بەهرۆز جەعفەر : ئەم هەموو غەدرە لەچەمچەماڵ بۆ ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەو قەیرانەى ئەمڕۆکە مرۆڤایەتى ، تێی کەوتووە ، لەمێژوودا وێنەى نەبووە ، هیچ زەمەنێک لەهەر زەمینێکدا نەبووە ، مرۆڤ بەقەد ئێستا حەز و خواستەکانى ڕوو لەهەڵکشان بێت . بەئەندازەى غەریزەى مرۆڤ ، بۆ تێربون . خەڵکى وێڵن . بەدواى فۆڕمێکى باشتر لەژیان . لەڕووى ئاسایش و تەندروستى و ژینگەو پەروەردەو ، کەشێکى دوور لەتەشهیرو سووککردن و هەڕەشەبازیی . وەلێ وەزیفەى ئینسانى وەئاگاش ئەوەیە ، لەهەرکوێ ستەمکرا ، لێی بێتە دەنگ ، لەهەر کوێش مرۆڤدۆستى و ئەرکێکى ویژدانى هەبوو ، دەستى بخاتە ژێر بار . بەو پێیەى ستەمى ناوخۆیی و ڕوئیایەکى ئیقلیمى و جیهانى و کلتوریی ، سەرقاڵى کردووین . هەقە جارجارەش لەو ناهەقیانە بێینە دەنگ ، کە بەرامبەر بەهەر کونجێکى ئەم نیشتمانە درێژەى هەیە.چەمچەماڵ نمونەى هەرە زیندوییانە .

قەزاى چەمچەماڵ ،(6) ناحیە . لەخۆدەگرێت ، ئامارى دانیشتوانەکەى نزیک دەبێتەوە لە (200000) هەزار کەس . پانتاییەکى بەرفراوانى هەیە . ئەو پپَگە ستراتیژییەى کە کەوتۆتە نێوان پارێزگاى ( سلێمانى – کەرک) ەوە . زیانى گەورەى پێگەیاندووە . تائەم چرکە ساتەش ، یەک چەمچەماڵیەک نازانێت ، قەزاکەیان سەر بەچ پارێزگایەکە ، کەرکوکە یان سلێمانى ، یاخود ڕێگاى مەرگى گەنجەکانیەتى ، کە پارێزگاى گەرمیان ( کەلار ) ە. ئەوەشی ئەم پۆلێنەى والێکردووە ، زۆرجار کوتلەبازیی و گەمەکانى ناو دەسەڵات و یەکێتیە بەتایبەتى .

لەڕابردوودا ، چەمچەماڵ هەر ئەو ستەمەى بەرامبەر نەکراوە ، کە وەک گەورەترین قەزا بێبەش بکرێت لەگشت ڕٍەهەندە ئیدارییەکان .بەڵکو ناوبانگیشى شێوێنراوە ، بە پیاو کوشتن و شەڕو ئاژاوەو …. هتد. لەکاتێکدا ئەگەر بێینە سەربارى ئامارو تاوانەکان ، ئەو شێوازە نامرۆییانەى لە ناوچەکانى ترى کوردستان دەکرێت ، لەڕووى چۆنێتى و چەندێتى یەوە ، لەچەمچەماڵ ڕووى نەداوە . وەکو سەربڕین ، وەکو جیهادکردن لەسوریا ، وەکو کۆمەڵکوژیی خێزانى و خانەوادەیی ، وەکو مناڵ سەربڕین …. هتد .

چەمچەماڵ ، پێگەو شارستانیەتێکى تایبەت بەخۆى هەیە ، یەکەم گوندى کشتوکاڵى لەجیهان ( چەرموو) پێش (7000) پێش میلاد . لەچەمچەماڵ بووە. لەڕووى ئابورییەوە ، کشتوکاڵ و سەنعەتى جۆراوجۆرى تیا بووە. کە ئێستا حکومەت وەگەڕی ناخات . نەوت و غازێکى بێشومارى هەیە . تەنها غازى شیواشۆک بەپێی ڕاپۆرتەکانى ئیدارەى ئەمریکا ، پترە لە غازى سربیا.

یەکەم ڕۆژنامە ساڵى (1946) لەچەمچەماڵ لەسەردەستى شاکیر فەتاح دەرچووە ، لەکاتێکدا لەپایتەختى کوردستان ڕۆژنامەیەک بەناوى هەولێر لە (1950) دەردەچێت . لە مەیدانى ئەدەب و شیعرو هونەردا ، هەریەکێک لە شێخ ڕەزاى تاڵەبانى و فەقێ قادرى هەمەوەندو مەلاى جەبارى و لەتیف حامد و … هتد. لە ئەدەبیاتى کوردى ، دەربکەیت ، وەک ئەوە مانا دەدات ، کە چەند خشتێکى گەورە لە دیوارێک دەربهێنیت . لەئێستاشدا لەپێش هەموو شارەکانى ترەوە ، درێژە بەکاروانى ڕۆژنامەگەریی دەدات ، بە دەرکردنى ڕۆژنامەى چەرموو ، کەیەکێکە لەڕۆژنامە باشەکان .

ئەم حیکایەتانە ، ڕەنگە دووبارەبن ، بۆئێمەو ڕۆشنبیرانى شارەکە . بەڵام دواجار ئەوە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسەکانى شارەکەن ، بەشدارى دەکەن لەو غەدرەدا ، لەکاتێک سوور دەزانن ، چەمچەماڵ وێڵاشى جێبەجێکردنى ماددەى (140) و پشتێنەى گەورەى کوردەکانى کەرکوکە . دەبینن چەمچەماڵ بەتەنها (100%) ى هەموو گەرمیانە . کەچى لە دامەزراندنى دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگەکاندا ،(3%) ى بۆ دادەمەزرێنن ؟. بۆچى دەرچوویەکى پەیمانگەو زانکۆ (2-3) ساڵە دانەمەزراوە .؟.

هەر بوارێکى ژیان بگرێت ، ستەمى تێکەڵکراوە ، دەرهەق بەچەمچەماڵ. . لەهیچ شەڕو کورد کوژییەکدا ، نەبووە .چەمچەماڵ زۆرترین قوربانى نەدات. لەناحیەى شۆڕش و شوێنەکانى دیکەى چەمچەماڵ. لەدەرگاى هەر ماڵێک بدەى ، ڕۆڵەیەکیان بەخشیوەتە ئەم نیشتمانە. نەک هەر وەک ئیدارەى سەربەخۆ کارى لەگەڵ ناکرێت . بەڵکو وەک مناڵێکى بێ کەس و دەرەتان.ڕام دەکرێت . ساناترین نەخۆشی ئەو شارە تا دەگاتە کەرکوک و سلێمانى،دەمرێت ، یان دەمرێنرێت.!.

لەئایندەیەکدا ، ئەگەر چەمچەماڵ وا بێبایەخ بکرێت ، دەرفەتى کار بۆ بێکارەکانى نەڕەخسێنرێت ، لەسادەترین کاردانەوەدا ، هەموو چەمچەماڵیەکان ، بایکۆتى کەرکوک و گەڕانەوەیان بۆ سەر پارێزگاى کەرکوک دەکەن .