perlemani-kurdistan

بابان بریزی : پەڕلەمانی کوردستان ، خول دوای خول بایەخی کەمبۆتەوە لە زیهنیەتی سەرکردە باڵاکانی (ی ن ک و پ د ک) دا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەڕلەمان ئەو دەزگا نیشتیمانییە بوو کە میللەتان بۆ ڕزگار بوون لە جەبەروت و دەسەڵاتی ڕەهاو بێ سنوری پادشاکان دایانهێنا ، بۆ ئەوەی سنورێك دابنرێت بۆ دەسڵاتی تاکڕەوی سیستمی پادشایەتی و هەموو بڕیارو دەسەڵاتەکانی حوکمڕانی کۆنەبێتەوە لەژێر دەستی چەند کەسێکی کەمدا ، لێرەوە گرنگی و بایەخی پەڕلەمان دەرکەوت  ، کە ئەو دەزگا نیشتیمانییە بوو  ، کە کۆتایی هێنا بەتاکڕەوی و دەسەڵاتی نیمچە خودایی ، لەسیستمی پەڕلەمانیدا گەل لە جیاتی تاك بڕیار بۆ خۆی دەدات ، لە ڕێگەی نوێنەرەکانییەوە ، جا ئەو نوێنەرایەتی کردنەش و سیستمی هەڵبژاردنی تاکی نوێنەر بۆ نمایندەکردنی گەل دەگۆڕێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە . هەندێجار نوێنەر بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێرێت کە پێیدەوترێت دەنگدانی ڕاستەوخۆ ، هەندێك جاریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ نوێنەرەکان هەڵدەبژێردرێن ، کە تیایدا هاوڵاتیان دەنگ دەدەن بە لیستە دروستکراوەکان و لیستەکانیش کاندیدەکان دەست نیشان دەکەن ، کە ئەمەی دووەمیان لە دیموکراسی ڕاستەقینەوە دورترە ، بەڵام بە هەرحاڵ ، بونی نوێنەرانی گەل بە هەرشێوەیەك بێت لە جێگەیەکدا بۆ بڕیارگرتن لەسەر پرسەکانی گەل ، هەزار جار باشترە لەوەی کە تاکە مرۆڤێك بە تەنها بۆ کۆمەڵگەو میللەت و نیشتیمانێك بفکرێ و بڕیار بدات و چارە نوسی گەل دیاری بکات ، چونکە ئەو بڕیارانەی لە پەڕلەماندا شێوە دەگرن و ئەو کانونانەی دەردەکرێن ڕەهەندێکی نیشتیمانی وەردەگرن ، لەبەر ئەوەی لەوێ پڕۆژەکان گەنگەشە دەکرێت و بە کۆمیتەی تایبەتمەند و پسپۆڕدا تێپەڕ دەبێت و خوێندنەوەی وردیان بۆ دەکرێت ، دواجار دەنگی بۆ دەدرێت و کانونی بۆ دەردەچوێنرێت و دەبێت بە فەرمانی فەرمی بۆ جێبەجێکردن . هەڵبەتە ئەمەش و ئەم میکانیزم گرتنەش لە پەڕلەمانە ڕەسەن و ڕاستییەکاندایە ، نەك لەناو پەڕلەمانە کارتۆنی و ڕوکەشییەکاندا ، کە تەنهاو تەنها میکیاژی ڕووی پیرو لۆچ بووی دەسەڵاتە سەرتاسەرییەکانن  . لە پەڕلەمانی زۆربەی زۆری وڵاتانی دیموکراتیدا بڕیارە چارەنوسسازو گرنگەکان ، وەك بڕیاری جەنگ و ئاشتی و ڕەوانەکردنی سەرباز بۆ دەرەوەو ، زۆر بابەتی تریش جگە لەوەی دەخرێتە ئەستۆی پەڕلەمانەوە ، بەڵکو بەمەرجیش دەگیرێت لە ناو گومبەزی پەڕلەماندا ئەو بڕیارانە کانونەکانیان لەکاتی دەنگداندا زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بهێنێت ، هەتا کۆ دەنگی لەسەر دروست ببێت ، چونکە ئەو بڕیارانە قورس و گرنگن دەبێت کۆدەنگی نیشتیمانی لە سەر هەبێت ، هەڵبەتەی هەر بڕیارێك کە ڕەهەندی نیشتیمانی هەبێت و بەبێ زۆرینەی ڕەهاو کۆدەنگی نوێنەرەکان دەرباز بکرێت یاخود تێپەڕێنرێت خەڵکی پێبەندی نابن و بەمەرەکەبی سەر ڕوپەڕی کاغەز دەمێنێتەوە و ناتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانی کۆمەڵگاو جڤاتدا بەدیبێنێت ، چونکە هەر بڕیارێك هەڵقوڵاو و زادەی خواست و ویستەکانی زۆرینەی میللەت نەبێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵک بەدینەهێنێت و گفتوگۆی تێرو تەسەلی لەسەر نەکرابێت و بەپێی ڕێکارە کانونی و نەریتە پەڕلەمانییە باوەکان دەنگی نەهێنابێت ، نەزۆك دەبێت و هیچ ئەرزشی نابێت و بە مردووی دێتە دنیاوە!

ئەوەی مەبەستی ئەم دەسپێکە درێژ دادڕەم بوو ، زەمینەسازییەك بوو بۆ ئاشنا بوون بەڕۆڵ و ئەرکی پەڕلەمان و گرنگی پەڕلەمان هەتا بەم پێودانگە پەڕلەمانی کوردستان لەخولە یەك لەدوا یەکەکاندا هەڵسەنگێنین و بزانین تا چی ئەندازەیەك پەڕلەمانێکی دروست وتەواوە .

ئەم دەزگا نیشتیمانییە ڕوکەشە هەر لە بەرایەکانی دروستبوونیدا بە ناکامی لە دایك بوو! بە هۆی قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەمییەوە و هەزم نەکردنی دەرئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەوە ، شێوازی ففتی بە ففتی داهێنراو هەردوو پارت ڕکابەری ئەو دەم و ئێستاش ، ینك و پدك هەر یەکەیان نیوەی کورسییەکانی ئەم دەزگایان گرت و پەڕلەمانیان ئیفلیج کرد ، چونکە ئەم دوو پارتە ناکۆك بوون لە سەر وردو درشتی شتەکان ، لەگەڵ ئەوەشدا کورسییەکانیان وەك یەك بوو بۆیە تێپەڕاندنی کانون لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئاستەم و ناهەموار دەبێت بێگومان ، هەروەها ئەم دەزگایە بەهۆی ففتی ففتی یەوە بواری بۆ بەشداری ڕەنگ و دەنگەکانی دیکە نەهێشتەوەو لە یەکەم خولدا ڕەچاوی کەمینەکانی تیادا نەکرا ، جگە لەوەش ینک و پدک بە شێوەیەکی بەربڵاو کەسانی حزبییان بردە ناو هۆڵی پەڕلەمانەوەو کردنیان بە ئەندام پەڕلەمان بەبێ ڕەچاو کردنی پێوەرەکانی پسپۆری و شارەزایی تایبەتمەند کە پێویستییەکی ناچاری کۆمیتەکانی پەڕلەمانە ، لەجیاتی ئەوە پەڕلەمانیان ئاخنی بە کەسانی سەربازی و خوێندەواری بڕوانامە نزم کە نەیانتوانی لە ئاست کۆمیتەکانی پەڕلەماندا بن ، لەوەش خراپتر ئەم پەڕلەمانە لە هەمان ئەو باڵاخانەیەدا نیشتەجێ کرا کە ڕژێمی بەعسی پێشوو بۆ ئەنجوومەنی کانون دانان و جێبەجێکردنی کارتۆنی دروست کردبوو کە لە ئەنجامی پەیماننامەی ١١/٣/١٩٧٠ هاتبۆ گۆڕێ ، کە ئەنجومەنێکی پوچ و بۆش بوو لە بەهاو ناوەڕۆك و ئەندامەکانی ئەو کوردە بەکرێگرتانە بوون کە پشتیان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەیان کردبوو وە پاڵیان دابوو بە پشتی دوژمنانی کوردەوە ، بۆیە لە لای خەڵکانێك ئەو باڵەخانەیە هێشتاش هەر کرێتەو بۆ ئەوە ناشێت بکرێت بە جێگای بڕیاردانی گەل و نەتەوە و نیشتیمان ، جگە لەوەش پەڕلەمان بڕیار بوو چوار ساڵ جارێك نوێ ببێتەوە بەڵام دیمان بە هۆی جەنگی نەگریسی ناوخۆوە ماوەی خولی یەکەمی ئەم پەڕلەمانە درێژ کرایەوە بۆ نزیکەی ١٣ ساڵ ، وەك پێشتریش باسمان کرد زۆربەی ئەندامەکانی یەکەم خولی ئەم پەڕلەمانە خەڵکانی سەربازی بوون یان ئەو کەسانەبوون کە پاشخانێکی سەربازییان هەبوو ، وە لە بەر ئەوەی میکایزمی پێکهێنانی فراکسیۆنەکانی خراپ بوو وە تەنها دوو فراکسیۆن بوو( زەرد و سەوز ) دەنگ و ڕەنگی کەی تیا نەبوو ، هەر بۆیە نەیتوانی پێش بە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی بگرێت و دواجاریش ئەو جەنگە بوو بە هۆی ئیفلیج کردنی پەڕلەمانەکەو بۆ دواوە هێنانی خەباتی پەڕلەمانی و پشتگوێ خستنی ئەم دەزگا نیشتیمانییەو فەرامۆش بوونی کە بنچینەی دەوڵەتی دیموکراتییە ، هەرئەمەش وایکرد ئیدی لە جێگەی ئەم دەزگایە بیرۆی ڕامیاری پارتە دەست ڕۆشتووەکان بڕیار و ڕێنمایی بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی کوردستانییەکان دەربکەن ، هەڵبەت ئەو بڕیارو شتانەش هەموویان لە گۆشە نیگایەکی تەسکی حزبییەوە دەردەکران و بەهیچ جۆرێك وەڵامگۆی ویستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان نەبوون ، هەربۆیە دەسەڵات لەم هەرێمە دابەش بوو بەسەردوو زۆندا کە ماڵی کوردو دیدی کوردو ئیرادەی سیاسی و نەتەوەیی کوردی پەرت کردو خەباتی دیموکراتیزە کردنی ئەزموونەکەمانی بۆ دواوە گەڕاندەوە ، ئەم ناکام کردنەی پەڕلەمان و ئەم جێگە گرتنەوەی لە لایەن پەلەتیك بیرۆی پارتەکانەوە دۆخێکی وەهای لە زیهنیەتی سەرکردەی پارتەکاندا دروستکرد کە پەڕلەمان ئەو دەزگا گرنگ و باڵایەی وڵات نییە کە شیاوی ئەوان بێت ! هەر بۆیە دەبینیت لە دوای ئاشتبوونەوەی ینک و پدك و پێکهێنانی خولی دووەمی پەڕلەمان هەردوو حزب بەپێچەوانەی خولی یەکەمەوە کە هەردوو لایان ئەندام مەکتەب سیاسی و سەرکردە باڵاکانیان کردبوو بە پەڕلەمانتار، ئەمجارەیان وایان نەکرد ، بەڵکو پەڕلەمانیان لە کوڕو کچی ئەوان و خزم و نزیکەکانی ئەندام مەکتەب سیاسییەکان و مناڵی شەهیدە سەرکردەکانی هەردوو لایان و هەندێك کادری ناوەندی مەکتەبە جیاجیاکانی هەردوو پارتەکە پێکهێنا ، بەڵام حکومەتیان پێکهێنا لە کادرانی باڵای حزب و کەسە دیارەکان ، هەمووشمان دەزانین پەڕلەمان دەزگایەکی باڵا ترە لە کابینەی حکومەت ، باشە ئەگەر دەزگایەکی باڵا بێت چۆن دەشێت کەسانی یەکەمی پارتەکان خۆیانی لێ ببوێرن و کەسانی خوار خۆیانیان بۆ دەستنیشان بکەن ؟ بە بڕوای من ئەمە یەکەم پاشگەز بوونەوەی سەرکردایەتی ئەم دوو پارتە بوو لەو بەڵێنەی کە دابوویان پێشتر کە شێوازی حکومڕانی کوردستان پەڕلەمانی دەبێت ، ئاخر چۆن ڕێی تێدەچێت و چی عەقڵێك باوەڕ دەکات بەوەی کە لە سیستمێکی میلیتانی ڕێکخراو بە لۆژیکی شۆڕشگێڕی و بارگاوی بە بیری خێڵەکیدا کادرێکی ناوەندی پارتێك با ئەندامی پەڕلەمانێکی کارتۆنیش بێت بتوانێت ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییە وەزیرە بانگهێشت بکات بۆ لێپرسینەوە کە خۆی ئەوی کردووە بەئەندام پەڕلەمان ، یان چۆن دەتوانێت پرسیارێکی بێزارکەری لێ بکات لە پرسێکی وەك گەندەڵکاریدا ، بە بڕوای من هەر ئەم خولی دووەمە ، شەرعییەتی پەڕلەمانی تا ئەندازەیەکی زۆر خستە ژێر نیشانەی پرسێکی گەورەوە ، هەر بۆیەش بوو دیتمان لەم خولەدا پاشگەز بوونەوەی گەورە لە بەڵێنەکانی سەرکردایەتی کورد سەبارەت بەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و سنوری لێپرسراوێتییەکان بەدیکران ، وەك پشتگوێ خستنی پرۆژە یاسا گرنگ و ستراتیژییەکان کە کۆمەڵگە ڕێکدەخات و دەیکات بەکۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی و دیمۆکراس و پێشکەتوو کە زەمینەی گەندەڵی و ڕۆتین تیایدا بنەبڕ دەبێت ، وە لەجیاتی ئەوە هەستان بەدەرکردنی پڕۆژە یاسای کەم ئەرزش و ناوەندی و خوار ناوەندیش  ، کە هەتا ئێستاش لە زۆرێك لە وڵاتانی مۆدێرنی دنیادا کە مێژوویەکی ٥٠٠ ساڵەی پەڕلەمانییان هەیە و لێبوونەتەوە لە دەرچواندنی یاسا گرنگەکان ئەم جۆرە یاسایانەیان بەپێویست نەزانیوە ، نموونەی ئەمەش یاسای جگەرە نەکێشانە لە جێگە گشتییەکاندا ، کە دڵنیام لەناو هۆڵی پەڕلەمان و باڵەخانەی پەڕلەماندا ئێستاش دەکێشرێت ! جگە لەمەش لەم خولەی پەڕلەماندا پڕۆژەی ڕەشنوسی دەستورێکی کاڵ و کرچ دەنگی پێدرا کە تیایدا هیچ گرنگی و قورسایی و بایەخێکی بۆ دەزگایەکی وەك پەڕلەمان نەهێشتووەتەوەو هەموو دەسڵاتەکانی بەخشیوەتە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم ، کە ئەمەش نیشانەی دووەمی باوەڕنەمانی سەرۆکایەتی ئەم دوو پارتە بوو بەسەروەری و سەرداری پەڕلەمان ، بۆیە ئەم پەڕلەمانەو کارکردنی بەم ئاراستەیەو نەخوێندنەوەی لەئاست پرسە ستراتیژیەکانی وەك پرسی ئاشتی وجەنگدا بەم ڕادەیەی ئێستا ، جگە لە دەزگایەکی ڕووکەشی پوچ لەکرۆک و ناوەڕۆک چی دیکە نییەو بگرە تەنها بارێکی قورس و گرانە بەسەر دارایی گشتی وڵاتەوە ، چونکە ناتوانێت هەستێت بە ئەرکەکانی خۆی ، نە دەتوانێ یاسای پێویست دەر بکات ، نە دەتوانێت لێپێچینەوە بکات و ڕێگری لە بە فیڕۆدانی داهاتی گشتی بگرێت و دادپەروەری لە دابەش کردنی خەرجی گشتیدا بە سەر ناوچەکاندا بەدیبێنێت ، نە دەتوانێ متمانە بسەنێتەوە لە هیچ لێپرسراوێك ، وە لە جیاتی هەستان بە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی خویداوەتە هەندێك ئەرکی لاوەکی و کات تێدەپەڕێنێت و هەموو خولێکیش ١١٠ پەڕلەمانتاری خانەنشینکراومان بۆ سەربار دەکات و دەیکات بە گرانییەك بە سەر بودجەی کوردستانەوە ، کە خۆی لە بنچینەدا بەهۆی خراپ هەڵسوڕاندنی داهات و خەرجی وڵاتەوە گیرۆدەی کورتهێنان و کەمبڕستییەکی گەورەیە ، کە ئەوەش یەکێکی ترە لە بێدەربەستی و خەمساردیەکانی سەرۆکی کابینە یەک لە دوا یەکەکانی هەرێمی باشووری کوردستان ، باشە ئەگەر هەر خولێکی پەڕلەمان ١١٠ پەڕلەمانتار سەربار بکاتە سەر سفرەی گەل بە لەسەداهەشتای مووچەو دەرماڵەو ئیمتیازەکانیانەوە پاش حەوت خولی دیکە ، واتە دوای ٢٨ ساڵی تر ١١٠٠ پەڕلەمانتاری خانەنشینکراومان دەبێت ، خۆ ئەگەر حکومەتێکی بیرۆکراتی دیموکراتی بچوککراوەی ئەلەکترۆنیمان بۆ دروست ببوایە دەمانتوانی بەو ١١٠٠ کەسە هەموو وەزارەتە خزمەتگوزاریەکانی پێ بەڕێوە ببەین .

ئایا دەبێت تاکەی بوون و نەبوونی ئەم دەزگایە وەك یەك سەیر نەکرێت ؟ پەڕلەمانێك توانای چاودێری و متمانە لێسەندنەوەی نەبێت ، پرسی پێنەکرێت و بێئاگاداری ئەو نەفیری جەنگ لێبدرێت و ئاشتی و دانوسان ڕێکبخرێت ، پەڕلەمانێك ئاگاداری داهات و سامانی وڵات و شێوازی خەرجکردنی نەبێت ، تەنها دروستکراو بێت وەك ماسکێك بۆ شاردنەوەی ڕووی پادشاکانی وڵات ، بۆ ئەوەی وا بزانرێت کە دەسڵاتداری لێرە شێوازی پەڕلەمانییە ، ئیدی بۆ دەبێت ئەویش وەك ناوەندێکی گەندەڵی سەیر نەکرێت و بە پیرۆزو گرنگ بزانرێت ؟؟؟

بۆیە دەبێت چیدی دوای خولی سێیەم و تێگەشتن لە ئیرادەی سیاسی ئەم دوو پارتە ئەگەر جارێکی دیکە و لە خولی چوارەمدا بەرهەڵستکارەکان بە هۆی نەهێنانی دەنگی پێویستەوە نەیانتوانی کابینە پێکبهێنن و زانییان کە دەسڵات بە هەمان میتۆدی جارانی پێشوو مامەڵە لە گەڵ ئەم دەزگایەدا دەکات ، پێویستە بایکۆتی پەڕلەمان بکەن و نەچنە ناوی ؟! چونکە ئەگەر وا نەکەن ئەوانیش بەشدار دەبن لەخۆڵ کردنە چاوی گەل و بە فیڕۆدانی داهات و سامانی گشتی و شاردنەوەی ڕووی پشت ماسکی دەسڵاتی ئۆلیگارشی کوردیدا ،  کە هیچ گرنگی و بایەخێك بۆ پەڕلەمان دانانێت ، تەنها دروستی کردووە بۆ شاردنەوەی دەسڵاتی خودایی خۆیی و کۆیلە کردنی گەل .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت