Ata-Qaradaxi-4

عەتا قەرەداخی : کێ گەندەڵەو چۆن لێپرسینەوە دەکرێت؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

گەندەڵی Corruption بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و هەر لە بنەڕەتیشدا مرۆڤ بوونەوەرێکە هەڵگری بەشێک لە غەریزەى شەڕخوازی یان دڕندەییە کە گەندەڵیش وەکو دەرهاویشتەى رەفتاری ناجۆری مرۆڤ لە ژێر کاریگەری ئەو غەریزە ئاژەڵیەو پەروەردەی نادروستدا دەکرێت ، تەنیا ئەو بەشەى نەبێت کە دەشێ نەزانین و نەشارەزایی هۆکاری بێت کە ئەویش ناتوانرێت هیچ پاساوێکی بۆ بهێنرێتەوە . لە بنەڕەتدا مەبەست لە زاراوەى گەندەڵی ئەوەیە کە کارمەندێک لە هەر ئاستێکدا بێت سوود بگوازێتەوە بۆ تاکە کەسێک کە دەشێ پشکی رەوای لەو سوودەدا هەبێت یان نا بەوڵام کە چووە سەرووى ئاستی رێگاپێدراوەوە ئەوە دەبێتە گەندەڵی ، ئەویش لە ئاڵوگۆڕکردنێکدا روو دەدات بە مەبەستی وەرگرتنی پول و پارە یان هەر بەرژەوەندییەکی تر بە شێوەیەکی ناڕەوا کە ئەمەش لە فەرهەنگی سیاسیدا بە بەرتیل ناو دەبرێت . بە وەرگرتنی بەرتیلیش لە هەر جۆرێک بێت ئەو کارمەند یان کاربەدەستە لە رووی یاسایی و ئەخلاقیەوە ئەو عەقدە دەشکێنێت کە وەکو جۆرێک لە سوێند خواردنێکی ئەخلاقی وایە کاتێک لەو کارەدا دادەمەزرێت یان ئەو پۆست و پلەیە وەردەگرێت . بە مانایەکی تر گەندەڵی بریتیە لە دەستکەوتنی هەر سودێکی تایبەتی لە بەرژەوەندی گشتیەوە کە ئەمەش لە رووی ئایینیەوە حەرامەو لە رووی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە جۆرێکە لە کەم ئەخلاقی و لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە ئەوانەى کە ئیستغلالی پلەو پایەیى ئیداری و کۆمەڵایەتی دەکەن لە پێناوى بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا و بە شێوەیەکی ناڕەوا لە سامانی گشتی دەبەن و بەلای خۆیاندا رایدەکێشن ، لە رووی بەهاو ئەخلاقی کۆمەڵایەتیەوە خاسێتی کەسانی کەم بەهاو کەم ئەخلاقیان هەیەو لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ناشێت بە مرۆڤی تەواو یان خاوەن کەسێت و ئەخلاق و عیزەت وکەرامەت سەیر بکرێن ، بە مانایەکی تر هەر کەس لە هەر ئاستێکدا بێت لە ئیدارەو لە کۆمەڵگەدا و لەسەر بەرژەوەندییەکانی خەڵک و بە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتەى کە هەیەتی خۆی دەوڵەمەند بکات ئەوە مرۆڤێکی سووک و بێ بەهاو ئەخلاق نزمەو دەشێ لە پۆلی مرۆڤە پەراوێزى و تێکشکاوەکاندا پۆلێن بکرێت ، ئیتر گرنگ نییە ئێستا لە چ ئاستێکی بەرپرسیارێتیدایە . هەر لەم رووانگەیەوە ژمارەیەکی دیار لە بەرپرسانی کوردستان و نزیکەکانیان چ لە حیزبدا بن یان لە حکومەتدا لە نێو گەندەڵیدا نقووم بوون ، واتە خاسێتی مرۆڤ خاوەن رێزو حورمەت یان خاسێتی مرۆڤی خاوەن کەسێتی پێگەیشتوویان لە دەستداوەو لە ریزى قەزەم و بستەباڵاو بێکەسایەتیەکاندان .

دیارە ئەوەش ئاشکرایە لە هەموو دنیادا گەندەڵی لە بنەڕەتدا نە خاسێتی دامەزراوەکانە نە خاسێتی بۆماوەیە لە باوانەوە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان. بەڵکو لە نێو وەاقیعیی کۆمەڵایەتیداء لە ئیدارەدا کەسە دەروون لاوازەکان بە کردەوەکانیان گەندەڵی بەرهەم دەهێنن. هەر بۆیە چارەسەرکردنی گەندەڵی لە دوو رێگاوە دەبێت یەکێکیان رێگایجێبەجێ کردنی پرۆژەى ئایندەییەوەیە کە کاریگەرییەکانی درەنگ دەردەکەوێت ئەویش رێگای پەروەردەیە واتە پەروەردە کردنی نەوەی نۆێ لە رێگای دامودەزگاکانی پەروەردەوە بۆ سەیرکردنی گەندەڵیء دزی وەکو دوو رەفتاری نزم کە لە ئاستی مرۆڤدا نین واتە پەروەردەکردنی نەوەیەک کە لە هەموو شتێک بگەڕێتەوە کە مافی خۆییپێوە نییە. دووەمیان چارەسەر کردنە بە رێگای سزادان کە ئەویش دوو مەبەستی دەبێت یەکەم رێگری کردن لەوەى کە گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا خاسێتی دیاردە وەرنەگرێتء دواتر ببێتە بەشێک لە کەلتووری ئیداری وڵاتء نەوە بۆ نەوە بگوازرێتەوە. مەبەستی دووەم درووستکردنی ئەو بۆچوونە لە لای جەماوەر کە هەر کەسێک بە رێگای ناڕەوا دەوڵەمەن ببێت یان سەروەتء سامان کۆبکاتەوەو پلەو پایەى کارو دەوڵەت کە پلەو کارێکن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنێت لە پێناوى بەرژەوەندی تایبەتیدا دەبێت سزای پێویست وەربگرێت کە ئەوەش ترسێک لەبەردەم کەسانی نەفسیەت نزمء پەروەردە لاوازو کەم ئەخلاقدا درووست دەکات کە نەوێرن پلەو پایەی ئیداریء حکومیء حیزبیان لە پێناوى بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیاندا بەکار بهێنن.

بەهەرحاڵ گەندەڵی لە عێراقء کوردستاندا خەریکە وەکو دیاردەی لێدێت مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە کە رۆژ بە رۆژ پەرەدەستێنێ بە جۆرێک خەریکە ببێتە کارێکی ئاساییء خەڵک بە ئاسایی باسی بکەنء بەشێک لە خەڵکیش شەرم لە ئەنجامدانی نەکەنء نەخشەو پلانی جۆراو جۆر بۆ ئەنجامدانی دابنێن. هەر ئەوەش وایکردووە کە عێراق دیارە کوردستانیش دەگرێتەوە لە ریزى پێشەوەی ئەو وڵاتانەدا دابنرێت کە گەندەڵی بە شێوەیەکی ناجۆرو نا سرۆشتی تیایاندا پەرەی سەندووە. رۆژانە بە بەرچاوی جەماوەرەوە بەشێک لە بەرپرسانی باڵا دەدەزنء بە رێگای ناڕەوا کاسپی بە سامانی گشتیەوە دەکەن لە نەوتء کانزاکانی ترو لە میزانییەى وەزارەتەکانء دامودەزگاکانی حکومەتء دەوڵەت.

من گومانم نییە ئەوەى لە کوردستاندا لە سامانی میللەت دەدزێتء دەیبات بۆ خۆی ژمارەیەکی ئەوەندە زۆر نین کە دەست لێدانیان جێگای مەترسی بێت. دیارە گەندەڵی وایکردووە کە متمانەى جەماوەر بە ئیدارەى حکومەتی هەرێمء بە دەسەڵاتی پارتیء یەکێتی لاواز ببێت. خەریکبوونی بەشێک لە بەرپرسانی حیزبیء حکومەیی بە دزینی سامانی گشتیء بە تابۆکردنی زەویء زاری حکومەتء بینای حکومەتء هاوینە هەوارو زەوی کشتوکاڵی حکومەتەوە بۆ خۆیانء کەسء کاریانء بە کارهێنانی پلەوپایەى حیزبی حکومی بۆ خۆ دەوڵەندکردنء کۆمپانیا درووستکردنء بوون بە شەریکی کۆمپانیاکانء بوون بە شەریکی بازاڕو بازرگانیکردنء تەندەر وەرگرتنء دابەشکردنی زۆرێک لە پۆستء پلە ئیدارییە مامناوەندەکانی وەکو بەڕێوەبەری گشتیء بەڕێوەبەرو ئەو ئاستانەى تری هاوشێوەى ئەمانە کە دەشێ ئیستیغلال بکرێن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی هەموو بەرهەمهێنی ئەو گەندەڵیەن لە کوردستاندا کە خەریکە دەبێتە دیاردە. کارکردنی بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتء حیزب بە چەمکی مەنسوبیەتء مەحسوبیەت لە پێناوى دەستەبەر کردنی گەیشتن بە بەرژەوەنییە تایبەتیەکان هۆکاری سەرەکی هاندانی کەسانی تریشە بۆ دزیء گەندەڵی. وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا بە بۆچوونی من لە سنووری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا ئەوەى دزی دەکاتء سەرچاوەى گەندەڵی راستەقینیە بە حیزبء حکومەتەوە لە هەزار کەسی سەرەکی تێپەڕ ناکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرۆکایەتی حکومەتء سەرۆکی پارتیء یەکێتی لە پێناوى هەزار کەسی نەفسیەت نزمء کەم ئەخلاقدا نزیکەى پێنج ملیۆن هاووڵاتی کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ئایا ناتوانن چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن یان وەکو بەشێک لە خەڵک بۆی دەچن مەسەلەکە بە جۆرێکی ترەو ئەوەیە کە سەرکردایەتی ئەم دوو حیزبەش خۆیان یان کەسە زۆر نزیکەکانیان بەشدارن لە گەندەڵیداء ئەوەش وایلێکردوون کە نەتوانن هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی ئەم رەفتارە دزێوە بدەن کە گەورەترین زیانی لە ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردیء ناوو ناوبانگی یەکێتیء پارتیء سەرکردایەتیاکانیشیان داوە. ئایا ئەگەر لوتکەى سەرەوەى دەسەڵاتی کوردی کە مەبەست سەرۆکی هەرێمء سەرۆکی حکومەتە بە جیدیء بە کردەوە بکەونە چارەسەری ئەم رەفتارە دزێوە کێ سوودمەند دەبێتء کێش زەرەرمەند دەبێت؟ ئایا چارەسەر بە چ شێوەیەک دەکرێت؟ ئایا تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیدی بۆ چارەسەری گەندەڵی ئیداریء داراییء ئەخلاقی لە نێو حکومەتی هەرێمء هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردا نراوە؟ ئایا سەرۆکی هەرێمء سەرۆکی حکومەتء سەرکردایەتی پارتیء یەکێتی لەوە تێگەیشتوون هەتا چارەسەری گەندەڵیء دزیکردن لە کوردستاندا نەکرێت مەسەلەى چاکسازی جگە لە وەهم یان قسەى دوور لە کردەوە هیچ مانایەکی تری نییە؟ من وەکو پێتریش نووسیوومە ئێستاش بیری سەرۆکی هەرێمء سەرۆکی حکومەتی هەرێمی دەخەمەوە، ئەوە قسەیەکی زۆر راست نییە تۆ لە ئێستای کوردستاندا چاوەڕوانی ئەوە بکەیت دادگاو دەستەى چاودێریء دەستپاکی گەندەڵکارانت بۆ بدۆزنەوەو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن. ئێستا جەماوەری خەڵکی کوردستان بە ئاشکرا ناوی گەندەڵکاران دەهێننء بڕی سەروەتء سامانەکانیانء کۆمپانیاو بیناو ڤیلاکانی دەرەوەى شاریانء باخء مەزرعەکانیانء ژمارەى ئۆتۆمۆبێلء ژمارەى ئەو ئافرەتانەى کە لەگەڵیان رادەبوێرنء ژمارەى ئەو پیاوانەى ئافرەتیان بۆ دەهێنن باس دەکەن کە هەموو ئەمانەش بە سامانی گشتی دەکەن ئەگینا ئەگەر ئەوە بە پارەى شەخسی خۆیان بکەن ئێمە حەقمان چیە پێیانەوە. بێگومان شێوازى کارکردنی ئەم ژمارەیە لەبەرپرسانء دەوروبەرەکانیان ئەو بۆچوونەى لە لای زۆرینەى جەماوەر درووستکردووە کە ئەم حکومەتەى ئێمەو هەردوو حیزبە پێکهێنەرەکەى خۆیان رێگاخۆشکەرن بۆ پەرەسەندنی گەندەڵیء دزی. پێموایە ئەم بۆچوونەى خەڵکیش نە لەسەر پارتیء یەکێتی کە مەبەستم زیاتر سەرکردایەتیەکانیانەو نە لەسەر حکومەتیش ناگۆڕێت تەنیا بەوە نەبێت کە سەرۆکی هەرێمء سەرۆکی حکومەتء سەرکردایەتی هەردوو حیزب بە کردەوە بیسەلمێنن کە ئەو بۆچوونانە راست نین، ئەویش بە دەستکردن بە داداگایی کردنی بەپەلەى گەندەڵکاران دەبێت لە لوتکەى دەسەڵاتەوە واتە دەبێ کاک مەسعودء مام جەلال وەکو سەرۆکی هەردوو حیزب یەکەم لە دوو نزیکترین پێکهاتەی خۆیانەوە دەست بکەن بە لێپرسینەوەو دادگایی کردن کە ئەویش یەکەمیان لە نێو خێزانء خانەوادەکانی خۆیانەوە دووەمیش لە نێو مەکتەبی سیاسیء سەرکردایەتی حیزبەکانیانەوەو چاوپۆشیش لە کەس نەکەن، ئەگەر توانیان بەم شێوەیە کار بکەن ئەوە من دڵنیام دەتوانن چارەسەری دیاردەی گەندەڵی ئێستا بکەن لە کوردستانداو من لەو کەسانەشم کە بڕوام وایە سەرچاوەى سەرەکی هەموو کێشەکانی کوردستان گەندەڵی پەرەسەندووى نێو حکومەتء هەردوو حیزبە، چونکە ئەوانەی کە لە حکومەتدا گەندەڵی دەکەن کەسانی ئاسایی نین، بەڵکو ئەو بەرپرسء کادیرانەى حیزبن کە دەسەڵاتیان لە ناو حکومەتیشدا هەیە ئەویش راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆو لە رێگای کەسانی ترەوە .

من دەمەوێت لەسەر ئەو ئینتیباعەى خەڵک سەبارەت بە دەوری بەرپرسان لە گەندەڵیء دەستگرتن بەسەر سامانی گشتی کوردستاندا بدوێم . پێش ماوەیەک من سەفەرێکم کرد بۆ دهۆک . لە بازگەکەى سۆمێل هەر خۆم مامەوە لە تەکسیەکەدا، شۆڤیری تەکسیەکە گوتی مامۆستا ئەم کۆمەڵە شوقەیە هی فڵان کەسی کوڕی کاک مەسعودە ئەو سۆپەر مارکێتە هی کوڕەکەی ترێتی، ئەو بینایانە هی برازاکەیەتی، ئەو بیناگەورەى کە فرۆکەى تیا دەنیشێتەوە هی بەرپرسی باڵای سەربازییە. لە سلێمانیش هەر بینایەک بەرز بکرێتەوە خەڵکی دەڵێن ئەوە هی هێرۆ خانە، من نازانم ئەم قسانە تا چ ئاستێک راستن بەڵام خراپ کارکردنی یەکێتیء پارتیء ناشەفافیەت ئەو بۆچوونەى لای خەڵک درووست کردووە کە ئەم دوو حیزبە خۆیان لە ئاستی سەرەوەدا بەرهەمهێنی گەندەڵین ، دیارە کوردیش لە مێژە گوتوویەتی دێ بێ دووکەڵ نابێت. خەڵک باسی ئەوە دەکات کە ئەندامانی هەردوو بنەماڵە دەستیان بەسەر ئابووری کوردستاندا گرتووەو زۆرێک لە موڵکء خانوو بینای گەورەو بچووکی حکومەت لە لایەن سەرکردایەتی هەردوو حیزبەوە داگیرکراوەو تاکو ئێستاش لیژنەى وەرگرتنەوەى موڵکەکانی حکومەت شتێکیان وەرنەگرتووەتەوە کە شایانی باس بێت . زۆرێک لە کاربەدەستانی حکومەت و حیزب هەر ئەو خانووانەى تێیدان بە چەندین جار نرخەکانیان زیاترە لەو موچانەى بە درێژایی ژیانیان وەریان گرتووە. باشە ئەگەر ئەمانە دزیء گەندەڵیان نەکردووە ئەم هەموو موڵک و سەروەت وسامانانەیان لە کوێ هێناوە؟ بۆیە پێموایە بۆ هەردوو سەرۆکی بەڕێز ئەگەر نیەتی لێپرسینەوەو دادگایی کردنی خەڵکیان هەیە لەسەر گەندەڵی و دزی پێویستە بە جیدی لە کەسە نزیکەکانی خۆیانەوە دەست پێبکەن چونکە دڵنیام ئەگەر هەریەکە لە کاک مەسعودو مام جەلال دوو کەس لە هەرە نزیکەکانی خۆیانیان دادگایی کردو سزای پێویستیان دان ئەوە سوپای گەندەڵی لە کوردستاندا هەرەس دەهێنێت و خۆی دەدات بە دەستەوەو دڵنیاشم ئیتر کەس جورئەتی ئەوە ناکات گەندەڵی بکات .

بێگومان گەندەڵیش چارەسەر ناکرێت تاوەکو هەردوو سەرکردە لە دەوروبەری خۆیانە دەست پێنەکەنء تاکو ئەم خاڵانەى تریش جێبەجێ نەکەن. یەکەم تاوەکو حکومەت لە دەستی حیزب رزگار نەکرێت. دووەم هەتا چەمکی مەنسوبیەتء مەحسوبیەت لە نێو حکومەتء حیزبدا لە نێو نەبرێت. سێیەم تاوەکو حکومەت لە شێوازی حکومەتی حیزبیەوە نەبێتە حکومەتی نەتەوە یان گەل کە مەبەسەت لەمەش ئەوەیە حکومەت لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی دابمەزرێت نەک حیزب پۆستە حکومیەکان وەکو بەخشیش بداتە کادیرەکانی خۆی ئیتر گرنگ نییە تواناو لێهاتووی ئەو کادیرانە چەندە. دیارە مەبەستمان لەم قسەیە ئەوە نییە کە خەڵک لەدەرەوەی حیزب بێت حکومەت درووست بکات نەخێر لە هیچ شوێنێکی دنیا شتی وانیە ، بۆیە ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە تواناکانی ناو حیزبء دەرەوەى حیزب پێکەوە بەشداربن لە بەڕێوەبردنی حکومەتداو ئەوەش زەمینەسازی دەکات بۆ ئەوەى تواناو شارەزایی جێگای کادیرانی گەندەڵء بێتوانای حیزبیء غەیری حیزبی بگرێتەوە کە بە پشتی حیزب پلەوپایەیان وەرگرتووەو ئەو پلەوپایەیەش لە پێناوى بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەکار دەهێنن. بەڵێ پێویستە لێپرسینەوەى جیدی لەگەندەڵکاران بکرێتء تووندترین سزاش بدرێت بەسەر هەر کەسێکدا کە ئستیغلالی پلەوپایەی حکومیء حیزبی کردووە لە پێناوى بەرژەوەندی تایبەتی خۆیدا. ئێستا سەرکردایەتی سیاسیء ئیداری کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی هەستیاردان کاری جیدیء دوور لە چاوپۆشی کردن لە کەس رێگای سەرکەوتنء دەرچوونە لەو تاقیکردنەوەیە کەمتەرخەمیء چاوپۆشینیش لە کەسانی نزیکء خاوەن نفوز رێگای بەرەو هەڵدێرو شکستە، کە هیوادارم رێگای بەرەو سەرکەوتن لەبەر بگرین، دیارە سەرکەوتنیش بە بێ پاکتاوکردنی گەندەڵکاریء گەندەڵکاران هەرگیز نایەتە دی. بەڵام ئایا ئەو بکەرە کێیە کە سەرئەنجام سوپای کەندەڵکاران دەبەزێنێتء رووبەڕووی لێپرسینەوەیان دەکات؟ بێگومان ئەوە جەماوەری گەلەو دەبێ دڵنیابین کە ئەو رۆژە دێت کە گەل بە دەنگی بەرز دەڵێت ئیتر بەسەو کۆتای بە قۆناغی دەسەڵاتی گەندەڵکاران دەهێنێتء دەسەڵاتی گەل دەست پێدەکات.

 

 2,269 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست