kunjrini-01

یەکێتی : کونجـــرینی

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تێبینی ، ئە م بابەتەم لەمەوپێش بەشێکیم بڵاوکردۆتەوە  ، وا ئەمجارە هەموو بابەتەکە بەیەکەوەیە  .

تێڕوانی یەکەم /

نیشتیمان بەستەزمانێکە هەندێک دەیفرۆشن هەندێک خیانەتی لێدەکەن و هەندێک خوێنیان دەرژێ لەپێناوی ، هەندێکیش بەبرسێتی لەسەر پشتی ڕێدەکەن ، لەکۆتایشدا نیشتیمان هی ئەوانەیە کە دەیفرۆشن .. جۆرج بەرنادشۆ .

سەرەتا یەکێتی ، بەرگی هەستانەوەو دەروازەکردنی چەمکی ئازادی و بیری نوییان پۆشی ، بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ ئەستەمە بەهەمان ڕێچکە ، بەیانی بۆ مێژوو ڕەوشی کوردستان لەترسی هەرەسی دەستکەوتی پێشو بپارێزن .

هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لەناو یەکێتیدا خەباتیان کردووە ، توشی دڵگرانی و ڕامان دەبن کاتێک یەکێتی بەم شێوە لاوازەی ئەمڕۆ دەبینن و پێناسەکەی دوێنێ بۆ ئەمڕۆی یەکێتی پێچەوانەیە .

پێناسەی یەکێتی ، هەستانەوەو گیانی خۆبەخشی و دەست و داوێن پاکی و هەڵگری شوناسی نەتەوەیەکی ژێر دەست بۆ ئازادی و کیانێکی پڕ لەیاساو وانەی پێشکەوتنە . ئەم هۆکارە بوو یەکێتی وەک هێزێکی زیندوو هەمیشە ڕووەو هەڵچوون و بەردەوام پەلوپۆهاوێژو زیاتر چووە دەڵی خەڵکەوەو پانتایی ویستی خەڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشا .

ناتوانین ئەو بۆچوونە ، سەرتاپای بەهەند وەربگرین کەخودی یەکێتی لەماوەیەکی کورتدا وەک هێزێکی سەربازی و سیاسی و جەماوەری گەورە خۆی ناساندو ، لەپاش ئەو هەموو هەوڵ و واتا پڕمانایەی لەڕەفتارو کرداریدا ، بووەترێت : هۆکاری هەڵەو کەموکوڕی و مەرامۆشی نەتەوەیی و نیشتمانی پارتی ، یەکێتی وەک هێزێکی فریادڕەس لەمێژووی بەرەنگاربوونەوە ڕزگاری کوردستان ناساند . هەرئەمەشە ، قسەکردن لەسەر بوونی یەکێتی و گەشەی یەکێتی و جوانپۆشی یەکێتی بەم شێوەیەی ئەمڕۆ ، وەک ڕابردو پێناسە ناکرێت .

دەکرێت یەکێتیەکانی ئەمڕۆ ئاوڕێک بۆدواوە بدەنەوەو لەوە بگەن چۆن حیزبەکەیان دروست بووەو گەشەی کردووەو خۆشەویست بووە ، بەهامان شێوەش وانە لەکەوتنی شۆرشی ئەیلول و هەموو شۆڕشەکانی تر و پچوک بوونەوەو سەندنەوەی باوەڕی خەڵک لەهەڵبژاردنەکان وەربگرن .

ئەوساتانەی یەکێتی دڵگیرو جوانپۆش بوو لەشاخ ، سەرتیپێکیان لەسەر دیارنەمانی کڵاشینکۆفێک سەرزەنشت و ئامۆژگاری توند دەکرد . لەبیرتانە ساڵی 1981 کاتێک کاک دلاوەری ئەحمەد مەجید ، ئەو وەختانەی لێپرسراوی ناوچەی قەراخی یەکێتی بوو ، لەسەر ئەوەی شەقێکی لەچەناگەی گوندنشینێکی بەری قەراخ دابوو ، لەو زەمانەدا بە قۆڵبەسراوی لەسەر بڕیاری بەڕێز مام جەلال ، بە دوو ڕۆژ گەیاندرایە توژەڵەو لەوێ وا سەرزەنشت کرا ، سەری خۆی هەڵگرد و نیشتمانی بەجێهێشت ..

یەکێتی بە عەدالەت و پاراستنی نەریتە جوانەکانەوە ، دەتوانێت بژی و گەشە بکات و لەناو خەڵکدا جیگای خۆی بکاتەوە ، چەندین ساڵە قسە لەسەر گەندەڵی دەکرێت بەڵام نەیان توانی گەندەڵچییەکی ناو حیزبەکەیان سەرزەنشت بکەن .. ڕۆژانە لەناوچەی سەوزدا پێشەلکارییەکان بۆسەر ئازادی تاک و دەستکەوتە نیشتمانییەکان ئەنجام دەدرێت ، جگە لەبەڵێن ! هەنگاوێک بەئاراستەی قەناعەت پێکردنی خەڵکی ناهاویژرێت …

کێ زیان دەکات و کێ سودمەندە لە پچوک بوونەوەی یەکێتی ؟ . هەموومان دەسەڵاتەکانی حوسنی موبارەک و قەزافی و بن عەلی و .. هتدد . مان بینی ، جگە لەوەی دەسەڵات و سەروەتیان لەدەستدا ، مێژوویەکی جوانیان بە ناشرینی بۆ نەوەکانی داهاتووی وڵاتەکەیان جێهێشت . هەموو سەروەت و سامانی ناجۆریان نەک فریایان نەکەوت ، بەڵکوو ببووە بەڵا ، بۆ زیاتر ورژاندنی خەڵکی لەدژیان .

با ڕاستگۆیانە بدوێین و ، با قسە لەسەر تاڵانچییەکانی ناو پارتی نەکەین ، کێمان هەیە لەئێمە نەزانین سەرانی یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵێک بازرگانی هاوزنجیریان خاوەنی دەیان ملوین دۆلارو . موچەیەکیان بۆ خۆیان و هاو زنجیرەکانیان بڕیوەتەوە ، وا بڕوات نیوەی بوجەی خەڵکی کوردستان دەڕوات بۆ وەزیر و گزیرو ئەندام پەڕلەمانی خانەنشین .

پرسیارێک دێتە پێشەوە . ئایا ئێوە بیستوتانە خێزانی پێشمەرگەیەکی دێرین ، کەببووە خۆراکی شەڕی براکوژی ، پار مانگی 10 ، کارەبای ماڵەکەیان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بڕدرا ، لەلایەن فەرمانگەی کارەبای سلیمانیەوە ، لەبەر ئەوەی پارەی کارەبایان نەبوو ، شەوانە سێ ڕۆلەی خوێندکاریان لەزانکۆ و پەیمانگادا ، شەویان لەبەردەم فانۆس دەکردەوە …

یەکێتی مێژویەکی هەیە ، ئەمڕۆی یەکێتی ئەو مێژووەی لێ بکەیتەوە ، وەک حیزبی شۆڕشگێرو نیشتمان پەروەر واتایەک نامێنێت . ئەو پرسیارە دەبێت بەهەموومان وەڵامی بدەینەوە ، یەکێتییەک لەو پانتاییە خۆشەویستییەوە ، بۆ ئەمڕۆی پایز بەسەرهاتوو ، بۆ ؟ .

تێڕوانی دووەم /

یەکێک لەکێشەکانی یەکێتی ، هەمان هەڵگری فرۆشتنەوەی ڕابردووە بەخەڵک ، کەچەندین ساڵە پارتی وەک قەوانی سواو لێیدەداتەوە .

قسەکردن لەسەر ڕابردوو بەردەوامی هەر حیزبیکە بەداهاتوو ، یان ماتۆڕی گەشەو ناساندن و خۆ ئامادەکردنە چۆن و چی بکرێت باشە بۆ گەشەکردن و ڕازی بوونی خەڵکی و ڕێگری لە تۆڕاندن و پانتایی ناڕازی بوون و لێک ترازاند . لەم چوارچێوەیە دور بکەوێتەوە ، هۆکارە بۆ پاساوی تر ، یان داپۆشینی کۆمەڵێک چەمکی نەخوازیارو کاریگەر لەسەر پاشەکشێ .

ڕابردووی حیزب تەنها قەسیدەیەک نییە وەک گێڕانەوە ، بەڵکوو ئەدەبیاتی حیزب لەوەوە دەست پێدەکات چۆن هەڵەکان ڕاست بکرێتەوەو کارەباشەکانیش کاریگەری هەبێت لەسەر گەشەو پانتایی کارکردنی داهاتوو .

یەکێتی ئەمڕۆ لە حیزبێکی هەڵوەشاوەی تێک ترشاوی بێ هیوا دەچێت ، تا ئێستا میکانزمیکی گونجاو و داڕشتەیەکی زانستی بۆ دوای ڕووخانی سەدام و دوای خیابی تاڵەبانی پێ نییە .

بیرکردنەوە لە یەکێتی ، وەک ئەوەی لەسەردەمی شۆڕشدا قسەی لەسەر دەکرا ، خۆ خەڵەتاندنە . ڕاستە لەدیدی خەڵکدا هێزێک لەحکومدا بێت جیاوازە وەک لەوەی لەدەرەوەی حوکم . ئەو میکانیزمانەی هۆکارن بۆ ئەوەی یەکێتی لەئەمڕۆدا لەبەرچاوی خەڵک ناشرین ببێت ، وەک هەموو دەسەڵاتە دوورو درێژەکانی دنیا لەحوکمدایە . بەلام یەکێتی هەنگاوەکانی لەباتی جوان بکات ، ناشرینتری دەکات . گەندەڵی دادەپۆشێت ، تاوانبار ئازاد دەکات ، سیاسەتی کۆن کۆنتر دەکات و دایدەسەپینێت ، درێژە بەهاوپەیمانییە ستراتیژیەکەی نێوان خۆی و پارتی دەدات تا زیاتر دوور بکەوێتەوە لەخەڵک . ئیدارەیەک درێژە پێ دەدات ، ڕۆژ بەڕۆژ وەسفی ئیدارەبوونی لەدەست دەدات . بەکۆی گشتی لەپێکهاتەی دەوڵەت و پەڕلەمانێکدایە ، تەنها ناوەکەی ماوە بە قێزلێبوونەوە ..

30 حوزەیرانی ئەمساڵ ، وەک دەیان هەڵەی ڕابردووی ئەم حیزبە قەسابێکی سیاسی بوو بۆ سەر ڕوحی خۆی . ئەوەی ڕوویدا بۆ هەموو یەکێتیەکان نوێ بوو . کارێک بوو جگە لەبڕیارە سیاسییە نەشیاوەکەی ، کەسێکی وەک ” سۆزان خاڵە شەهاب ” ی گەیاندە ئەو ئاستەی لەناو هۆڵی پەڕلەمان و لەبەرچاوی کۆی ئەندام پەڕلەمانەکانی پارتی ، بە ئەندام پەڕلەمانەکانی گۆڕان بڵێت : بڕۆن پێلاوەکانی بارزانی زۆر پیرۆزتر لە هەموو بزوتنەوەی گۆڕان .

کێن ئەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان ؟ ، باڕاستگۆیانە لەسەر ئەم باسە بدوێین . لەوە دەچێت کۆمەڵێک دەموچاوی نوێ ، یان بیرکردنەوەی نوێ لەناو ڕیفۆرمخوازەکانی دوێنێی یەکێتی ، کەلەئێستا لەپێکهاتەی گۆڕاندا هەبن . بەڵام کۆی گشتی بزوتنەوەی گۆران هەمان ئەو کەسایەتیانەن ، کەهاوڕێ و هاوسەنگەرو تێکەڵەی گۆشت و ئێسقانی یەکێتییەکانی ئەمڕۆن . ئەوانەن پشت و چاو و هەستیان کردبوو بەیەک بۆ بەرگریکردنی بیرۆکەیەک لە دەستی بەعس و بەرەی جوت و نەیارانی یەکێتی ، تا یەکێتیان گەیاندە ئەمڕۆ . لەناویشیاندا ئەو پارتییەی ، کە سۆزان خاڵە شیهاب ” هەموو گۆڕانی کرد بە قوربانی پێڵاوەکەی سەرۆکەکەی .

ئەوانەی لە ناو گۆڕانن و هەموو ئەو ئەزیزانەی لەناو یەکیتیدا شەهید کران ، بەوانەی ئەمڕۆش لەناو یەکیتیدان هۆکار بوون بۆ بەردەوامی مانی ناو و ڕێبازەکەی خاڵە شەهاب ، خاتوو سۆزان هەڵەیەکی کرد بە چەکوشی هیچ ئاسنگەرێک راست نابێتەوە ، بەتۆبەی هیچ ئیسلامییەک پاک نابێتەوە .

من ئەوەی لە 17 فابریەوەر و دوای فابریەوەر بینیم لەیەکێتی سەرم سوڕما ، دەکرا یەکێتی گەورەترین باجی بدایە ، بەڵام نەچوایە بەرەیەکەوە لەسەر شەقام لولەی تفەنگەکەی بکردایە خەڵک . دەکرا هێندە برا گەورە بوایە ، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشێکیش بونایە لەو ڕاپەڕینەو لەچاوی یەکێتیشدا هەڵەبوونایە ، هەڵەکانی ئەوانیشی ڕاست بکردایەتەوە .. ئەفسوس ، ناوی خۆیان خستە مێژوویەکەوە ، کەپڕە لە قێزو یادەوەری ناخۆش ..

یەکێتی لەمەرحەلەیەکدایە ، کە زۆر بەهەستە ، دەکرێت وریایانە ڕەفتار بکات .. سەردەمی بنیادی شەڕی براکوژی بەسەرچوو ، تاکی کورد وەک جاران هەمان ماتریاڵ نین ، بەئاسانی ڕەوانەی شەڕی ناوخۆ بکرێن . سیاسەتی ناوچەکە ، هەمان کێڵگەی سیاسەت نییە ، لەئەمڕۆدا بەپچوکترین هاواری پارتی چەکوجبەخانەی خۆیان بەگەر بخەن . چاوی جیهان هەمان چاو نییە تا چاوپۆشی لەتێکدانی رەوشی هەرێمی کوردستان بکەن . یەکێتی دەبێت ئەوە بزانێت تا دوێنێ زۆر تەنازول و خاڵبەندی پارتی قبوڵ کرد ، باشی کرد !! لەبەر خاتری ئەوەی خوێنی کورد بەدەستی کورد نەڕژێت . ئێستا هەمان سەردەم نییەو پارتیش هەمان فیگوری ترسناکی جاران نییە .. دوێنی قبوڵی هەموو شتێکی لەپارتی کرد لەپیناوی خوێنڕشتندا ، یەکێتی ئەمڕۆ بەهەمان سیستەم گەلێک کۆیلە دەکات لەپێناو ڕازیکردنی پارتی ..

یەکێتی چی بکات بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو ..

سەرمایەدارێکی فەرەنسی لەپێش ئەوەی بمرێت ، ڕستەیەکی کردە دوا قسەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی و دەنوسێت : زۆر فێڵ و وردە تاوانم کرد لە پێناو کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی بێ هەژمار ، بەڵام سەرئەنجام جگە لەتۆراندنی خوداو نامورتاحکردنی خۆم ، هیچ نابەمە گۆرەکەم ..

وانەی ئەم سەرمایەدارە ، وانەیەکی نوێ نییە تالەدەمی ئەوەوە هاتبێتە دەرو ، مرۆڤایەتی پێی نەزانیبێت . ئەوەی کردوویەتی لەڕابردوو ، جگە لەتاوانی مرۆیی و یاسایی ، جگە لە دەستدانی بەهای ڕەوشتی ، کەخۆی بەیانی کردووە ، خەڵکی تر پێی نەزانییوەو هیچ یاسایەکیش ڕاپێچی بەردەم دادگای نەکردووە . ئەوە خۆیەتی درکی بەو بێ ویژدانییە کردووەو خۆی مورتاح کردووە دەبێت لەکۆتایدا بیڵێت و حەقیقەتی کۆکردنەوەی سەرمایەو ڕەفتاری خۆی ئاشکرا بکات .

سەرکردایەتی یەکێتی جگە لەوەی بەشێکن لەتاڵانکردنی سەرمایەی گشتی ، هەروەها بە بەرچاوی ئەوانیشەوە ڕۆژانە دەیان تەنکەری نەوت و دەیان هەزار دۆلاری گومرک و دەیان ملوێن دۆلاری بەرهەمهێن و هاوردە لۆش دەدرێت و خۆیان لەو بەرپرسیارەتییە مێژووییە دەدزنەوەو دەبنە بەشێک لێی . دەبێت ئاوڕێک لەوە بدەنەوە زەمەن و ماوەی دەسەڵاتی ناحەق کورتە ، باشترین چارە خۆ ڕێککردنەوەیە ، گەڕانەوەیە بۆ گەڕاندنەوەی حەقیقەتی شۆڕشگێری و خۆشەویستی ، لەڕابردوودا بەکۆمەلێک هەڵەوە ، کەهەموومان تیایدا بەشدارین ، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویست و بێ پەڵەو لانی کەم لای خەڵکی بەڕێز بووین . دەبێت ئەوە هەموومان بیزانین ، مێژوو ئەوەی سەلماندووە لەباشوری کوردستاندا ، چەندە پێگەت لەسلێمانی دا هەبێت ، هێندە بەرگی کوردایەتیت پۆشیووە . پارتی چەند لەسلێمانیدایە ، هێندە لەکۆڕی کوردایەتیدایە . یەکێتی چەندە خەڵکی سلێمانی پێشوازی لێ بکات ، هێندە دەتوانێت خۆی بەحیزبێکی نیشتمانی بزانێت .. یەکێتی بۆئەوەی هەیبەتی بۆ بگەڕێتەوە ، دەبێت گوێ لەئازارەکانی پارێزگای سلێمانی بگرێت ، ئازاری ئەوان دەروازەی ئازاری ناوچەکانی ترە .. یەکێتی و پارتی چەکەرەی بوونیان لەسلێمانییەوە تروکاندو لەوێوە پەلیان بۆ ناوچەکانی تر هاویشت ..

یەکێتی لەناوڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ، لەناوچەی سەوزی خۆیدا گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینی ، وەک نمونە لەکۆڕو کۆبوونەوە سیاسیەکاندا ئاماژەی پێ دەدرا . سەرکردەکانی یەکێتی شانازیان بەکارەکانیانەوە دەکرد . ئەم هەنگاوە وردە وردە کاڵ بۆوەو لەناوچەی زەرد سەر دەرهێنایەوەو سەرئەنجام پارتی سودێکی سیاسی گەورەی لێ کرد .

یەکێتی بۆ ئەوەی نیوەی دەورانی خۆشەویستی جارانی خۆی بگێڕیتەوە ، دەبێت هەمان هەنگاوی شێخەکانی ئەمارات بنێت . لەوێ دەست پێ بکات خاڵی گرنگ بپێکێت ، لەوێوە دەست پێ بکات شتی نوێ بنیاد بنێت ، وەک چۆن لەمەوپێش بەشتی نوێوە دەردەکەوت و خۆشەویست دەبوو ، دەکرا بگەڕایەتەوە هەمان هەنگاو ، کەوردە وردە ناشرین دەبوو ، لەوێ دەستی بەلێبوردن وهەگبەی پر لەپلانی نوێ بوایە ..

نەچووە بۆ هێزی گەورەو نیشتمانی ڕەسەن ، لەبەردەم گەلەکەیدا چۆک دابدات و بەهەموو هێزییەوە داوای لێ بوردن بکات ، سەربەرزییە .. نەچووە لەبەردەم گەلەکەیدا خۆی خاڵی بکاتەوە لەهەڵەو کاری نایاسایی ، جوامێرییە ..

نەچووە لەبەردەم گەلەکەیدا پەشیمانی لەوەی کراوە ، گەڕانەوەی هەیمەنەت و گیانی دڵسۆزی و بنیادی خۆشەویستییە ..

نەچووە لەبەردەم گەلەکەتدا زمان لەسیاسەتی هەڵەو کەموو کوڕی و بیرکدنەوە لە سیاسەتی نوێ ، سەرەتای لەدایبوونێکی نوێیە ..