Sherko-haci-400x300

دکتۆر شێرکۆ کرمانج : ئیسلامییەکانی کوردستان دوای بەهاری عەرەبی لە هەموو کات زیاتر خەون بە دەسەڵاتەوە دەبینن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* بیر و ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی لەگەڵ کۆمەڵێک پرنسیپی دیموکراسیدا ناگونجێ

* هێزێکی ئیسلامیی کاتێک دەتوانێت دیموکراسی بێت شەریعەت نەکات بە بنەمایەکی نەگۆڕ و پیرۆز

* هەموو هێزە ئیسلامییەکان بە توندڕەو و میانڕەوەوە هێزی کۆنەپارێزن

د. شێرکۆ کرمانج ، مامۆستای زانکۆ و پسپۆر لە بواری ئیسلامی سیاسیی ، لەم دیمانە تایبەتەدا باس لە ئەزموونی ئیسلامی سیاسیی و پەیوەندیی نێوان ئیسلامی سیاسیی و دیموکراسی دەکات .

ستیڤان : تا چەندە پێتوایە ئیسلامی سیاسیی ‌و دیموکراسی لەگەڵ یەکتر دەگونجێنن؟ تۆ چۆن دەڕوانیتە ئەو تێزەی پێیوایە ئیسلامی سیاسیی دوژمنی باوەکوژی دیموکراسییە؟.

د. شێرکۆ کرمانج : پێش هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم ئێمە لێرە کە باس لە دیموکراسییەت دەکەین دەبێت بزانین مەبەستمان لە دیموکراسی چییە. ئەگەر مەبەستمان تەنیا فەراهەمکردنی میکانیزمەکانی گەیشتن بە دەسەڵات بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم بەڵێ ئیسلامی سیاسیی، بەتایبەتی ئەو باڵەی ماوەی ٢٠ ساڵێک دەبێت لە هەوڵی خۆگونجاندایە لەگەڵ رەوتی زەمەن، لەگەڵ دیموکراسی دەگونجێت ‌و دەتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن‌. بە واتایەکی دیکە ئیسلامی سیاسیی دوژمنی باوەکوژەی ئەو جۆرە لە دیموکراسیی نییە تەنیا لە هەڵبژاردن ‌و دەنگداندا قەتیس دەکرێت. بەڵام ئایا ئیسلامی سیاسیی، یان ئیسلامییەکان، لەگەڵ کۆڵەکە و بەها سەرەکییەکانی دیموکراسی هەڵدەکەن یان نا ئەوە پرسێکی دیکەیە. من پێموایە بیر و ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی لەگەڵ کۆمەڵێک پرنسیپی دیموکراسیدا ناگونجێ . لێرە چەند نموونەیەک دێنمەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئارگیومێنتە.

یەکەم ، لە سیستمی دیموکراسی خەڵک سەروەرن (sovereign)، واتە خەڵک راستەوخۆ، بۆ نموونە لە ریفراندۆمەکان، یان ناراستەوخۆ، لە رێگەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمان ، بڕیار دەدەن‌ و یاسا و رێسا دەردەکەن. بەڵام ئیسلامییەکان پێیانوایە خوا سەروەرە (sovereign)، واتە ئەوە خوایە لە رێگەی دەقە ئایینییەکانەوە یاساو رێساکانی داڕشتووە و حکوومەت دەبێت جێبەجێیان بکات‌ و خەڵک پەیڕەویان بکات. لەو شوێنەش کە بەپێی دەقەکان یاسا دانەنراون ئەوە دیسان بەگوێرەی دیدی ئیسلامییەکان دەبێت یاساکان بگەڕێنەوە سەر دەقە ئایینییەکان یان کردەوە و گفتەکانی پێغەمبەر و ئەهلی سەلەف بۆ ئیلهام وەرگرتن.

بە کورتییەکەی لە دنیای ئیسلامییەکان خەڵک سەروەر و بڕیاردەر نین بەڵکو خەڵک یان نوێنەرەکانی دەبێت ئەو یاسایانە جێبەجێبکەن کە سەروەری گەورە، یان تاکە سەروەر، خوا، هاتوون جێبەجێبکەن، یان ئیلهام لە ئامۆژگارییەکانی خوا، یان پێغەمبەرانی وەک ئەوەی لە دەقە ئایینییەکان هاتون وەربگرن. ئەم دید و تێگەیشتنە لەگەڵ ئەوەی لەو دیموکراسییە پراکتیزکراوانەی لە دنیادا هەن ناکۆکە چوونکە لە دنیاو سیستمی دیموکراسی خەڵک سەروەرە و لە دەرەوەی خەڵک دەسەڵاتێکی دیکە نییە سەروەر بێت بەسەریانەوە، بەڵکو ئەو دەسەڵاتەی هەیە نوێنەری خەڵکەکەیە و بەپێی بەرژەوەندیی‌ و حەز و ئارەزووەکانی خەڵکەکە بڕیار و یاساکان دەردەکات.

دووەم ، لە سیستمی دیموکراسی نە سەوابت هەیە نە پیرۆزیی (موقەدەس) کەچی ئیسلامی سیاسیی باوەڕی بە کۆمەڵێک سەوابت ‌و موقەدەساتی ئاینیی هەیە. ئەمەش ناکۆکە بە جەوهەری دیموکراسی کە بناغەی لەسەر چەمکی دینامیکییەت داناوە و دژ بە چەقبەستوییە (ستاتیکییە). دیارە لێرە دەبێت ئەوە بڵێم ئەوە تەنیا هێزە ئیسلامییەکان نین باوەڕیان بە سەوابت‌ و موقەدەسات هەیە بەڵکو هێزی عەلمانیش هەیە بەرنامەکانیان باس لە سەوابتی دینی‌ و نیشتیمانی دەکات. من پێموایە دۆگماتیزم‌ و چەقبەستویی زادە و بەرهەمی باوەڕبوونە بە سەوابتەکان‌ و موقەدەسەکان. لەبەرئەوەی دۆگماتیزم‌ و چەقبەستویی لەگەڵ رۆحی گۆڕانخوازیی/ دینامیکییەتی دیموکراسییدا نایەتەوە بۆیە هەر هێزێک، ئیسلامیی بێت یان عەلمانی، ئەوە بە مکوڕبوونی لەسەر سەوابتەکان ‌و نەگۆڕەکان، بەشێوەیەک لە شێوەکان، نەگونجانی خۆی لەگەڵ دیموکراسییەت نیشاندەدات‌. بە واتایەکی دیکە دەکرێت بڵێین بۆ نزیکبوونەوە لە دیموکراسی دەبێت خۆ وەدووربگرین لە سەوابت‌ و موقەدەسات.

سێیەم ، یەکسانیی هاوڵاتیان بەراتبەر بە یاسا و مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیان یەکسانانە بەهایەکی هەرە سەرەکی دیموکراسییە. لەبەرئەوەی هێزە ئیسلامییەکان داوای تەتبیقی شەریعەی ئیسلام دەکەن‌ و شەریعەی ئیسلامیش لە زۆر شوێن نەک هەر یەکسانیی ئینسانەکان ناسەلمێنێت بەڵکو پێداگریی لەسەر نایەکسایی دەکات، بۆیە ناکرێت هێزێکی ئیسلامی کە داوای تەتبیقی شەریعە بکات بە هێزێکی دیموکراسیخواز دابنێین. رونتر بڵێین، شەریعە بە یەک چاو تەماشای ژن ‌و پیاو ناکات. بۆ نموونە، ژن‌ و پیاو لە پرسی تەڵاق یەکسان نین، لە شایەدی یەکسان نین، لە میرات یەکسان نین. پیاو دەتوانێت بەکەیفی خۆی بگەڕێت‌ و ئەم وڵات‌ و ئەو وڵات بکات کەچی ژن دەبێت لەگەڵ مەحرەمێک بچێتە بازاڕ .

لەوانەیە هەندێک لایەنی ئیسلامیی بڵێن ئاخر تۆ باس لە شەریعە دەکەیت نەک دیدی ئێمە، لە وەڵامدا دەڵێم کامە هێزی ئیسلامیی هەیە لەم دنیایە جورئەت بکات بڵێت ئێمە نە داوای تەتبیقی شەریعە دەکەین‌ و نە باوەڕیشمان بە سەوابتەکانی ئیسلام هەیە؟. هەر کاتێک ئەو رستەیەم دیت ئەوکات بە خۆشحاڵییەوە لە دید و تێگەیشتنەکەی خۆم لەسەر ئیسلامییەکان پەشیمان دەبمەوە. بە کورتییەکەی کێشەکە لەوەدانییە ئیسلامییەکان لە جەوهەردا دژە دیموکراسی بن، چوونکە من پێموانییە هیچ کەس ‌و لایەنێک لە جەوهەردا دژە دیموکراسی یان پرۆدیموکراسی بێت، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە ئیسلامییەکان باوەڕیان بە کۆمەڵێک سەوابت ‌و قەواعید هەیە لەگەڵ بەها دیموکراسییەکان ناکۆکە. دەکرێت قسە لەسەر نایەکسانیی موسڵمان‌ و ناموسڵمان یان باوەڕدار و بێباوەڕیش بکەیەن، بەڵام من ئەوە بۆ خوێنەری بەجێدێڵم‌ چوونکە لە زۆر شوێنی دیکە باسمکردووە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەریان.

ستیڤان : ئیسلامییەکان لەکوردستان بانگەشە بۆ دیموکراسیی‌ و فرەیی دەکەن. پێتوایە ئەمە تاکتیکێکە وەک ئەوەی ئیخوانەکانی میسر کردیان یان گۆڕانێکی ریشەییە لە دیدی ئیسلامییەکانی کوردستاندا؟.

د.شێرکۆ کرمانج: هەر هێزێک ئیسلامی بێت یان عەلمانی، یان هیچیان نەبێت، بەوە نابێتە دیموکراسی بانگەشەی دیموکراسی بکات، بەڵکو بەوە دەبێت بە دیموکراسی رێز لە بەها دیموکراسییەکان ‌بگرێت ‌و پراکتیزی نۆرم‌ و نەرێتە دیموکراسییەکان بکات. من بۆ خۆم هیوا دەخوازم ئەو بانگەشەیەی ئیسلامییەکان دەیکەن گۆڕانکارییەکی ریشەیی بێت نەک تاکتیک. لە پرسیاری پێشوو بە کورتی وەڵامی ئەوەم دایەوە بۆ هێزە ئیسلامییەکان ناتوانن یان بۆیان ناکرێت دیموکراسی بن. با بەشێوەیەکی دیکە بە گەڕانەوە بۆ وەڵامەکانی پرسیارەکەی پێشوو قسە لەسەر ئەوە بکەین داخۆ ئەوەی ئێستا ئیسلامییەکان دیکەن بانگەشەیە یان گۆڕانی ریشەیی؟.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم دیموکراسییبوون شتێک نییە بە جەوهەر لەگەڵ ئیسلامییەکان نەیەتەوە، واتە هێزێکی ئیسلامیی دەکرێت‌ و دەتوانێت دیموکراسی بێت. بەڵام چۆن؟ لە وەڵامدا، دیسان بەکورتی چوونکە ئەم پرسیارە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگریت لێرە لەسەری راوەستین، دەڵێم: هێزێکی ئیسلامیی کاتێک باوەڕی بەوە هەبوو لە پرۆسەی یاساداناندا ئینسان سەروەرە نەک هێزێکی دیکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئینسانەکان/ هاووڵاتییەکان، واتە باوەڕهێنان بە قەوانینە وەزعییەکان نەک سەماوییەکان، ئەوە ئەوکات دەتوانین باس لەوە بکەین ئەو هێزە ئیسلامییە نەک دیموکراسییە بەڵکو دەکرێت دیموکراسیخواز بێت.

بۆ روونکردنەوەی زیاتر دەبێت بڵێین ئایینە سەماوییەکان چوونکە بۆ گروپێکی موعەیەن دابەزیوون، بۆ نموونە موسڵمانان، بۆیە ناکرێت بەسەر هەموو هاووڵاتیاندا بسەپێنرێن. ئێستا ئیسلامییەکان راستدەبنەوە و دەڵێن بەڵام دەقە ئایینییەکانی ئیسلام بۆ هەموو مرۆڤایەتی دابەزیون نەک تەنیا بۆ موسڵمانان. لە وەڵامدا دەڵێم بەڕێز: ئەوە تێگەیشتنێکی موسڵمانانە یان ئیسلامییانەیە بۆ دەقەکانی ئیسلام، چوونکە کەسێکی مەسیحی یان بودی یان بێباوەڕ هیچ کاتێک پێوانییەدەقە ئاینییەکانی ئیسلام بۆ ئەویش دابەزیون. ئەوە باوەڕبوونە بە ئیسلام واتلێدەکات پێتوابێت دەقە ئاینییەکانی ئیسلام گشتگیر و کامڵبن ‌و بۆ هەموو مرۆڤەکان دابەزیبن نەک هەقیقەتێک بێت هەموو کەسێک باوەڕی پێبێت.

هێزێکی ئیسلامیی کاتێک دەتوانێت دیموکراسی بێت دەقە ئاینییەکان ‌و شەریعەت نەکات بە بنەمایەکی نەگۆڕ و پیرۆز. هێزێکی ئیسلامیی کاتێک دەبێت بە دیموکراسی کاتێک بێ گەڕانەوە بۆ دەقە ئاینییەکان‌ و شەریعە دان بە یەکسانییبوونی هاووڵاتیانی وڵات بنێت. واتە هیچ پاساوێک نەهێنێتەوە، نە فیزیکی، نە جەستەیی، نە ئاینیی، نە سۆزیی هتد… بۆ نایەکسانیی ژن‌ و پیاو. هێزێکی ئیسلامیی کاتێک دەبێتە هێزێکی دیموکراسی کاتێک بە یەک چاو تەماشای موسڵمانێک ‌و ناموسڵمانێک بکات، بە یەک چاو تەماشای باوەڕدارێک‌ و بێباوەڕێک بکات. من نامەوێت خۆم بکەم بە وەکیلی هێزە ئیسلامییەکان بەڵام هەر کاتێک هەر هێزێکی ئیسلامیی لانیکەم ئەم خاڵانە لە بەرنامە و پراکتیزدا جێبەجێ بکات ئەوە دەکرێت بڵێین ئەو لایەنە دەکرێت دیموکراسێکی یەکسانخواز بێت. بەڵام کاتێک هێزێکی ئیسلامیی شەریعەت وەلانێت‌ و دەقە ئایینییەکان وەک نەگۆڕ و پیرۆز تەماشا نەکات ئیدی لەوانەیە نەکرێت وەک هێزێکی ئیسلامیی تەماشا بکرێت. ئەمەش ئیشکالییەتێکە ئیسلامییەکان تێیکەوتوون.

ستیڤان : هەندێک لە توێژەران پێیانوایە دەوڵەتی ئاینی دەوڵەتێکی ستەمکارییە. بەم پێیە ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان دەیەوێ ستەمکاریی ئاینیی بگێڕێتەوە؟.

د. شێرکۆ کرمانج: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین دەوڵەتی ئایینیی بەدرێژایی مێژوو بەگشتی دەوڵەتێکی ستەمکار بووە. هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێین لە نێو دەوڵەتە ئایینییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەوڵەتە ئایینییەکانی ئیسلام زۆرجار لە دەوڵەتە ئایینییەکانی مەسیحییەت کەمتر ستەمکار بووە، واتە دەوڵەتە ئیسلامییەکان زیاتر قەبوڵی فرەیی ئایینییەکان کردووە. بۆ نموونە کەمینە ئایینییەکان لە دەوڵەتی عوسمانی باشتر جێگەیان دەبۆوە لەوەی لەو دەوڵەتانەی لە دنیای مەسیحییەت ئەوکات دەسەڵاتدار بوون. ئەوەندەی دەوڵەتە ئیسلامییەکان رێزیان لە جولەکە ‌و مەسیحییەکانی ناوخۆیان دەگرت ئەوەندە دەوڵەتە مەسیحییەکان رێزیان لە موسڵمانان ‌و جولەکەکانی ناو دەوڵەتەکانی خۆیان نەدەگرت. بەڵام ئەو رێزگرتنە بەو مانایە نەبووە مەسیحیی‌ و جولەکەکان لە دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتی ئەمەوی ‌و یان عەباسی یەکسانبووبن بە موسڵمانان. لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان هەم جولەکەکان هەم مەسیحییەکان جزیەیان خسترابووە سەر، جزیەیەک بەپێی دەقی قورئان شەرعییەتی پێدراوە. دانانی جزیە بەبنەما لەسەر دین خۆی نیشانەی نایەکسانی هاووڵاتیانە لە چاوی دەوڵەتەوە.

من پێموانییە دەوڵەتی ئایینیی دەوڵەتێکی ستەمکار بەرهەم بێنێت چوونکە ستەمکاریی (tyrannical) لەلای من جیاوازیی هەیە لەگەڵ نادیموکراسی. بەواتایەکی دیکە دەوڵەتی ئایینیی بەگشتی نادیموکراسیین، بەڵام مەرج نییە ستەمکار بن. ستەمکارییبوون چەند ئاستێک بەرزترە/ خراپترە لە نادیموکراسییبوون. ستەمکاریی واتە سیستمێک ناڕەوایانە قەساوەت‌ و توندوتیژیی ‌و زەبروزەنگی بێ جیاوازیی بەکاربێنێت. دەوڵەتێکی نادیموکراسی دەکرێت ستەمکار بێت بەڵام مەرج کە حەتمەن ستەمکار بێت چوونکە دەکرێت دەوڵەتێک نادیموکراس بێت، واتە بەیەک چاو تەماشای هاوڵاتیانی نەکات، بەڵام زەبروزەنگێکی بێبەزەییانە بەکارنەهێنێت.

بەکورتییەکەی من پێموانییە دەوڵەتی ئایینیی حەتمەن دەوڵەتێکی ستەمکاریی دەبێت، هاوکات، پێشموانییە ئیسلامییەکان بەئانقەسەت دەیانەوێت دەوڵەتێکی ستەمکاریی دروستبکەن لە کوردستان، هەروەها، مەرج نییە بە هاتنە سەر حوکمی ئیسلامییەکان دەوڵەتێکی ستەمکار بەرقەرار بێت، بەڵام من پێموایە بەو دیدو باوەڕ و بەرنامەیەی ئیسلامییەکان ئێستا هەیانە، نەیانتوانیوە تا ئێستا خۆیان لە باوەڕبوون بە نەگۆڕ و پیرۆزییە ئایینییەکان رزگار بکەن، ئەوە دەوڵەتێکی دیموکراسی ‌و فرەیی بەرهەمبێنن یان بەشداریێکی چالاکی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و دەوڵەت بن.

ستیڤان : د.عادل باخەوان پێیوایە ئیسلامی سیاسیی، ئێستا سەرقاڵی ئیسلامیزەکردنی کایە کۆمەڵایەتییەکانە و وازی لەشەڕی دەسەڵات هێناوە. تۆ پێتوایە ئیسلامی سیاسیی وازی لە خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی هێنابێت؟.

د. شێرکۆ کرمانج : ئەو بابەتەی کاک عادل باخەوانم خوێندەوە، لە فەیسبووکیش لەگەڵ هاوڕێیانم سەیرمکرد. پێموانییە کاک عادل گوتبێتی ئیسلامییەکان وازیان لە شەڕی دەسەڵات هێنابێت. ئەگەر وای گوتبێت ئەوە هاوڕا نیم لەگەڵی، بەڵام پێموانییە وای گوتبێت، چوونکە ئیسلامییەکانی کوردستان بەتایبەتی دوای بەهاری عەرەبی/ ئیسلامیی لە هەموو کاتێک زیاتر خەون بە دەسەڵاتەوە دەبینن. ئەوەش مافێکی رەوای خۆیانە چوونکە هەموو هێزێکی سیاسی بۆ ئەوە دادەمەزرێت دەسەڵات بگرێتەدەست. ئەگەری ئەوەی ئیسلامییەکانی کوردستان لەم نزیکانە دەسەڵات بگرنە دەست زۆر لاوازە، بەڵام ئەگەرێک نییە لە هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان وەدەربێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک، هۆی هەرە سەرکی پەیوەندیی بە بەشی دووەمی پرسیارەکەتەوە هەیە بۆیە لێرە هەڵوەستەی لەسەر دەکەم.

من پێموایە ئەوەی پێیدەگوترێت رابوونی ئیسلامیی (الێحوە الاسلامیە) کۆمەڵێک رەهەندی هەیە، لەوانە دوو رەهەندیان زۆر گرنگن. یەکەم رەهەندی سیاسییە، بە کورتی خۆی لە هەوڵی ئیسلامییەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیی دەبینێتەوە. دووەم، رەهەندی کۆمەڵایەتی ئەو دیاردەیەیە، دیسان بە کورتی خۆی لەو دەرکەوتە ئایینی ‌و غەیبیانە دەبینێتەوە ئێستا لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان بەرچاو دەکەون، وەک پەچە لەسەرنان لەلایەن کچان‌ و ژنان، بڵاوبوونەوە و زاڵبوونی کەلتوری غەیبانییەت‌ و ناعەقڵانییەت لە کۆمەڵگادا، باوەڕبوون بە ئەفسانە و شتی پڕوپووچ لەلایەن خەڵک، بە سادە و خوێندەواریەوە… هتد.

ئیسلامییەکان نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە هەموو دنیا کار لەسەر هەر دوو رەهەندەکە دەکەن، واتە هەم هەوڵی دەسەڵات دەدەن هەم ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە. من پێموایە وەک ئەوەی کاک عادل ئاماژەی پێکردووە، لە کوردستان ماوەیەکە هێزە ئیسلامییە سیاسییەکان، هەندێکجار هێزە بەناو عەلمانییە کۆنەپارێزەکانیش، راستەوخۆ کار لەسەر رەهەندە کۆمەڵایەتییەکە ناکەن بەڵکو ئەوەیان بەجێهێشتووە بۆ کۆمەڵێک مەلای سەلەفی‌ و دامودەزگای دیکەی پەروەردەیی. ئەرکی گەمژەکردنی خەڵک ‌و بڵاوکردنەوەی غەیبانییەت‌ و ئەفسانە و ناعەقڵانییەت سپێردراوە بەو مەلایانە بۆئەوەی ئەوان وەک هێزێکی کۆنەپارێز یان رەجعی دەرنەکەون. ئەو لایەنانەی نایانەوێت کۆمەڵگە وریا و شارەزا بێت، چ ئیسلامییەکان چ عەلمانییەکان، لە رێگەی ئەو مەلایانەوە کۆمەڵگە گەمژە دەکەن. گەمژەکردنی کۆمەڵگەش خزمەت بە بەرنامەکانی ئەوان دەکات چونکە کۆمەڵگەی وریا و عەقڵانی زەمینەیەک نییە هێزە ئیسلامییەکان‌ و کۆنەپارێزەکان بتوانن تێیدا گەشەبکەن ‌و گەمە سیاسییەکانی خۆیان بکەن. خۆ ئەگەر بوونیشیان هەبێت ئەوە زەحمەتە ببن بەو هێزەی جڵەوی کۆمەڵگە بگرنە دەست ‌‌و ئیحتیکاری بکەن.

من پێموایە مەبەستی کاک عادلیش هەر ئەوە بوو، بە کورتی، ئیسلامییەکان ‌و هێزە کۆنەپارێزەکان، لە رێگەی کۆمەڵێک مەلای سەلەفی بیر داخراو و چەقبەستوو دەیانەوێت وا دەرنەکەون ئەوان بەشێکن لە گەمژەکردن ‌و بەگەمژە هێشتنەوەی کۆمەڵگە. بەڵام بۆ پرسی ئەوەی ئیسلامییەکانی کوردستان ئێستا تەنیا کار لەسەر ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە دەکەن لە رێگەی مەلا سەلەفییەکانەوە ئەوە من هاوڕانیم بەڵکو من پێموایە ئەوان هاوکات لەسەر هەردوو رەهەندەکە کاردەکەن، وەک هێزێکی سیاسیی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات‌ و وەک مەلا سەلەفییەکان بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە .

ستیڤان : تا چەندە لەگەڵ ئەو پۆلێنەدایت رەوتە ئیسلامییەکان دابەشدەکات بەسەر توندڕەو و میانڕەودا؟.

د.شێرکۆ کرمانج: ئەم پۆلێنبەندییە هەم دروستە هەم نادروست، یان چاکتر بڵێین ئەگەرچی راستی لەم پۆلینبەندییەدا هەیە کەچی ناکرێت بگشتاندرێت (تەعمیم بکرێت). پرسیارەکە ئەوەیە بۆ؟ من پێموایە ناکرێت هێزێکی ئیسلامیی وەک جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام وەک یەکگرتوو و کۆمەڵ تەماشا بکەین. هۆکارێکی ئەمە ئەوەیە دوو هێزەکەی یەکەم سیستمی سیاسیی کوردستانیان تەکفیر کردووە و لە هەوڵی سەراوژێرکردنی سیستمە سیاسیی‌ و کۆمەڵایەتییەکەیدان، بەڵام دوو هێزەکەی دووەم سیستمی سیاسیی کوردستانیان قەبوڵە و لەناو ئەو سیستمەدا دەیانەوێت بگەن بە دەسەڵات نەک بە تێکڕوخاندنی سیستمەکە و تەفروتوناکردنی.

بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئەندامیان هەیە و ئەو فەزا سیاسییەی لە کوردستان لەبەردەمیان فەراهەمکراوە، سەرەڕای رەخنەی ئەوان‌ و رەخنەی منیش لە فەزاکە، کەچی ئەوان چالاکی سیاسیی لەناو فەزاکە دەنوێنن ‌و دەیانەوێت لە رێگەی دەستاودەستکردنی حوکم، لانیکەم تا ئێستا، بگەنە دەسەڵات. لەبەر ئەم هۆیە و چەندین هۆی دیکە، کە کاتی پڕژانە سەریمان نییە، ناکرێت کۆمەڵ‌ و یەکگرتوو بخەینە خانەی ئەنسارولئیسلام ‌و جوندلئیسلام. بۆیە پۆلینکردنی کۆمەڵ‌ و یەکگرتوو، بەتایبەتی یەکگرتوو، وەک دوو هێزی میانڕەو و دانانی جوندولئیسلام‌ و ئەنسارولئیسلام وەک دوو هێزی توندڕەو گونجاوترە لەوەی هەموویان بخرێنە خانەیەکەوە.

سەرەڕای ئەم قسانە، ئەگەر بێتوو لە ئامانجی هەر چوار هێز بڕوانین دەبینین کۆمەڵێک هاوبەشیان هەیە، لەوانە هەر چواریان داوای تەتبیقی شەریعە دەکەن، هەر چواریان باوەڕیان بە دامەزراندنی فۆرمێک لە فۆرمەکانی دەوڵەتی دینی هەیە. دیارە ئەو فۆرمەی یەکگرتوو دوای دەکات زۆر مۆدێرنترە لەوەی هێزە توندڕەوەکان داوای دەکەن، بەڵام هەر هەموویان داوای فۆرمێکی دینی لە حوکمکردن دەکەن. هەموو هێزە ئیسلامییەکان بە توندڕەو و میانڕەوەوە هێزی کۆنەپارێزن. لێرە کۆنەپارێز بە مانای رەجعی نییە بەڵکو کۆنزێرڤەتیڤ.

هێزە توندڕەوەکان داوای گێڕانەوە و زیندوکردنەوەی فۆرمی خەلافەت دەکەن، بەڵام بەگشتی ئیسلامییە میانڕەوەکان لە هەوڵی دامەزراندنی فۆرمێکی دینی دیکەی دەوڵەتن کە زیاتر لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی زەمانە بگونجێت. دامەزرێنەری ئیخوانەکان لە میسر، حەسەن بەننا، داوای دروستکردنەوەی خەلافەتی دەکرد، بەڵام ئیخوانەکانی ئێستا لە میسر تەجاوزی ئەو داوایانەیان کردووە. ئەو فۆرمەی حوکمڕانی ئەمڕۆ ئیخوانەکان داوای دەکەن جیایە لەوەی حەسەن بەننا. ئەمە لەسەر یەکگرتووش جێبەجێدەبێت. بۆیە ناکرێت بڵێین خاڵی هاوبەش/ ناوکۆیی لەنێوان هێزە ئیسلامییەکان دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتە بەڵکو ئەو خاڵەی لەنێوانیان هاوبەشە سەپاندن‌ و تەتبیقکردنی شەریعەی ئیسلامە .

تێبینی : ئەم دیمانەیەم لە ژمارە ” 26 ” ی گۆڤاری “شەپۆل” لە رۆژی 20-7-2013 بڵاوکراوەتەوە.