یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان كه‌می‌ كردوه‌ ؟ .

به‌پێی‌ وته‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زیادبونی‌ ده‌نگه‌كانی‌ ده‌رخستوه‌، چاودێرێكی‌ ئیسلامی‌ سیاسیش ده‌ڵێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 2010 كه‌می‌ كردوه‌.  ئامادەکردنی : ئاراس عوسمان عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

به‌پێی‌ وته‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زیادبونی‌ ده‌نگه‌كانی‌ ده‌رخستوه‌، چاودێرێكی‌ ئیسلامی‌ سیاسیش ده‌ڵێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 2010 كه‌می‌ كردوه‌. 

ئامادەکردنی : ئاراس عوسمان

عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ خولی‌ سێیه‌می‌ پارله‌مانی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ زیادبونی‌ ده‌نگه‌كانیانه‌وه‌ بۆ ئاوێنه‌ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند” له‌خولی‌ پێشو به‌شێكی‌ كارابون له‌چالاكیه‌كان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ دو لایه‌نه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌خه‌ڵكماندابو به‌یارمه‌تی‌ خودا به‌پێی‌ توانا بردمانه‌ سه‌ر، هه‌روه‌ها رۆڵێكی‌ باشمان هه‌بو له‌ده‌رخستنی‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی‌ دارایی‌‌و به‌تایبه‌تی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ره‌وتێكی‌ میانڕه‌وی‌ ئیسلامین‌و به‌رده‌وام هه‌وادارمان له‌زیادبوندایه‌”.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایگه‌یاند “به‌رنامه‌و پرۆژه‌یه‌كی‌ باشمان له‌سه‌ركردایه‌تی‌ په‌سه‌ندكرد بۆ هه‌نگاونان له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ پارله‌مانی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها لایه‌نگرانیشمان هه‌وڵی‌ باشیانداوه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كاندا”.

رێژه‌ی به‌شداریكردنی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان (73%)بوه‌، به‌جۆرێك هه‌ولێر (71.7%) و دهۆك (76.4%)بوه‌و سلێمانیش (73%)بوه‌، هه‌روه‌ها (1245)بنكه‌ی ده‌نگدان هه‌بوه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبو له‌(6273) وێستگه‌و بۆ ده‌نگدانی تایبه‌تی مه‌رجداریش (57) بنكه‌ی ده‌نگدان دانرا كه‌ له‌(65) وێستگه‌ پێكهاتبو.

مه‌ولود باوه‌موراد، زیادبونی‌ كورسیه‌كانی‌ داهاتوی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ لیستی‌ كراوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌و وتی‌”لیستی‌ كراوه‌ كارێكی‌ باشبو وایكرد كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆ یه‌كگرتوو ئه‌ندامان‌و رێكخسته‌كانی‌ باشترو تۆكمه‌تر بكه‌ن، له‌و 74 كاندیدایه‌ی‌ هه‌مانبو هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ند كه‌سێكی‌ كه‌میشی‌ خستبێته‌ كاركردن بۆ لیسته‌كه‌، ئه‌وا ده‌نگه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی‌ باشبوه‌ به‌وه‌ی‌ ئێستا چاوه‌ڕێده‌كه‌ین‌و نزیكه‌ی‌ 11 كورسی‌ كه‌متر نه‌هێنین”.

كیانه‌ سیاسیه‌كان چاودێریان هه‌بوه‌ له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان كه‌ ژماره‌یان (43.896) كه‌س بون‌و (5867) چاودێری رێكخراوه‌ (NGO) كان‌و (397) چاودێری بیانی‌و (114) راگه‌یاندنی ناوخۆ چاودێری پرۆسه‌ی ده‌نگدانیان كردوه‌.

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ خاوه‌نی‌ چوار كورسی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان‌و دوانی‌ پارله‌مانی‌ عێراق بوه‌ له‌رابردو، هه‌روه‌ها 156 هه‌زار ده‌نگی‌ هێناوه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010ی‌ عێراقدا.

سۆران عومه‌ر، كاندید له‌سه‌ر لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بۆ پارله‌مانی‌ كوردستان، له‌باره‌ی‌ زیادكردنی‌ رێژه‌ی‌ كورسیه‌كانیان له‌م خوله‌ی‌ پارله‌مانی‌ كوردستاندا، بۆ ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند”به‌پێی‌ به‌شداریمان له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا چاوه‌ڕێی‌ ده‌نگی‌ زیاترمان ده‌كرد له‌ده‌نگه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشو، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ سۆسیالست‌و زه‌حمه‌تكێشان توشی‌ دابه‌زینێكی‌ زۆربوین، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010ی‌ پارله‌مانی‌ عێراق توانیمان ده‌نگه‌كانمان بێنینه‌وه‌.”

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ نیاز سه‌عید عه‌لی‌، پسپۆڕی‌ بواری‌ ئیسلامی‌ له‌باره‌ی‌ زیادكردنی‌ ده‌نگی‌ هه‌ریه‌ك له‌كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ بۆ ئاوێنه‌ ده‌ڵێت: به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ كه‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌ ، نزیكه‌ی‌ 190,000 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌راوردبكه‌ین به‌كۆی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ یه‌كگرتو له‌پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك له‌دوایین هه‌ڵبژاردندا كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی 2010 یه‌، 24,000 ده‌نگ كه‌می‌ كردوه‌، چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010دا ، 214222 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنابو، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ خۆی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 120,000 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌راورد بكه‌ین به‌كۆی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ له‌پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی 2010، 25,000 ده‌نگ كه‌می‌ كردوه‌، چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010دا ، 144987 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنابو، به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌نگه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیش به‌به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2009 كه‌می كردوه‌.

عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، سه‌باره‌ت به‌زیادبونی‌ رێژه‌ی‌ كورسیه‌كانیان له‌خولی‌ چواره‌مدا گه‌شبینه‌و ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌رپرسی‌ خۆمان پێشتر چاوه‌ڕێی‌ دوئه‌وه‌نده‌ بوین‌و له‌90%ی‌ بۆچونه‌كانمان وه‌ك خۆی‌ ده‌رچو، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین نزیكه‌ی‌ 10 كورسی‌ كه‌متر نه‌بێت بۆ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان.

هاوكات عه‌بدولستار مه‌جید، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌نگیان له‌هه‌ندێك جێگادا كه‌می‌ كردوه‌و وتی‌” له‌كاتی‌ ده‌نگدانی‌ هاوڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردندا سه‌رو خوار ده‌كات، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌هه‌ندێك شوێندا ده‌نگه‌كانمان كه‌می‌ كردوه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئێستاش ئه‌نجامی‌ به‌راییه‌ ده‌ركه‌وتوه‌و گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردادێت”.

یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ خاوه‌نی‌ 6 كورسیه‌ له‌پارله‌مانی‌ كوردستان‌و 4 كورسی‌ له‌پارله‌مانی‌ عێراق‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ عێراقدا 215 هه‌زار ده‌نگی‌ هێناوه‌، مه‌ولود باوه‌موراد، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كگرتو بۆ پارله‌مانی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ زیادكردنی‌ ده‌نگه‌كانیانه‌وه‌ بۆ ئاوێنه‌ رایگه‌یاند”هۆكارێكی‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا پێگه‌مان هه‌یه‌، له‌ناوچه‌ی‌ بادینان دوه‌م ده‌نگین‌و ره‌نگه‌ ده‌نگی‌ هه‌مو لیسته‌كان كۆبكه‌یته‌وه‌ نه‌گات به‌ده‌نگی‌ ئێمه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا جگه‌ له‌پارتی‌.

له‌خولی‌ سێیه‌می‌ پارله‌ماندا كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ خاوه‌نی‌ چوار كورسی‌ بوه‌، عه‌بدولستار مه‌جید چاوه‌ڕێی‌ كورسی‌ زۆرتر ده‌كات‌و ده‌ڵێت”له‌ئێستادا نازانین ده‌نگه‌كانمان له‌هه‌ندێك ناوچه‌ چه‌ند بوه‌و چۆنه‌، به‌ڵام هیچ گومانمان نییه‌ كه‌ كورسیه‌كانمان زیادی‌ كردوه‌و چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ین له‌حه‌وت كورسی‌ زیاتر به‌ده‌ستبهێنین”.

سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كگرتو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌نگه‌ رۆیشتوه‌كانمان ده‌ستخستوه‌و ده‌ڵێت: ره‌نگه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پێشو له‌ناو لیستی‌ “چاكسازی‌‌و خزمه‌تگوزاریدا زۆرێك له‌ده‌نگه‌كانمان له‌ده‌ستچوه‌و ئێستا توانیمان بیانهێنینه‌وه‌، هه‌روه‌ها خیتابی‌ یه‌كگرتو به‌دو شێواز بوه‌ ئه‌وانیش” خیتابی‌ ئۆپۆزسیۆنبون، خیتابی‌ نه‌رمبون”. كه‌ ئه‌مه‌ وایكردوه‌ له‌رێژه‌ی‌ له‌10% بوه‌ستین‌و ئه‌مه‌ به‌زیاد نازانین‌و به‌كه‌میشی‌ ئه‌ژمار ناكه‌ین، بۆیه‌ به‌گشتی‌ چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ین له‌11 كورسی‌ كه‌متر نه‌بێت‌و ده‌نگه‌كانمان له‌نزیكه‌ی‌ 200هه‌زار كه‌متر نه‌بێت.

سۆران عومه‌ر، وتیشی‌” چاوه‌ڕێ‌ ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه‌ 200هه‌زار ده‌نگ بهێنین‌و یه‌كگرتوش 250هه‌زار ده‌نگ بهێنێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ چاوه‌ڕوانیه‌كه‌مان نه‌گه‌شتبێته‌ ئه‌نجام‌و ئه‌وه‌ی‌ ئێستا چاوه‌ڕێی‌ ده‌كه‌ین نزیكه‌ی‌ 140 هه‌زار ده‌نگ بهێنین‌و چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ین ده‌نگه‌كانمان به‌ره‌و هه‌ڵكشان بڕوات”.

نیاز عه‌لی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد “به‌گوێره‌ی‌ كۆی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كان ڕه‌وتی‌ ئیسلامی‌ سیاسی ده‌نگه‌كانیان هه‌ڵنه‌كشاوه‌، به‌ڵكو داكشاوه‌و كه‌می‌ كردوه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ ناهێڵێت ده‌نگه‌كان به‌فیڕۆ بڕوات، چه‌ند كورسییه‌كی‌ بۆ زیادكردون، زیادبونی كورسیه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی‌ یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ ، به‌ڵكو ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن”.

هه‌روه‌ها باسی‌ له‌وه‌شكرد “له‌سه‌ر دو بنه‌ما ئه‌بوایه‌ ڕه‌وتی‌ ئیسلامی‌ سیاسی ده‌نگه‌كانیان زیادیبكردایه‌، یه‌كه‌میان نزیكه‌ی‌ 100,000 ده‌نگده‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیادیكردوه‌، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ 2010، دوه‌میان یه‌كگرتو كۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌چوار ساڵی‌ ڕابردودا له‌خانه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆندا بون”.

له‌كاتژمێر 7ی‌ به‌یانی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوه‌وه‌ ده‌رگای‌ بنكه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن كرایه‌وه‌و ده‌نگدان تاكو 5ی‌ ئێواره‌ به‌رده‌وام بو، به‌وته‌ی‌ سه‌ربه‌ست ئامێدی، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاندوه‌، “رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌سه‌دا %73.9 بوه‌، به‌پێی رێژه‌ی به‌شداربوانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ر كورسییه‌كی په‌رله‌مانیش پێویستی به‌ ١٨٦٦١ ده‌نگه‌”.

سەرچاوە/ ئاوێنە .

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد