Be-hiwayi

ئومێد مەحمود : بێ هیوابوون لە مرۆڤ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاساییە مرۆڤ بێ هیوا بێ لە دونیای سیاسەت و سیستەم . ئاسایە بێ هیوا بێت لە ستراکتۆریی کۆمەڵایەتی ئەم سەرزوییەی تیادا دەژیت ، یان بێ هیوا بێت لەم هێزە نادیارانەی دەکەونە دەرەوەی خۆی ، بەڵام ئەمەی ئاسایی نیە بێ هیوابوونە لە خودی مرۆڤ خۆی دەشێ کاتێک مرۆڤ لە چنراوێکی کلتوری دیاریکراو بێ هیوادەبیت و خۆی بخاتە ناو ستراکتۆرێکی کەلتوری تر، بەڵام کاتێک مرۆڤ لە خودی مرۆڤ کە بەقسەی پروتاگوراس پێوانەی هەموو شتەکانە بێ هیوا دەبێت ڕوبکاتە کوێ و چی وەک ئەلتەرناتیڤ دابنێت . رونە لەم ساتەوەختەدا دەروازەکان دەبەسترێن دەلاقە هزریەکان ڕوناکیان لێ دەبڕێت ئیدی مرۆڤ بە جێگەیەک دەگات لەنیوەی ڕێگەدا گیر دەبێت نە ئاسۆی چونە پێش ڕون دەبێت و نە توانای بە پاشدا گەڕانەوە دەبیت .

زانستیانە نیە سەردەمێکی دیاریکراو بکرێتە سەرەتای بێ هیوای ، بێهودەی هێندەی مرۆڤ کۆنە و نەزعەی بێ هیوای بەشێکی بونیادیە لە وجودی ئینسان ، مرۆڤێک نادۆزرێتەوە لەچاخە بەرایەکانەوە تا دەگات بەمڕۆ کەسێک نا بێنرێت بێ هیوای ئەزمون نەکردبێت . لەگەڕانەوەمان بۆلای مرۆڤی بەرایی بەر بێ هیوایەکی گەورە دەکەوین لای ئەمیش بەهۆی دەرگیری بە هەستی تاوانکردنی سەرەتا و دۆڕانی بەرامبەر سروشت و داخراوی عەقڵی و بوونی تارمایی ڕستێک هێزی میتۆلۆژی نادیار لەسەری .

مرۆڤ بەدرێژای بڕینی قۆناغگەلی جیاجیا لەتوانستی مەعریفی و گوازرانەوە لە قۆناغی هۆشیاری تێڕامانکاریەوە بۆ قۆناغی باڵاڕەوی زانستی بەشێکی گەورە لەم کەم توانایی و ڕوکەشیە عەقڵیە تێدەپەڕێنێ ، یەکێک لە ئامانجە هەرەلەپێشینەکانی ڕۆشنگەریش لە پاڵ زنجیر کردنی سروشت و هێنانەدەرەوەی مرۆڤ بوو لەژێر سێبەری کۆمەڵێک هێزی ناعەقڵانی کە تا ئەو سەردەمەش مرۆڤیان بە خۆیانەوە گرێدابوو.

ئەگەر لە سەردەمەکانی پێش مۆدێرنەدا بێ هیوا بوون لە مرۆڤ ببەسترێتەوە بە گەورە بوونی قەبارەی هێزە نا عەقڵانیەکان و بەرەڵا بوونی غەریزە بەدەکان یان بە گوزارشتە ئەفلاتونیەکە بەشە نزمەکەی ڕۆحەوە ، ئەوا لە سەردەمی نوێدا ڕێک پێچەوانەی ئەمە گەورەبوونی هێزی عەقڵە بێ هیوایی دەخاتەوە ، هێزی عەقڵە دێت لە سەردەمی نوێدا کانی بەهاکان وشک دەکات زوقمی توڕەیەکەی سروشت وێراندەکات کەواتە هەر چەندە گوێزرانەوەیەکی بونیادی ڕوویداوە لەو هێزانەی بێ هیوا بوونی ئینسانیان خستۆتەوە بەڵام ئەمەی ئێستا دەبینرێت بێ هیوا بوون لە مرۆڤ ئامادەگی هەیە .

بێ هیوا بوون لە مرۆڤ پەیوەندیەکی ڕاستە وڕاستی بە دیوە غەریزیەکەی ئینسانەوە هەیە هەر کاتێک ڕوو بەری ئەم هێزە بەربەریە دەئاوسی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا بێ هیوا بوون لە مرۆڤ گەورەتر دەبێت بەڵام ئەمە هەر بەتەنیا لایەکی بابەتەکەیە کە هەڵئاوسانی غەریزەکان بەشەنزمەکەی ڕۆح بێ هیوا بوون بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەڵام لەسەرەکەی ترەوە زۆر جار بێ هیوا بوون غەریزەکان بە خەبەر دەهێنێ واتە پەیوەندی نێوان بێ هیوای و غەرێزەکان پەیوەندیەکی تاک لایەنە نیە هێندەی پەیوەندیەکی دوو لایەنە و دوو سەرەیە بۆ نمونە ئەمە شکستی ئەڵمانیایە لە جەنگی جیهانی یەکەم بێهودەی و غەریزەی مەرگدۆستی و شەڕانگێزی لای هیتلەرو بەشێک لە چینی پەراوێزخراوی ئەو کاتەی ئەلمانیادا دەبزوێنیێت و دەیانباتە سەر ڕێگای فاشیزم .

جێگەی ئاماژەیە لە سەدە بەرایەکانەوە تا دەگات بە ئێستا لە پاڵ جوهدێکی گەورەی مرۆڤ بۆ چەپاندن و جێ هێشتنی ئەم غەریزە بەربەریانە بەڵام بەردەوامیش لە سۆراخی دەلاقەیەکدا بووە بۆ مەسرەفکردنیان ،بەڵام لە هیچکام لە قۆناغە مێژوویە جیاوازەکاندا مرۆڤ نەیتوانیوە ئەم بەشە لە بوونی خۆی بکاتەوە و ئەم غەریزانە تێبپەڕێنێ ، نەک هەر ئەمە دەش بوتری لە یۆنانی کۆنەوە ئەم باوەرە هەیە بەتایبەت لای هەر یەکە لە ئەفلاتون و ئەرستۆ کە کۆکن لەسە هەماهەنگی ئەم بەشە لە ئینسان لە گەڵ بەشە عەقڵانیەکەی تر بە مەبەستی ژیانێکی ئەخلاقیانە ، لەگەڵ ئەمەشدا مرۆڤ لێبڕاوانە هەولی داوە هێزی ئەم بەشە لە ڕۆح لەسەر خۆی کەمبکاتەوە هاو کاتی ئەمە هەر لەزوەوە مرۆڤ دانی بەوەداناوە بێ کۆمەک وەرگرتن لە هێزێکی سەرو مرۆیی ناتوانێ کاریگەریان کەمبکاتەوە لێرەوەیە مرۆڤ کۆمەک لە دین وەردەگرێت، دواتر سیاسەت و سیستەم بەڵام لەلایەک بەهۆی بوونی ڕەگی قوڵی ئەم غەریزانە لە وجودی مرۆڤدا و لەلایەکی تر دین و سیاسەت کە لە بنەمادا کار دەکەن بۆ چاکەی گشتی تەفسیری جیا جیا یان لێدەبێتەوە بەشێکی ئەم تەفسیرانە تەفسیری مرۆڤانی و ژیان دۆستن ڕاستەوخۆ دەچنەوە سەر ڕۆحی هەردووکیان ، بەڵام ڕوکەی تری ئەم تەفسیرانە تەفسیری داخراون و دورن لەڕۆحی ئەمانن و دووبارە هێنانەوەی غەریزەکانە بۆناو هەردوو کایە لە فۆڕم و شێوەی جیادا .

دوای گەیشتنم بەم شوێنە دەمهەوێت بڵێم ئەم بێ هیواییەی ئێستا ئێمە لە ڕۆژهەڵاتدا لە ناویداین و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەین بێ هیوابوون نیە لە دونیای سیاسەت یان تیۆرەیەکی ئابوری یان کۆمەڵایەتی بەڵکو ئەمەی ئێستا ئێمە ئەزمونی دەکەین بێ هیوابوونە لە مرۆڤ چونکە پێشتر مرۆڤی ئەم ناوچەی هەموو فۆڕمەکانی تری بێ هیوای ئەزمونکردووە و ماوەیەکی زۆر لەگەڵیان ژیاوە ئەگەر سەیری سیاسەت و حەکمداری بکەین سەرباری ئەزمونکردنی کۆمەڵێک سیستەم و قوتابخای فکری جیاواز ، ڕوودانی زۆر شۆڕش و هەڵگەڕانەوەی سیاسی تاوەکو ئێستا سیاسەت لەشکستێکی گەورەدا دەژیت ونەیتوانیوە کۆمەکی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بکات بۆ دەرباز بوون لەم داخرانە مێژوویە ، لەبوارە کۆمەڵایەتیش سەرباری دروستبوونی شاری گەورە و خۆڕێکخستنی بەشێکی خەڵک لەناویدا کە تا ئاستێک هەست بە کاڵبونەوەی ڕەنگی فیوداڵیزم دەکرێت لەسەریان بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت ئاپۆرەیکی گەورەی خەڵک بەتوندی بە نەریت و ئۆرگانیزمە کلاسیکیە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەستراون ، ئەم شیکاریە بۆ بوارەکانی تریش ڕاستە .

ئیدی خەمی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا خەمی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئابوری یان دینی نیە هێندەی خەمێکی مرۆڤانی یە ئیدی پێویستە لێرە بەدواوە وەک هیومانیزمەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بگەڕینەوە سەر خودی مرۆڤی سادە یان پەتی بە گوزارشتە هیگڵیەکە و پێویستە مرۆڤ لەم دەڤەرەدا لە هەموو ئەم چوارچێوە ئایدۆلۆژی و نەریتی و عەقایدیانە دەربهێنرێت و دەستکاری میراتە سیاسی و نەریتی و ئایدۆلۆژیەکانی بکرێت و بەشێوەی مرۆڤانی تر دابڕێژ رێنەوە . لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاری سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان کەلتوری کاتێک ئەگەری سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت گەر ئەم هەوڵانە بازنەدەن بەسەر ڕێنسانس لە خودی مرۆڤدا .