Pshtiwan-abdulla

نافیزئەسوەد ، دەرباز سەرابی : پەیامێک بۆ بەڕێز پشتیوان عەبدوڵا .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک ڕەخنەی سیاسی ماهیەتی خۆی لەدەست دەدات

هەنگاوێکی قێزەون دەبێت بۆ قەڵەوکردنی گورگەکان”

گۆڕانخوازی ،روبەڕوبونەوەی گەندەڵی ، بەدەستهێنانی دادگەری کۆمەڵایەتی تۆی هێنایە سەرشەقامەکان و بە ئیرادەیەکی بەرزو گیانێکی خۆنەویستانەوە ، بەوپەڕی بوێریەوە دەنگی خۆت لەگەڵ دەنگی هەژاران و ماف خوراوانی کوردستان یەکخست و بەرەو ڕوی دەسەڵاتێکی ملهوڕی تۆتالیتار کە خۆی لە هەموو بەهاو مۆڕاڵێکی سیاسی و نیشتمانی داماڵیوە دروشمی کەم ژیان و کەڵ ژیانت بەرزکردەوە .

هاوڕێی ئازیز ئەوە تۆ بوی لەوشارەی کەهێشتا دوکەڵی دەبابەو خوێنی ( سەردەشت ) ی جوانەمەرگی تێدا کاڵ نەبوبۆوە ، تۆ جیاوازتر لە ( ئۆپۆسزیۆنی شەرمنی ئەوشارەو ئەو ڕێکخراوانەی کە لافی مەدەنیەت و سەربەخۆبون لێدەدەن ) هوتافی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیت بەرزکردەوەو وتت : ناااا بۆ ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان ، ناااا بۆدەسەڵاتێکی خێڵەکی و گەندەڵ . بەڵی ، دکتۆر ئەوە تۆ بووی ئەو مێژوە پرشنگدارەت تۆمارکرد .

ئێمە لە ڕوانگەی دڵسۆزی و هەستکردنمان بەبەرپرسیاریەتی هاوڕییەتی بەبیرت دێنینەوە ” کەتۆلە ڕابردودا ئاوابوی” داوا دەکەین ئێستاو داهاتووش بەمجۆرە بتبینینەوە ، نەک بەمجۆرەی ئێستا لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خۆت خستۆتە نێو ململانێیەکەوە کە کاری تۆ نیە،دکتۆر گیان ( فەیسبوک شەقامی تۆ نیەو شەقامی ترسنۆکەکانە ، شەقامی تۆ باتەو پارکی شارو سەرای ئازادیەکانە) . هیوامان وایە هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاوبگری و چیتر درێژە بەو شەڕە کەسی یە نەدەی کە خەریکە تۆو ئامانجە مەزنەکەت لە یەکتر دور دەخاتەوە ، تۆ بەم کارانەت دەبیت بە درێژە پێدەری ڕێبازێک کە لەمنداڵیەوە سیاسیەکانی ئەم ولاتەی لەسەر پەروەردە دەکرێت . قسەی ئێمە لەسەر ڕەواو نا ڕەوا بونی ڕەخنەکانی تۆ نیە ، ئەوەی ئێمەی نیگەران کردوە ئەوەیە ئێمە چاوەڕێی جوانترو گەورەتر لەم شتە بچوکانە لەتۆ دەکەین . تۆو دروشمەکانت لەوە جیاوازترو گەورەترن کە ململانێی سیاسی ، شەڕی پلەوپۆست ، ناکۆکی کەسی تێکەڵ بکەیت . قسەکانی ڕابردوت گەواهی دەری ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەن کە زۆربەی کاندیدانی پەڕلەمان پێیان وایە تاکە ڕێگا بۆ خەباتکردن ، خەباتی پەڕلەمانییە لەکاتێکدا تەواوی میللەت باش دەزانن هەوڵی بوون بە ئەندام پەڕلەمان لە خەونی گیرفان پڕکردنەوە سەرچاوەی گرتووە . ململانێیەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان بەبەرژەوەندی تۆ نەشکایەوە ، بەڵام ئێمە ئەوە دەزانین کە مایەپوچبونی پەڕلەمان وای لەتۆ کردوە کە چیتر بڕوات بە خەباتی پەڕلەمانی نەمێنێت ، ئەوەی ئێستا لەتۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبوکدا دەگوزەرێ ، تۆ بتەوێ یان نەتەوێ بەو ئاڕاستەیەدا دەشکێتەوە کەتۆ شەڕی پلەو پۆست و بوون بە ئەندام پەڕلەمانی دەکەی لە کاتێکدا ئیمە باش دەزانین ئەوە لە فەرهەنگی خەباتی تۆدا جێگای نابێتەوە ، ئەی کەوابێ ئەم وێناکردنە ناشیرنە لەپێناوی چی ؟! هاوڕێی ئازیز ئێمە باش دەزانین نەیارەکانی تۆ ، ئەوکەسانەی تۆ قسەیان لەسەر دەکەی بەهۆی رەخنەکانی تۆوە ناسران ، پێشترزۆرێک لە خەڵکی نەیدەزانی کێن و چین ، دەشێ بڵێی ئەی ئەگەر وایە بۆچی ئەوان دەکرێن بە دەنگێکی زوڵاڵی کۆمەڵگا ؟! دکتۆر گیان ئەوە حەقیقەتێکی تاڵە ، بەڵی ئەوکەسانەی لە ساتە سەختەکاندا جێیان هێشتین ئەمڕۆ کراون بە شۆرەسواری مەیدانەکە ، بەڵێ ئێمە پێویستمان بە پێداچونەوەیەکیلۆگیکیانە هەیە بە سەرتاپای بیری سیاسی و حیزبایەتی ئەم وڵاتەدا . ئێمە دەزانین تۆ توشی پەراوێزی سیاسی بویت ، ئەوەی ڕویدا بۆ ئێمەش جێگەی نیگەرانی و پرسیارێکی گەورەیە ، بەڵام هێشتا پێمان وایە هاوتاکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە لەخۆباییەی کە تەنها کاری دیهیومانیزەکردنی خەڵکە کارێکی گونجاو نیە.

ڕەخنەگرتن لە بزوتنەوەی گۆڕان نابێ یاساخکراوو حەرام بکرێت ، وە ناشبێ پێگەی هیچ ڕەوتێکی سیاسی لەسەروی بەرژەوەندیەکانی میللەتەوە دابنرێت ، وە دەبی هەمو ڕەخنەکانیشمان لە خزمەتی میللەت و نیشتمان دا بێت. پێویستە ڕەخنەگر ڕەجاوی بارودۆخ و زەمەن بکات ، بۆیە پێمان وایە لەو ساتە وەختە هەستیارەدا ئەگەر زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەو دایەلۆگە فکریەکانماندا نەکەین و نەزانین چۆن پەنجە بخەینە سەر لەنگیەکانی ((( ئەو هێزانەی بەرەو ڕوی دەسەڵات وەستاونەتەوە))) ئەوا بەبێ ویستی خۆمان خزمەتێکی بەرچاو بە لایەنەکانی دەسەڵات دەگەیەنین .

( خۆ گونجاندن پیشەی مرۆڤە یاخی و سەرکەشەکان نیە ، وە هەمو مرۆڤێکیش مافی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هەیە بەڵام دەکرێ بەردەکان جگە لە شکاندن کاری تریشیان پێ بکرێت ).

بۆیه‌ داواکارین له‌ به‌ڕێزت سنورێک بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دابنێیت و بتوانیت بە لێهاتویی خۆت هاوسەنگی سیاسی بۆ دۆخەکە بگێڕیتەوەودەنگی دەهۆڵی لایەنە هەل پەرستەکان کپ بکەیت .

دڵسۆزی خۆ ت : نافیز ئەسوەد

دەرباز سەرابی

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت