Bextyar-Sharazuri

بەختیار شارەزورى : حکومەتى بنکە فراوان و مەرگى ئۆپۆزسێون .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر حوکمڕانى دروست بریتى بێت لە حوکمى سندوقەکانى دەنگدان و ئەگەرى دەستاو دەستکردنى دەسەڵات و حوکمى دەنگى تاک و سەروەرى یاساکان و بە دامەزراوەیکردنى دام و دەزگاکان وە ئەمە پێوەرى دیموکراتى و حوکمى گەل بێت ئەوا بۆ خۆى بونى ئۆپۆزسیۆن وەک هێزێک تەواوکەرى جوڵەیەکى میکانیکى دەسەڵاتەکان و چاودێرێکى بەهێزى دەسەڵاتەکان و بە دواداچون بۆ ماف و ئەرکەکان بێت لە چوارچێوەى یاسا گشتیەکاندا ئەو کات دەبێتە تەواوکەرى نیوەى دەسەڵاتێک کە هەست بکات چاودێریک چاودێرى جێبەجێ کردنى یاساکان دەکات وەک دوو بەرە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەبنە تەواوکەرى سستمێکى تەندروست بە پێ ى ئەو پێوەرانەى کە هەیە ئەویش دەستاو دەستکردنى دەسەڵات لە نێوان حیزبەکاندا بۆ باشترین پڕۆژە و کردار بە حوکمى دەنگەکانى تاک لە چوارچێوەى چڤاتەکاندا … بەڵام ئەى ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەیتوانى ئەو حوکمە بسەپێنى بەسەر ئەو حیزبانەى کە لە دەسەڵاتدان و نەتوانرا پشت بە سندوقەکانى دەنگدان ببەسترێت و هەوڵێک هەبێت بۆ بە تەواوەتى پەراوێز خستنى ئۆپۆسیۆن ئەو کات چى ڕوو دەدات ..؟

ئەوە دەزانین کە بەرەى ئۆپۆزسیۆن بێ هیوا بووە لە حوکمى دەنگدان ناچارە بە دواى ڕێگاى تردا بگەڕێت تا بتوانێت وەک ستراتیژى خۆى کار بۆ ئامانجەکانى بکات .

ئێستە لەم هەرێمەى خۆماندا کە پارتى و یەکێتى لە دەسەڵاتدان و ئەوەى پێ ى دەوترێت دەستاو دەستکردن و حوکمى سندوقەکانى دەنگدان بوبێتە کۆمیدیایەکى گاڵتەجاڕى لە سایەى دەسەڵاتى ئەم دوو حیزبەدا وە نەتوانرێت درێژە بە بونى ئۆپۆزسیۆن بدرێت و بەرەى ئۆپۆزسیۆن بیەوێت بەشدارى حوکمەتى بنکە فراوان بکات ئەو کات دەبێتە هۆى مردنى ئۆپۆزسیۆن ئەمە لە کاتێکدایە کە دەزگا چاودێریەکان وەک (پەرلەمان و چاودێرى دارایى و دەستەى نەزاهە و چاودێرى بێ لایەن ) نەک هەر بونیان نیە بگرە ناتوانن لە بچوکترین گەندەڵى بپێچنەوە و بە دواداچونى بۆ بکەن کە هەموو ئەم ئەرکانە کەوتوەتە سەر شانى بەرەى ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانیش تا ئێستا نەتوانیوە ببێتە چاودێرێکى ئەکتیڤى لایەنى جێبەجێکار وەک ئەرکى دووەمى پەرلەمان ، ئەو کات ئەتوانین بڵێن دوا ساتەکانى مەرگى ئۆپۆزسۆن دەست پێ دەکات ئەوەى دەمێنێتەوە دەسەڵاتى چوارەمە کە میدیا ئازادەکانە خۆ ئەگەر لە ئێستادا میدیا ئازادەکان بە هۆى گوشارى ئۆپۆزسیۆنەوە توانیبێتیان ببنە چاودێرێکى هەقیقى و دروستکردنى دەنگى ناڕەزایى خەڵک لەسەر دۆسیەیەک ئەوا لە دواى بەشدارى ئۆپۆزسیۆن لە دەسەڵاتدا ئەم دەسەڵاتى چوارەمە ناتوانێت وەک ئێستا کارەکانى بکات .

ئەگەر لە ئێستادا بەرەى ئۆپۆزسیۆن ناچاربن کار لە سەر سیناریۆکانى پشتى پەردەوە بکەن و گەشتبێتنە سازانى نیشتمانى (خۆى لە بنەمادا سازانى نیشتمانى بە واتاى پوچەڵکردنەوەى حوکمى هەڵبژاردنەکان و زیاتر بۆ کۆمەڵگایەکى خێڵەکى و مێگەلى دێت ) ئەوا دەکرێت بە دوا قۆناغى مردنى دیموکراتى و بونى ئۆپۆزسیۆن ناو ببەین ….ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان و بەرەکەى بە حوکمى سیاسەتکردنى واقعیانە ناچار بن بەشدارى حوکمەتى بنکە فراوان بکەن ئەوا ئەو کات ئەو بۆشاییە دروست دەبێت کە پێ ى دەوترێت پێگەى ئۆپۆزسیۆن …ئەگەر پێشتر بزوتنەوەى گۆڕان توانیبێتى قۆناغى نوێ لە دروستبوونى ئۆپۆزسیۆن دروست بکات ئەمڕۆ ئەگەر بەشدارى حوکمەتى بنکە فراوان بکات ئەو کات ئەو بۆشاییە دروست دەبێت بۆ بەرەیەکى نوێ ى ئۆپۆزسیۆن چونکە چى تر ناتوانرێت شەقام بکرێتە یەک بەش و بدرێتە دەست دەسەڵات بە بەردەوامى چونکە بە پێ ى پێوەرى دیموکراتى دەبێت شەقام دابەش بکرێت بەسەر فرەدەنگى و فرە ڕەنگى و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا .

ئەگەر بە پێ ى سیناریۆکان لە خولى تازەى پەرلەماندا دەستور بگەڕێتەوە و بکرێتە پەرلەمانى و حکومەت بدرێتە پارتى و پەرلەمان بدرێتە گۆڕان و سەرۆکایەتى هەرێم بدرێتە یەکێتى جێگرەکانیش بدرێتە یەکگرتو و کۆمەڵ و کەمایەتیەکان ئەو کات بە پێ ى پێویستى دەسەڵاتێکى دیموکراتى و تەندروست ئەگەر پاشخانى ڕۆشنبیرى کۆمەلگا گەشتبێتە ئاستى تێگەیشتن لە میکانیزمى دەسەڵاتەکان دەبێت بەرەیەکى ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت کە ئەمە پێویستى بونى چاودێرى دەسەڵاتەکانە ئەو کات ئەم پرسیارە دروست دەبێت .. ئایا دواى بەشدارى بەرەى ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات هەزمى دروست بوونى بەرەى ئۆپۆزسیۆنى نوێ دەکات ..وە ئایا ئەو ژینگەیە دەمێنێتەوە تا ( دەسەڵاتى چوارەم ) میدیاکان وەک ئێستە کارەکانیان بکەن … کە زۆرینەى دروستکردنى ئەم ژینگەیە دەکەوێتە ئەستوى بزوتنەوەى گۆڕانەوە .. بۆ ..؟

ئێستە بزوتنەوەى گۆڕان لەو ڕاستیە گەیشت کە ناتوانرێت بەردەوامى بدات بە ئۆپۆزسیۆن بونى خۆى وە پارتى و یەکێتیش گۆڕەپانى دەسەڵاتیان بۆ چۆڵ بووە و بە ئارەزوى خۆیان دەسەڵاتەکان دابەش دەکەن و چۆنیان بوێت وا کار لەسەر داهات و یاساکانى ئەم هەرێمە دەکەن بۆیە چى تر نایەوێت لە دەرەوەى بازنەى دەسەڵات بێت ئەو لایەنەشى کە دەتوانێت چاودێر بێت بەسەر کۆى دەسەڵاتەکانەوە پەرلەمانە خۆ ئەگەر پێشتر پەرلەمان (پەرلەمان دوو کارى گرنگى هەیە یاسادانان و چاودێرى کردن ) نەیتوانیبێت کار لەسەر چاودێرى جێبەجێ کردنى ئەو یاسایانە بکات کە دەرى کردوون و وە نەى توانیوە چاودێر بێت بەسەر دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە و بە حوکمى زۆرینە یاسا باشەکان ڕەتکرابێتەوە ئەوا گۆڕان بە حوکمى بەشدارى لە حکومەت و پەرلەمان دەتوانێت قۆناغى دووەم لە سیاسەتى خۆى دەست پێ بکات وە دەتوانێت ئەگەر مەبەستى بێت پشتگیرى لە هەر هەوڵێک بکات بۆ دروستبونى ئۆپۆزسیۆنێکى نوێ هەموو ئەمانە و بەشدارى کردن لە حکومەتى بنکە فراوانى بەرەى ئۆپۆزسیۆن لە وێوە سەرچاوە دەگرێت کە هەموو ئەو هەوڵانە شکستى هێنا کە درا بۆ ئەوەى واز لە سازانى حیزبى و نیشتمانى بهێنرێت و کۆتایى بە دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى بەغداد و هەرێم بهێنرێت لە نێوان یەکێتى و پارتیدا کۆتاى بە ڕێکەوتننامەى ستراتیژى بهێنرێت ئەمەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە بە جۆریک لە جۆرەکان تاکى ئەم هەرێمەیان بەشدار کردوە لەم سستمە خراپەدا بە حوکمى بژێوى و موچەخۆرى بۆیە تا ئەو ئاستە پشت بە شەقامیش دەبەسترێت کە تەنها دەنگت بۆ بدات وە نەگەیشتوەتە ئاستى شۆڕش کە پڕۆسەى دەنگدانیش لەسەر دەستى پارتى و یەکێتى شکستى هێنا بێت ئیتر حیزبى ئاقڵ ئەوەیە کە ڕێگاکانى تر هەڵبژێرێت بە پێ ى سیاسەتێکى واقعیانە کار لەسەر ستراتیژێکى تر بکات تا بتوانێت لە ناو دەسەڵاتەوە کار بکات بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکان ببنە پێوەرى دەسەڵاتەکان و لە کاتى خۆیدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر ئاستى پەرلەمان و سەرۆکایەتى و ڕێکخراوە پیشەییەکان و پارێزگاکان هەمووى ناشەرعیە ، هەموو ئەمانە دەکاتە ئەوەى کە ئەگەرى بەشدارى کردنى بەرەى ئۆپۆزشیۆن ئەگەر نەبێتە هۆیەک بو ئەوەى بەرى نوێ ى تر وەک کارى ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت ئەوا بۆ خۆى کوشتنى چەمکى ئۆپۆزسیۆن بوونە چونکە ئەوەى ئێستە بە بزوتنەوەى گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەکرێت لە ئێستادا لە پەناى میدیاکاندا هێزێک نیە بتوانێت ئەو یاریە بکات و ئەو سینارێو سیاسیانە بەرهەم بهێنێت تا کاریگەرى لە سەر ڕەوتى گۆڕانکارییەکان ببێت کە دەکاتە دوا ڕۆڵى ئۆپۆزسیۆن وەک بەرەیەکى دژ و چاودێر و بەدیلى دەسەڵات ئەو کات دەبێت چاوەڕێ بین بەرەیەکى نوێ وەک ئۆپۆزسیۆن دروستت ببێت تا بتوانین بڵێین سەرەتاکانى دیموکراتى لە بەشدارى حکومەتى بنکە فراواندا بەرەو مردن ناچێت و دەدرێتە دەست بەرەیەکى ترى ئۆپۆزسیۆن و گەمە دیموکراتیەکان بەردەوامیان دەبێت.

 1,179 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت