Hemn-1

هێمن ڕەئووف : دەگەڕێتەوە .. نا !! ناگەڕێتەوە !!!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دروستکردنی فەزایەکی لێڵ و پڕ ژاوەژاو لەسەر پرسی دەستور، گرنگترین ئەو باسەیە کە لە ٣٠ حوزەیرانەوە پدک و ینک  فەیسبوک و زۆرینەی میدیاکانیان پێوە سەرقاڵ کردوە. دوا لێدوانی لێڵ و پڕ لە کۆد و گرێی سیاسی، ئەوەی نێچیرڤان بوو لە سایتەکەی خۆی ” ڕووداو” دا بڵاوی کردۆتەوە .

بەبڕوای من پارتی و یەکێتی بە بەرنامە و بە وستی خۆیان ژاوەژاوی “گەڕانەوە یان نا” ی دەستوریان خوڵقاندوە. سودی ئەم ژاوەژاوە بۆ ئەوان لەوەدایە خەڵک بیر لە پاش گەڕانەوەی دەستور ناکاتەوە ” تا ئێستا بۆشیان چۆتە سەر” . ئەوەی زۆر ئاشکرایە هەتا ئێستا هیچ کام لە پارتی و یەکێتی یەک حەرفیان لەسەر جۆری سازان نەووتوە. تا ئێستا یەک نوقتەی دەستوریان دەستنیشان نەکردوە بۆ هەموارکردنەوە و سازان لەسەری. تۆ سەیری ئەو فەوزا بێزارکەرە، نیوەی خەڵکی کوردستان شەڕ لەسەر “گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە” دەکەن و هیچ کەسێکیش نازانێت گەڕانەوە چی دەکات و نەگەڕانەوە چی دەقەومێنێت ؟

من لەو باوەڕەدام لەبەر ئەوەی ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی شەرعی نیە  و هی دوای شەڕێکی قێزەون و لەسەر دەستکەوتەکانی تاڵانکردنی داهاتی کوردستانە، هەمیشە خاڵی شاراوە و ژێربەژێر  لە کۆبونەوەکانیاندا هەیە. ئەگەر ئەم بڕوا و بۆچونەی من ڕاست بێت خاڵی شاراوەی ڕێکەوتنی ٢٩ی حوزەیران ئەمەیە ” لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن لەبەردەم خەڵکی کوردستاندایە، با لێگەڕێین میکانیزمەکانی هەموارکردنەوە و سازان لەسەر دەستور بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان بکەین. ئەگەر وەک ئێستا زۆرینە بووین ئەوا سازش لەسەر وویستی خۆمان ناکەین. ئەگەر زۆرینە نەماینەوە ئەوسا ناچار دەبین سازش بکەین و بە چاکە و خێریش لای جەماوەر بۆمان دەنوسرێت “

هیچ لۆژیکێک نیە بۆ ئەوەی پارتی ڕازی ببێت بە دەستورێک سەرۆکێکی ڕەمزی و بێدەسەڵاتی تێدا جێ بوبێتەوە. مەگەر بارزانی سەرۆکایەتییەکی تر مسۆگەر بکات، لەمەی ئێستای شکۆدارتر بێت پێی .. کە مەبەست سەرۆکایەتی کۆماری عێراقە. وەک لە وتارەکەی نەوشیروان مستەفایشدا ئاماژەی پێدراوە، کێشەی ئەوسای دواکەوتنی کۆبونەوەی پەرلەمان هەر لەسەر هەمان بڕگەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم بووە، کە دواجار پارتی بە ویستی خۆی و بە بەری بارزانی درووی. ” سازان لەسەر ئەمە نزیکە لە مەحاڵەوە ”  

وجودی یەکێتی لەم نێوەندەدا تەنها لەو وێستگانەدا دەردەکەوێت کە دەستکەوتی باڵە دەستڕۆشتوەکەی مەکتەب سیاسی تێدابێت. هەتا لەلایەن ئەو کەسایەتیانەشەوە ڕابەرایەتی یەکێتی بکرێت کە لەهەمان کاتدا نەیارەکانی نەوشیروانن .. زۆر بە ئاسانی ئەجیندای پارتی باڵادەستتر و کاریگەرتر دەبێت لە هەموو مەسەلەکاندا. وەزارەتێکی زیاتر و هەندێک ملیۆنی تر لە شیرینی گرێبەستەکان و چەند پۆستێکی تر بۆ نەوەی ئەو بەرپرسانە، سازشەکان زۆر بە ئاسانی دەهێنێت .  

کۆتاییەکەشی بەم شێوەیە دەبێت ” ئەگەر بارزانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق، دەبێت سەرۆکی هەرێم یەکێتی بێت. ئەو کاتە پارتی قەوانە کۆنەکە لێدەداتەوە” لەبەر خاتری بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ئەوا ڕازی بوین بە سازش لەسەر دەستور و سەرۆکێکی کارتۆنی” .. لەمێژە لەناو یەکێتیدا سیاسەتی ژیرانە نەماوە و خوێندنەوە بۆ پێشهاتەکان لە خەوی قوڵدایە. .. لەبەر ئەوە بە شێتم تێمەگەن و هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت بۆ ئەوان .  

 735 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست