muhamaed-ahmed

محەمەد ئەحمەد : خۆرنەوەزان .. بەهەشتی گەرمیان!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموتان لەوەیە ناوی خۆرنەوەزانتان بیستوبێت یان رۆیشتبێتان بۆ ئەوێ ، خۆرنەوەزان ئەو هاوینە هەوارە سروشتییەی گەرمیانە کە چەندین شوێنی دڵڕفێن لە خۆ دەگرێت و دەکەوێتە نێو سنووری هەردوو ئاوایی ” گەرمک و قەواڵی” سەر بە شارەدێی ” زنانە ” ی سەر بە قەزای “خورماتوو “.

ئەوەی یەکجار رۆیشتبێتە “خۆرنەوەزان” دڵنیام هەمیشە بەئاواتی دووبارە چونەوەیەتی بۆ ئەو شوێنە خۆشە و عەشقی سروشتە خۆشەکەی دەبێت و حەزی بە دووبارە مەلەیەکی ” ئاوە سپی” دەبێت .

خۆرنەوەزان، رۆژانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن و بەڵام بەبۆنەی نەبوونی جێگەیەک تا شەوانە لێی بمێنیتەوە و رێگا سەختەکەی کە تەنها بە ئۆتۆمبێلە بەرزەکان نەبێت ناتوانیت بچیت بۆ ئەوێ گەشتیارەکان بەرلە خۆرئاوابوون دەگەرێنەوە و ئاواتی دووبارە سەردانەوەی دەکەن .

ئەوەی لام سەیربێت هەرێمی کوردستان هیچ ئاوەرێکی لە ناوچەی داوودەی نەداوەتەوە و ئەتوانین بڵین بەهیچ شێوەیەک خزمەتی ئەو ناوچانەی نەکردوە ، بەڵام خۆرنەوەزان كە بەشێكە لەو ناوچەیە هەر بیریشی لێنەکراوەتەوە تا بکرێتە هاوینە هەوارێک و شوێنێک بۆ حەوانەوەی خەڵکی .

ئەوەی ڕاستبێت “خۆرنەوەزان” و ناوچەکانی سەر بە ناحییەی “زنانە” تاکو ئێستا هەردوو حکومەتی “هەرێم و بەغدا” خۆی بەخاوەنی دەزانێت و کەسیانیش بیریان لێ نەکردۆتەوە تاوەکو خزمەتێک بە خەڵکە رەنجدەرەکەی بگەیەنن کە ساڵانێکی زۆرە جێگاکەی ئەوان لانکەی شێرە پێشمەرگەکان بوو و چەندەها رۆڵەی خۆی کردۆتە قوربانی وڵاتەکەی .

من لێرەدا هیچ داوایەک لە حکومەت و حزب ناکەم کە ئاوەرێک لە خۆرنەوەزان بدەنەوە چونکە ئەوان هەمیشە ئەم ناوچەیەیان قۆرغ کردوە و ئەتوانم بڵیم “سفڵەن” لە ئاستی ئەو شوێنە، بەڵام داواکاریم لە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەیە چیتر نەهێلن موزایەدا بەناوی ئەوانەوە بکریت و تەنها بۆ مەبەستی سیاسی پەیمانی بریقەداریان پێبدرێت .

تێبینی : “خۆرنەوەزان ” لەوەوە هاتووە، چەندین شوێن لەخۆ دەگریت کە خۆر بەری ناکەویت و هەمیشە کانییەکی سروشتی و سەوزاییەکی بەرفراوانی هەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت