Felekedin-Kakeyi-319x225

دکتۆرکەمال میراودەلی : دڵم بۆ فەلەک دەگری! ….

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناتوانم بۆ فەلەک دڵم نەگری .

من دڵنیام لە ناو زێرابی دەسەلاتی حیزبییشدا فەلەک پیس نەدەبوو .

ئەو مەناعەی رۆحی و ئەخلاقیی هەبوو، پاکییەکەی پیرۆز بوو، جەوهەریی بوو .

فەلەک جەوهەر بوو، نەک ماددە .

لە سەرەتای حەفتاکاندا کە لە بەغدا دەمخوێندو رۆژنامەی التآخی دەردەچوو، فەلەکم یەکەمجار وەک کاریگەرترین ستووننوسی رۆژنامەکە ناسیی

یەکەم بابەتی خوێندنەوەی رۆژانەم گۆشەی [ حلاجییات ] بوو کە فەلەک بە ناوێکی ترەوە دەینووسی

بەراستی لوتکەی ستایلی ئەدەبیی نووسین و دەوڵەمەندیی و قووڵیی و فرەسەرچاوەیی رۆشنبیریی فەلەک بوو .

فەلەک دەبوو خووی بدایە نووسینی فەلسەفیی ، رۆمان ، ژیاندنەوەی میراتی دینیی جیاوازی کورد .

بەلام بەداخەوە هەستی کوردایەتیی ئەوی بە هەڵەدا برد .

فەلەک بەداخەوە زۆر دەمێک پێش ئێستا لە دەستمان رۆێشت .

ئەو کاتە لە دەستمان رۆیشت وەختێ خۆی کردە خزمەتکارێکی پەراوێزیی بنەمالەی بارزانی : کە نموونەی جاهیلترین و بێ فەرهەنگترین و نا نەتەوەیی ترین دەسەلاتی کوردیین ، لە رووی رۆشنبیریی نەتەوەییەوە ، لە مێژووی کوردا .

بنەماڵەی بارزانی نازانن کورد چییە ، کوردایەتی چییە ، کوردەواری چییە ، زمان چییە ، ئەدەب چییە .

نازانن رۆشنبیریی چییە و دەوری لەنەتەوەسازیی و دەوڵەتسازییدا دا چییە ، ئەوەندە نەبێ کە لە خزمەتی خۆیان و حیزبە بنەمالەییەکەیاندا بێت .

نازانن رۆشنبیر چیەو کێیە تا ئەو ئاستەو ئان و ساتە نەبێت کە دەبێتە قۆندەرەی ئەوان و ەک قۆندەرەی ئەوان دەمێنێتەوە .

کە لە خەتی نۆکەریی لایدا ، ئیدی دەبێ تڕۆ بکرێت و بکرێتە پووش .

بۆ هەق بلێین ئەمە هەمان هەڵویستی حیزبەکەی تالەبانی ” شە بەباڵە ساختەکەی گٶڕان- یشە وە بەرامبەر رۆشنبیڕیی و رۆشنبیر.

مەحاڵە هیچ حیزبێکی کوردیی ، رۆشنبیری بیرئازاد قبوڵ بکات .

دروشمی تاڵەبانی : ئێمە [ حیزب ] نان و ئازادیی بە نووسەران دەدەین ، بەلگەیەکی روونە .

هەڵوێستی بێئابرووانەی کەی ئێن ئێن بەرامبەر رەخنەو بیرورای جیاواز بەلگەیەکی روونە .

ئەوە باسی خەرافات و توڕەهات و تخلف و جاشفیکریی ئیسلامییەکانیش هەر ناکرێت.

وتاری روشنبیریی دەسەلاتی حیزبیی ئەوەیە :

” ئەی رۆشنبیر یان قۆندەرەی لە پێکراوی ، یان قۆندەرەی فڕێدراوی “

ئەمەیە دروشمی دەسەلاتی بەربەریی بەرامبەر بە رۆشنبیر .

بەلام دەستیان خۆش بێت :

هەموو دەسەڵاتێک سەدان قۆندەرەی رەنگاورەنگ و قەوارە جیای بۆ ریز بووبێت ، بۆ لە پێیان نەکات ؟

ئەوە ئاستی کەسێتیی بۆش و رۆشنبیریی بۆشتری بۆشنبیری کوردە کە ئاوا جێیەکی رەحەت لەسەر رەفی قۆندەرەخانەکانی دەسەلاتە حیزبییە بەربەرییەکان بۆ خۆیان دەگرن .

یان دەبنە مەیموونی سەر شاشەی تەلەفزیۆنە حەرام و گەندەڵ و گلاوەکانیان .

یان دەبنە رەشنووس و فشەنووسی سواڵکەری سەر رۆژنامە ناوک – ڕەش و روو زەردەکانیان .

جا کە ئەمە ئاستی رۆشنبیر بێت ، ئەی کتێب و بەرهەمی ئەوانە چ نرخێکی دەمێنێت ؟

ئایا سووتانی رەمزیی یەک دوو کتێب لە لایەن گەنجێکی تووڕەوە ، شۆکێنەرترە یان مردار بوونەوەی کتێبەکان لە سەر رەفەی کتێبخانەکان ؟

یان خۆهەراجکردنی رۆشنبیرەکان لە هەراجخانە حیزبییەکان ؟

لەم بەربەرستانەدا ، دەمێکە دەمێک ” ئینسان دەسووتێندرێ!!

هەر لەگەڵ گەڕانەوەی لەشکری ژنکوژەکان ، ئینسان سووتان دەستی پێکرد .

هەر لەگەڵ هاتنەوەی بەربەرییەکان ، کە بۆشنبیرەکان بە نوخبەی سیاسییان ناو دەبردن ، کۆیلەکڕین دەستی پێكرد .

 

لە هۆنراوەی ولاتەکەم قەسابخانەی ژن و کچانە ، لە سالی ٢٠٠٥ دا ، نووسیومە :

دەفتەری خەم و خامەی خەیاڵت هەڵگرەو سەر هەڵگڕە

هیچت دەست ناکەوێ تۆ لەم دەڤەرە

ئێرە مۆڵگەی جانەوەڕە

ئێرە تاپۆی میری شەڕە

ئێرە قەسابخانەی کچە

ئێرە نامۆخانەی کوڕە

ئێرە ئاودەستخانەی حیزبە

نووسەر فلاش و ئاوبەرە .

*********

تۆڵەی ئەنفال دەکەیتەوە

بڕۆ خوشکەکەت سەربڕە

تٶلەی ئەنفال دەکەیتەوە

ماڵی میللەت هەمووی بدزە

میللەت بکە بە کەرو گا

ئەوسا یەک بە یەک بیان کڕە .

********

گڕی دوو کتێب لە هەناسەیەکی شیعریی گەنجێکی توورە زیاتر نییە!!

بەلام قرچە قرچی ٢٢ ساڵەی لەشی هەزاران ژن کەس تووڕە ناکات .

کەس لە خواردنی کەباب پەشیمان ناکاتەوە .

پێشکەشکردنی نیشتمانێک، وەک جەستەیەکی رووتی چەقۆتێخراوو دەمبەستراو، بە ‌کۆمپانیاکانی بێگانە و داگیرکەران، کەس تووڕە ناکات .

بەر لەوەی ئینسان بسووتێت ، نیشتمان ئەنفالێندرا ،

بەر لەوەی کتێب بسوتێنترێت ئینسان سووتێندرا ،

بەرلەوەی ئینسان بیر بکاتەوە ، ئینسانییەتەکەی لێداماڵرا

بەر لەوەی کتێب بسوتێنترێت ، هەزاران کتێب لە ناو گۆڕیچەی کتێبخانەکاندا لاشەکانیان ریز کران و نێژران .

هەندێ هەر بە مردوویی لە دایکبوون ، لە بارچوون ، یان پێش لە دایکبوون کوژراون .

هیندییەکان مردوو دەسوتێنن، لای ئێمە لە گۆڕیان دەنێن : چ جیاوازییەکی هەیە چۆن مردوو بە رێدەکەی ؟

ئەم بەربەرستانە بۆشنبیرەکان دروستیان کرد .

بەر لەوەی رۆشنبیریی بمرێت، رۆشنبیر مرد .

بەر لەوەی خوێندنەوە بمرێت، خوێندەوار مرد .

بەر لەوەی کتێب بمرێت، کتێبنووس مرد .

بەرلەوەی دیندار پەیدا بێت، دین مرد .

بەر لەوەی هاو-ولات، لە دایک بێت، وڵات فرۆشرا .

بەر لەوەی کتێب بسووتێت، ئینسان سووتێندرا ،

زمان سووتێندرا ، عەقڵ سووتێندرا ، ئەخلاق سووتێندرا .

ئیبراهیم و کوڕەکەی سووتێندران .

بۆیە مەرگی کتێب ، مەرگی زمان ، مەرگی کەلتوور ، مەرگی نووسەر هەر چەندە گەورەو ناوداریش بێت ، کێ گوێی دەداتێ ؟

ژمارەیەکی تری پاش هەزارانە .

ئێرە بەربەرستانە . ولاتی میری دزانە .

ولاتی مەرگی هەرزانە ، ئەوی نرخی نەبێت ژیان و ئینسانە .

بۆیە فەلەک دەمرێ و دەچێتەوە بنگۆمەوە .

حەبیب محەممەد کەریم کۆچ دەکات و کەس ناوی نەبیستووە .

شیركٶ لە سەرەمەرگدایەو چش .

بەشێکی ولات لە بەرچاومان ئەنفال دەکرێت و دەنگ و دڵ و دین مردووە .

*******

بەلام بە داخم بۆ فەلەک

وەڵلا رۆحم دەگری بۆ فەلەک

وەڵلا ئەو بۆشنبیر نەبوو

وەڵلا ئەو خۆفرۆش نەبوو

وەڵڵا ئەو گەندەڵ نەبوو

وەڵڵا دڵێکی هەبوو وەک دلی مناڵ پاک

وەڵلا رۆحێکی هەبوو وەک رۆحی فریشتە بەرز

هەموو رۆژو لەحزەو ئانێک ویژدانە پاکەکەی خۆی دەپاراست

بەلام ئاخ تووش بوو بوو ، وەک شەرم نەیدەتوانی خۆی لەو چاڵە رەشە دوورخاتەوەو پاک بکاتەوە کە رۆژگار زاڵمانە ئەوی خستە ناو .

ئەوە ببوو بە رێژیان و ناسنامەی ساختەی .

هەڵبەت ترسی لە ناوبردنیشی هەبووە .

ئایا ئێستاش سەیر نییە رۆژێک پێشتر ساغ و سەلیم چاوپێکەوتنیکی دوورو درێژ بکات

نیو سەعات پێش مردنی ساغ و سەلیم موژدەی تەواوکردنی سێ کتێب بە هاوڕێیانی بدات

http://bas-news.net/ArticleDetail.aspx?articleid=5403  

دوای نیو سەعات ببێتە جەستەیەکی سارد بۆوە و مەرگی رابگەیەندرێت و بۆ دوو سبەی بێ دەنگ بنێژرێت ؟!!

ئەی دەسەلاتی خیانەت و تاوان : ئەمەشتان لەگەڵ فەلەک کرد ؟

فەلەکی ئینسان ، فەلەکی کاکەیی ، فەلەکی کوردو کوردستان و مرۆڤایەتی !

ئاخر فەلەک سامی شۆڕش نەبوو ، جەوهەر نامق نەبوو ، فەلەک فیکر بوو .

فەلەک دەبوو پاداشتی نۆبلی لە رۆماننووسیی و فیکردا هەبایە نەک پاداشی مەرگ لە خزمەتی بنەماڵەیەکی جاهیل دا .

ئەگەر ئەمە سیستمێکی بەربەری سەرسەری خیانەتکارو تاوانکار نییە چۆن دەبێ هیچ مرۆڤێک بنێژرێت تا پشکنینی پزیشکیی و راپۆرتی پزیشکی سەربەخۆی تەواوی بۆ نەکرێت .

دەبێ جەستەی پاکی فەلەک دەربهێنرێتەوە پشکنینی پزیشکیی سەربەخۆی بۆ بکرێت ، تا راستیی ئاشکرا بێت .

****

بەداخم بۆ فەلەک

بەداخم کاکەی کاکەیی حەسرەتی دڵم نازانێت

ئەم وشانە نابیسێت و ناخوێنێتەوە .