عەتا قەرەداخی : کۆچی کوردانی رۆژئاوا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لەو نەتەوانەى کە لە مێژوودا ناچار کراوە زێدو نیشتیمانی خۆی بەجێبهێڵێت کوردە . ئەم دیاردەیەش لە مێژووى ئەم پێکهاتەیەدا لە مێژە بەردەوامە بە تایبەتی لە سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەییەوە لەلای ئەو نەتەوانەى کە دەوڵەتەکانیان کوردستانیان داگیرکردووە ، یان بە فەرمانی دەوڵەتانی بڕیار بەدەست بوونەتە فەرماڕەواو داگیرکەری کوردستان ، بە تایبەتی لە دوای دابەشکردنی دووەمەوە. سیاسەتی بە عەرەبکردن و بە تورک کردن و بە فارس کردن ستراتیژێکی هاوبەشە کە داگیرکەرانی کوردستان لە سەدەی بیستداو تاکو ئێستاش بە چڕی پیادەی دەکەن . ئامانجیش لەو ستراتیژە هاوبەشەى داگیرکەرانی کوردستان زیاتر تێکدانی یەکێتی نەتەوەیی کوردو لە رەگ و ریشە هەڵکەندنی بووە بە ئومێدی ئەوەى کە رێگا لە زیندووبوونەوەى کەسێتی تێکشکاوی کوردی بگرن و بەربەست لەبەردەم پرۆژەى رێنیسانسی نەتەوەیی کوردیدا درووست بکەن . بۆ ئەو مەبەستەش لە ئاستی یەکەمدا زمانی کوردییان لە زۆر ئاستدا قەدەغە کردووەو ئابووری کوردستانیان بۆ خۆیان بردووەو بە هەموو شێوەیەک هەوڵیانداوە کەلتوورو داب و نەریتی رەسەنی کوردی کە بەرهەمی رابردووی ئەم نەتەوەیە لەناوببەن و پاشانیش سیاسەتی کۆچپێکردن پیادەبکەن بەمەبەستی چۆڵکردنی شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکانی کوردستان لە کوردو ، نیشتەجێکردنی عەرەب و ئەوانی تر لەو ناوچانەدا. ئەگەر ئەم سیاسەتە بە تەواوی بۆ عێراق راستبووبێت ، ئەوا لە بەشەکانی تری کوردستان کارەساتەکە لەوەش سەختتر بووە چونکە دەوڵەتانی تری عەرەب و تورک و فارس ئەسڵەن دانیان بەوەدا نەناوە کە کورد پێکهاتەیەکی جیاوازە لەوان بەڵکو وەکو تورکی چیایی و ئێرانی و سووری سەیری کوردیان کردووە .

کورد لەم بەشەى کوردستاندا تاکو ئێستاش بەدەستی یەکێک لە سەختترین کێشەکانیەوە دەناڵێنێت کە ئەویش کێشەى نەتوانینی گێڕانەوەى هەموو ئەو کوردانەیە کە بەرسیاسەتی کۆچ پێکردنی دەوڵەتی عێراقی کەوتوون . زۆرینەى ئەو کوردانەشی کە بەر ئەو پرۆسێسە نامرۆییە شۆڤێنیەی دەوڵەت کەوتوون ، لەلایەک لە زیدو شوێنی ئەسڵی خۆیان پەرت کراون کە ئەوەش کاریگەری زۆر نێگەتیفی لەسەر باری دەرونی و مەعنەوی و کۆمەڵایەتیان داناوە ، لەلایەکی ترەوە ئەو ناوچانەى کە ئەمانی لێدەرکراوەو خەڵکی تری تیا نیشتەجێ کراوە بە جۆرێک لە جۆرەکان شووناسەکەى کەوتووەتە بەردەم لێڵی و بە جۆرێک لە جۆرەکانیش سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی رەوایی دەدات بە بەردەوامبوونی ئەوانەى کە پێش ماوەی دوورو درێژ هێنراونەتە ئەو ناوچە کوردیانە بۆ ئەوەى لەو ناوچانە بمێننەوە بەو پاساوەى کە کەسێک لە هەر وڵات و شوێنێک بۆ ماوەیەکی درێژ بژی دەبێتە خەڵکی ئەو شوێنە . ئەمە جگە لەوەى لە رووی سیاسیەوە کورد لەم بەشەى کوردستاندا دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش وەکو دوا نوێنەری رژێمەکانی پێشتری عێراق ، لەبەر ئاڵۆزی کێشەکانی و لەبەر نەتوانینی کارکردنی بە شێوەیەکی درووست بۆ ئەو مەبەستە نەیتوانییووە کێشەى ئەو ناوچانە چارەسەر بکات کە بە زۆر کوردیان لێدەرکراوە . ئەمەش چارەنووسی ئەو ناوچانەى تاکو ئێستا لەبەردەم نادیاردا هێشتووەتەوە.

ئەگەر لەسەر بنەمای ئەو کێشانەى کە کورد لە ئەنجامی چۆڵکردنی ناوچەکانی خۆی لە باشووری کوردستاندا دووچاری بووە بڕوانینە بارودۆخی کورد لە رۆژئاوا ئەوا دەشێ بە روونی چەند پێشبینیەک بکەین کە مایەی ئاسوودەیی و گەشبینی نییە بۆ ئاییندە بە تایبەتیش بۆ ئەو بەشەى کوردستان کە بەراورد بە باشوور لە رووی رێکخستن و گەشەى ناسیونالیزم و ژیانی حیزبایەتیەوە لە ئاستێکی زۆر لە دواترو سادەتردایە . لەلایەک پەرت و بڵاوییەکی ئاشکرا لە نێوان ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەدا هەیە کە لەوێ بە ئاستی جیاجیا ئامادەبوونیان هەیە . ئەمە بێجگە لەوەى کە بەرنامەو ستراتیژێکی ئاشکرای کارکردنیان نییەو بە ئاشکراش دیارە کە نەک هەر خۆیان سەربەخۆییان بۆ بڕیاردان لە ئاستێکی لاوازدایە بەڵکو دابەشبوون لەژێر هەژموونی پارت و لایەنە بەهێزو بەدەسەڵاتەکانی بەشەکانی تری کوردستاندا بەتایبەتی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکاراندا . ئەمەش هۆیەکی ئاشکرایە بۆ ئەوەى کە ململانێ و ناکۆکی و کێشەکانی نێوان ئەم لایەنانە بگوازرێتەوە بۆ نێو کوردی رۆژئاواو ئەوەندەی تر پەرت و بڵاویان بکاتەوە .

بەهەرحاڵ هیچ گومانی تێدا نییە کە بارودۆخی سووریا بە گشتی خراپە ، بەڵام وەکو بەشێک لە قسەکەرەکانی ئەو حیزب و لایەنە کوردیانەى کە ئێستا لەو بەشەى کوردستاندا هەن و دەڵێن بەشێکی فراوان لەو بەشەى کوردستان ئازادەو لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە . بەو پێیەش دەبێ سەرباری سەختی بارودۆخەکە هێشتا بواری ئەوە هەبێت کە مرۆڤ درێژە بە ژیان بدات ، یان بەلایەنی کەمەوە لە خەبات بەردەوام بێت . ئێمە هەموومان دەزانین کە کوردی باشوور لە ساڵی 1961 تا ساڵی 1991 بێجگە لە چوار ساڵی رێکەوتنی بارزانی و حکومەتی بەغدا ئیتر بەردەوام لەژێر سایەی رەحمەتی بۆمباران و تۆپباران و گوند سووتان و گرتن و کوشتن و بڕین و کیمیایی باران و ئەنفالدا ژیاوەو هێزی پێشمەرگەى کوردستانیش بە یارمەتی جەماوەری مەدەنی خەڵک نەبەزیوانە خەباتی کردووەو رووبەرووِی مەرگ راوەستاوەو تەنانەت ئەنفالیش نەیتوانی سەنگەری بەرگری بە تەواوەتی بە کوردچۆڵ بکات. دیارە ئێستا بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووەو باری ئابووری رۆژئاوای کوردستانیش بەراورد بە باشوور لاوازە بۆیە دەشێ ئەوەش رۆڵی خۆی ببینێت لە جیاوازی ئاستی بەرگری و تێکۆشاندا .

وەک دەزانین لە سەرەتای راپەڕینەکانی خەڵکی سووریاوە ، شەپۆلی کۆچکردن ئەو وڵاتەی گرتۆتەوەو بەشێکی زۆریش لە کوردەکان بەرەو باشووری کوردستان هاتوون. دیارە ناکرێت بۆ کورد دەرگا بەرووی براکانیدا دابخات و پشتیان تێبکات ، بەڵام لە رووی نەتەوەییەوە ناکرێت بێ بەرنامەو بێ رەچاوکردنی هیچ رێ و شوێنێک دەرگاو دەروازەکان ئاواڵا بکرێن و هەرکەس بیەوێت بە ئارەزووی خۆی وڵاتەکەی بەجێبهێڵیت و رووبکاتە باشووری کوردستان ، یان هەر جێگایەکی تر . من زۆر گوێ بەو هەڵا سیاسیە نادەم کە زۆرێک لە لایەنی سیاسی و حیزب و رێکخراوو کەسایەتی دەری دەبڕن چونکە دوورو نزیک ئەو هەڵویست و دەربڕینانە پەیوەندییان نییە بە بەرژەوەندییەکانی کوردەوە بەگشتی ، بەڵکو بەکارهێنانی ئەو دروشم و بە ناو هەڵوێستانەیە لە پێناوی بەدەستهێنای دەستکەوتی سیاسی تەسکی حیزبیدا ، بە تایبەتی لە ئێستادا کە هەموو لایەنەکان لە ترسی هەڵبژاردندان . ئەگەر کۆی حیزب و رێکخراوەکانی باشووری کوردستان و دەسەڵاتی کوردی بە جیدی بەتەنگ ئایندەی رۆژئاوای کوردستانەوە بوونایەو موزایەدەی سیاسیان بەسەر یەکترەوە نەکردایە ئەوا دەبوو پێکەوە بەرنامەیەکی هاوبەشیان دابڕشتایە کە پێویستە چی بکەن بۆ کوردی رۆژئاوا ، بە مەرجێک ئەوەى دەیکەن لە خزمەتی ستراتیژی نەتەوەیدا بووایە . لەو رووەوە دەبوو بڕیار بدرایە کێ مافی ئەوەى هەیە بێتە باشووری کوردستان و رۆژئاوا بەجێبهێڵیت .

من پێموایە دەبوا تەنیا رێگا بە پیرو منداڵ و نەخۆشەکان بدرایە بێنە ئەم دیووەو بە گشتی رێگا بەوە نەدرایە بە کەسانی تەمەن نێوان 16 بۆ 60 ساڵ بە هەردوو رەگەزی نێرو مێوە وڵاتی خۆیان بەجێبهێلن . چونکە جێهێشتنی وڵات لەلایەت ئەو هەموو خەڵکەوەو لەو تەمەنەدا مانای ئەوەیە کەس نامێنێتەوە بۆ بەرگری کردن . لەلایەکی تریشەوە کاتێ هەمووان بە کۆمەڵ شوێنەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن ، مانای وایە زەمینە خۆش دەبێت بۆ ئەوەى عەرەب بێنە شوێنەکانیان و بەوەش هەمان ئەو کارەساتانە لەوێش دووبارە دەبێتەوە کە لە کەرکوک و شەنگارو خانەقین روویاندا . بێگومان هەڵکەندی کورد لە ناوچەکانی خۆیان لە رۆژئاوا و هاتنیان بۆ باشوور ، یان هەر جێگایەکی تر ئەگەر درێژە بکێشێت لە رووى مەعنەوی و بینای کەسێتیەوە ئاسەواری نێگەتیفی زۆری دەبێت و سەرئەنجام جۆرێک لە راهاتن بۆ ژیان لە دەرەوەى زێدو بۆ ژیان لە ئۆردوگاو بۆ ژیانی چاوەڕوانی بۆ ئەوەى پێداویستیەکانی ژینیان بۆ دابین بکرێت دەبێتە بارێکی ئاسایی لە کەسێتی کوردی هەڵکەندراو لە شوێن و ناوچەکانی خۆیان و ئەوەش پەیوەندی تاکەکەس و ئەو زەمینەى کە تیایدا لە دایکبووەو ژیاوە لاواز دەکات کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا رۆڵی نەرێنی لەسەر ناسیونالیزمی کوردی لەو بەشەدا دەبێت .

بەهەرحاڵ من پێموایە دڵسۆزی لەوەدا نییە کە تۆ دەروازەکان بۆ کوردی رۆژئاوا بکەیتەوە بۆ ئەوەى بە گەنج و پیرەوە بێنە ئەم دیوو، بەڵکو دڵسۆزی ئەوەیە کە هەموو جۆرە یارمەتییەکیان بۆ فەراهەم بکەیت ، بەڵام بە مەرجێ سەنگەری خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا چۆڵ نەکەن . من پێموایە یارمەتی و پشتگیری پێویستە بۆ ئەو کوردانە بێت کە ئامادە نین سەنگەری خەبات بەجێبهێڵن نەک ئەو کەسانەى کە پشت لە نیشتیمانەکەیان دەکەن و بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێن بە حەساوەییء دوور لە هەر کێشەو ئێش و ئازارێکی نەتەوەکەیان لەو بەشە لێی بژین . من دیسان دەیڵێمەوە دەبوو دەسەڵاتی کوردی لەبری کردنەوەى دەرگاکان بۆ هاتنە ناوەوەى کوردانی رۆژئاوا ، دەرگاکان تەنیا بۆ منداڵ و پەککەوتەکان بکردایەتەوەو گەورەترین بڕی یارمەتی جۆراوجۆریش بگەیەندرایەتە ئەوانەى کە سەنگەر چۆڵ ناکەن و لە پێناوی ئازادی ئەو بەشەى کوردستاندا خەبات دەکەن . هەروەک ئەو پشتگیری و یارمەتی دانەش وەکو پشتگیری و یارمەتی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکرایە نەک وەکو یارمەتی و پشتگیری ئەم حیزب و ئەو لایەن .