Pertwki-68

کتێبی «٦٨ لە کاردانەوەی شۆڕشی ”ایران”دا» بە زمانی نەروێژی و لە وڵاتی نەروێژ چاپ و بڵاو کرایەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئامادەکردنی هاوکارمان – عیسماعیل عیسماعیلزادە .

کتێبی ناوبراو باسی کارەساتی «قاڕنێ» دەکات کە لە رۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا (٢ی سێپتەمبری ١٩٧٩) لە لایەن حکومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە روویدا. زۆر لایەنی شاراوە لە سەر مێژووی ئەو زەمەن هەیە کە بە گوتەی «سۆران کەرباسیان» نووسەری کتێبەکە، بەڵگەکان ئامانج و هۆکاری راستەقینەی بکەری کوشتارەکە روونتر دەکاتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە ئاسانکاریی پێویست کراوە بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ سەر زمانەکانی «سویدی، ئینگلیزی، فەڕانسەیی، کوردیی و فارسی».

بۆ ناساندنی کتێبی «٦٨ لە کاردانەوەی شۆڕشی ”ایران”دا»، سۆران کەرباسیان لەخوارەوە وەڵامی سێ پرسیار دەداتەوە:

مەبەستی ئێوە لە نووسینی کتێبی «٦٨ لە کاردانەوەی شۆڕشی ”ایران”دا» بە زمانی نەروێژی چی بووە؟

پێشتر ئەم پڕۆژەیەم بە زمانی کوردی گەڵاڵە کردبوو. هۆکارگەلێک هانیان دام تا ئەم پەرتووکە بۆ یەکەمجار بە زمانی نەروێژی بڵاو بکەمەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:

١. لە کاتی نووسین بە زمانی کوردی خۆم لە زۆر ڕوونکردنەوە لا دابوو کە بۆ خوێنەری کوردستانی و ”ایران”ی پێویست نەبوو. لە دواییدا بیرم لەوە کردەوە کە گەر ئەم پەرتووکە بگەڕێندرێتە سەر زمانەکانی ڕۆژئاوایی، سەرئێشەیەکی زۆر بۆ وەرگێڕ و خوێنەرەکانی ساز دەکا. هەر بۆیە بە دروست زانرا باسەکان بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە خوێنەر سەر بە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێ، بە ساکاریی لێی تێبگا.

٢. بۆ چاپی کوردیی پەرتووکەکە ترسی ئەوەم لێ نیشتبوو کە لە کاتی بە چاپ گەیاندنیدا ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێ. مەخابن ئەم خەسارە پێشتر لە لایەن چاپەمەنییەکانی باشووری کوردستانەوە ئەنجام دراوە. بۆ ئەوە کە دەستی چاپەمەنییەکان بۆ هەر چەشنە گۆڕانێک لە سەر پەرتووک ئاوەڵە نەهێڵم، بە باشترم دەزانی کە وەشانە کوردییەکەی وەک وەرگێڕدراوی بەرهەم بڵاو بکرێتەوە کە دەبێ وەک تێکستی ماک بچێ.

٣. کۆماری ”اسلامی ایران” پێشینەی ئەوەی هەیە کە گەر پەرتووکی نووسەرێک وەربگێڕێتە سەر زمانی فارسی ناوەڕۆکی باسەکەی دەستکاریی دەکا. سانسۆڕی زۆر دەقی گرنگیش دەکەن بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیانی نابینن تا بڵاو ببنەوە. تۆمارکرانی مافەکانی ئەم پەرتووکە لە وڵاتی نەروێژ دەتوانێ لەوە دڵنیام بکاتەوە کە لە ئەگەری هەر چەشنە چەواشەکارییەکدا کە بەرانبەر پەرتووکەکەم بکرێ، بواری ئەوە هەبێ تا لە ڕێگەی دەزگای چاپەمەنی نەروێژییەوە پێداچوونەوەی حقووقی بۆ بکرێ.

جیاوازیی نێوان کتێبەکەی ئێوە دەگەڵ هاوچەشنەکانی دیکە سەبارەت بەم مژارە لە چی دایە؟

پێشتر پەرتووکێک وەک لێکۆڵینەوە لە سەر کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی گوندی «قاڕنێ» بڵاو نەکراوەتەوە. ئەو پەرتووکانەی کە سەبارەت بە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی ”ایران”دا نووسراون، زۆربەیان دۆکیومێنتاری نین. هاوکات بەشێکی بەرچاویان لە لایەن سیاسەتوانانی ئەو بەشەی نیشتمان نووسراونەتەوە کە زۆرینەی تەوەرەکان بۆ باسی شەخسی و حیزبی تەرخان کراون. گەر سەیرێکی ئەو جۆرە پەرتووکانە بفەرموون، دەبینرێ کە باسی «قاڕنێ» تەنێ لە چەند لاپەڕەیەکدا ئاماژەی پێ کراوە. لە لایەکی دیکەوە من وەک تێڕوانینی شەخسی سەیری شۆڕشی ١٩٧٩ی ”ایران” ناکەم و بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەر دەستمدا هەبوون، هەوڵم داوە تا مێژووی ئەو زەمەن بەو جۆرەی کە هەبووە بخەمە بەر چاوی خوێنەر، نەک بەو جۆرەی کە پێشتر بە شێوەیەکی نادۆکیومێنتاری کراوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵکوژیی قاڕنێش بە پێویست زانراوە کە پێداچوونەوەیەکی شەڕی نەغەدە بکرێ. ئەو هەوڵانەی کە بۆ بەڵاڕێدابردنی مێژووی کوشتاری قاڕنێ ئەنجام دراون، خستراونەتە بەر لێوردبوونەوە و بە پاڵپشتی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، سەرچاوەگەلی ناکوردی و مێژووی زارەکی (لە ئەگەری بوونی بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی) وڵام دراونەتەوە.

لە کارەساتی «قاڕنێ»دا چی روویدا؟

کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی سێپتەمبری ساڵی ١٩٧٩ی زایینی، پاسدارەکانی حکومەتی کۆماری ”اسلامی ایران” گەمارۆی گوندی قاڕنێیان دا. هەر لە دەرەوەی ئەم گوندە ڕا هەر کەسیان وە بەر دەستی کەوتبوو، لە پیر و جحێڵ و ژن و منداڵیان وەبەر گوللەی تفەنگەکانیان دا. پاسدارانی حکومەت جیا لەوە کە پڕ چەک بوون، بە تانک و ئۆتۆمبیلی ئەرتەشەوە تەیار کرابوون. ئەوان نزیکەی ٣ کاتژمێر لەم گوندەدا بە شێوەیەکی زۆر دڕەندانە وەگیانی هەرچی مرۆڤ و گیانلەبەر کەوتن. لە دەورووبەری کاتژمێر ٤ی ئێوارێ، پاش ئەوە کە مناڵ و گەورەی گوندیان کوشت و کوت کوت کرد، گوندیان چۆل کرد و بەرەو بنکە سەربازییەکانی خۆیان گەڕانەوە.

ئەو کەسانەی خوازیارن ئەم کتێبە بکڕن دەتوانن سەردانی بەستەری راستەوخۆی بڵاوکەرەوەی «کولوفون» بکەن بەم ناونیشانە :http://kolofon.no/index.aspx?pid=2821&docid=71