Shere-Aw

ئاکۆ برایم : کاتى ڤیستیڤاڵى شەڕە ئاو نەبوو .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو دەمو ساتێک پێم خۆشە کە خەڵکى شارەکەم لە خۆشى وشادیدا بێت و هەمورۆژێکیان هەر بۆنە وخۆشى و ڤیستیڤاڵ و ئاهەنگ بێت ، بەردەوام لە حوزن و ناخۆشى و دڵتەنگى بەدووربن ، کاتێک کەبیستم کۆمەڵێک کەس بەنیازن لەناو پارکى ئازادى یدا ئەو چالاکی یە رێک بخەن،شادومان وئاسودە بووم وتم ، ئۆخەیش خوایە ئەوا ئێمەش خەریکە بەرەو پێش ئەچین و وەکو وڵاتانى دیکە گرنگى وبایەخ ئەدەین بەو جۆرە شتانە و ، تەمەناش ئەکەم کە بیرۆکەى جوان وباشتربەخەیاڵى ئەو بەڕیزانەدا بێت و میهرەجان و چالاکى دیکەى هاوشێوەى ئەوە سازبکرێت وئامادەکارى بۆ بکرێت .

بەڵام لێتان ناشارمەوە ئێستاشى لەگەڵدا بێت ، پڕ بەدڵ پەشیمانم لەو خۆزگە و ئاواتەم ، دەڵێم خۆزگە خۆزگە،ئەو ڤیستیڤاڵە لەوشوێنە و لەو کاتەدا ساز نەکرایە ، لەبەر ئەوەى یەکەم ئێمەى کوردلەپرسەداین وکەڵە شاعیرێکى گەورە و مەزن و بێهاوتامان لەدەست داوە کەئەستەمە شوێنى پڕبێتەوە ،ئەبوایە لایەنى رێکخەرانى ئەو ڤیستیڤاڵە کە بۆخۆشیان ئەهلى ئەدەب و رۆشنبیرین و ئاشنایەتیان لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ هەبووە، رەچاوى ئەو خاڵەیان بکردایە ، لەوەش زیاتر وەک دەزانین سبەینَى تەرمى ئەو شاعیرە مەزنەى گەلەکەمان دێتەوە بۆناوشارى سلێمانى و، لەهەمان شوێن واتە پارکىئازادى بەخاک دەسپێردرێت، کەئەوە زۆر زۆر ئازارى ویژدانى منى دا، من پێشبینیم دەکرد، کە رێکخەران و هاوڵاتیانى شارى سلێمانى بۆ پێشوازى لەرۆحى پاکى ئەو نەمرە ،پارکى ئازادیان بەشیوازو رەنگێکى ماتەمینى بڕازاندایەتەوە،کە شایستە بە قەدر و گەورەیى و خەبات وتێکۆشان وشاکارەکانى ئەو زاتە بوایە. بەداخەوە ئەوەى چاوەڕێم دەکرد نەهاتەدى .

لایەنێکى دیکەى ئەو ڤیستیڤاڵە ناشیرین کردن و پیس کردن شێواندنى سیماى جوان و گەشاوەى پارکى ئازادى بوو، کەبە داخەوە ئێمەى کورد تا ئێستاش رێز و قیمەتى شوێن و جێگاکانمان ناگرین و، بەچاوى کەم و بێ بایەخ تەماشاى دەکەین ، هەرکێ ئەو شوێنەى بدیبایە پڕ بەدڵ ناڕەحەت دەبوو ، غەم دایدەگرت، لەلایەک بەهەزاران دەبە ئاوى بەتاڵ و کاغەزى جۆراو جۆر گوڵە بەرۆژە و پاشماوەى خۆراک بەناو باخچەو شوێنەکانى ئەو پارکەدا بڵاو کرابونەوە، کە لە سەرە نوێلک نەبوایە لەهیچى دیکە نەدەچوو،کە بینیم رێک ئەو کاتەم بیر کەوتەوە کە پارکى ئازادى هێشتا هەر سەربازگەى حامیە کۆنەکەیە و نەکراوە بە باخچە، لەلایەکى دیکەوە شێلاندن و پانکردنەوەى ئەو هەموو گوڵ وگوڵزارەو شکاندنى چەندین نەمام و درەخت،کە ساڵانێکە کارمەندان وباخەوان و بەڕێوبەرانى باخچەکان بەدڵ وبەگیان خزمەتى دەکەن ـتا گەیشتۆتە ئەو ئاستە، ئەو قوڕو چڵپاو وناشیرینکردنى چیمەن و سەرشۆستەکان کە بەهۆى ئاوە رژاوەکەوە ئەو ناوەیان کردبووە لیتاو هەر مەپرسە .

خولاسەى کەلام، داواکارم کەبا ئیدى رێز و گەورەیى و پایەى نەمرانمان نەبێتە قوربانى ڤیستیڤاڵ و بۆنە ئاهەنگ ، دەکرا لەبەر رێز وحورمەت و پایەى ( شێرکۆ بێکەس)ى نەمر ڤیستڤاڵ و بۆنەکە بۆکات و وەختێکى دیکە دوابخرایە ، بەوەش مانایەکى جوانتریان دەدا چ بەخۆیان وەک رێکخەر،چ بە ڤیستڤاڵەکەتان. وەتەمەناش دەکەم کە ساڵى ئایندە ئەو ڤیستیڤاڵە ئەگەر کرا با لە شوێنکى دیکە بێت نەک پارکى ئازادى .

1,932 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت