Mursi

دکتۆر کەمال میراودەلی : لادانی مۆرسی و کودیتا وەک شانۆگەرییەکی کۆمیتراجیدی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەو گرفتە ئەکادیمییەی لادانی مۆرسی بۆ سیاسەتناسیی دروستدەکات ، ئەو پرسیارەیە : ئایا ئەمە کودیتا بوو یان نا؟

دیارە گرفتەکە لێرەدا ئەو راستییە رواڵەتییە نییە کە ئەمە بە ئاشکرا کودیتا بوو: هیزی عەسکەر بە زۆر سەرۆک – کۆمارێكی بە دیمۆکراتی هەڵبژێردراویان لاداو تەنیا دوای یەک ساڵ لەماندێتی دیمۆکراتیی چوارساڵەی خۆی کۆتاییان بە حوکمەکەی هێنا ، کە ئەمە دەستدرێژییەکی کودیتایی دیارە بەرامبەر چەمکی دیمۆکراسیی و بنەماو پرۆسەکان و دامەزراوەکانی .

گرفتەکە ئەوەیە ، کە گەر ئەمە وا بەسادەیی بەکودیتا دابنرێت ، ئەوە دەبێ پێناسەی کودیتا بکرێتەوە . چونکە گەرچی ئامانجەکە کودیتایی بوو ، پێشینەو پرۆسەو پاڵەوانەکان و ئەنجامەکە ، کە هێشتا دیارنییە چۆن دەبێت ، ناچنە قالبی کودیتای سەربازیی کلاسیکییەوە : کە کۆمەڵێ ئەفسەر لە تاریکییدا پلان دابرێژن ، ( لەحزەی حاسم ) دیاری بکەن و ( بەیانی یەکەم ) رابگەیەنیین و خۆیان وەک [ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ] بۆ ماوەی حوکمێکی نادیار بناسێنن و بەسەر گەلدا بسەپێنن.

نا . ئەم کودیتایە زیاتر لە شانۆگەریی کودیتایەکی شەعبیی کراوە دەچوو : کودیتایەک کە لەشایی شەقامەوە دەست پێدەکا و لە کۆشک ، وەک ئاهەنگی [ مارەبڕین ] کۆتایی دێت و شەقامیش بەجێدەهێڵێت چۆنی پێخۆشە ئاوا شادیی یان شیوەن بکات .

هەموو رووداوەکان بەئاشکرا لە بەردەم مۆرسیدا نمایش دەکران : هەر لەوکاتەوە گروپێکی کەم لەمانگی نیساندا لەسەر ئینتەرنێت بیری بزاڤی شۆڕشی دووەم یان بە ناوی ئاشکرای [ تمرد – یاخیبوون ] راگەیاند ، هەموو کەس دەیتوانی پالەوانان و رووداوەکانی شانۆگەرییەکە ببینێت . لە ماوەی سێ مانگدا ئەو گروپە ، بە بەکارهێنانێكی زیرەکانەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی ئینتەرنێت و گرۆپسازیی و چالاکیی شەقام ، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن ئیمزایان بۆ لادانی مۆرسی کۆکردەوە . ئەوە بەس بوو بەردیش تێبگەیەنێت کە سیناریۆی شانۆگەرییەکە هەڵدێرانی پالەوانە خۆشخەیاڵەکەیە .

خاڵی تراجیدی لەمەدایە لەوەدەچێت ئەوەی نەیتوانیبێت شانۆگەرییەکە بە دروستی ببینێت و دەوری خۆی تێبگات ، پالەوانی مەرکەزیی کۆمیدیا – تراژیدییاکە : د. مۆرسی خۆیەتی .

مۆرسی خۆی عەبدولفەتاح سیسیی ، کودەتاوانی ، کرد بەوەزیری بەرگری . ئەویش لە مانگی رابردوودا بەئاشکرا دووجار ئینزاری دا بەمۆرسی ، کە گەلی میسری دابەشکردووە ، یان دەبێ حکومەتێکی بنکە فراوان دروست بکات یان واز بێنێت ، جاری یەکەم بۆ ماوەی حەوت رۆژ ، جاری دووەم بۆ ماوەی ٤٨ سەعات .

بەلام وەک گاردیان دەڵێت ، مۆرسی تا دوا لەحزە باوەری وابووە : سوپا دەیپاریزێت .

لەدوا کۆبوونەوەیدا : راوێژکارەکەی پێی وتووە : هیچ مەترسییت لەسەر نییە ، پاسەوانی کۆماریی دەتپارێزن . بەلام هەر لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو هێزەی بۆ گرتنی ناردرا ، پاسەوانەکانی دەتوێنەوە .

پەیامنێری گاردیانی بەریتانی دەنووسێ : شەممەی رابردوو بەرامبەر دیمەنە سەنگینەکەی مۆرسیی لەقەسری قوبە وەستابووم . پرسیارم لێکرد تاچەند متمانەت بە سوپا هەیە ؟

وەلامی دامەوە : زۆر! [ گاردیان ، ٦ تەمووز ، ٢٠١٣ ]

ئەمەش شتێکی گرنگ ئاشکرا دەکا : زۆرجار ئایدیۆلۆجی بەرچاوروونیی دەبەخشێ و دنیابینیت پێدەدات ، هەندێ جاریش ، میشک و چاوت لە ڕاستییەکان دادەخات و دەتکاتە ئەداتی پرۆژە دۆگماتیکییەکانی خۆی .

مۆرسی و ئیخوان بەهەڵە و بەهەلپەرستیی ، دیمۆکراسییان خوێندەوە وەک دەرفەتێک بۆ سەپاندنی ئایدیۆلۆجیاو ئەجندای خۆیان بەسەر گەل و کۆمەڵگای میسری پلورالیدا لەجیاتی ئەوەی خۆیان بەنوێنەرو حکومەتی هەمووان بزانن ، هەمووانیان بەژێر فەرمانی %٥١ دەنگەکەیان و لەمەوە ئەجنداکەیان دادەنا.

مۆرسی پەرداخەکەی بەنیوە پڕیی دەبینی و نیوە بەتاڵەکەی فرامۆش دەکرد.

وەک ئەردۆگان ، کە زوو بەخەبەر نەهاتبایەوە بەمەرەدی مۆرسی دەچوو ، دیمۆکراسیی لای ئەو بوو بە دەنگۆکراسیی ، حیزبۆکراسیی و ئەوسا خۆکراسیی .

دەرفەتێک دوای هەشتا ساڵ بەهەشت مانگی حوکم لە دەستدرا .

راستیی ئەم هەموو دابەشییانەی ئایدیۆلۆجیاو حیزب و شەقام هەمووی فشەیەو سیناریۆی خەڵکدا بەشکردنە :

هەر هێزێكی تر دەوانێت شەقام بجووڵێنێت . سەدی هەشتای میسر خەلکی هەرەهەژارن کە خێزانێک رۆژانە بەکەمتر لە ١٠ دۆلار دەژیا ، ئەوەی زۆربەی خەڵک دەیەوێت : نە حوکمی شەریعەت و قورئانە ، نە لیبرالیەت و ستایلی غەربیی لاوانە ، بەلکو نەوت و نان و ئامانە ، ئاسایش و کارەبا و کارو ژیانە .

تا گرفتە ئابوورییە سەختەکانی میسر بمێنن ناوکە شۆرشگێڕییەکەی هەژاریی و نەداریی لەوێیە بۆهەر هێزێکی لیبرالی ، عەسکەر یان ئیخوان کە بیەوێت بەکاری بێنێت و عەوام بجووڵێنێت . دەوڵەتی نوێ و دەسەلاتێکی سەقامگیریش ، بەهەر ناوێکەوە بێت ، بە بێ چارەسەریی گرفتە ئابوورییەکان ، دروست نابێت .

بە داخەوە ، مۆرسی لەم راستییە تێنەگەیشت .

تراژیدیای مۆرسی ئەوە نەبوو باوەڕی بە دیمۆکراسی نەبوو .

ئەوە بوو لە رادە بەدەر باوەڕی بەدیمۆکراسی بوو وەک هێزو پاکانایەک و دەرفەتێکی بەپەلە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیخوانیی ئایدیۆلۆجی گوایە شەریعەو قورئان نەک دەولەتێکی پلورالی ئاسووەدیی ئازادیی و کارو نان .

لادانی وەزیری رۆشنبیریی و دانانی ئیسلامچییەک عەلا عەبدولعەزیز بۆ ئەم پۆستە هەستیارەو فەسلکردنی ٥ کەسێتی رۆشنبیریی ناسراو ، لە وانە سەرۆکی خانووی ئۆپێرا و بەرێوەبەری گشتیی کتێبخانەو ئەرشیفی نەتەوەیی ، لیبرالییەکانی ترساندن و خستنیە پال هێزەکانی عەسکەرو کۆنە موبارەکییەکانەوە ..

بە بیانووی ئەوەی بەجێیماویی سەردەمی موبارەک – ن ئیخوانییەکان دەستیان کرد بە هەڵوەشاندنەوەی دەزگاو دامەزراوە گرنگەکانی دەولەت لەپێش هەموویانەوە دادوەریی ، کە لەپال سوپادا بە دامەزراوە سەربەخۆو گرنگەکانی پاراستنی دەولەتی میسر دادەندرێت ، بەمەش کەرتێکی گرنگی کۆمەڵگای میسری کردە ناحەزی خۆی و ترسی خستە دڵی قوبتییەکان و چینی نێوەندەوە ، کە مۆدێلی حوکمی ئیسلامی خومەینی لەمیسردا دووبارە دەبێتەوە . لە کاتێکدا %١١ ی داهاتی نەتەوەیی لە توریزمەوە دێت و %٢٠ ی خاوەن کاران لە میسردا کارەکەیان بە توریزمەوە بەندە ، ئیخوانەکان باکیان نەبوو بەنەخشە ئایدیۆدینییەکەیان بناغەکانی توریزمی میسریی لە بەریەک هەڵتەکێنن .

بەهەرحال ، مۆرسی و ئیخوان دەبوو دەرفەتی دیمۆکراتی خۆیان بدرێتێ تا چوارساڵی حوکمی خۆیان تەواو بکەن . لادانی سەرۆکێکی دیمۆکراتی بە شێوەی سەربازیی ، دژ بەدیمۆکراسی و دادپەروەرییە و هەموو ئازادیخوازێک دەبێ ئیدانەی بکات .

ترسان لەوەی ئیخوان میسر بکەن بە ئێران ترسێکی رەوا بوو : بەلام دەبوو ئەو ترسە بەهێزی دایەلۆگ و دیمۆکراسی و دامەزاروە دیمۆکراسییەکان برەویندڕێتەوەو پەرواێز بکرێت نەک بە کودیتایەکی سەربازیی کە دەنگی دیمۆکراتی لە ملیۆنەها خەلکی میسر دەستێنێتەوەو لە پرۆسەی دیمۆکراسیی بێهیواو نیگەرانیان دەکات و پاشەرۆژی میسر لە نادیاریی ترس و گومان و بێ هێوا بوون لە دیمۆکراسییدا دەهێڵیتەوە .

 2,938 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست