Newshirwan-3

دکتۆر کەمال میراودەلی : دەربارەی دۆکیومێنتەکانی کاک نەوشیروان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وتارە دۆکۆمینتەکەی نەوشیروان مستەفا  :  http://www.sbeiy.com/UserFiles/kak%20-%20sarokayaty.pdf

سەیرە لە سەردەمی ویکیلیکسدا ، لە سەردەمی ئاسمانیببون و رێژنەبارانی رۆژانەی زانیارییەکان و نهێنییەکاندا ؛ لە سەردەمێکدا کە بە شێوەیەکی رەها ، هەموو مرۆڤیك بۆتە بابەتێکی گشتی چاودێرییکراوو پرۆسەکراو، تایبەتترین تایبەتمەندیی وەک هەلسوکەوتی خۆت لە ناو مالەکەی خۆشتدا جگە لە هەموو قسەو باس و وێنەو بیرراو زانیارییەک کە بە هۆی مۆبایل و کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت خەزنی دەکەی یان دەیگٶڕییەوە ، هیچی تایبەت و رازی پارێزراو نەماوەو لە ژێر چاودێریی ولە گیرفانی گەورەی [ برا گەورەکان ] دا یە ،

بە کورتیی : لە سەردەمێکدا کە تایبەتترین تایبەتمەندیی و نهێنییترین نهێنیی، چیدی نهێنیی و زانیاریی تایبەت نەماوە ؛ لە سەردەمێکدا کە تاکەکەسێکی وەک هاکەری عەبقەری ئەمریکی لاو [ ئێدوارد سنۆدین ] توانی هەرە خەتەرناکترین و نهێنییترین زانیاری تەواوی سیستمی چاودێریی و جاسووسی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەمریکا لە جیهاندا ئاشکرا بکات و سیستمی { هەوالگری نەتەوەیی ئەمریکی NSA  }  . کە گەورەترین و بلاوترین کاریگەرترین ئاژانسی هەوالگریی و جاسووسیی و چاودیرییە لە جیهاندا لە بنەوە هەلتەکێنیت و لەتو پەتەکانی بە دنیادا بلاو بکاتەوە ،

http://rt.com/news/snowden-nsa-interview-surveillance-831 /

هێشتا لە بەربەرستانی حیزبستانی باشووری نەفرەتلێکراودا، دوای ٨ ساڵ بلاوکردنەوەی چەند دۆکیومێنتێکی بێ بایەخ و مردوو ، کە نە هیچ لە هیچ زیاد دەکەن ، نە هیچ لە هیچ کەم دەکەن ، ئاوا ببێتە بابەتی کێشەو بێنەو بەرەو بڤە و گوایە دەبێتە هۆی ناکۆکی و ترازانی زیاتری دنیای داڕزاوی سسیتمی داوەشاوی حیزبیی و تێکدانی ئاسایشی نانەتەوەیی !!

وەک وتم ئەم دۆکیۆمینتانە هیچ نرخ و بایەخێکیان وەک زانیاری نەزانراو نییە و ئەو هەرا ساختەیەی دروستی کردووە تەنیا پێوەندیی بە [ کاتسازیی – توقیت ] ی بلاوکردنەوەکەیانەوە هەیە کە ئەمەش هەموو کاریگەرییەکەی نێگەتیڤ و گومراکەرو بەلادابردنە ، لە بەر ئەم هۆیانە :

١. ئەمڕۆ کێشەی گەورە و لەپێش دەستوورو هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی و پارێزگاکانە ، و پێویستییەکی دیمۆکراتیی وئەخلاقییە کە بە بێ بڕیارادنی دەستووریکی دیمۆکراتی هیچ هەلبژاردنێکی ساختەی تر نەکرێت . ئەم کێشە دروستکراوەی دۆکیومێنتە مردووەکان ئەم پرسە پەراوێزیی دەکات .

٢. سەرانی کورد هەمیشە لەسەر رابردوو دەژین بەهەردوو بارە ساختەو ناراستەکەیدا : وەک مێژووی خەباتی پڕ تاوانی شاخ یان وەک ناکۆکیی و دوو بەرەکیی و چەند – بەرەکیی شار، کە وەک میکانیزمێکی نێگەتیڤ و تێکدەر بۆ ژیاندنەوەی ناکۆکییەکان و تێکبەردانی خەلک و هیشتنەوەی نەوەی نوێ لە ناو بازنەی خیانەت و ناپاکییەکانی رابردوودا بەکاری دەهێنن .

٤. بە نیسبەت کاک نەوشیروانەوو وەک سەرکردەیەکی گوایە گۆڕانخواز ، دەبێ جەخت و تەرکیزی ئەو لە سەر شیکردنەوەی ئێستاو بەرنامەی ئایندەبێت و بۆ ئاسۆکانی ئایندە بڕوانێت نەک لە ناو کۆلانەکانی رابردوودا بسوڕێتەوە ، پێوسیتە بە جەماوەر بڵێ : چوار ساڵە چی کردووە ؟ گٶران بۆ کوێ دەچێت ؟ چ دەبێت ؟ چ دەگۆڕێ و دەگٶردرێت ؟ نەک پێش ٨ ساڵ چ بوو ، چ کرا …

٥ . ئەم دۆکیومێنتانە ئەو کاتە کاریگەرییان دەبوو ، کە لە کاتی خۆیدا بلاوبکرانایەوە و کاک نەوشیروان دەوری رێبەرانەی لە دژایەتی پرۆسەکەو ریسواکردنی و هوشیارکردنەوەی خەلک ببینایە ، ئەوسا دەوریان دەبوو بەلام دوای مردار بوونەوەیان دەر‌هێنانیان لە گۆڕیچەکان لە نرخی ئەرشیفی بەولاوە نیانە . بٶ مێژوو دەلێم ، پێش ئەوەی یەکێتی بریاری دوایی بەکردنی بارزانی بە سەرۆکی هەرێم بدات ، من لە سلێمانی بووم سەردانی کاک نەوشیروانم لە مالی خۆیان بە تایبەتی بۆ باسی ئەم بابەتە کرد و بە خەتەرێکم دانا بۆ دروستکردنی سیستمی بنەمالەیی لە کوردستاندا ، بەلام کاک نەوشیروان بە هەموو باوەرێکیەوە لەگەڵ ئەوە بوو بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێم و بیانووشی ئەوە بوو کە ئەو کابرایەکی عەشایرییەو بە هۆی سسیتمی سەرۆکایەتی و دەستوورو یاساوە دەیانەوێت بیخەنە ناو چوارچێوەیەکی بەرپرسیارێتی یاسایی یەوەو سنوورێک بۆ دەسەلاتەکانی دابنێن و جەختی لە سەر ئەوەش کرد کە ئەو لە پێوەندییەکانی لەگەڵ بارزانی زیاتر مورتاحە لەوەی لەگەڵ تاڵەبانی و پرۆسەی دروستکردنەوەی عێراق و باسنەکردنی ئەنفالیشی زۆر بە ئاسایی دەزانی . کەچی هەشت سال دواترو دوای چوار ساڵ لە دروستبوون و ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕان و چەند جار کۆوونەوە لەگەڵ بارزانی و برازاکەی ، هەنگاوێک بەرەو دەستوورییکردنی دەسەلات و حکومەت لە هەرێم نەنراوە ، وا دەردەکەوێت فشەترین شت بەلای گۆڕان – ەوە دەستوورەو لە بەر هەرهۆیەک بێ کە کەس پەی پێ نابا ، نەبوونی دەستوور لە بوونی بە باشتر دەزانن !!

٦. لە لایەکی ترەوە چ لە باسی دروستبوون و داڕشتنی دەستووریی عێراقدا و چ لە باسی پێکهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم وەک دۆکیومێنتەکان دەریدەخەن بەکارهێنانی یەکێتی لە لایەن تالەبانی یەوە بۆ بوون بە سەرۆ ک کۆمارو خڕکردنەوەی دەسەلاتەکانی کوردستان لە دەست بنەمالەی بارزانی دا ، کاک نەوشیروان وای نیشان دەدا کە ئەو خۆی هەر چاودێری رۆژنامەوانیی بووەو دەور و پلەی سیاسیی لەو پرۆسانەدا نەبووە، هەر وەک ، ئەحمەد خواجە بوو بێت و [چیم دی ] نووسیبێت ، لە کاتێکدا بە حوکمی شوێنەکەی وەک جێگری سکرتیڕی گشتیی یەکێتیی ، دەسەلاتی هەبووبێت یان نا ، بەشدارو بەرپرسی هەموو پرۆسەکانە .

٧. ئەوە بۆتە پەتایەکی سەرانی کورد کە هیچیان بۆ ئایندە پێ نییەو لە سەر مێژووی ساختە دەژین و هەموو هەوڵیان هیشتنەوەی باری باوە ، ئەگینا ئەوەی گەل ئێستا پێویستییەتی یەکێتی نەتەوەیی و پێکهێنانی بەرەیەکی گۆڕینی جەماوەریی فراوانە لە روانگەیەکی ئایدیلۆجی زانستیی و دووربینەوە بۆ کوردستان و بە پێی بەرنامەیەکی گشتگرو درێژخایەن کە لە سەر بنەمای دەستوورو دەسەلاتی پەرلەمانیی و دەزگاییکردن و کۆمەڵگای مەدەنیی دامەزرابێت .

٨. لە بەر ئەوەی زۆربەی دۆکیومێنتەکان شەخسی تالەبانی دەگرنەوە ، دیارە جوانتر بوو کاتێک بلاوبکرانابایەوە کە ئەویش توانای بەکارهێنانی مافی وەلامدانەوەی دەبوو وەک جاری پێشوو روویداو بەهۆی وەلامدانەوەی تالەبانی یەوە دەوری سەرانی یەکێتیی وەک ئەندازیاریی ئەنفالەکان ئاشکرابوو .

12,829 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت