عەتا قەرەداخی : یەکێتی ; شکست یان دەرکەوتنی قەوارەى راستەقینەى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە ئاشکرایە پایەی سەرەکی دیموکراسی هەڵبژاردنە بە مەرجێک هەڵبژاردن ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات . ئێمە دەزانین چەند جۆرێک لە هەڵبژاردن هەیە کە باشترینیان ئەو هەڵبژاردنەیە کە ئاراستە جیاوازەکان لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ململانێی گەیشتن بە کورسی دەسەڵات دەکەن و یاساو رێسایەکیش هەیە بۆ ئەوەى بە جیدی رێگا لەهەر جۆرە گزی و ساختەیەک لەو هەڵبژاردندا بگرێت . بە تایبەتی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا لە رووی دیموکراسیەوە ، خەڵک لەسەر بنەمای بەرنامەو کار دەنگ دەدات بەتایبەتی ئەگەر لایەن یان ئاراستەیەک نەیتوانی وەکو ئەوەى بەڵێنی داوە خزمەتی خەڵک بکات ، ئەوا لە هەڵبژاردنی دواتردا متمانەى خەڵک دەدۆڕێنێت. جۆری دووەمی هەڵبژاردن لە شێوەى ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێمەدا دەکرێت کە پرۆسێسەکە لە بنەڕەتدا دیموکراسیانەیە ، بەڵام لە پشتیەوە نە عەقڵی دیموکراسی و نەکەلتووری دیموکراسی و نە بڕوابوون بە دیموکراسی و نە بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات ئامادەبوونی نییە ، بەڵکو هەڵبژاردن ئەگەرچی لە خۆیدا گەمەیەکی دیموکراسیە بەڵام ئامانجێکی نادیموکراسی دەستەبەر دەکات و ئەوەى لەم رێگایەوە دەگات بە دەسەڵات بیری دەچێتەوە چۆن هاتووەو لەبری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ، دەسەڵات لە پێناوی خۆیء بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی خۆیدا بەکاردەهێنێت . جۆری سێیەمی هەڵبژاردن ئەو هەڵبژاردنانەیە کە لە سایەی سیستێمە دیکتاتۆرو تۆتالیتارەکاندا دەکرێت و لەم بارەشدا هەڵبژاردن جۆرێکە لە نوێکردنەوەى پەیمان بۆ دیکتاتۆر ، وەکو ئەو هەڵبژاردنانەى لە عێراقی سەردەمی بەعس و وڵاتە تۆتالیتارەکانی تردا دەکرێن .

هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی تێدا کراوە . کە هەڵبژاردنی یەکەم لە بارودۆخێکی ناهەموارو بۆشایی ئیداریدا ئەنجامدرا ، واتە لە بارودۆخێکێدا کە هیچ بنەمایەک بۆ هەڵبژاردن لە ئارادا نەبوو ، بەڵام وەکو جۆرێک لە سەرکێشی ئەو هەڵبژاردنە کراو بایەخی گرنگی ئەو هەڵبژاردنەش ئەوە بوو کە یەکەم حکومەتی هەرێمی لێ پێکهات . خاڵێکی تری گرنگی ئەو هەڵبژاردنە ئەوە بوو کە لیستی جیاواز هەبوو بە تایبەتی یەکێتی و پارتی بە دوو لیستی جیاواز دابەزین ، سەرباری خراپی یاسای هەڵبژاردنی ئەو کاتە کە کەمترین رێژە بۆ چوونە ناو پەرلەمانەوە لەسەدا حەوت بوو . ئەوەش نەیهێشت بێجگە لە یەکێتی و پارتی هیچ حیزب و لایەنێکی تر بگاتە پەرلەمان . لەو هەڵبژاردنەشدا دەنگەکانی پارتی و یەکێتی نزیک بوون لەیەکتر ، کە ئەوەش سەرئەنجام بوو بە هۆی پێکهێنانی حکومەتی پەنجا بە پەنجا کە ئەوەش بوو بە چەمکێک لە مێژووى ئیدارەى کوردیدا کە ناشیرینترین و خراپترین رێگایەک بوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کە یەکێتی و پارتی هێنایانە کایەوەو تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کاریگەری و ئاسەواری پەنجا بە پەنجا لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا کاری پێدەکرێت . بێگومان کاریگەری خراپی حکومەتی پەنجا بە پەنجا تاکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستاندا ماوەو کاریشی پێدەکرێت و دەتوانین بڵێین سیاسەتی پەنجا بە پەنجا یەکێک بوو لە هۆیەکانی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی . بەهەرحاڵ تەرازووى ژمارە لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا کە پێش بیست و یەک ساڵ بوو لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نزیک لەیەک بوو ، ئەمەش بووە بەربەست لە رێگای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەو رێگاگرتن لە درووستبوونی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەى حکومەت . فەرمانڕەوایی دوورو درێژی بێ ئۆپۆزسیۆنیش رێگاخۆشکەربوو بۆ درووستبوونی گەندەڵی و دابەشکردنی کوردستان لە سامان و سەرچاوە مادییەکانەوە تاکو دابەشکردنی سەرچاوە مرۆییەکانیش لە نێوان یەکێتی و پارتیدا. سەرئەنجام ئەو سیاسەتە خراپەی بەڕێوەبردن وای لە یەکێتی و پارتی کرد کە هەست دەکەن ناتوانن لە دەرەوەى دەسەڵات بژین. تەنانەت رێکەوتنی ستراتیژی لە گەوهەردا لە پێناوی دابەشکردنی دەسەڵاتدابووە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ، بە جۆرێکی تر رێگایەک بووە بۆ درێژەدان بە ئیدارەى شێوە پەنجا بەپەنجا ئەگەرچی روخسارەکەیشی گۆڕابێت.

دوای ئەو هەڵبژاردنەش بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ کوردستان بوو بە دوو ئیدارەو هەڵبژاردن نەکرا تا بزانرێت ترازووى هێزی نێوان ئەو دوو لایەنە چۆنە. بەڵام لە ماوەی دوورو درێژی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتیدا ئاراستەى ئیسلامی سیاسی میانڕەو لە هەرێمدا پەرەی سەند ، کە ئەو ئاراستەیە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا رۆڵێکی دیاری هەبووە وەکو ئۆپۆزسیۆن و شانبەشانی بزووتنەوەى گۆڕان کاریگەری دیاریان لەسەر هوشیاریء تێگەیشتنی جەماوەر هەبووە . وەکو دیارە لەم هەڵبژااردنەشدا پێگەى دوو لایەنە ئیسلامییەکە بەهێزتر بووەو زیاتر لە حەوت یەکی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەیان بەدەست هێناوە . بەگوێرەى بزووتنەوەى گۆڕانیش زیاتر جێ پێی خۆی کردۆتەوەو بەردەوامیش بەو ئەندازەى پێداگری لەسەر داواکارییەکانی خەڵک بکات پێگەکەى بەهێزنر دەبێت و لە هەڵکشاندا دەبێت . بە گوێرەى یەکێتی و پارتی لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا پێکەوەو بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە ، بۆیە نەزانراوە کە قورسی هەریەکەیان چەندە . لە هەڵبژاردنی تەموزی 2009 دا کۆی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی پێکەوە سێ لەسەر پێنجی کۆی دەنگەکانی هەرێمی کوردستان بوو . کە بەشێکی دەنگەکانی تر دەنگی ئیسلامییەکان بوو ، بەڵام چواریەکی تەواوی دەنگەکان رۆیشتبوو بۆ بزووتنەوەى گۆڕان . بە ئاشکرا دیارە کە کۆی دەنگەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕان پێکەوە هەمان ئەو دەنگانە بوون کە لەساڵی 1992دا بە هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی بەدەستیان هێنابوو . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەنگەکانی یەکێتی و پارتی دەرچووەو بۆ ئەو کاتە یەکێتی وای نیشان دەدا کە ئەو نیوەى ئەو دەنگانەى هەڵبژاردنی 2009 ی بەدەست هێناوە ، بەڵام راستیەکەى ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنی تەموزی 2009 شدا دەنگەکانی یەکێتی نزیک بووە لەو دەنگانەى کە ئێستا بەدەستی هێناوەو بە کۆی دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕانیش نزیکە لە دەنگەکانی پارتی کەواتە شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕاوە ، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەنگەکانی یەکێتی دابەشبووە بەسەر خۆی و گۆڕاندا. من هاوینی 2009 دا بە زنجیرە وتارێک لە رۆژنامەى هاووڵاتی باسی شکستی یەکێتیم لەو هەڵبژاردندا کرد کە زۆرینەى ئەو خاڵانەى لەو وتارانەدا باسم کردبوون ئێستا خەڵکی بە چاوی ئاسایی دەیبینن . هەر لە راستیشدا وەکو ئەو کاتە نووسیوومەو ئێستاش هەر بڕوام وایە قۆناغی مێژوویى یەکێتی تەواو بووەو ئەوەى تاکو ئێستا لە لەناوچوون پارستویەتی عەسا سیحرییەکەى مام جەلال و کۆکردنەوەى سامان و داهات بووە لە سامانی گشتی . ئێستا مام جەلال لە رووی سیاسییەوە تەواو بووەو بە دڵنیاییەوە ئەو گروپەشی کە ئێستا لە ناو مەکتەبی سیاسیدا باڵادەستن ، لەو ئاستەدا نین کە یەکێتی بەڕێوەببەن ، هەربۆیە سامانء دارییش سوودێکی ئەوتۆی نابێت .

لە راستیدا شکستی یەکێتی ئەوە نییە کە لەم هەڵبژاردنەدا روویدابێت ، بەڵکو یەکێتی لە مێژە لە قەیرانی خنکێنەردایەو نەخۆش کەوتن و دیارنەمانی مام جەلال و بێ جورئەتی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەش لە ئاشکراکردنی چارەنووسی سکرتێرەکەیان ئەوەندەى تر قەیرانەکەى خەستتر کردۆتەوەو دابەزینی یەکێتیش بە لیستی سەربەخۆ قەوارەى راستەقینەى یەکێتی دەرخست . لە راستیشدا ئەگەر سەیری ئەو دەنگانە بکەین کە مانگی ئازاری 2009 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقدا لە سێ پارێزگاکەى هەرێم یەکێتی بەدەستی هێنا ، ئەوا بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە حاڵی یەکێتی ئەو کاتەش لە ئێستا باشتر نەبووە . کەواتە دیسان ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە شکستی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەوە دەست پێناکات بەڵکو شکستی یەکێتی لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە خراپترین شێوازی بەڕێوەبردنی پێشکەش کردووەو رووبەری گەندەڵی ئەوەندە فراوانبووە تیایدا جەستەیی ئیفلیج کردووەو سەرئەنجامی ئەوەش بزووتنەوەى گۆڕانی لێ جیابووەتەوە ، بە تایبەتی دوای ئەوەى کە جێگری ئەو کاتەى سکرتێری گشتی یەکێتی گەیشتە ئەو بۆچوونەى کە چاکسازی لە نێو یەکێتیدا مەحاڵە ، لەبەرئەوە سەنگەری خۆیی و هەموو ئەوانەشی کە ناڕازیبوون لە ئەدای یەکێتی جیاکردووەو وەکو دەشبینین رۆژلە دوای رۆژ سەنگەرەکەی ئەوو بزووتنەوەکەى فراوانتر دەبێت . کە پێموایە ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان هەڵەى ترسناک نەکات سەرئەنجام سەنگەری یەکێتی بەرەو چۆڵبوون دەچێت بە تایبەتی زۆرینەى ئەندام و لایەنگرە خاوێن و دژە گەندەڵیەکانی ناو یەکێتی بەرەو سەنگەرەکەى گۆڕان دەگوازنەوە ، ئەمە بێجگە لەو رووبەرە فراوانەى جەماوەر کە لە دەنگداندا دەنگی خۆیان دەدەن بە گۆڕان . بە تایبەتی شکستی راستەقینەی یەکێتی کاتێک دێت کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت . دیارە گومانی تێدا نییە لەو هەڵبژاردنەدا ئیدارەى جوگرافیای ئەوسا سەوز لە دەستی یەکێتی دەردەچێـ بە تایبەتی سلێمانی کە ئەوەش بە تەواوی یەکێتی فڕێ دەداتە پەراوێزەوە . ئەگەرچی دیسانەوە ئەگەری ئەوە هەیە یەکێتی لەو کاتەدا هەڵەى خۆکوژی بکات بەوەى کە ئامادە نەبێت دەسەڵاتی ئیداری ئەم رووبەرە بداتە دەست لایەنی براوە . دیارە زۆرینەى ئەوانەى یەکێتی پلەوپایەو بەرژەوەندی پێداون لەبەر بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەون ئەگینا ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان نەمێنێت هەموو پشتی تێدەکەن ، کە ئەوەش کۆتاییەکی تراژیدیە بۆ ئەم قۆناغەی یەکێتی .

دیارە تەسەوری ئەوەش ناکرێت کە یەکێتی بتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن چونکە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو هەموو بەرژەوەندییە مادیانە بێت کە لە دەسەڵاتدا دەستی کەوتووە . هەڵبەت بەشداریکردنیشی لە دەسەڵاتدا بەو قورساییە کەمەى ئێستایەوە دیسان بەشدارییەکی پەراوێزی دەبێت کە ئەوەش زیاتر بەرەو شکستی دەبات . بۆیە بە بڕوای من یەکێتی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە . تاکە رێگاچارەش ئەوەیە کە گۆنگرەى خۆی ببەستێت و هەڵسەنگاندنی جیدی خۆی بکات و راستگۆیانەو واقیعبینانە سەیری قەبارەى خۆی بکات و خۆی لە کۆنترۆڵی رابردووى پیرۆزی خۆی رزگار بکاتء مامەڵە لەگەڵ ئێستای خۆیدا بکات وەکو ئەوەى هەیەو زۆرینەى مەکتەبی سیاسییەکەى و سەرکردایەتییەکەی ئێستای وازبهێنن و سکرتێری نوێ و سەرکردایەتیەکی نوێی گونجاو لەگەڵ قەوارەى ئیستای بچووک بووەوەى یەکێتی هەڵبژێرن و ئەو هەموو مڵک و سامانە گشتییەى کە داگیریان کردووە رادەستی بکەنەوەو واز لە کاری بازرگانی کۆمپانیاو بازاڕ بهێنن و بە عەقڵیەتێکی نوێ و بە بەرنامەى نوێ و گونجاو لەگەڵ سەردەمی ئێستادا کار بکەن ئەگەری ئەوەى هەیە بە قەوارەى بچووک بووەوەى ئێستایانەوە بمێننەوە . بەڵام ئەگەر بە وەهمی ئەوەوە بژین کە هەمان یەکێتییەکەى نیوەى یەکەمی نەوەدەکانن ئەوە ناتوانن ئێستای خۆیان بخوێننەوەو لەبارێکی وەهاشدا هەمان ئەو هەڵانە دووبارە دەکەنەوە کە گەیاندوونی بەم بارە لاوازو شکستخواردووەى ئێستایان .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت