بەهرۆز جەعفەر : سەراى ئازادی و کاندید ێتى پەرلەمانت باش !.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆمەڵناسی سیاسیی ، کۆمەڵگە وەک بازنەیەکى گەورەو داخراو دەناسێنێت ، کە تیایدا دەیان شانەو بازنەى بچوک بچوک هەن ، بازنە گەورەکە ناوى کۆمەڵگەیەو ، بازنە بچوکەکانیش بونیاد یان خانەپێکهێنەرەکانى کۆمەڵگەن ، بۆنمونە دەکرێت ئەم خانەو بازنانە ناویان : ( پەروەردە.. ئابوریی.. یاسا.. کلتورو بارى فەرهەنگى .. مێژوو .. ڕاگەیاندن .. ئاوەدانکردنەوە.. ژینگە پارێزیی .. ئاسایش و پۆلیس…. هتد) . هەریەکێک لەمانە وەزیفەیەک تەواو دەکات . هەمووشیان وەک ئەڵقەو زنجیر ، پەیوەندییەکى هاوبەشیان هەیەو یەکدى تەواو دەکەن .. لێرەوە دابەشکردنى ڕۆڵەکان ( توزیع ادوار ) بۆ کاراکتەرەکان دەست پێ ئەکات . بەجۆرێک هەر کەسێک ئیشى خۆى دەکات ، لەیاریگاى خۆیدا. هەرکاتێک ڕۆڵەکان تێکچوو ، پەیوەندیی نێوان بازنە بچوکەکان و خانەپێکهێنەرەکان نەما ، ئیتر دەنگۆى لێدانى دوابسمار لەتابوتى کۆمەڵگە ، دەبیستین . بەتایبەتى لەسەروەختێکدا ، کە هەموو جیهان بریتی یە لە سێ پیت (WWW) و تەکنەلۆژیاو جیهانگیریی و بازاڕو کاڵا ، مرۆڤى هاوچەرخى ووڕ و گێژ کردووە .

ئەوەى ئەرکى هەرە قورسی دەکەوێتە سەرشان ، بەرپرسیارێتى حەریسبون ، یاخود گەڕانەوەى ویژدان و ئەخلاقى بۆ ناو کایەى سیاسەت و کۆمەڵگە وەردەگرێت ، ڕۆشنبیرانن . بەپێی ” کانت” دەکرێت وەزیفەى هەرەسەرەکى رۆشنبیر ، ڕەخنەگرتن بێت . بەپێی ( تیۆریی ڕەخنەگەرایی ) تاقە دەرگایەک لەبەردەمماندا بەکراوەیی مابێت ، ڕازی نەبون و تەسلیم نەبونە بەو دەوروبەرو واقیعەى کەهەیە.یان تێکەڵ نەبونە بەو حیکایەتانەى سیاسییەکان و دەسەڵات لەچوارچێوەى سیستەمێکى بۆگەندا ، گەرمى دەکەن . بۆ ؟ ” مونتیسکۆ ” فەیلەسوفى پێش شۆڕشى فەڕەنسى (1689-1755) لە رۆحى یاساکاندا ، بەتوندى دژى ئەوە دەوەستێتەوە ، خەڵکانێک خوازیارى چاکسازین لەگەندەڵیدا بکرێت ، چاکسازیی لەسیستەم و فەزاى گەندەڵدا چۆن دەکرێت ؟ بۆچى کاتى پێوە دەکوژن ؟. ئەوەى لەکوردستان نوخبەو جۆرێک لەمیدیا خۆیان پێوە سەرقاڵکردووە ، تەنها سەلماندنى موزەیەفى و فەلێتى خۆیانە ، ئەوسا حاڵەت و ڕووداوەکان . سەرۆکى حکومەت بەزارى خۆى لەبەردەم دەیان مایک و کەناڵى فەزایی دەڵێت : گەندەڵى بووە بە کەلتور !. تاڵەبانى سەرۆکى کۆمار و سکرتێرى پارتێکى گەورە لەکوردستان ، ساڵى (2006) لەبرى بڕیار بۆچارەسەرکردنى ئەو کلتورە کوشندەیە، پرۆژە پێشکەش ئەکا. لە (2012) لەدیدارى ڕۆژنامەى هاوڵاتى دەڵێت : گەندەڵى زۆرەو منیش لێی بەرپرسم ، ئەوسا دووپاتى دەکاتەوە بۆخولێکى تریش خۆى هەڵدەبژێرێتەوە !.

واى لە ڕۆژگارێ … واى لەئافاتى دەورو زەمانێ . لە خۆپیشاندانەکانى (17ى شوباتى 2011) دا. هەریەک لەبەرٍِێزان ( فارووق ڕەفیق و ناسک قادرى هاوسەرى ) جڵەوى ئیدارەیەکى خراپى خۆپیشاندانیان گرتە ئەستۆ ، ئەگەرچى ئامادەگی وهیممەتى خەڵک ، بێئەندازە ئیجابی بو ، بەڵام دواجار ئێمەومانان وەک بکەرێکى سەرەکى ڕووداوەکە ( دەستمان لەسەراکەو هەموى کێشایەوە ، لەبەر هۆکارگەلێک ، هەندێکى ئەزمونى سێ ساڵى ڕابردوو ، ڕاستى یەکەى سەلماند ، هەندێکیشى مێژوو دەینوسێت .) . ئەوکات ئەو دوو ڕۆشنبیرە ، وایاندەزانى سلێمانى یۆنانى کۆنە و دیموکراسیەتى ڕاستەخۆش جۆشی پەیڕەوی لێکردنێتى و باوى ماوە .. بۆیە لەسەر مەنەسەوە دەستیان شۆڕدەکردەوە ، ئەیانوت : ئێرە پەرلەمانە!. حکومەت لێرەوە پێکدەهێنرێت!. پەرلەمانى کوردستان کارتۆنییە ، مقەبایە!. کەچى ئێستا دەور گۆڕاوەو ، حوکمى دوو بنەماڵەیی تێپەڕبووەو،( ناسک قاد ر) یش کاندیدى حزبێکى بچوکە بۆ پەرلەمانى کوردستان ؟. نەک هەر ئەوە ، بەڵکو باوەڕى بە سکرتێرى ئەو حزبەش نەبو ، کەئێستا خۆى لەسەر کاندید کردووە .!. دواى ئەوەى لەهەر سێ لایەنەکەى ئۆپۆزسیۆنەوە توور دران. هێشتا هەر بیر لەکورسیەکى دەسەڵات و مشەخۆرى و موچەخۆرى دەکەنەوە.!. تێناگەم .. بۆچى پێ دەخەنە ناو موقەباو کارتۆنەوە ؟. لەپاى ئەم هەڵویستە دوالیزمانەدا ، وەختە بڵێم ، نەزانترین کەس لەناو ڕۆشنبیرەکانى ئێمەدان ، ترسنۆکترین کەسیش لە ناو پیاوە ئازاکانماندا، دەدۆزیتەوە. لێرە خەڵک بۆیە دەبێت بە ڕۆشنبیر ، بۆیە ڕەخنە دەگرێت ، بۆیە ڕۆژنامەنووسەو ، ناوى خوازراو ، دەستى لەژێرو سەرى چەندین شتدا هەیە ، بۆئەوەى لەپڕیکدا ببێت بە : وەزیر… پەرلەمانتار.. مودیر عام.. تا حەجى بەلاش بکات… هتد. هەرگیز بۆ ئەوە نین کە جڵەوى ئاڕاستەکردنى کۆمەڵگە لەدەست ئۆپۆزسیۆنێکى ساختەچى و دەسەڵاتێکى ستەمکار دەربهێنن. بۆ ئەوەنییە تا ئیش لەسەر فەرهەنگ و ڕیفۆرمى ئاینى و سەنعەتى ووشە بکەن. تا شۆڕشێکى ناتوندوتیژیی بخەنە سەرپێ. ئەم هاتو هاوارە سەرەنجامەکەى تەنها تێک بەردانى خەڵک و تێقوچانى سیاسییەکانە. تۆ زانیوتە ،”ماکسیم گۆڕکێ ” لەبەر نەهامەتى تەنها تا شەشی سەرەتایی خوێند ، کەسێکى نەخوێنەوار بو ، بو بەو کاراکتەرەى کە ڕۆمانى (دایک) ى نووسی . بەدانپێدا نانى خودى لینین ” ڕۆمانى دایک” توانیویەتى (10) ساڵ شۆِرشى ئۆکتۆبەر پێش بخات .

ئێمە لەهەرێمى باشورى کوردستان ، ئەوەى کە پێویستە تا ناو ئێسقان دژى بین ، سیستەمى سیاسییە ، نەک کەسەکان ، ئەوە سیستەمى سیاسییە ، مناڵەکان بێ تەربیەت دەکات بەناوى پەروەردەوە ، زانکۆى کردووە بەکارگەى بەرهەمهێنانى زبڵ و خاشاک ، پیشەسازیی قەدەغەکردووە، کشتوکاڵى فەرامۆشکردووە،نۆکەرێتى و دەستى ئەمنى و ئابوری بێگانەى قبوڵکردووە،ئەو مێنتاڵیەتەى بۆ ئاین و لێبوردەیی ڕام کردووە،دادگاو داوەرەکانى خەساندووە،چینێکى بەناوى چارەسەرى گرفتى نیشتەجێبونەوە،کردووە بە ملیاردێرو،چینێکى خانەنشین کردووەو،چینێکى بێکار و چینێکى دیش مشەخۆر و بەرخۆر.ئەوە سیستەمى سیاسییە،ئاسایش و پۆلیسى ڕادەستى حزب کردووە .ئینتماو بیرى نەتەوایەتى تۆراندووە.بەگشتى ئەم سیستەمە تاک گەندەڵ ئەکات،هەر ماددەیەک بخرێتە ناو ئەم کورەوە،بەچرچ و ناشرینى دەریدێنیتەوە..ئاخر چۆن ڕۆشنبیرێک ڕێگە بەخۆى ئەدات،کاندید بێت لە قوماربازییەکدا بەناوى “هەڵبژاردن”،لەبنچینەدا کۆدەنگى لەسەر نییە بۆ بەشدارى کردنى هاونیشتمانییان.؟.مەگەر “ناسک قادر” نازانێت،چوونە پەرلەمان بریتى لە چونە دەسەڵات.ئەى پەرلەمان دەسەڵات نییە ؟.ئەى هەشت ملیۆن دینارو چوار حیمایەو دوو سەیارەو ڤیەللاو بەریەککەوتنى ڕۆژانەت لەگەڵ کوڕى بنەماڵەکان ناوى چى یە ؟.بیستوتانە،هەواڵ گەیشت بەبەقانعى شاعیر،کە کردویانیت،بە قایمقامى شارەزوور،ئەویش بەزەردەخەنەیەکەوە، ووتى: دیارە ئەوەى لەڕابردوودا،ووتومەو نوسیومە،هەموى درۆ بووە !.من بۆخوم (3) بەرلەئێستا زانیم،ئەو بابە ڕاستەش زڕخاڵەو فەرمودەیان کرچ و کاڵە.تۆپى پتەو ناوبەتاڵە .

کاتێک ڕۆشنبیرەکان،میرابۆن و موزەیەفن،دەبێت یان خێرا بەدواى بەدیلێکدا بگەڕێین، یان چاوەڕێی تاعوون و پەتایەکى کوشندەو کاولکەر بین ،چونکە ئیتر سۆزو ئینسانیەت و ڕەوشت دەچێتە ناو زۆنگاوەکان و،جەنگ و هەڵپەکردن پەرە دەسێنێت.”کامۆ ” تاعون و مەرگەسات بەپاکبونەوە لە گوناح وەسف ئەکا،لایوایە ئەگەر لەدواییدا کارەساتێک ڕوونەدات،ئیدى هەست و سۆز و ئەخلاق ناگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە،کورد کە ئەنفال و گازباران کرا،ئەوسا یەکیگرت و باوەشیان کردەوە بۆ یەکدى .کە کەوتنەوە سەرخۆیان ئینجا پەلامارى یەکتریان دا،ئێستاش جارێکى تر لەبەردەم تاعونداین بە سایەى دەست و دیاریی ڕۆشنبیرە موزەیەفەکانى کورد .هەتا توانییان هاواریان کرد،نوسینیان کرد،خۆڵتان خستە ناو چاوى خەڵکى عەوام بۆ ماوەیەک،تەشهیرتان کرد،ئینجا بۆناو زۆنگاوێک لەگەندەڵى، بەپێی زانست و یاسا سروشتى یەکان،هەمووشت سەرەتاو کۆتاییەکى هەیە،ئەمە سەرەتاى کۆتاییەکى ترتانە و هەرئەوە مابو بڵێین : سەراى ئازادیی و کاند……….ید…ند… ێتى.. پەر… لەمانت باش .