mom-bedest

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی: مێژوویەکی ئافرەتان. بەشی هەشتەم

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

جێندەر لە ” مەشی و مەشیانێ ” وە

ئاین و جێندەر 3

ئیسلام

بۆ سەردەمێکی زۆر دوورودرێژ ، نیوەدوورگەی عارەبی پەراوێز بوو و تەنها خێڵە ” بەدەوی” یە وشتروانەکان کە بەدوای لەوەڕگەی وشترەکانیاندا دەگەڕان دەیانتونی لێی بژین . ئەوجا لەبەر ئەوەی هەتا سەردەمێکی دوای هاتنی ئیسلامیش نووسینیان نەبوو ، مێژووی ناوچەکە پێش هاتنی ئیسلام نادیارە . وەلێ لە رێگەی ئەفسانە و چێرۆکە دەماودەم داکەوتووەکانەوە ، شارەزایانی مێژوو و ئەنسرۆپۆلۆجی وێنەیەکی کۆمەڵگەی پێش ئیسلامی ناوچەکەیان بۆ کێشاوین . بە بڕوای ئەوان ، کۆمەڵگەکە ماتریلینی بووە، وەلێ پیاو تێیدا باڵادەستتر بووە و لە ئاستی رامیاریشدا هاوتا نەبوون . هەریەک لە خێڵەکان سەربەخۆبوون و سەرجەم ئەندامانی خێڵ پێکەوە کاریان کردووە و بڕیاریان داوە، سەرکردە ” شێخ و سەیید ” یان هەڵبژاردووە کە سەرۆکاێتی شەڕ و پێکدادانە هەمیشەیی و نەبڕاوەکانیان بکەن . ئافرەتانی ئەو کۆمەڵگەیە بەشداری هێرشە تاڵانکارییەکانیان کردووە و لەو کاتانەدا پیاوەکان دوور بوون لەماڵ ئیشوکاری خێڵیان بەڕێوەبردوە . بە بڕوای کۆمەڵناسان ، هەرچەندە ئافرەتی کۆمەڵگەکە ژێردەستە بوون ، وەلێ رێزیشیان لێ گیراوە ، بەشدارییان لە بڕیارەکانی خێڵدا کردووە ، هۆزانڤانی باشیان تێدا هەڵکەوتووە ، زۆرجاریش هەڵسەنگێنەری پێشبڕکێی هۆزان بوون کە بابەتی کاتبەسەربردنی خێڵ بووە . خێڵەکان ئیندۆگەم بوون- بەواتای هاوسەرگیرییان لەناو خێڵی خۆیاندا بەستووە ، بەڵام هەردوک لایەنی مێ و نێر ، فرە هاوسەر بوون ، بەواتای ئەوەی ئافرەتیش وەک پیاو بۆی هەبووە زیاد لە مێردێکی هەبێت . ئافرەت ژنی هەرکەسێک بووبێت منداڵەکانی منداڵی خێڵ بوون . سێکس فرۆشتنیش لەلایان کارێکی ئاسایی بووە .

وادیارە باشووری نیوەدوورگەی عارەبستان ، جیاواز بووبێت ، شارستانێتێکی تایبەتی لەسەر بنەمای کشتوکاڵ تێیدا سەری هەڵدابێت و بازرگانیان لە رێی دەریاوە لەگەڵ دەرەوەدا کردبێت . هێندێک ئاسەواری ئەو شارستێنە هەتا ئێستاش ماون . ناوی زۆرێک لەوانەی سەردەمی کۆنی ناوچەکە لە رێگەی تێستامێنتی کۆنەوە بۆمان بەجێماون ، ئافرەتن ؛ وەک بەلقیس ، شیبا ، زێنووبیا و ………… هتد .

وا بڕوادەکرێت ، کە عارەبستان زۆر کات لە لایەن شاژنانەوە بەڕێوە برابێت کە رەنگە قەشەی ئاینە ناوچەییەکان بوبن ، بەڵام بەدەوییەکان هیچیان نەنووسیبێتەوە . لەدوای سەتەی چوارهەمی سەردەمیشەوە ، لە هیچ شوێنێکدا ناویان نەهاتووە . لەوەدەچێت کاتێک سکۆلارە موسوڵمانەکان دواتر بەڵگەنامەکانیان پوخت کردۆتەوە ، هەرچی پێوەندیی بە ئافرەتەوە بووبێت ، دەریانهاوێستبێت ، چوونکە ئەوان سەردەمی پێش ئیسلام بە سەردەمی نەزانی/ جاهیلی ، دادەنێن . هێندێک زانیاری سەردەمێکی پێش ئیسلامیش لە رێگەی گوتەی هاوسەرەکانی نامەهێنەری ئیسلام” محەممەد” ەوە زانراوە و نەسڕدراونەتەوە ، ئەویش لەبەر ئەوەی رێزێکی تایبەتییان هەیە لە ناو ئیسلامدا . بەتایبەتیش عائیشە کە ، وادیارە خۆشەویستترین هاوسەری پەیام هێنەری ئیسلام بووە . لە زاری عائیشەوە پێمان گەیشتووە کە چوار جۆر هاوسەرگیری هەبووە ، دوانیان فرە هاوسەری بوون کە تێیدا هەردووک لا ، پیاو و ئافرەت زیاتر لە یەک هاوسەریان هەبووە . هەر لایەنێکیش بۆی هەبووە کۆتایی بە هاوسەرگیرییەکەیان بهێنێت : ئافرەتان چاوەڕێیان کردووە هەتا پیاوەکە ماڵ بەجێدەهێڵێت و ئەوجا رووی خێوەتەکەیان کردۆتە لایەکی دیکە ، کە پیاوەکەش گەڕاوەتەوە و دەرگاکەی لێ گۆڕدراوە ، نەچۆتە ژوورێ و زانیوێتی تەڵاقدراوە . وادیارە هەتا سەتەی حەوتەمیش ئافرەت رێزی هەبووبێت بەڵام لەوێ بەدواوە بەشداری بڕیاری خێڵیان نەکردووە . ……… مێرلن فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 247

پێش هاتنی ئیسلام ، مەککە لەلایەن خێڵی قوڕەیشەوە کە خێڵە گەورەی ناوچەکە بووە حوکمڕانی کراوە . نێوەندی بڕیاردانیش کۆمەڵێک راوێژکاری پیاو بوون ، پیاوی قوڕەیش پێش هاتنی ئیسلام رێگەی رادەربڕینی لە ئافرەتان زەوتکردبو ، هەر لەو سەردەمەشدا هاوسەرگیری خزمی نزیک” ئامۆزا و پوورزا و خاڵۆزا” کاندا سەری هەڵداوە بۆ ئەوەی سامان لەناو خێزاندا بهێڵێتەوە . خێڵ ملی بەرەو پاتریلینی ناوە و دواتریش بەرەو پیاوسالاری ، لێرەوە دەردەکەوێت کە پێش هاتنی ئیسلام پیاوسالاری بەڕێوە بووە .

پەیامهێنی ئیسلام ، محەممەد ؛ لەسەردەمی گۆڕانکاریێکی گەورەی ناوچەکەدا لە دایک بووە ، بەشێک لە خێڵەکان دەستبەرداری ژیانی رەوەندی ببوون و لەسەرەتای دامرکان و پێکهێنانی شارستێنی و بازرگانیدا بوون ، لەو سەردەمەی نیوەدوورگەی عارەبیدا ، مەککە و یە‌ثروب ” مەدینەی ئێستا ” گەورەترین شاری نیوە دوورگەکە بوون . لە بنەمادا کۆمەڵگەی خێڵەکی دیمۆکڕاتیترە لە کۆمەڵگەی شارستێن ، لەبەر ئەوەی خاوەنداریێتی تێیدا خاوەنداریێتی گشتییە ، وەلێ لە کۆمەڵگەی شارستێندا ئەو جۆرە خاوەنداریێتیە ناچێتە سەر .

پیاوانی شاری مەککە فرە هاوسەر بوون ، وەلێ ئافرەتانیان بەزۆری تاک هاوسەر بوون ، بەڵام هێشتان ئافرەتانی مەککە ، میراتگر بوون ، خاوەنی مڵکاێتی بوون و بازرگانیشیان کردووە . لە مەدینە ئافرەتان لە بواری سیکسوالێتیدا تەواو ئازاد بوون . بەڵام کۆمەڵگەکە بەرەو پیاوسالاری بەڕێوەبوو : هێندێک لە خێڵەکان کچە نەویستەکانیان زیندەبەچاڵ کردووە ، زۆر پیاویش ژنیان داگیر کردووە ، وەلێ زۆربەی پیاو هاوسەرەکانیان کڕیوە . لەو سەردەمەدا لە مەدینە ئافرەت ، دەکڕدرا و دەفرۆشرا .

محەممەد : لە پەلێکی بچووکی قوڕەیش لە دەورووبەری ساڵی 570 ی پێش سەردەم لەدایک بووە . لەسەردەمی لاویێتییدا ، کاری بازرگانی لەنێوان مەککە و سوریادا بۆ ئافرەتێکی دەوڵەمەند ” خەدیجە ” کردووە . وەک دەردەکەوێت خەدیجە بۆخۆی راستەوخۆ داوای هاوسەرگیری لە محممەد کردووە . هەتا خەدیجەش لەژیاندا بووە پێغەمبەر ، ژنی بەسەر نەهێناوە و دوای مردنیشی هەر رێزی لای ماوە .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکەی مامۆستای بەڕێز کلیک بکەرە سەر  ــ  مێژوویەکی ئافرەتان – بەشی هەشتەم