Baban-Brizi

بابان بریزی : خەونە مەزنەکە , پێویستییەکانی چین؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەوڵەت ئەو خەونە مەزنەی گەلی کوردە کە سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینێت و لە هەوڵ و تەقەلای بێوچاندایە بۆ بەدیهێنانی ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێویستییەکانی بە دەوڵەت بوونەوە ، هەتا ئێستا نەیتوانیوە ئەو خەونە لە خەونێکی( تاڵەبانی) وتەنی شاعیرانەوە بکات بە خەونێك کە هەوڵ بۆ هاتنە دی بدرێت ! ئەویش لە بەر زەمینە سازی نە کردنی دەسەڵاتی کوردی بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەو ڕەفتار نەکردنی ئەو دەسەڵاتانەی کورد، کە ڕۆژگارێك کوردستانیان بەڕێوە بردووە بە لۆژیك و ستراتیژی دەوڵەتڕانی ، بێگومان دەوڵەت دروست کردن بە سلۆگان و دروشم بازی ڕوکەشیانە دروست ناکرێت ، وە هەروەها بۆ دروستکردنیشی بە گوڵ پێشوازیت لێناکرێت ، بەڵکو ئیرادەو باوەڕو متمانە بەخۆ بوونی دەوێت ، ئەگەر ئیرادەو متمانە بە خۆ بوون و باوەڕی بەتین هەبێت و پێشتریش هەنگاوی بە دەوڵەت بوونیش بە بەرنامەو نەخشەوە هەڵگیرا بێت ، دروستکردنی شتێکی ئاستەم و پەرجو ئاسا نییە ، بەڵکو ساناو ساکارو ئاسانە ، پێویستییەکانی بە دەوڵەت بوونیش ئەمانەن :-

یەکەم/ دروست کردنی ئینتیما بۆ هاو نیشتیمانیان . دروستکردنی تاکی نیشتیمانی وڵات پارێز و کورد پەروەر، تاکێك کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد بخاتە پێش بەرژەوەندییە تایبەتی و تاقمێکانی وەك بەرژەوەندی تاکە کەسی و خێزانی و ناوچەگەری و خێڵەکییەوە ، بۆ ئەوەی تاکیش ئەو ئینتیمایەی هەبێت دەبێت ئەو دەسڵاتەی کە بەڕێوەی ئەبات بزانێت ماف و ئەرکەکانی هاوڵاتی چییە ؟ هەرکاتێك هاوڵاتیان مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانیا ن وەچنگکەوت ئەوکاتە دەبێت چاوەڕوانی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لێبکەیت ، چونکە ماف و ئەرك جمکێکی لەیەك جیانەکراوەن و هیچ دەسڵاتێك لە هیچ پنتێکی گێتیدا لەباریدا نابێ بەبێ بەهرەوەر کردنی تاکەکان لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان هاوڵاتیانی ئەرکبار بکات و چاوەڕوانی پشتیوانی و ئینتیما بێ کە بینوێنن بەرامبەر دەسڵات و نیشتیمان ، هەر بۆیە پێشەوای مسوڵمانان عەلی کوڕی ئەبوو تاڵب فەرموویەتی : نیشتیمانی مرۆڤ ئەو جێگایە کە ڕۆزی و ئاسایشی تێدا دەستەبەرە ، لەو جێگەیەشی کە مافە ئابوری و ڕامیاریەکانی تاك پاوان دەکرێت و تاکی لێ بێوەری دەکرێت ئاشکرایە ڕۆزی و ئاسایشی دابین ناکرێت ، هەر لەبەر ئەمە شتێکی ئاسایی و سروشتییە لەئاوا هەلومەرجێکدا زێدی لە دایك بوون و نشینگەی هەمیشەیی ژیان و هەواری دڵنشینی باب باپیرانیش بە نیشتیمان نەژمێردرێت ! کە جێگایەکیش بە نیشتیمان نەزانرا ئاساییە کە ئینتیمات بۆی نەبێت و ئامادە نەبیت بەرژەوەندییەکانی پێش بەرژەوەندییەکانی خۆت بخەیت ، چونکە تاك لە سای دابینکردنی مافەکانیدا هەست بەوە دەکات کە کەرامەت و کەسایەتی و شکۆی پارێزراوە ، هەرکاتێکیش ئەو هەستەی بۆ دروست بوو هەڵبەتە ئینتیماش لە دەروون و ناخیدا چەکەرە دەکات و وڵات و نەتەوەو جڤاتەکەی خۆشدەوێت و ئامادەیە بەرژەوەندییە باڵاکانی بخاتە پێش بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیەوەو هەموو جۆرە قوربانی و بەرخۆدانێك بنوێنێ لە پێناو پاراستن و شکۆی گەل و وڵاتدا ، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا تاکەکان چونکە مافەکانیان پایەماڵکراوە ، چونکە دادگەری بوون و ئامادەگی نییە ، تاکی کوردی هەست و وەلائو ئینتیمای بۆ زێدەکەی نییە و ئامادە نییە وەك پێویست قوربانی بۆ بدات ، هەر ئەمەش بۆتە یەکێك لە بەربەستەکانی بەردەم بە دیهێنانی ئەم خەونە مەزنەمان .

دووەم / سەربەخۆبوونی ڕامیاری .

سەربەخۆیی و نە بەستنەوەی ڕامیاری لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بە ئەجێندای داگیرکارانی کوردستانەوە ، یەکێکیترە لە پێویستییەکانی بوون بە دەوڵەت ، هەرکاتێك نەتەوەیەك بییەوێ دەوڵەت دروست بکات ، دەبێت سیاسەت و بڕیاری سەربەخۆی تایبەت بەخۆی هەبێت و بە هیچ شێوازێك پاشکۆی ئەجێندای دوژمنان و هێزگەلی دەرەکی نەبێت ، کە بەداخەوە زۆر جار ئەم دۆخە لە سیاسەتی پارتە کوردییەکاندا بەو پارتانەشەوە کە بانگەشەی دامەزراندنی قەوارەی سەربەخۆ دەدەن بەگوێی هاونیشتیمانیاندا بەدیدەکرێت ، کە تەماشا بکەیت دەبینیت سیاسەت و بڕیارەکانیان لە سەر بنچینەو ستراکچەری سیاسەتی دراوسێکانی کوردستان ئاوا کردووە کە داگیرکارو زەوتکاری خاکی کوردستانن ، هەڵبەتە ئەم خەسڵەتی پاشکۆیەتییەش قوڵاییەکی مێژوویی ڕیشەداری هەبووەو هەیە لەناو سەرکردایەتی کوردا ، ئەم مێژووە لە سەردەمی دەسڵاتی میرنشینەکانەوە دەست پێدەکات و هەتا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا بە ڕوونی دەبینرێت کە چۆن پارتەکانی کوردستان بەڕاست و چەپ و لیبراڵ و بەناو نەتەوەییەکانەوە چی پەیوەست بوونێکیان بە ئەجێنداکانی دەرەوەوە هەیەو چەندە کاریگەرن بە سیاسەتی نەتەوە سەردارو دەستڕۆکانی داگیرکەری کوردستان ، بۆیە بۆ دروست بوونی قەوارەی سەربەخۆش دەبێت دەربازی ئەم بازنە یە بکەین و ناو ماڵی کوردی یەکبخەین و وتارو بڕیارو ئاکارمان یەك شەقڵی پێوە ببینرێت کە دەبێت ئەو شەقڵەش ، شەقڵێکی نەتەوەیی و دیموکراتی بێت و دوور و نزیك وابەستەو کۆپی هیچ مۆدیلێکی بێگانە نەبێت ، بەمەش کۆڵەکەی دووەمی دروستکردن دەوڵەت دەچەقێنین لەسەر خاکی کوردستان .

سێیەم/سەربەخۆ بوونی ئابووری .

هەرگەل و نەتەوەیەك ئەگەر نەتوانێت خۆ بەخۆ خۆراك و پێویستییە ناچاری و بنچینەییەکانی ژیان دابین بکات ، ئەگەر خاوەنی دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆش بێت ، ناتوانێت سەربەست و ئازاد بێت ! ؟ چیجای کوردستان کە هێشتا نەگەشتووە بە خەونە مەزنەکەی کە سەر بەخۆیی و ڕزگاری ئێکجارییە، ئەوەی زۆر سەیرە بەلامەوە لە بارودۆخێکدا گەلی کوردو هەندێك لە سەرکردایەتییەکەی جار جارە بە شەرمەوەو هەندێك جاریش بەترس و سڵەمینەوەیەکی هەستپێکراوەوە باس لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکەن ، بەبێ ئەوەی هیچ کارێکی جدییان بۆ کردبێ بە تایبەت لە لایەنی ئیکۆنۆمییەوە ، کە بە بنچینەیەکی بەهێزی دەوڵەتداری دادەنرێت، گوتەیەکی بەهێز هەیە دەڵێت : هەرگەڵێك نەتوانێ خۆراکی خۆی خۆ بەخۆ دابین بکات نە بە دوای ئازادیدا بگەڕێ نە هەوڵیشی بۆ بدات ، ئەم گوتەیە ڕەنگە بەشێك لە ڕاستێتی ئێستا کەم بوبێتەوە بەو پێیەی ئێستا لە سەردەمی گڵۆباڵزەیشندا ئابووری جیهانی زۆر بەیەکەوە بەستراوەو هیچ دەوڵەتێك هەوڵنادات لە ناوخۆدا هەموو پێویستییەکانی بەرهەم بهێنێ چونکە لە قازانجی نابێت بە هۆی بنەمای پسپۆڕسازی و کاردابەشکردنێکی ڕانەگەیەنراوەوە لە سەر ئاستی ناودەوڵەتیدا ، کە بێگومان زۆر جار لایەنی پۆزەتیڤیشی تێدایە ! بە هۆی جیاوازی تێچوونی بەرهەمهێنانەوە ، بە تایبەتی کارکردن بەم لۆژیکە لە دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە بووە بە شەقڵێکی دیاری ئابووری جیهانی ، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە وڵاتێك دەسبەرداری تێکڕای کایەکانی بەرهەمهێنان بووبێت و وەك زەڕنەقووتە چاوی نوقانبێ و دەندوکی کردبێتەوە بۆ ئەوەی داگیرکەرو دژبەرەکانی خۆراکی دەر خوارد بدەن ، وا کورد وتەنی ( مانگا مردو دۆ بڕا ) یان بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندی سەروبەندی دامەزراندنی قەوارەکەوە سنورەکان داخران ، ئایا بەچی دەژین ؟ لە کوێ بتوانین خۆراك و خواردنەوەو پێداویستییەکان دەست بخەین ؟ بۆیە دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزو سەربەخۆکردنی ڕێژەیی ئابووری کوردستان پێویستییەکی حەتمی و ناچاری دەوڵەتدارییە .

چوارەم / یەکێتی و تەبایی .

یەکێتی ڕیزەکانی گەل و نەتەوە ، یەکێکی کەیە لە پێویستییەکانی هەر نەتەوەیەك لە نەتەوەکانی سەر ڕووی زەوی ، بەتایبەت نەتەوەیەکی وەکو : کورد پەرتەوازەو پەڕاگەندەو دابەشکراوی سەر ئایدۆلۆژیاو دیالێکت و ئاین و ڕێبازی ئاینی جۆراو جۆرو ئەجێندای هەرێمایەتی ، کە هەندێك جار دەبینیت کوردێکی خاوەن دیدگای ئیسلامی بۆ سیاسەت ، هێندە ی خۆی بە نزیکی هاو ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەیەکی تر دەزانێ ، نیو هێندە نزیکایەتی نابینێت لە گەڵ کوردێکی هاو خوێن و هاو چارەنوس و بەرژەوەندیدا کە سەر بە ڕێبازو ئایدۆلۆژیاکەی ئەو نییە ، ئەمە بۆ چەپ و لیبراڵ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە ، کە بە بڕوای من ئەمە زەبری کوشندەی داوە لە دواکەوتنی کاروانی خەباتی سەربەخۆیمان ، بێگومان ئەگەر لەسەر ئەم ستایڵە بەردەوام بین کاریگەری ئەو زەبرە زیاترو زۆرتر دەبێت ، ئەمە وێڕای باریك بوونەوەی پردی متمانەو باوەڕی نێوان جەماوەرو دەسڵات کە هێندەی تاڵە دەزوویەکی ماوە ! بێ متمانەیی میللەت بەرامبەر بە دەسەڵات بە ئاستێك گەشتووە وێناناکرێت ! بێگومان ئەمەش بە هۆی گەندەڵکارییەکانی هەندێ لە بەرپرسە بێ ترسەکانی هەندێك پارتەوە بووە بە درێژایی ئەو ماوەیەی ڕابردوو، کە جگە لە بەتاڵان بردن و چەپاوی نیشتیمان ، پردی متمانە وباوەڕی نێوان گەل و سەرکردایەتێکەشیان پسان ، لە هاتنەکایەی ئاوا دۆخێکدا گەل ناتوانێت قوربانی بۆ ڕاگەیاندنی سەر بەخۆیی بدات ، ئەگەر کار نەکرێت بۆ ئەوەی ئەو دەزووی متمانەیە بکرێتەوە بە گوریس ، بێگومان ئەوەش پێویستی بە هەنگاو هەڵگرتنی دەستوبردی دەسڵاتدارانی کورد هەیە بە ئاقاری ئاشتەوایی نێوان خۆیان لەگەڵ میللەت و پارتە دژبەرەکانیاندا ، ئەوەش پێویستی بە سازانی نیشتیمانی و سازشی دوو لایەنی و بەرامبەرکێ هەیە ، لە پێناو گەل و وڵاتدا ، بۆیە دەتوانین بڵێین یەکێتی و تەبایش یەکێکی کەیە لە پێویستییەکانی بوونمان بە دەوڵەت .