Talabani-3

جیهاد موحەمەد : کوا مام جەلال؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەوانەیە زۆر کەس ، ئەم پرسیارەی بەلاوە سەیربێت ، بۆ کەسێکی وەک من ، بەڵام لای من وایە کە مافی هەموو کورد و عێراقیەکە ، ئەم پرسیارە بکات و، بخوازێت چارەنووسی مام جەلال بزانێت. چوونکە بمانەوێت یان نا، پێوەندیەکی بە هێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتی هەیە لە نێوان مام جەلال و هەرکەسێکی تری ئەو وڵاتەی ئێمەدا، هەم پێوەندیەکی مرۆیی، هەم سیاسی، هەم ئەخلاقی.  ئەو دنیا سیاسیی و کۆمەڵایەتیەی کوردستان و عێراق ـ چاک، یان خراپ، دروست، یان نادروست، دیموکرات، یان ستەمکارـ دنیایەکە سەپێنراوە بەسەرماندا و رۆژانە مامەڵەی لەگەڵەداەکەین ـ بە ناچاری ـ کاتێکیش ژیان ناچرمانبکات، لە دنیایەیکی وادا بژین، کەواتە ناچاریشین ئەرک و مافەکانی خۆمان قبوڵبکەین، کە چۆن ئەرکمانە بەردەوام ڕەخنەگربین، بۆ ئەوەی ئەو دنیا خراپە، یان ئەو ڕێژە بەرزە لە ناهەمواریی و نابەجێی و نەگونجاو و، شایستەنەبوو بە کۆمەڵگەکەمان چاک بکەین، دنیایەکی باشتر فەرهامبکەین. مافیشمانە، لە ڵیدانەکەی ئاسۆس هەردی و کەمالی سیەد قادرەوە تا دەگاتە کوشتنی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و ئەو هەموو ژن کوشتن و ئەتکردنە کە لە کوردستاندا دەگوزەرێت، تا دەگاتە دیار نەمانی مام جەلال، چ وەک مرۆڤ، چ وەک کەسێکی سیاسی لێپرسیەنەوەی لەسەر بکەین. ئەمانە هەموویان، مرۆڤن و شایستەی ڕێز و شکۆمەندیین، شایستەی ژیانێکی پڕ لە سەروەریین،  هەرچەندە لەگەڵ بیروڕاکانیان، لەگەل دیدگاکانیان و سیاسەتەکانیاندا نەیەینەوە و هاوڕانەبین. هەرچەندە مام جەلال بە بەرپرسیارێکی گەوەر بزاننین لەو هەموو نادادپەروەیی و نادیموکراتیی و نا مرۆییەی کە لە کوردستان و عێراقدا دەگوزەریت، ئەلێرەوە وەک تاکێک، وەک مرۆڤێک، بە مافی خۆمی دەزانم بپرسم کوا مام جەلال؟ هەر وەک چۆن لێپرسینەوە و بە دواداچوونم بۆ هەر کارێکی نامرۆییانە بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانیوە لە کوردستان و لە عێراقدا، ئەو پرسیارەس لە چارەنووسی مام جەلال بە مافی خۆمی دەزانم.

ئەو پیاوە دیار و ئاشکرایەی دنیای سیاسەتی کوردی، دیار نییە!. بەڕێز مام جەلال ئەو سیاستمەدار و خوێندەوار و کەسایەتیە کاریزماییە عەلمانیەی دنیای سیاسەتی کوردی، کە لە ساڵی ١٩٤٧وە، بووە بە کەسێکی چالاک و قسەکەر لە سەر پرسی کورد و دنیای سیاسەت. لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کەس بووە کە کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی سازداوە و هەر خۆشی بووە بە یەکەم سکرتێری، دیسان لە ساڵی ١٩٥٣ بۆ ١٩٥٥ بووە بە سکرتێری یەکیتی لاوانی کوردستان، کە هەر خۆشی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەم رێکخراوە بووە. ئیتر دوای تەواوکردنی کۆلێژی یاسایی لە بەغداد لە ساڵی ١٩٥٩ وە ئەم پیاوە بووە بە کەسایەتیەکی یەجگار دیار و زیرەکی دنیای سیاسەتی کوردستان، بە جۆرێک ئەم کەسایەتیە ناسراو و دیار بووە، کە لە سەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان حسابی بۆ کراوە و، کاریگەری خۆی هەبووە، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان کەسایەتیەکی سیاسی ناسراو بووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە بووە بە سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و، ئەو بزوتنەوە چەکدارییەی خۆیان پێیان دەوت (شۆرشی نوێ)!، ناسراوی مام جەلال و هەڵکشانی ڕۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ زیادیکردوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٥دا بە سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا، دوای تەواوکردنی ئەم خولی سەرۆکایەتیەشی  کە ٤ ساڵبوو، بۆ جاری دوەم لە ١١/١١/٢٠١٠ بە سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە، ئیتر مام جەلال بە تەواوەتی لە دنیای سیاست و نێودەوڵەتیدا بوو بە کوردێکی ناسراو، مەگەر مەلا مستەفای بارزان و عەبدوڵا ئۆجەلان لە سەردەمێکدا،هێندە ناسراوبووبێتن، ئیتر کورد کەسایەتیەکی ئەوەندە ناسراو و دیار و زیرەکی بە خۆیەوە نەبینیەوە. ئەوە ماوەی ٩ مانگ زیاترە، ئەم کەسایەتیە توشی نەخۆشیەکی کوشندە بووە، بۆ چارەسەرکردن گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی ئەڵەمانی. دوای ئەوەی هێرۆ خانی هاوسەری لە یەکەمجاردا هاوسەفەری بوو، هەندێک زانیاریی کەموکورتی لەسەر نەخۆشیەکەی راگەیاند، لەو کاتەوە ئەم پیاوە کەس نازانێت چارەنووسی چییە، تەنانەت نزیکترین کەسی، جگە لە خانمی یەکەمی هاوسەری و ڕەنگە هەردوو کوڕەکەی هیچ کەسێکی تر هەواڵی نازانێت. کوان پاسەوانە تایبەتەکانی مام جەلال، کوان تیمی پزیشکی هاوسەفەری مام جەلال، کوان سکرتێری یەکەمی و رۆژنامە نووسە دیارەکانی دەوروبەری مام جەلال، کوان هەموو ئەوانەی خوا خوایان بوو مام جەلال وەڵامی سەلامێکیان بداتەوە، کوان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی مام جەلال، کوان جێگرەکانی مام جەلال، کوان هەموو ئەو سیاسیی و کەسایەتیە عەرەبیەنای کە پێگەی وەزیفی گەورەی حکومی و سیاسیان لە عێراقدا هەیە و هەمیشە بۆ چارەسەری کێشەکانی ناو خۆیان مام جەلالیان کردبوو بە دوا مەرجەع و، بۆی دەگەڕانەوە. کوا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کە خۆی و حیزبەکەی پەیمانی ستراتیژیان لەگەڵ مام جەلال مۆر کردبوو، کوا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگەرەکی کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی مام جەلالە، کوا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی مام جەلالە. ئەمانە لە کوێن و، بۆ قسەیەک ناکەن لەسەر دیار نەمانی مام جەلال!. ئەوە یەکەم جارە پیاوێکی وا دیار لە دنیای سیاسیی و نێودەوڵەتیدا، کە سەرۆکی کۆمار و سکرتێری حیزبێک بێت بە زیندوێتی بدزرێت و دیار نەمێنێت و هیچ کەس هەواڵ و زانیاری نەزانێت.

ناخۆشترین شت لە مەسەلەی دیار نەمانی مام جەلال دا، ئەو هەموو بازرگانێتیەییە کە هاوسەرکەی و حیزبەکەی پێوەی دەکەن، هەر رۆژە و بە درۆ هەوڵاێکی بڵاودەکەنەوە.

ئەگەر بە ڕاستی مام جەلال سەرۆکی کۆماری عێراقە! چۆن ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق لە جیاتی گەلی عێراق لێپرسینەوە ناکات لە دزینی سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی؟! ئەگەر تۆزێک کەسوکار و دڵسۆزەکانی مام جەلال مۆراڵی مرۆیی و کەسایەتییان تیا هەبێت چۆن لێپرسینەوە ناکەن لە هێرو خان و داوای چارەنووسی مام جەلال ناکەن؟ ئەگەر بە ڕاستی ئەندامان و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی، مام جەلال بە سکرتێری خۆیان دەزانن، ئەگەر بە ڕاستی تۆزێک مۆرالی مرۆیی و سیاسی و هاورێیەتییان تێدایە، چۆن داوای چارەنووسی ناکەن؟

بە ڕای من حەق وایە، پزیشکە تایبەتەکەی مام جەلال (دکتۆر کەریم نەجمەدین) و هێرو خان و هەردوو کوڕەکەی بە زووترین کات بدرێن بە دادگا، داوای چارەنووسی مام جەلال بکەن لێیان.

ئەم کردەوە قێزەونەی یەکێتی و هەموو ئەوانەی کە ئاگاداری چارەنوسی مام جەلال هەن و بەڵام بۆ سیاسەتکردن بە لاشەیەکی بێ ڕۆحەوە، کە ٥٠ ساڵە خزمەت دەکات، بۆ بازرگانێتی و کێبركێی هەڵبژاردنە ساختەکاریەکانی کوردستان بێ مۆڕاڵیترین و بێ ڕەوشترین کاری مرۆییە کە دەکرێت دەرحەق بەو پیاوە. ئەو پیاوەی کە هەرچ کات بوەستایە بە پێوە هیچ کام لەمان نەیاندەتوانی دابنیشن، کاتێک ئەو پیاوە قسەیبکردایە ئەمانە هەموو دەمیان دەبوو بە تەڵەی تەقیو. ئەو پیاوەی چ لە سیاسەتدا، چ لە پێشمەرگایەتیدا، چ وەک پیاوی دەوڵەتداری هیچ کەس لەمانەی کوردستان و عێراق نەیاندەتوانی شان بدەن لە شانی. ئێستا ئەو نەخۆش و پەکەوتە و بێکەس، ئەمانیش ئۆخەژن بوون بە دنیا سیاسیە ناشیریەنەکەیانەوە.

هەڵبەت، من ڕێزم بۆ هەموو ئەو کەسانە هەیە کە ڕەخنەیان لە سیاسەتی مام جەلال هەیە، کە خۆم یەکێکم لەو کەسانە و، هیچ کات دۆستایەتی حیزبەکەشیم نەکردوە، بەڵام قسە لەسەر ئەخلاقی مرۆیی و سیاسییە، نەک لە سەر ئەوەی مام جەلال لەم دوایانەدا، یان لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا چۆن بووە و چۆن نەبووە. ئەگەر ئێمە قسە لەسەر ئەو نامۆڕاڵیی و بێ ڕەوشتیە نەکەین کە دەرحەق بە مام جەلال دەکرێت، بروام وایە ناشتوانیین دەرحەق بە ناحەقیەکانی تری کوردستان و عێراق قسە بکەین، کە ڕۆژانە بەرامبەر بە خەڵکی ستەمدیدەی عێراق و کوردستان دەکرێت. چوونکە لە دنیای سیاسەتی ئەمرۆی عێراق و کوردستانیشدا مام جەلال گەورەترین ژمارە بووە و دیارترین کەس بووە. کاتێک مام جلال بشاردرێتەوە و کەس لێینەپرسێتەو، کەواتە بە دەیان کەس لە خەڵکی سادە و ساکار کە ڕۆژانە زوڵمیان لێدەکرێت ناتوانرێت لێپرسینەوە لەسەریان بکرێت.

هەموو خەڵکی کوردستان، حەقی خۆیانە بپرسن، بۆ مام جەلال تان شاردۆتەوە؟ مەگەر نەخۆشی کارێکی سروشتی نییە؟ مەگەر هەموو کەس نامرێت؟ مەگەر مردن بەشیک نییە لە ژیان؟ ئەمە چ ئەخلاقێکە، بە ناوی مام جەلالەوە درۆ دەکەن و، بە هەموو خەڵکی خانەقین دەڵێن، مام جەلال سڵاوی هەبوو بۆتان؟ ئەم چ ئەخلاقێکە بە ناوی مام جلال ەوە دەڵێن، مام جەلال ئاگاداری هەموو ڕەوشە سیاسییەکەی کوردستانە و هاو دەنگە لەگەڵ سیاسەتی ئەمرۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیدا؟ ئەمە چ ڕەوشتێکە سەرۆکی هەرێم کۆنگرەی نەتەوەی دەبەستێت بەڵام مام جەلال لە ڕێگەی تەلەفوونێک ناگرێت؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر پێویستە هەموو کەس لە جیگەی خۆیەوە بیکات. ئەم کردەوە قێزەونەی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان ئەگەر قبوڵبکرێت، ئیتر بروام وایە هەموو شت قبوڵ دەکرێت و کوردستان هیچ مۆراڵێکی مرۆیی و سیاسیی تیا نامێنێت. ئەگەر خەڵکی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان نەتوانن لە چارەنووسی مام جەلال بپرسنەوە، کەواتە بە تەواوەتی خەڵکی عێراق و کوردستان بووە بە مێگەلێکی گەورە و هەموو شوانێکی سیاسی دەتوانێت لێییخورێت. گەورەتین نەخۆشی کۆمەڵایەتیی و سیاسی، نەخۆشی بێدەنگییە، ئەم نەخۆشیە، ئەگەر بە پارە بکردرایە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کورستان، بە دەیان ملیار دۆلارییان پێدەدا، چوونکە ئەوە بێدەنگەیە کە زەوینەی خۆشکردوە لەبەردم ئەو هەموو ستەمکارییەی ئەو دوو زل هێزە سیاسیەدا. ئەوە بێدەنگیە، کە ئەو هەموو نادادپەروەییە، نا دیموکراتییە، گەندەڵیی و دزییە، ئەو هەموو کوشتن و خوێڕشتنە لەسەر عەشق و خۆسەویستی، ئەو هەموو بێحوەرمەتییە بە ژن دەکرێت و خەڵک هەموو کەڕ و کاس و بێدەنگ و بێ باک و بێخەم. بۆیە جارێکیتر من دەپرسمەوە کوا مام جەلال؟ چییتان لێکرد؟، ئەگەر تاوانباریش بێت شایستەی ئەو شاردنەوە و دزینە نییە، شایستەی ئەوە نییە لاشەکەی لەسەر قەرەوێڵەیەکی خەستەخان فرێبدرێت و کەس نەچێت بەلایدا.

٣٠/٨٢٠١٣

1,101 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست