shewnim-yehia-500x300

شەونم یەحیا : لە کۆمەڵگەی کوردیدا سێکس بۆتە ئامڕازێک بۆ دروستکردنى کولتوورى سوکایەتى و هەڕەشەکردن

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

 شەونم یەحیا ، خوێندکارى دکتۆرا لە سۆسیۆ– فیلۆسۆفى :

لە کۆمەڵگەی کوردیدا سێکس بۆتە ئامڕازێک بۆ دروستکردنى کولتوورى سوکایەتى و هەڕەشەکردن 

دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* خێزانى کوردیی تا راددەیەکى یەکجار زۆر داخراوە و پابەندە بە کولتوورەوە

* لە کۆمەڵگەى کوردیدا دەستدرێژیى سێکسیى بە بەراوورد بە کۆمەڵگەى ئەوروپی کەمترە

* کوشتنی ژنان ئەوەندەى پەیوەندیى بە عەقڵەوە هەیە، پەیوەندیى بە شوێنەوە نییە

شەونم یەحیا ، خوێندکارى دکتۆرا لە ( سۆسیۆ– فیلۆسۆفى ) زانکۆى سۆربۆن – پاریس . لەم دیمانە تایبەتەدا باس لە کێشەکانی ژنان و دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات دەکات .

ستیڤان : وەک دەزانین کوشتنى ژنانى کورد لە هەندەران بۆتە دیاردەیەکى دزێو ، بەبڕواى تۆ کوشتنى ژنانى کورد لە ئەوروپا بۆ چى دەگەرێتەوە؟.

شەونم یەحیا : بە هەقیقەت پرسى توندوتیژیى دژ بە ئافرەتان ئەوەندە پرسێکى ئاسایى و ئاسان نییە لێی بێدەنگ بین و قسە و کارى لەسەر نەکرێ و بەرەنگارى نەبینەوە، چوونکە توندوتیژیى دژ بە ژن واتا توندوتیژیى دژ بە کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە لە دیدگایەکى زانستیانەوە ئاڕاستە بکرێ ، هەر ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە چەندان رێکخراوى نێودەوڵەتى و ناوخۆیى و ناوەندى داکۆکیکردن لە پرسى ژنان دابمەزرێن بۆ ئەوەى کۆمەڵگە بە گشتیى بەرەوە ئاڕاستەیەکى تۆلێرانستر واتا لێبوردەیتر بەرن ، دیاردەى ” کوشتن” خۆى لە خۆیدا چ ژن یان پیاو بکوژرێت ، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکى نامەنتیقى و نائەخلاقییە و تاوانێک بە هەموو پێوەرەکان کە بۆ تاوانکاریى دانراوە .

خودى پرسیارەکەت کوشتنى ژنى کورد لە هەندەران . بە بڕواى من ئەمە پەیوەندیى بە شوێنەوە نییە ئەوەندەى پەیوەندیى بە عەقڵەوە هەیە ، واتا ئەنجامدانى کردارێکى وا پەیوەستە بە جۆرى بیرکردنەوەى پیاوى کورد وەک تاکێک کە لە نێو پرۆسەیەکى کولتووریى داخراو پەروەردە کراوە، لەگەڵى گەورە بوو ، بۆتە بەشێک لە ژیانى بە حوکمى کاریگەربوونى بە کارلێک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ، چوونکە تاکى کورد لە نێو بونیادێکى کۆمەڵایەتى زۆر تۆخ و قووڵ تواوەتەوە ، پرۆسەى لە بیرچوونى ترادیسۆنەکان ئەوەندە ئاسان نییە ، بۆتە بەشێک لە دروستبوونى کەسایەتى ئەو، ئەگەر لە دەرەوەى کۆمەڵگەى کوردیش بێت ، بەڵام بە عەقڵ (ملتزمە ، engage) پابەندە بە عەقڵ و بیرکردنەوە و ویژدانى کۆ نەک بە شوێن ، بۆیە دەبینین دواى چەند ساڵ لە گۆڕینى پێگەى جوگرافیایى هەر هەمان رەفتار دەکات وەک ئەو کەسەى لە ناوەوەی کۆمەڵگەى کوردیى بژیت .

ستیڤان : خێزانى کورد لە هەندەران چەندین گیروگرفتى هەیە ، گرنگتریینیان سەپاندنى کولتوورى خێڵەکییە بەسەر نەوەکانیاندا ، بە بڕواى ئێوە بۆچى تاکى کورد ناتوانێ لەگەڵ کولتوورى ئەوروپى بگونجێ ، پێتوایە هۆکارى پابەندى خێزانى کورد لە ئەوروپا بە نەریتى خیڵەوە بۆچى دەگەڕێتەوە؟.

شەونم یەحیا : خێزانى کوردیى چوونکە لە بنەڕەتەوە لە جۆرى خێزانى تێکەڵاوە و تاک نەیتوانیوە لە دەرەوەى چوارچێوەى خێزان ژیانێکى تایبەتى هەبێت ، پەیوەندییەکانى بەستراوەتەوە بە ئەندامانى خێزانەکەیەوە و زۆربەى کات سنوورى پەیوەندییەکانیشى دیاریکراو بووە ، دەبینین کاتێک خێزانێکى کورد روو لە ئەوروپاش هەر هەمان شێوازە ، چوونکە بەرپرسى خێزان دایک یان باوک ئەوان بۆ خۆیان لە چوارچێوەى پرۆسەیەک گەورەبوونە ، لە زانستى کۆمەڵناسى پێیدەڵێن پرۆسەى بە کۆمەڵایەتیبوون ( سۆسیۆلیزاسیۆن ) ، بە حوکمى ئەوەى ئەوان ناتوانن ئاوا بە ئاسانى لێی دەربچن ، بۆیە هەر هەمان عەقڵیەتییە دەبێتە پەروەردەکارى نەوەکان لەوێ ، بۆیە نەوەى نوێ کورد لە ئەوروپا هەمیشە لە کێشەدایە لە نێوان دوالیزمیبوون لە کەسایەتى و لە کولتووردا، بگرە ئەوان دەبنە قوربانى دوو کولتووریى .

راگرتنى کولتوورى کوردیى و پابەندبوون پێیەوە لە ئەوروپا لەلایەن خێزانى کوردەوە، بە پلەى یەکەم بۆ ترس لە لۆمە و گلەیى خەڵک دەگەڕێتەوە، واتا کەوتنە ژێر بارى ویژدانى جەمعى کۆمەڵگەى کوردیى، راستە ئەوان دوورن، بەڵام هۆکارەکانى پەیوەندیکردن ئەمڕۆ زۆر ئاسان بووە، ئەمەش هۆکارێکى ترە لەسەر تاکى کورد کە رەفتار و هەڵسوکەوتى ئەوان زۆر بە ئاسانى و بە خێرایى بگاتە کۆمەڵگەى کوردیى. جگە لەمە هۆکارێکى تر ئاستى زانستى و خوێندەواربوون لە نێو خێزاندا هەرچەندە ئەمە رێژەییە، چوونکە نموونە هەیە لەسەر ئەوەى کە کچێکى کورد لە لەندەن پەیوەندیى لەگەڵ کوڕێکى عەرەب دەبێت، دیارە چەندین چار کوڕەکە پەنا دەباتە بەر ئەو خێزانە کوردە تا کچەکەى بدەنێ و هاوسەرگیریى لەگەڵدا بکات، بەڵام باوکى کچەکە ئەگەرچى لە ئاستێکى زانستى بڵندیشە، بەڵام هەر رەزامەندیى نانوێنێ لەسەر ئەنجامدانى ئەم پرۆسەی هاوسەرگیرییە.

بە حوکمى تێکەڵاوبوونم لەگەڵ کولتوورى بێگانە و شارەزابوون لە شێوازى ژیانیان بۆم بە دیارکەوت خێزانى کوردیی تا راددەیەکى یەکجار زۆر داخراوە و پابەندە بە کولتوور، ئەم داخراوییەش بێگومان گرفت و کێشەکانى زیاتر کردووە، بە تایبەتى بۆ رەگەزى مێ، کاریگەرییەکى نیگەتیڤى لەسەر ئایندەى مێ دروستکردووە بە تایبەتیش لە رووى پێکهێنانى خێزان، جگە لە لایەنى ئاینیى کە رێگرە بووە، لایەنى کولتووریى و سیاسیش هەم بەربەست بووە، ئەم پارادۆکسە لە کەسایەتى و لە کولتوورى تاکى کورد بێگومان ململانێ و کێشەى لێ دەکەوێتەوە تا دەگاتە یەکلابوونەوەى پرسەکان.

ستیڤان : توندوتیژیى دژى ژن لە ئەوروپا تەنیا لەلایەن کوردەوە ئەنجام نادرێ، بەڵکو لەلایەن ئەوروپییەکانیش هەمان توندوتیژیى بوونى هەیە. بە راى ئێوە جیاوازیى هەیە لە نێوانیان؟.

شەونم یەحیا : راستە توندوتیژیى دژ بە ژنان تەنیا لە کۆمەڵگەى کوردییدا نییە بەڵکو لە زۆربەى کۆمەڵگاکانى تریش بوونى هەیە، بۆ قسەکردنیش لەسەر ئەم پرسیارە گرنگە باس لەو توندوتیژییانە بکرێت بەشێوەیەکى گشتیى لەسەر ژنان هەیە، نەک تەنیا ئافرەتى کورد بگرە زۆربەى ژنانى ئەوروپاش سەڕەراى توندوتۆڵى یاساکانیان زۆر بە زەحمەت یان بە دەگمەن تاک دەتوانێ لێی دەربازبێت، کەچى دەبینین هێشتا پراکتیکەکردنى توندوتیژیى دژ بە ژنان لە بەرزبوونەوەدایە لە نێوان توێژە کۆمەڵایەتییەکان، دیارە ئەم بەرزبوونەوەیەش بە پێی راپۆرتى رێکخراو و ئەنجوومەنە نێوەدەوڵەتییەکان زانراوە.

بۆ نموونە بە پێی راپۆرتى ئەنجوومەنى ئەوروپا کە لە 47 وڵات پێکهاتووە بۆ داکۆکیکردن لە مافى مرۆڤ و دیموکراسى و پاراستنى سەروەرى یاسا، ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئافرەتان لە هەموو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان رووبەڕووى توندوتیژیى دەروونى و جەستەیى و زارەکى دەبنەوە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆى دروستبوونى چەندان نەخۆشى درێژخایەن و کاریگەریى لەسەر کەمخۆراکى و کەمخەویى و زیادبوونى ماددە بێهۆشکەرەکان دەبێت لەسەر ئافرەت، بۆ نموونە لە وڵاتیکى وەک بەریتانیا پۆلیسى ئەو وڵاتە هەموو دەقەیەک پەیوەندییان پێوە دەکرێت بۆ بە هاناوە چوونى قوربانییەکانى توندوتیژیى خێزانى، هەروەها لە ئینگلتەرا هەفتانە ئافرەتێک دەبێتە قوربانى لەسەر دەستى مێردەکەى، ئەمەش بە پێی راپۆرتەکانى ساسیکس.

هەروەها بە هەمان شێوە لە راپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکانى ئەمساڵیش ئاماژە بە بەرزبوونەوەى شێوازەکانى توندوتیژیى دژ بە ئافرەتان دەکات لە لێدان و سوکایەتیپێکرن و دەستدرێژیى سێکسى.. هتد دەکات، جگە لەو توندوتیژییانەى رووبەڕووى ئافرەتان و منداڵان دەبێتەوە لە ئەنجامى شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان، چوونکە نائارامى و ململانێیەکان کاریگەریى راستەخۆیان لەسەر زیادبوونى توندوتیژیى دەبێت، جگە لە فاکتەرە کولتوورییەکان. لە وڵاتێکى وەکو ئەمەریکا هەر 6 دەقیقە جارێک ئافرەتێک دەستدرێژیى دەکرێتە سەرى، لە وڵاتێکى وەکو مەکسیک 9 دەقیقە جارێک. هەر لە ئەمەریکا ساڵانە شەش ملیۆن ئافرەت لەلایەن مێردەکانیانەوە دووچارى لێدان دەبنەوە و زیاتر لە 400یشیان بە هۆى لێدانەوە دەکوژرێن، لە وڵاتێکى وەکو ئەڵمانیا ساڵانە 52% ئافرەتان رووبەڕووى دەستدرێژیى سێکسى (تحرش) دەبنەوە و (45000) هەزار ئافرەت ساڵانە لە ترسى توندوتیژیى خێزانى ماڵ بەجێدەهێڵن، لە فەڕەنسا چوار رۆژ جارێک ئافرەتێک لەلایەن مێردەکەیەوە دەکوژرێت، لە ئیسپانیا رۆژانە ئافرەت لەسەر دەستى مێردەکەى دەکوژرێت.

بۆیە من پێموایە لە ئەنجامدانى کردەی توندوتیژیى دژ بە ژنان لە هەر کۆمەڵگەیەک بێت، ئەوروپا یان کوردیى بێت هیچ جیاوازیەکى نییە، چوونکە توند تیژیى هەر توندوتیژییە لە رووى کردارەوە، بەڵام لە رووى شێوازە رەنگە جیاواز بێت. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەى کوردیدا دەستدرێژیى سێکسیى بە بەراوورد لەگەڵ کۆمەڵگەى ئەوروپى کەمترە، ئەمەش بە هۆى کاریگەرییەکانى ئاین یان ترادیسۆنەکانەوە بێت، جیاوازییەکى تر لە رووى رێژەوە بێگومان کۆمەڵگەیەکى وەکو فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا بە حوکمى ئەوەى گەورەترن لە کۆمەڵگەى کوردیى، بۆیە رێژەى تاوان و توندوتیژییەکانیش تێیدا زیاترە.

جیاوازییەکى تر لە رووى جێبەجێکردنى یاسان و سەپاندنى سزا، لە کۆمەڵگەى کوردیی بەم دواییانە یاساکان فشار و سزایان توندترکرد لەسەر ئەو کەسانەى کە توندوتیژیى دژ بە ژنان ئەنجام دەدەن و حکوومەتى هەرێمى کوردستان چەندان ناوەند و رێکخراوى دامەزراند بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى رێکخراوتر داکۆکی لە پرسى ئافرەت بکرێ و یاساکان جێبەجێ بکرێت لەسەر بکوژى ئافرەت بە ناوى شەرەفەوە، دەنا پێشتر بکوژى ئافرەت زۆر بە ئاسانى لەو تاوانە دەرباز دەبوو بەناوى (غسل عار)، بەڵام لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکان شتێک نییە بە ناوى (غسل عار) و یاسایەک بێت بۆ دەربازبوونى ئەو کەسانەى ژن دەکوژن، بەڵکو یاسا وەکو تاوانبارێک حوکمى لەسەر دەدات.

ستیڤان: هەست ناکەى پیاوى کورد تەنیا وەک ئامڕازێکى سێکسیى سەیرى ئافرەتى دەکات؟ پێتوانییە ئافرەتى کورد هەمیشە حەزەر لە پیاو دەکات و وەک پەلامار دەرێک لێی دەڕوانێت؟.

شەونم یەحیا : بێگوومان ئەمە لە پیاوێک بۆ یەکێکى تر دەگۆڕێت، چوونکە رەفتار و سروشت و پەروەردەکردنەکان لە یەکدى جیاوازن، بەڵام دەتوانم بڵێم بە شێوەیەکى گشتیى پیاوى کورد خوى یەکتریان وەرگرتووە سەبارەت بەم پرسە، چوونکە هەر لە منداڵییەوە تاک رووبەڕووى دامرکاندنەوە و کۆنترۆڵی دەروونى و سێکسیى بۆتەوە، هەروەها لە رێگاى ناوەندە زانستییەکانەوە زانیاریى پێ نەبەخشراوە و فێر نەکراوە، بگرە هەندێ جار ئەو غەریزە سروشتییەی تاک بە کاریدەهێنێ بۆ سوکایەتیپێکردن و شکاندنى کەسایەتى یەکتر لە کۆمەڵگەدا، زۆر جار لە ململانێی نێوان تاکەکان جا چ ململانێ سیاسیی و یان کۆمەڵایەتى یان ئابوورى یان رۆشنبیریى بێت، غەریزەى سێکسیى وەک فشار و هەڕەشە لە بەرامبەر یەکتر بەکار دەهێنن.

بۆیە لێرەدا سێکس بۆتە ئامڕازێک بۆ دروستکردنى کولتوورى سوکایەتى و هەڕەشەکردن بەرامبەر بە یەکدى، ئەم تێڕوانینە لە جەهلى کۆمەڵگەوە سەرچاوەى گرتووە، بۆیە لەو پرسانەش ئافرەت دەبێتە قوربانى یەکەم، هەر ئەمەش واى کردووە ژنى کورد زۆر بە حەزەر بێت لە پیاوى کورد و هەست بە دڵنیایى نەکات لە بەرامبەرى، زۆر پیاوى کورد پەیوەندییەکان وەکو شانازیکردن بەخۆیەوە لە نێو کۆمەڵ باسى لێوە دەکات و زۆر جاریش بۆ سوکایەتیپکردن بەکاریدەهێنێ.

ستیڤان : ئەو تێزە هەمیشە لەسەر زارە: لە شەرعدا شەرم نییە، واتە ئاساییە پرسە سێکسییەکانیش ببێتە جێی باس و خواس. کەواتە بۆچی هێشتا کۆمەڵی کوردیی ورووژاندنی پرسی سێکس بەناشەرعی و حەرام دەبینێ؟.

شەونم یەحیا : دەتوانم بڵێم ئەو پرسە لە کۆمەڵگەى کوردیی تەنانەت لە رووە ئاینییەکەشەوە، بەو شێوەیە گەشەى نەکردووە، راستە لە شەرعدا پرسیارکردن و روونکردنەوەى ئەم بابەتە مافێکى شەرعى تاکە، بەڵام تاک نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە بێ شەرم باسى لێوە بکات وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێیدا. ئەم پرسە وەکو خاڵێکى عەیب و شەرم (وێمت عار) سەیر دەکرێت لە کۆمەڵگەى کوردیدا. چوونکە لە کۆتاییدا ئەوە کێیە ئەو پرسیارە دەکات لە رووى شەرع و ئاین؟. بێگومان تاکى کوردە، لە بەرامبەردا ئەگەر تاک نەگەیشتبێتە ئەو قۆناغەی باسکردن لە رووى ئاینیشەوە شاراوە دەبێت.

تێبینی : ئەم دیمانەیەم لە ژمارە “26”ی گۆڤاری “شەپۆل” لە رۆژی 20-7-2013 بڵاوکراوەتەوە.