دەکرد. باوەڕ بکە لەم چەند سالەدا لەوانەیە 50 راگەیاندنی تالەبانی و بارزانی و نێچیرو مەکتەبی ناسیاسییەکانیانم تەرجەمە کردبێ کە دەڵێن کە هەردوو ئیدارەکە یەکیان گرتۆتەوەو تەنیا هەندێ گرفتی تەکنیکی بچووک ماوە . هەر پەنجا جارەکە درۆیان کرد و ئێستا خۆشیان دان بەوە دا دەنێن کە دوو ئیدارەی دوو بنەمالەیی هەبووەو هەیە. جا حکومات و دەزگای سیاسی دەرەوەو جیهانیی چۆن رێزی کەسانێک دەگرن کە ئەوەندە درۆ لە گەڵ میللەتی خۆیان و دنیاش دەکەن؟ بەلام تەنیا بەکاریان دێنن وەک دەلالی سیاسی و بازرگانی و بۆ مەبەستی تالانکردنی نەوت و سامان و سەرمایەی کوردستان.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر..  روونکردنەوەیەک دەربارەی 30 حوزەیران و پرسی دەستوور و هەلنەبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت