Ako-Ibrahim

ئاکۆ برایم : چاوەڕێ بکە با کاک فڵان کەس بێتەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە ئەو دەستە واژەیەیە کەبە زۆربەمان وتراوە ، کاتێک بۆ ئیشو کارێک رێمان کەوتۆتە فەرمانگەیەک. زۆر جاران وا رێک کەتوە کە کارەکەمان پرسیارێکى سادە ، یان هامشێک و رێنمایەکى ئاسان و بێ گرفت بووە ، بەڵام چونکە هەموو دەموکاتێک حەزمان لەڕۆتینەو بەئاو هەواى رۆتین گۆش کراوین ، تەنها بۆ ئەو ئیشە بچوک و سادەیە چەندین سەعات لەبەر دەم ژورى بەرپرسێکى فەرمانگەیەک لەچاوەڕوانیدا بووین و ئاوى پێمان داهاتوە.

باشە بۆ دەبێت تاکو ئێستا بیر لە چارەسەرى ئەو کێشەیە نەکرێتەوە ؟ بۆ دەبێت هەموو سەلاحەیەت و ئیعاز و رایکردنى کارەکان لەلاى کەسێک گیربخوات ؟ بۆچ فەرمانبەر و هاوکار و یاریدەدەرى ئەو بەڕێزانە بۆیان نەبێت لەبرى ئەو ئاسانکارى و هاوکارى هاوڵاتیان بکەن ؟ بۆ دەبێت بۆ خاترى تاکە یەک هامیش یان واژوویەک ، رۆژێک یان چەند رۆژێک لە فەرمانگەیەک گیر بخۆین ؟ باشە گریمان ئەو کەسەى بۆ ئەو ئەرکوکارەدیاریکراوە ، خوانەکردە کۆچى دوایى کرد ، یان سەفەرێکى چەند مانگى کرد بۆ دەرەوە ، یان بێزار بوو لەئیش و کارە ئیستیقالەى کرد و وازى هێنا . یان راژەکەى گواسترایەوە . ئەى ئەو دەمە چى دەبێت ؟ بێگومان ، زۆر بەراشکاوى و بێ ئەملا و لا پێمان دەڵێن ، ئاسانە کەسێکى دیکە دەخەینەجێگەى وناهێڵین شوێنەکەى خاڵى بێت ئیش وکار پەکى بکەوێت . جوانە بەدڵمە ، ئەى کەوایە بۆچ لەئێستاوە ئەو جێگر و بەدیلەى کارا ناکەن و لەسەر ئەرک وکارو وەزیفەکەى رای ناهێنن وتا لەعانى ئامادەنبونى ئەو کەسە ، ئەو بەدیلە کارەکانى ئەو رایى بکات ، نەهێڵیت کارەکان کەڵەکە ببن و هاوڵاتیان و موراجیع تووشى نارەحەتى و بێزارى و چاوەڕوانى ببن ؟

سەرەبارى ئەوانەش هەموو دەزانین ساڵانە بەهەزاران دەرچووى کۆلیژ وپەیمانگاکان دادەمەزرێن ، بۆچ لەبرى ئەوەى کەسێک تایبەت بێت بەو کارە بۆ چەند کەسێک نەبێت ؟ کە لەلایەک ئیش و کار زۆر بەباشى دەڕوات ، لەلایەکى دیکەشەوە ئێمە ومانان هەرگیز چاوەڕێى تاکە یەک کەس ناکەین قەرەباڵغى و فشارى سەر فەرمانگەکەش کەم دەبێتەوە ، ئەو دەستەواژەیەش (چاوەڕێ بکە با کاک فڵان کەس بێتەوە) باوى نامێنێت ودەچێتە مەتحەفەوە .

خاڵێکى دیکە کەپێم خۆشە باسیبکەم ، بوونى ئەو ژمارە زۆرەى فەرمانبەرانە لەزۆربەى فەرمانگەکاندا، کە ئەمەش نەک بۆتە هۆى باشترکردنى ئیش و کارەکان ، بەپێچەوانە بۆتە مایەى سستى و هەڵەى زەق و بێکارى داپۆشراو ، لەسەردانێکمدا بۆ بەڕێوبەرایەتیەک ، کارم کەوتە لاى خانمێک لەسەر کورسى ومێزەکەى خۆى نەبوو ، چەندین ژورم کرد تا دۆزیمەوە ، کە دیتمەو سەیردەکەم بەڕێزى مۆبایلێکى پێ یە و خەریکى یاریکردنە . بەدەم یاریکردنەوە وەڵامى من ئەدایەو تا مەرحەلەى یاریەکەى نەبڕى سەرى بەرز نەکردەوە ، نەیزانى رەنگ وروخسارم چۆنە . لە شوێنێکى دیکەش رێم کەوتوە ژورى بەڕێزێک کە خۆى ومناڵەکەى لەژورەوە بوون ، مناڵەکەى یارى بەکۆمپیوتەر ئەکرد ، هەرکەنوسراوەکەم پیشاندا ، یەکسەر بێ سەیرکردن و بزانێت چیە و ئاراستەى ئەو کراوە یان نا، یەکەو راست وتى لەدەرەوە چاوەڕێ بکە ،چونکە کارەکەى تۆ گەڕانى دەوێت لەناو کۆمپیوتەردا،کە لەراستیشدا وانەبوو،هیچ کارێکى واى نەدەویست،بەڵکو تولفەکەى خەریکى یارى کردن بوو لەسەر کۆمپیوتەر، هەروەها نزیکى نیوەڕۆش بوو تازە لەفەیان بۆ هاتبوو.

ئەوەى کە باسمکرد نمونەیەکى بچوکى ئیش و کارە فەرمانگەکانە، رەنگبێت کەسانى دیکە هەبن زۆر ئێش و دەردو نارەحەتیان زیاتر چێژ تبێت. بەڵام لەبەر هەرهۆیەک ،یان نازانن چى بکەن وچۆن سکاڵاى دڵى خۆیان هەڵڕێژن قڕو قەپیان لێکردووە.

ئومێد دەکەم لایەنى بەرپرس و خەمخۆر وباڵادەستى شار بەتەنگ ئەو شتانەو بێن و ،رێگە نەدەن کە فەرمانگە بەڕێوبەرایەتى یەکان بکرێنە شوێنى یاریکردن و نانخواردن و کات بەسەر بردن، چاکترە بۆخۆیان لەنزیکەوە ئاگادارى دائیرەکان بن، چ خۆیان یان نوێنەریان زو زو سەردانى ئەو شوێنانە بکەن و، لەنزیکەو واقیعى روداوەکان ببینن. بۆ دامەزراندن و خستنە سەر کارى خەڵکانى تازەش ، هیوادارم بەپێى سیستەم و پێویستى وزەرورەتى شوێنەکان بێت، دائیرەکان سیخناخ نەکرێن لەفەرمانبەرى بێ کارو بێ بەرهەم وموچە خۆر. لەبەر بێکارى و نەبونى هیچ شتێک خۆیان بەنان خواردن ویاریکردن بەکۆمپوتەر و زەم و زەمکارى بەسەر بەرن. ئاواتە خوازیشم کە فەرمانبەران بەویژدان و هەست کردنەوە ئەرک و کاریان راپەڕێنن، بایى ئەوموچەیەى کە مانگانە وەریدەگرن لەخزمەتى هاوڵاتیان موراجیعدا بن ، چونکە پێیان خۆش بێت یان نا ، ئەو موچەیەى وەریدەگرن لەبرى ئەو ئەرک وخزمەت وراپەڕاندنى کارانەیە کە بۆهاوڵاتیانى دەکەن ، گەر ئەوان نەبن،ئەوانیش چاویان بە یەک فلسى مووچە ناکەوێت دەبێت بچن لە ماڵەوە چوار مشقى لێى دانیشن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت