بەهرۆز جەعفەر : هۆمەر شێخموس : شەیتانى سیاسەت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوو بۆنە واى لێکردم ، قسەلەسەر پشکۆیەکى ناو خۆڵەمێش بکەم :

یەکەم : چاوپێکەوتنێکى هۆمەر شێخموس،کە لایوایە : شەڕى پەیەدەو بەرەى نوسرە،لەسەر نەوتە .

دووەم : هەرزەیی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ، تا دێت لەهەناوى کۆمەڵگەى ئێمەدا ، پەرە دەسێنێت . بۆخۆێ ئەمە چەند فاکتەرێکى هەیە ، لەوانە نەبونى کەسگەلى یاخى و گومانکەر ، دروست نەکردنى کادرى پێشکەوتوو پڕ ئەزمون ، چ لەناو حزب و لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن ، چ لە سێکتەرەکانى تر . زەحمەتە جارێکى تر لە ناو کۆمەڵە و دیموکراتى ئێراندا ، قاسملۆ یان سادقێکى شەرەفکەندى تر ، دروست ببنەوە. زەحمەتە تاڵەبانییەکى تر. کەمال فوادو هۆمەر شێخ موسێکى تر. دروست ببنەوە.

مەبەست لەم دروست بونە لەکەسایەتى ، کەرتە ئیجابیى و سلبیەکەشیانە . تەنها باسکردن نییە لەسەر ئەزمون و خوێندن و مناوەراتى سیاسسیان . بەشە خراپیەکەشی دەگرێتەوە . بەکورتى گەرەکمە تا ئەو حەنە بچم لەبرى ئەوەى تاکى تەندروست دروست بکرێت لەناو ئەم حزبانە ، لەبرى ” خۆم” ” خۆم ” بم. کەچى هۆمەرەکان و تاکە باشەکان فڕێ دەدرێنە دەرەوەى حزب ، یان بێزار دەکرێن ، تاواز لەحزبایەتى بهێنن . بۆئەوەى مەرامە ئەمنى و حەزە پیسەکانى خۆیان سەربخەن . لەهەر شوێنێ هەستیان کرد ، کەسێک دەتوانێ ئایندە بێت ، پەلامارى ئەدەن . ئەمە ئاماژە نییە بۆ ناوبراو ، بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە ، سیاسەت کردن ، چەندە ئیدارەدانى ئەمڕۆکەیە ، دوو قات دروستکردنى سبەینێیە.کێ سبەى دروست دەکات !.

مێژووى ناسینى من ، لەگەڵ هۆمەر شێخموس ، چوار ساڵێکە . کە سەروبەندى کۆنگرەى یەکێتى بو ، کتێبەکەى خۆى پێشکەش کردم ، بەناوى ” پشکۆیەک لەخۆڵەمێشدا”.

هۆمەر ، کوڕى جوتیارێکى بێ زەوى نییە ، بەڵکو زادەى بنەماڵەیەکى بۆرژوایە لەڕۆژئاواى کوردستان ، لەعاموداوە پەخشى سیاسی خۆى گەیاندۆتە شاخەکانى باشورى کوردستان و سویدو دەنگى ئەمریکا و زۆر شوێنى تر . ئەو لەحەفتاکانى سەدەى بیستەمدا ، دکتۆراکەى لە بوارى پەیوەندی سۆڤیەت و چیندا ، لە ڕۆژئاوا بەدەستهێناوە . ئەزمون یەک بەیەکى سیاسییەکانى چوار پارچەى کوردستانى کردووە . بێجگەلەوەى دەستەى دامەزرێنەرى یەکێتى یە.

ئەوکاتانەى ، خوێنکارى زانستە سیاسییەکان بووم ، هەر لەخۆمەوە،ڕقم لەئەفلاتۆن هەڵگرتبوو ، تەنها لەبەرئەوەى ئەفلاتۆن لایوایە : سیاسەت ئیشى نەجیبزادەو ئەرستۆقراتەکانە ، کارى ئەو نەزان و کاڵفامانە نییە کە لەکوێرە دێیەکەوە گوێچکەى توتکە سەگیان بڕیوە ، ئینجا دەپەڕێنە ناو کایەى سیاسەتکردنەوە..!. زەمەن بەهاتوچونى خۆى ، تێی گەیاندم کە ئەفلاتۆن باشی پێکاوەو ، ئێمە لە گێژاوى گەمژەیی و نەزانى دا ، دەتلێینەوە . ڕەنگە نەک لەناو کورد ، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتدا ، کەم بن ئەو منداڵانەى ، لەسەرەتاى ژیانیانەوە لەبارودۆخێکى دژواردا ، لەگەڵ باوکیان بیرەو مەشروبات بخۆنەوە ، هۆمەر نەک بەم قۆناغەدا ، بەڵکو لەکارگەى بیرەوە دەستى پێکرد ، هەر بەمناڵى باپیرەى خەڵەتاندووە کە بەڕۆژوو ئەبێت بۆئەوەى پارەى پێبدات !. هۆمەر بەشێک لەژیانى ڕابواردن و مێبازیی وفێربونى زمان و خوێندنەوە و پێشمەرگایەتى و فێڵ و پێچاو پێچکردن بووە . ئەو لەژیژک دەچێت،کە خۆى بزرکرد ، ئیدى نازانیت لەکوێوە دیدەکانى خۆى دەخاتە گەڕ ، لەڕێوییەکى پیر دەچێت کە ڕێگە بەبێچووەکان نیشان بدات بۆ ناسینەوەى تەڵەکان .

سیاسەتکردن ، لاى هۆمەر دڵدارى نییە ، بەقەد ئەوەى پێویستبونى حەتمییە بە ماکیاڤیلییەک ، ئەوانەى کە لەدوا پێی ماکیاڤیلیان گرت ، نەیازانى ئەو لەپێشیانەوەیە . ئەوانەى باسیان لە شیتاناوى کردنى سیاسەت کرد ، نەیانزانى سیاسەت پێویستى بەشەیتانێکە ، نەک خێڵگەریی و هێزى فڕێدانە دەرەوەى عەقڵ و ئەزمون بۆ دەرەوەى بازنەکەى خۆت .

کاتێک ، هۆمەر دەڵێت : شەڕى پەیەدەو بەرەى نوسرە ، لەسەر نەوتە .. لەخۆیەوە قسەناکات . بێجگە لەوەى موهتەمە بە ڕۆژئاواو زێدى خۆى ، پێمان دەڵێت: خێرە ساڵەح موسلیم ، لەسلێمانى و هەولێر بەتەنها پیاسە دەکات ، سەردانى ئێران و تورکیا دەکات ، نازناوى جەنگاوەریشى هەڵگرتووە ، گوایە ئەمە دژى ئەسەد شۆِرش دەکات .!. لەڕاستیدا ، نە خەباتى پەیەدە دژى ئەسەدەو ، نەکوردیششتێک قازانج دەکات دواى ڕۆشتنى ئەسەد.!. ئەوەى دیققەت بدات و هەر لەخۆیەوە باوەش بەنوسیندا نەکات ، تێدەگات ، یەکێتى و پەکەکە هەردوکیان لە ڕەحمى حافز ئەسەدەوە هاتون و ئەوانیش بەخێویان کردون. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دژایەتى کۆمەڵەو دیموکراتى ئێران کراوەو ، لەسەر ئەم بنچینەیەش شەڕ لەسەر نەوت و شوێنە ستراتیژییەکان ئەکەن . نەوت لەئایندەیەکدا تەحەکوم دەکات بەسەر یەکێتى ئەوروپاو ئەمریکاوە ، چونکە :

یەکەم : تا ئەم چرکە ساتە ، (80%) ى ووزە لە جیهاندا ، بەنەوت دەچێت بەڕێوە ، وەکو پاپۆڕە گەورەکان ، ئۆتۆمبیل و فڕۆکەو کارخانەو…. هتد.

دووەم : نەوت و غازى خۆرئاوا لەکەمبونەوەیەکى تەواودایە ، بەپێی ئاژانسى ووزەى نێودەوڵەتى ، تا (2020) جگەلە ڕۆژهەڵات ، زۆربەى وڵاتانى دیکە چۆڕەى تیانامێنیت . لەکاتێکدا نەوتى ئەم ناوچانە سیفاتى باشی وەک : سوکى و ئاسانى دەرهێنان و ئاسانى گواستنەوەیان هەیە .

بەلێ .. شەڕەکە لەسەر نەوتە .. ڕەنگە لەم یەک دوو ڕۆژەدا ، قسەکە دوژمنى زۆر بێت . بەڵام سیاسی و نوسەرى باش ئایندەیان گەرەکە .