هەندرێن هەورامی : قەلەمون و سوڵتان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

– ئەرێ بەم بەیانییە زووە خێرە وا لە خەو هەستاوی؟

– ئافرەت ، پەشتیوانی خودا خێر دەبێت، ئەگەر ویستی خودای لەسەر بێت ، ئەوا سەفەرێکم بەدەستەوەیە .

– ئەم سەفەرە کتوپر لە کوێوە پەیدا بوو ؟

– بڵێم چی ، ماوەیەکە بڕیارم لەسەری داوە ، بەڵام کات و ساتەکەیم ئاشکرا نەکردوە . 

– پیاوەکە سەفەر بۆ کوێ ، بێگومان منیش هاوسەفەرت دەبم ؟

– خانم گوێ بگرە ، بەنیازم دیاریەکی بەنرخ و بەهادار بۆ سوڵتان بەرم ، ڕێگای پایتەخت درێژ و سەخت و پڕ مەترسییە ، بۆیە بە تەنها دەچم و تۆ لێرە دەمێنیەوە .

– ئەرێ تۆ ئاگات لە خۆتە چی دەڵێت، دڵنیای خەون نابینی، دیاری چی و سوڵتان و پایتەختی چی ؟!

– خەون بێت، خەیاڵ بێت، تازە بڕیارم داوە و هەر دەبێت بڕۆم. بۆیە هەستە و ئەرک بکێشتە توێشوی ڕێگام بۆ بپێچەرەوە .

– بڵێم چی ، چی پێم دەکرێت ، خودا پشتیوانت بێت و دەست بە باڵتەوە بگرێ . ئومیدەوارم بەم ئاخری عومرەوە لەیەک نەبین و زوو بگەڕێیتەوە ناومان ، بەڵام پێمت نەوت : چی بە دیاری بۆ سوڵتان دەبەی؟

– کچێ چی دەبەم ، بێجگە لە قەلەمونەکە مەگەر هیچی دیکەمان هەیە تا بیبەم .

– ناشێ بە تەمابی ئەو قەلە گەڕە مردارەوبووە بەری؟! ئەیەڕۆ حەیامان مەبە و خوێنی خۆت بۆ ئەکەیتە کاسەوە ، بەخودا پیاوەکانی سوڵتان گوێیان لێ بێت گۆشاوگۆش سەرت دەبڕن .

– تۆ خەمت نەبێت ، ئەوەی من دەیزانم تۆ و پیاوەکانی سوڵتان و خەڵکیش نایزانن . دڵنیابە ئەمە گرانبەهاترین دیاری دەبێت بۆ خاوەن شکۆ .

کابرا ماڵئاوایی لە خاوخێزانی کرد و بە یاوەری تاقانە قەلەمونە لەڕ و لاوازەکەیان کە مشتەکۆڵیەکەی مابویەوە ملی ڕێی پایتەخت و تەختی سەڵتەنەتی گرتە بەر. لە ڕێگا بە هەر ئاوایی و گوند و شارێک تێدەپەڕی بە دەنگی بەرز دەیوت :

هۆخەڵکینە چۆڵ کەن ڕێ

دیاری بەنرخم ها پێ

دیاری من بۆ سوڵتانە

سەروەری هەموومانە

نە گەوهەر ، نە ئەڵماسە

بەڵ ، شتێ فرە خاسە

ئیدی خەڵکیش لێی کۆ دەبوونەوە و پرسیاری دیاریەکەیان لێ دەکرد و ئەویش قەلەمونەکەی نیشان دەدان. خەڵکەکەش لە پای دیاریەکەی، تێر تێر گاڵتەیان پێ دەکرد و پێی پێدەکەنین و وێرای ڕابواردن سەرکۆنەشیان دەکرد.

– شێت بووە و عەقڵی لەدەستداوە.

– گیانی خۆی لێ زیادەیە.

– ئای کابرای نەگبەت ، هێشتاش درەنگ نییە و لە کوێوە هاتویی بۆی بگەڕێوە و بەڵایەک بە سەر خۆتدا مەهێنە .

– پیری پاتاڵ ، وا دەزانی سوڵتان ئیش و کاری نییە و موحتاجە و چاوەروانی تۆ دەکات تا ئەم قەلەمونە گەڕەی بۆ بەری .

– وەڵا سوڵتان بەم بێ ڕێزیەت بزانێت ،نەک خۆت لەت و پەتت دەکات، بەڵکو خاوخێزان و بنەماڵە و هۆزەکەشت بنەبڕو تەفروتونا دەکات .

– بابە وازی لێ بهێنن ، ئەم مامە پیرەیە خەڵەفاوە ، *”بزن کە شەقی هات ، نانی شوات ئەخوات “.

مامە پیرەش *”مێشێک میوانی نەبوو” ، هیچ گوێی بە گاڵتە و ڕابواردن و قسە و قسەڵۆکەکانی خەڵکی نەدەدا و درێژەی بە سەفەرەکەی بەرە و پایتەخت دەدا . ئێوارەیەک لە نزیک گوندێک پیاوان سوڵتان ڕێیان لێگرت و کەوتنە هەڕەشە کردن .

– پیرە گەڕەی چڵکن، ئەمە چ بێ ڕێزیەکە بە سوڵتانی مەزنی دەکەی ، کامە دوژمن تۆی راسپاردوە خێرا بەو قسە بکە ، ئەگینا بەڵایەکت بەسەردا دەهێنین کە هەرگیز بە خەیاڵیشتدا نەهاتبێت .

– بەڕێزینە لەسەرخۆ بن ، هیچ توڕەبوونی ناوێت ، نە دوژمن ڕایسپاردوم و نە بێ ڕێزیش بە سوڵتانی مەزن دەکەم . ڕاستیەکەی ئەوەیە من دیاریەکی گرانبەهام بۆ خاوەن شکۆ پێیە و لە ڕێی ئەم قەلەمونە لاوازە بەستەزمانەوە دەمەوێت چەتەکان بەلا ڕێدا بەرم و نەیەنە سەر ڕێم تا بێ کێشە و گرفت بگەمە بارەگای سوڵتان .

پیاوانی سوڵتانیش باوەڕیان پێکرد و وازیان لە مامە پیرە هێنا و لێیاندا ڕۆیشتن. ئەمیش لە سەرخۆ ملی ڕێی گرتەوە بەر ، بەڵام هێشتا چەند سەد مەترێک نەڕۆیشتبوو ، ئەم جارەیان چەتە هاتنە سەڕێی.

– ئەهای پیرە پیاو ، بێ گێرمە و کێشە هەرچی گەوهەر و زێر و زیوت پێیە بماندەرێ و گیانی خۆتی پێ بکڕەوە .

– کامە گەوهەر و زێر و زیو ؟ هههههههههههههه من بێجگە لەم قەلەمونە و کەمێک خۆراک هیچی دیکەم پێ نییە .

– گوێ بگرە پیرە سەگ ، وام لێ مەکە لەم چۆڵەوانییە ناوسکت ‌هەڵدڕم و کەلاکەکەت دەرخواردی گورگ و ئاژەڵی دڕندەی ئەم چیا و دۆڵانە بدەم. ئەو دیاریەی کە بۆ سوڵتانی دەبەی بیدە بە ئێمە و ملت بشکێنە .

– جا کێ وتی: کە من دیاریم بۆ سوڵتان پێیە ؟

– کاتێک کە قسەت بۆ پیاوەکانی سوڵتان دەکرد ، ئێمە خۆمان گوێمان لێ بوو .

– دەکەوا بوو قسەکەی ئێوەیە و ڕاست دەکەن ، بەڵام وا دیارە ئێوە ئاگاتان لەوە نەبووە کە دیاریەکەم ڕادەستی پیاوەکانی سوڵتان کردوە .

– کەوڵە کۆن ، خەریک ناوخۆشی دەکەی زوو بە دیاریەکە دەربهێنە ، ئەگیان بەم دەستانەی خۆم کەوڵت دەکەم و کەس بەم قسانەت هەڵناخەڵەتێت .

– قوربان گیان ، خۆ من پێم وتی: من دیاریەکەم ڕادەستی ئەوان کرد ، تا بە سەلامەتی بیگەیەنە سوڵتان ، ئەگریش باوەڕناکەی ئەوا بڕۆ ڕێگری لەوان بکە و بەخۆت لێیان بپرسە .

– ئاخر نەفرەتی درۆ بۆ دەکەی ، ئێمە بەخۆمان پیاوەکانی سوڵتانین ، زووبە تا نەمانکوشتووی دیاریەکەمان رادەست بکە .

– هههههههه ئاوا ، هەر لە سەرەتاوە منیش بەخۆم دەمزانی ئێوە چەتە نیین و پیاوەکانی سوڵتانن ، بەڵام دەمویست لە زاری خۆتانەوە بیبیستم. کوڕم ، ئەو دیاریەی من بۆ سوڵتانی دەبەم ، ئەڵماس و گەوهەر و دوڕێکە لە هزر و مێشکم دایە ،وەک پێم وتن : جگە لە کەمێک نان و ئەم قەلەمونە بەستە زمانە هیچی دیکەم پێی نییە ، جا باوەڕ دەکەن یان نا ئەوا مەیلی خۆتانە و منیش لە خزمەتتان دام .

سەردەستەی پیاوەکانی سوڵتان کە زانی هیچ لە پیرە مێرد هەڵناکڕێنرێت و سودێک بۆیان نییە وتی :

-پیرەمێرد ، هەرچەندە باوەڕت پێناکەم ، بەڵام خودا بتکات بە قوربانی زیرەکیەکەت کە ڕێگرە لە کوشتنت . بڕۆ ڕێگەت پێ دەدەم درێژە بە سەرفەرەکەت بدەیت ، بەڵام بەمەرجێک ئەگەر چاوت بە سوڵتان کەوت باسی ئەم کەین و بەیینەی ئێمە و خۆتی بۆ نەکەی .

پیرەمیرد بەم شێوەیە بۆ جاری دووەم ڕزگاری بوو و ڕۆیشت و ڕۆیشت تا سەرەنجام گەشتە پایتەخت و بەردەم بارەگای سەڵتەنەتی خاوەنشکۆ.

– سڵاو پاسەوانی بەڕێز ، دیاریەکم بۆ خاوەنشکۆ سوڵتانی وڵات هێناوە ، بۆیە دەمەوێت چاوم پێی بکەوێت .

– بڕۆ لێرە دور بکەوەرەوە ، خودا لە شوێنێکی دیکە ڕزقت بدات .

– قوربان گیان لە سەر و شێوەم مەڕوانە هەژارنەیە ، دیاریەکەم پێیە کە سوڵتانی مەزن زۆر شادمان دەکات .

– باشە پێم بڵی دیاریەکەت چییە ؟ هەتا منیش ڕێگەی چونە ژورەوت پێ بدەم .

– قوربان دیاریەکەم لە بەر چاوانتە ، ئەم قەلەمونەیە .

– هههههههههههههههه ئەمە ، جاخۆ ئەم بەستە زمانە هێندەی جوجکەیەکی ماوەتەوە ، ههههههههههههه ، هاکا مردار بوویەوە. خێرا بەو لێرە بڕۆ ، ئەگەر کەسێکی گەنج ئەم کردەوەی بنواندایە ئەوا ڕەوانەی سیاچاڵەکانی زیندانم دەکرد ،بەڵام دەتبەخشەم بە ڕیشی سپیت .

– پاسەوانی بەڕێز ، نەک ڕەوانەی سیاچاڵ ، بەڵکو لە قنارەشم بدەی لێرە ناڕۆم . من چەندین هەفتەیە شەو و ڕۆژ بە ڕێگاوەم تا بگەمە خزمەتی سوڵتان و دیاریەکەمی بدەمێ ، ئێستەش هەر وا سوک و ئاسان بە قسەی بەرێزت کۆڵ بدەم و بگەڕێمە داوە ، نەخێر تا دیاریەکەم نەدەمە دەستی خودی سوڵتان لێرە ناڕۆم .

ئیدی مامە پیرە ، لەبەردەم دەروازی سەرەکی بارەگای سوڵتان دەنگی بەرزکردوە و دەستی کرد بە هاوار و قیڕ و قاڵ :

هۆخەڵکینە چۆڵ کەن ڕێ

دیاری بەنرخم ها پێ

دیاری من بۆ سوڵتانە

سەروەری هەموومانە

نە گەوهەر ، نە ئەڵماسە

بەڵێ ، شتێ فرە خاسە

ئیدی لەبەردەم بارەگای سوڵتاندا ، هێدێ هێدی خەڵکێکی زۆر لە دەوری مامەپیرە کۆبوونەوە. بە زوویی بەناو پایتەختدا بڵاو بوویەوە کە کەسێکی هەژار دیاریەکی بەنرخی بۆ سوڵتان پێیە ، کەچی ڕێگەی پێنادرێت چاوی بە خاوەنشکۆ بکەوێت.پاسەوانەکانیش کە زانیان عالەمەکە بە بابەتەکەی زانیوە و ئەگەری ئەوە هەیە هەر ساتە هەواڵەکە بە سوڵتان بگات ، بۆیە بەناچاری ڕێیان بۆ مامە پیرە کردەوە و بردیانە خزمەتی خاوەنشکۆ.

– بەخێربێیت مامە پیرە ، وا دیارە زۆر ماند و شەکەتیت و دەڵین: ڕێگایەکی دوورت بڕیوە تا دیاریەکی بەنرخمان پێشکەش بکەیت .

– سڵاو لە سوڵتانی پایەبەرز ، دروست وایە کە بەڕێزتان دەفەرمووی .

– کەوا بوو ماندو نەبی، زۆر سپاستان دەکەم کە بەم تەمەنەوە زحمەتت کێشاوە، منیش بە خۆشحاڵیەوە دیاریەکەت لێ وەردەگرم .

– قوربان گیان لە دارای دونیا ئەم قەلەمونە لەڕەم شک دەبرد وا بەدیاری هێناومە بۆ جەنابت .

کاتێک ئامادەبوانی کۆشک گوێیان لە قسەکەی پیرە مێرد بوو ، زراویان چوو ، پێیان وابوو هەر ئێستا خاوەنشکۆ فەرمانی لەملدانی دەردەکات. بەڵام سوڵتان وێرای ئەوەی کەسێکی توڕە و ترسناک بوو ، بەڵام دانا و تێگەیشتووش بوو .

-هههههههههههههههههههههههههههههههههههه، ئەو هەموو ڕێگایەت بڕێوە تا ئەم قەلەمونەمان پێشکەش بکەی ، هەژارە گیانی تێدا نەماوە وا خەریکە تیا دەچێت ، دەبێت ئەویش لە تۆ ماندوتر و بریستر بێت. بەڵام بێگومانم ئەم هاتنەت بێ حکمەت نییە شتێکی شاراوە و نهێنی لە پشتیەوەیەتی ، فەرموو گوێبیستی جەنابتم .

– قوربان گیان ، ئیستا حاڵی ئەم قەلەموونە بەستە زمانە و من چۆن دەبینی، حاڵی گەلیش بە دەست پیاوەکانت و کاربەدەستەکانتەوە بەهەمان شێوەیە. ژیانمان بەدەستیانەوە نەماوە ، هەموو برسی و ڕوت و ڕەجاڵێن، خۆیان و خاوخێزانیان وەک ، پادش دەژین و ئێمەشیان بە نانە سکی کردۆتە خزمەتکار و سوغرەکێش ، دەستم بە دامێنێت چارێکمان بکە ، هەر تۆ شک دەبین .

برۆکسل/ بەلیجکا

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت