عەتا قەرەداخی : لاوان و ئاسۆی ئایندە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گومان لەوەدا نییە کە لاوان هێزی بزوێنەرو جوڵەدرووستکەرن لە هەر چرکە ساتێکی مێژووى کۆمەڵگەکاند ا. کۆمەڵگەى تەندرووست ئەو کۆمەڵگەیەیە لە هەر کارێکدا پێویستی بەهێز بێت پشت بە لاوانی خۆی دەبەستێت چونکە لاوان ئەو سامانە زیندوو نیشتیمانییەن کە ئێستاو ئایندەى کۆمەڵگەیان پێوەبەندە . دیارە کۆمەڵگەى درووستیش ئەوەیە کە بە عەقڵ و ئەزموونی پیرەکانی و بە بازوو چالاکی لاوەکانی بینادەکرێت و بەڕێوەدەبرێت . ئەگەر لەم رووەوە سەیری کۆمەڵگەى کوردی بکەین ئەوا دەشێ بپرسین :

ئایا جۆرێک لە رێکخستن لە نێوان عەقڵ و ئەزموونی پیران و هێزو چالاکی لاواندا هەیە ؟ وەک ئاشکرایە پیران یان نەوەى پێشەوە ناتوانن دان بەبوونی نەوەى نوێ و لاواندا بنێن و هەمیشە نکوڵی لە تواناکانیان دەکەن و نایانەوێت جێگایان بۆ چۆڵ بکەن ، بەڵکو بەردەوام لەسەرەوە بۆ خوارەوە سەیریان دەکەن و هەمیشە وەکو ئەو منداڵە لە لاوان دەڕوانن کە ناگاتە ئەو ئاستەى شوێنی ئەوان بگرنەوە . لەبەرامبەریشدا ئایا روانینی بۆ نەوەى پێش خۆیان چۆنە ؟ لاوان وەکو ئەو عەقڵە کۆن و داڕزیووە سەیری نەوەى پیشتر دەکەن کە توانای هاوچەرخبوونی نییەو ناتوانێت لەگەڵ و عەقڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا هەڵبکات و هەمیشە کۆنەپەرست و کۆنەپارێزو دیکتاتۆرێکە نایەوێت بوار بۆ ئەوى نوێ بکاتەوە .

تێڕوانین و هەڵویستی نەوەى پێشەوە بۆ لاوان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا رۆڵێکی نەرێنی هەبووەو هەیە لەوەیدا کە نەوەى نوێ یان لاوان دووچاری نامۆییەکی بەردەوام بکات لەو روانگەیەوە کە لاوان خۆیان بە خاوەنی هیچ شتێک لە کۆمەڵگەو سیستێمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا نازانن و هەمیشە هەست دەکەن ئەمان پاشکۆن . ئایا ئەم بارە چ دەورو کاریگەرییەکی هەبووەو هەیە لەسەر لاوازی ئاستی ئینتیما بۆ خێزان و کۆمەڵگەو نەتەوەو نیشتیمان ؟ ئایا کێ بەرپرسیارە لەو بارودۆخە ناتەندرووستە ، لاوان خۆیان یان نەوەى پێشوو کە دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و بەڕێوەبردن و کەلتووری و تەنانەت عەقڵی کۆمەڵگەشیان لە دەستدایە ؟ ئایا ئەو شێوازە تێڕوانینە چ پەیوەندییەکی هەیە بە لاوازی ئینتیمای لاوانەوە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا ؟ ئایا ئەم هەڵویست و شێوازی مامەڵەکردنەى نەوەى پێشەوە واتە نەوەی دەسەڵاتە جۆراو جۆرەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی چ دەورو کاریگەرییەکی هەیە لە بەرهەمهێنانی نەوەیەکدا کە بەردەوام هەست دەکات نەوەیەکی ماف خوراوو غەدرلێکراو بێبەشکراوە ؟ ئایا گەیاندنی نەوەى نوێ بەو ئاستە لە هەستکردن چی کاریگەرییەکی هەیە لەسەر ئاستی ئینتیما ؟ لەسەر کاردانەوەى تووندى لاوان بەرامبەر بە نەوەى پێشەوەو ئەو بنەمایانەی کە لە کۆمەڵگەدا جێگیرن؟ یان لەبەرامبەر عەقڵ و نەریت و کەلتووری جێگیری کۆمەڵگەدا ؟ ئەى داخۆ ئەم شێوازە نادرووستەى مامەڵە کردن چ دەورێکی هەیە لە درووستکردنی پشێوی کۆمەڵایەتی و نەبوونی سەقامگیری دەروونی و تەنانەت سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا؟ ئایا لەربەر گرتنی هەندێ رێگای ناجۆری تووندو تیژی و کاردانەوەى ناشایستە لەخۆیدا دەرهاوێشتەو دەرئەنجامی ئەو هەست بە بێبەشکردنەى لاوانە نییە لەلایەن نەوەى پێشووەوە ، واتە نەوەى دەسەڵاتەکان؟ ئایا پەنابردنی دەستەیەک لە لاوان بۆ کاری تووندو تیژی لە جۆری چەک کردنە شان و بەشداریکردنی دەستەو گروپە تووندڕەوەکان وەکو ئەو لاوە کوردانەى کە ئێستا لە کوردستانەوە دەچنە شام بۆ هاریکاریکردنی گروپە ئیسلامیە تووند رەوەکان ؟ یان ئەو دیاردەیەى کە لەلایەن دەستەیەک لەلاوانەوە بۆ سووتاندی کتێبی ئەم نووسەرو ئەو نووسەر خەریکە پەرە دەسەنێت ؟ ئایا هەموو ئەم هەڵوێستانەى لاوان کاردانەوە نییە بۆ پاسیڤکردن و دان نەنان بە تواناو لێهاتوویی و پێداویستیەکانیاندا لە لایەن نەوەى پێشووەوە کە نەوەى دەسەڵاتەکان ؟

دیارە ئەوە ئاشکرایە کە کۆمەڵگەى کوردی هەر ئەوە نییە کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییەو دان بە نیوەکەى تری کۆمەڵگەدا نانرێت ، بەڵکو نیوەى یەکەم یان رەگەزی یەکەمیش وەکو نووسەرانی فیمینیست ناوی دەبەن بە گشتی خاوەنی دەسەڵات نییەو ئەوەى کە باڵادەستە بریتیە لە نوخبەیەک کە کۆنترۆڵی هەموو پنتەکانی دەسەڵات و ئابووری فەرهەنگی کردووەو خاوەنی ئەو عەقڵە باوو باڵادەستەیە کە لە کۆمەڵگەدا هەموو بڕیارێکی دەربڕراوو دەرنەبڕراو لەوەوە دەردەچێت و بەشەکانی تری کۆمەڵگە لەدەرەوەى هەموو بڕیارو تەنانەت قسەیەکی جیدیشە . کە بەگشتی لاوان وەکو نەوەى نوێ بەتەواوەتی لە پەراوێزدان و هەمیشەش واهەست دەکەن بوونی ئەوان لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت چونکە نەک هەر بەشدارنین لە بڕیارداندا بەڵکو ناتوانن وەکو ئەوەى کە پێویستیشە ژیانی مادی و رۆحی خۆیان جێبەجێ بکەن . ئەوەش وەهای لێکردوون بەردەوام هەست بەوە بکەن لە بێبەشبوون و باری غەدرلێکردندان .

لاوێک دەڵێت من چی لە وڵاتێک بکەم کە بچوکترین کارم نەبێت تیایدا.

لاوێکی تر دەڵێت وڵاتێک کە نەتوانێت سادەترین پێداویستییەکانی من دەستەبەر بکات من بۆچی ئەو وڵاتەم خۆش بوێت .

یان لاوێکی تر دەڵێت: کۆمەڵگەیەک پێی وابێت منی تەمەن بیست پێنج ساڵان توانای ئەوەم نییە کە کاری ئەوەم پێبدات بتوانم ژیانی خۆم بینا بکەم ، ئەو وڵاتەو ئەو کۆمەڵگەیە بۆ من هیچ مانایەکیان نییە . لاوێکی تریش دەڵێت وڵاتێک لەلایەن نوخبەیەکەوە کۆنترۆڵ کرابێت و توانای ئەوەى نەبێت دان بەوەدا بنێت کە منیش رۆڵەى ئەم وڵاتەم و لەم وڵاتەدا خوێندنم تەواو کردووەو بەو پێیەش دەبێ مافم هەبێت بەو ئەندازەى کە ئەرکم لەسەر شانە ، ئیتر چاوەڕوانی چی بکەم .

لاوێکی تر دەڵێت لە وڵاتێکدا نووسەرەکانی ، هونەرمەندەکانی یاساناس و رۆشنبیرەکانی دەستیان گرتبێت بە کەلتوورێکەوە کە بەرهەمی عەقڵی نەوەى پێشترەو ئەمانیش بوێری ئەوەیان نەبێت پیتێکی لێبگۆڕن ، ئیتر بۆچی رێگای دیارو نادیار لەبەر نەگرم و نەچم بۆ سووریاو لە جیهاددا شەهید نەبم ؟

بێگومان ناڕەزاییەکانی لاوانی کۆمەڵگەى ئێمە هێجگار زۆرن و ، بەشی زۆری ئەو داواکاریانەش رەوان . لاوانی ئەم وڵاتە لە بۆشاییەکی رۆحی و مادیدا دەژین . شێوازی کارکردنی دەسەڵاتی کوردی و کاریگەری کەلتوورو داب و نەریت و بەربەست و فشارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی رووبەرێکی فراوانی لە کۆمەڵگە گەیاندووەتە ئاستێک کە بە تەواوی ئینتیمایان بۆ خێزان و نەتەوەو نیشتیمانەکەیان نەمێنێت ، بە تایبەتی لاوان چونکە هەست دەکەن ئەوان هیچ شتێک نایان بەستێت بەو واقیعەوە کە تیایدا ناتوانن کەمترین ئاستی پێداویستییە مادی و رۆحییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن . بێگومان ئەگەر لایەنێکی بەرپرسی درووستبوونی ئەم بارودۆخە کەلتوورو عەقڵی باڵادەستی کۆمەڵگە بێت کە نەوەى پێشەوە سەرکردایەتی دەکات ، ئەوا بەشەکەى تری لە ئەستۆی دەسەڵاتی کوردییە کە نەیتوانییووە بە جۆرێک کار بکات لاوانی وڵاتەکەى بەو شێوەیە دووچاری نامۆیی نەبن و ئەوەش ببێتە هۆی روخاندنی ئینتیمایان .

مەترسیەکانی ئەو بارەى کە لاوانی کۆمەڵگەى ئێمەى تێدا دەژین ، هەر ئەوە نییە کە چەند لاوێک بۆ پڕکردنەوەى ئەو کەمووکورتییە مادی و رۆحیانەى کە هەیانە بچنە ریزی گروپ و رێکخراوە تووندڕەوەکانەوەو هەم خۆیان وەکو سامانێکی مرۆیی لە دەست بچن هەم لە ناوچوونیشیان کاردانەوەى نەرێنی هەبێت لەسەر خانەوادەو دەوروبەرەکانیان . یان کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بەشێک لە لاوان هێڵی راست و چەپ بهێنن بەسەر نەوەکانی پێش خۆیانداو لە هەر هەڵوێستێکیشدا کە ئەوان بە دڵیان نەبێت کاردانەوەى تووندیان هەبێت وەکو سووتاندنی کتێبەکانی فەرهاد پیرباڵ و جەمال غەمبارو بەختیار عەلی ، بەڵکو مەترسیەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو بارودۆخە بەوجۆرە بەردەوام بێت سەرئەنجام ئینتیما بە جۆرێک دەڕوخێت کە چاوەڕاونی ئاسۆی روون لە چوارچێوەى گوماندا بێت کە ئەوەش گەورەترین مەترسیە لەسەر ئایندەی کۆمەڵگە . لەبارێکی وەهاشدا نەوەى پیشترو ئەوەى کە ئێستا دەسەڵاتی وڵاتی لە هەموو ئاستەکاندا بەدەستەوەیە بە تایبەتی نوخبەی سیاسی بەرپرسیاری یەکەمن لەوەى کە لە ماوەى بیست ساڵی رابردوودا نەیانتوانیووە زەمینەیەکی وەها لە کوردستاندا بسازێنن کە لاوانی بە گشتی دووچاری ئەو باری نامۆبوونە نەکردایەو ئاستی ئینتیما بەوجۆرە بەرەو هەرەس نەڕۆیشتایە . هەروەک دەشیا پەروەردەیەکی حیزبی ناجۆری وەکو ئەوەى ئێستایان لە کوردستاندا نەکردایە کە لەبری دایەلۆگ و گفتوگۆی جیدی نەوەى نوێ بۆ رەتکرنەوەى هەر کارو هەڵویستێک کە بە دڵی نەبێت پەنای بۆ کاردانەوەیەک ببردایە کە دیسان وێناکردنەوەى هەمان عەقڵی حیزبی و سیاسیە باوو باڵادەستە لە کوردستاندا کە ئەویش لە منداڵدانی عەقڵ و کەلتووری خێڵایەتی کوردییەوە لە دایکبووە . بەڵێ ئێستا پێویستە نەوەى پێشوو نەوەى دەسەڵاتەکان لە کوردستاندا بە جۆرێکی تر کاربکات و لەوە تێبگات کە مێژوو بۆ هەتا هەتایە هی کەس نییە بۆیە پێویستە ئەگەر بە تەواویش سەنگەر بۆ نەوەى نوێ چۆڵ نەکات ئەوا بە جیدی نەوەى نوێ لە هەموو ئاستێکدا ببێتە بەشداری جیدی لە بڕیارو بەڕێوەبردنی وڵاتدا ، بە جۆرێک کە هەست بکات ئەمە تەنیا وڵات و نیشتیمانی نەوەى پێشوو ئەو نوخبە سیاسیە نییە کە کۆی پنتەکانی ژیان و دەسەڵاتیان لەم وڵاتەدا کۆنترۆڵ کردووە ، بەڵکو نیشتیمانی هەموومانە . هەر کاتێک ئەو جۆرە هەست کردنە درووست بوو ، لەسەر زەمینەى واقیع جێبەجێکرا ، ئەوا ئاستی ئینتیما بەهێز دەبێتەوەو لەبارێکی وەهاشدا هەم ئاستی لادان و تووندو تیژی کەم دەبێتەوە هەم توانا و وزەى لەبن نەهاتووی لاوان لە خزمەتی وڵات و بیناکردن و پاراستنیدا دەبێت . بەمەش ئاسۆی ئایندە گەش و ئومێدی درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و بیناکردنی سیستێمێکی بەڕێوەبردنی باش چاوەڕوان کراو دەبێت . پێموایە ئەو کاتەش لاوانی کورد رێگای نادیار لەبەرناگرن و لەپێناوی ئەوانی تری غەیری کورددا نکوژرێن . یان لەبەر جیاوازی بیروڕاو ئینتیمای حیزبی ، کتێبی نووسەران نسووتێنرێت و ناخرێتە ئاوەوە .

2,286 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست