demokrasi

شەفیق بانی شاری : دار و دیوار و عامود لە چاوەڕوانی بانگەشەی هەڵبژاردن !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوى کۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن واده‌ى ده‌ستپێکى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى حیزب و کاندیده‌کان بۆ په‌رله‌مانى داهاتوو له‌28/8 ده‌ست پێده‌کات .

نامه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ گرنگى چه‌مکه‌کانى هه‌ڵبژاردن یاخود پێشبینى کردنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو به‌ڵکو ئه‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌لایه‌نێکى زه‌قى هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌م که‌ ماوه‌یه‌کى زۆر پێش وه‌ختى ئه‌نجام دانى پرۆسه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و کاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆ ده‌کاته‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و بیروڕاى ده‌نگده‌ر ئه‌ویش ماوه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ ، که‌ ماوه‌یه‌کى دیاریکراوه‌ کۆمیسیۆن وه‌ک مافێک به‌خشیویه‌ته‌ قه‌واره‌ سیاسی و ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ خۆیان پاڵاوتووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنیان له‌لایه‌ن گه‌ل .

جێى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌کانى پێشووى هه‌ڵبژاردن هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان ئه‌زموونێکیان هه‌یه‌ هه‌ر له‌ ساڵى 1992 که‌یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستان ئه‌نجام درا که‌ ئه‌وکات بانگه‌شه‌ى حیزبه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردن زیاتر بریتى بوو له‌ هه‌ڵکردنى پارچه‌ قوماشێک(په‌ڕۆ) له‌ ڕه‌نگێک . به‌ پێى ئه‌و بڕیاره‌ى که‌ هه‌ر لایه‌نه‌و ڕه‌نگێکى کردبووه‌ نیشانه‌ و ئامرازى ناساندن و خۆده‌رخستنى جه‌ماوه‌رەکەی ، ئه‌ویش هۆکارى زیاتر بۆ ئه‌و دۆخه‌ى کوردستان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ که‌ زۆربه‌ى زۆرى خه‌ڵکى کوردستان خوێنده‌واریان نه‌بوو بۆیه‌ ئه‌وه‌نه‌ى گرنگى به‌ ڕه‌نگ ده‌درا ئه‌وه‌نده‌ گرنگى به‌مارش و کارنامه‌ و ڕیکلامى وشه‌ و په‌یام نه‌ده‌درا هه‌رچه‌ند حیزبه‌کان چه‌ند ده‌زگایه‌کى ڕاگه‌یاندنیان هه‌بوو به‌ڵام وه‌ک به‌شێوه‌ى ئێستا له‌خزمه‌تى پرۆسه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌بوو زیاتر ڕه‌نگى په‌ڕۆکه‌ ده‌ورى هه‌بوو هه‌ر بۆیه‌ له‌گێرانه‌وه‌کانى نێو خه‌ڵک تائێسته‌ش ئه‌و قۆناغه‌ به‌(شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ) ناوده‌برێت ئه‌و قۆناغه‌ش یاده‌وه‌رى تاڵى هه‌یه‌ له‌نێو بیره‌وه‌ریه‌کانى زۆرکه‌س ، به‌هۆى تێنه‌گه‌یشتنى خه‌ڵکى کوردستان و لایه‌نگرانى حیزبه‌کان له‌ ماناى هه‌ڵبژاردن و داگیرکردنى بیرو باوه‌ڕى ته‌سکى حیزبى و نامۆ بوونى هه‌ڵبژاردن و چه‌مکى دیموکراسی له‌نێو تاکه‌کانى کورد ، له‌دواى ئه‌و قۆناغه‌وه‌ کوردستان هه‌ڵبژاردن له‌دواى هه‌ڵبژاردن له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن کرانه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌بینى و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ پرۆسه‌که‌ جوانتر و هێمن تر بوو ، وه‌ هۆکار و ده‌روازه‌کانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه‌ فراوان تر بوو وه‌ک هه‌ڵواسینى پۆسته‌ر و لافیته‌ و وێنه‌ى کاندید و به‌خشینه‌وه‌ى پاره‌ و جۆره‌ها هۆکار بۆ په‌یداکردنى ده‌نگێکى زیاتر تا ئه‌م قۆناغه‌ى ئێسته‌ که‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌ک به‌کاردێنن ته‌نانه‌ت تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى ئه‌نته‌رنێت ، که‌ ماوه‌یه‌کى که‌مه‌ ئاشنا بووین له‌گه‌ڵى . به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌رکردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان مانه‌وه‌ى پاشماوه‌ى بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بووه‌ له‌ ڕابردوو به‌دیوار و تاوه‌ر و شوێنه‌ گشتیه‌کانى ناوشار و شه‌قامه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ى که‌ لایه‌نى ژینگه‌ى له‌به‌رچاو بگیرێت .

زۆربه‌ى حیزب و کاندیده‌کان له‌کاتى بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌ڵواسینى پۆسته‌ر و وێنه‌ و کارنامه‌و په‌یامه‌کانیان به‌دیوار و تاوه‌رى کاره‌با و تابلۆکانى هاتووچۆ و هۆشیارکردنه‌وه‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسی وه‌ له‌پاش ته‌واو بوونى پرۆسه‌که‌ زه‌حمه‌تى ئه‌وه‌یان نه‌کێشاوه‌ که‌ ئه‌و هۆکارانه‌ى بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن لێکه‌نه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و ڕاگرتنى سیماى جوانى شار و شه‌قام و شوێنه‌کانى کوردستان وه‌ له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ مارش و په‌یام و وێنه‌ى خۆیان پاش تێپه‌ڕبوونى چوار ساڵ به‌سه‌ر واده‌ى له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوو . که‌چی له‌ هه‌ندێک جێگا وێنه‌ى کاندیده‌کان و پۆسته‌رى بانگه‌شه‌ی حیزبه‌کان ده‌بینین ماونه‌ته‌وه‌ به‌شوێنه‌ گشتیه‌کانه‌وه‌ که‌ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک له‌و پۆسته‌رانه‌ شیعارى دینى یان له‌ناوبێت سه‌ره‌ڕاى ناشیرین بوونیان به‌ته‌واوى به‌هۆى به‌رکه‌وتنى هه‌تاو و باران به‌رده‌وام چواروه‌رز لێیداون ، ته‌نها جگه‌ له‌ دیمه‌نێکى ناشیرین کردنى ئه‌و شوێنه‌ هیچ سیمایه‌کى تر نابه‌خشێت به‌ وڵاته‌که‌مان وه‌ لاوازى هوشیارى ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى حیزبه‌کان و خه‌مساردیان ده‌رده‌خات له‌به‌رامبه‌ر خۆشنه‌ویستى خاک و نیشتیمانه‌که‌یان . .

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ دیارده‌ى پۆسته‌ر دڕاند و سوکایه‌تیکردن به‌حیزب و قه‌واره‌ و دڕاندنى وێنه‌ى کاندیده‌کان له‌ ڕابردوو چه‌نده‌ها دیمه‌نى ناشیرین و دوور له‌ بیرى دیموکراسی خوازى و ناشارستانیمان بینیوه‌ که‌ سه‌رجه‌میان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناهۆشیارى و شۆڤێنیزمیه‌تى عه‌قڵیه‌تى هه‌ندێک تاک وه‌نه‌بوونى هۆشیارى و گیانى یه‌کتر قبووڵ نه‌کردن ، له‌ ناو لایه‌نه‌کان یان به‌مانایه‌کى تر بڵێم تێنه‌گه‌شتنى خه‌ڵکانێک له‌ دیموکراسی ، جا مه‌رج نیه‌ ته‌نها چه‌ند که‌سانێک بن ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام بده‌ن به‌ڵکو ئه‌گونجێت که‌ ده‌ستێکى باڵاى حیزبى له‌پشتى ئه‌و که‌سانه‌وه‌بن که‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ دڕاندن و لابردن و سوکایه‌تى کردن به‌ لایه‌نه‌کانى به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ر بۆ ناهۆشیارى و لاوازى عه‌قڵیه‌تى به‌شێک له‌کادیره‌ حیزبیه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌ناو حیزبه‌کان خه‌ڵکانێک هه‌ن تواناى کێبرکێ و ململانێى سیاسی له‌فکر و بیرکردنه‌وه‌یان نیه ‌.

خه‌مم زۆره‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چونکه‌ زۆرترین لایه‌ن و قه‌واره‌ به‌شدارى کردووه‌ وه‌ زۆرترین ڕێژه‌ى کاندید خۆیان پاڵاوتووه‌ بۆ په‌رله‌مان واى ئه‌بینم دارو دیوار و عاموود و شۆسته‌ و هه‌رچی شوێنێک چاو بیبینێت پۆسته‌ر و وێنه‌ى پێوه‌ بلکێندرێت به‌سکۆتین و چه‌سپ و بزمار ، جۆره‌ شتى سه‌یر به‌بێ ئه‌وه‌ى که‌س بیر له‌وچوار ساڵه‌ى پاش هه‌ڵبژاردن بکاته‌وه‌ که‌ له‌داهاتوو خه‌ڵک گوزه‌ر ده‌کات . به‌لاى ئه‌و پۆسته‌ره‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى بیر له‌ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌نه‌وه‌ که‌ کاندید و حیزبه‌که‌ گه‌ر ده‌رچوو چی ده‌که‌ن بۆ خزمه‌تى ئه‌م شاره‌ ؟ .

بۆیه‌ له‌کۆتاییدا داواکارم له‌سه‌رجه‌م قه‌واره‌و لایه‌نه‌کانى به‌شدار له‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ له‌کوردستان وه‌ک ئه‌رکێکى مرۆڤایه‌تى و ئاینى و نیشتیمان په‌روه‌رى و دیموکراسیه‌ت به‌گیانى برایه‌تى و یه‌کتر قبوڵکردن بچنه‌ ناو پرۆسه‌که‌وه‌و پاراستنى سیماى شار و شه‌قامه‌کان و تابلۆ و شوێنه‌ گشتیه‌کان له‌ئه‌ستۆ بگرن و به‌گیانى به‌رپرسیارێتى نیشتیمان په‌روه‌ریه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خۆیان ئه‌نجام بده‌ن ، بۆئه‌وه‌ى جوانترین دیمه‌نى شارستانى بوون و پاراستنى ژینگه‌و جوانى وڵاته‌که‌مان نیشان بده‌ن و به‌گیانى یه‌کتر قبوڵکردن و ململانێى دیموکراسیانه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستان و داواکارم له‌سه‌رجه‌م یه‌که‌ ئیداریه‌کانى شار و شارۆچکه‌کان به‌بایه‌خه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن بۆ پاراستنى سیماو ڕووى شاره‌کان که‌ له‌کۆتاییدا ته‌نها بۆ شاره‌وانى و یه‌که‌ ئیداریه‌کان ده‌مێنێته‌وه .‌