Hellbjardn1

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : هەڵبژاردنێک؛ ناشرینترلە شەڕە گەڕەک .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وا بۆ بیست و چوار ساڵ دەچێت ، بەشێکی باشووری کوردستانمان، نیمچە سەربەخۆیە ، بۆ یەکەمین جاریش لەو بەشەدا پاڕلەمانێک هەڵبژێردرا . بۆ یەکەم جاریش ئۆخەیەک بە دڵی کوردی دڵۆزدا هات . وەلێ بەداخەوە تەبایی نێوان ریزەکان زۆری نەخایاند کۆنەقین زیندووکرانەوە و خۆخۆری و شەڕی براکوژی دەستی پێکردەوە. شەڕی هەر لایەک دژی هەموو لایەنەکانی دیکە، پێکهێنانی جەبهە، جەبهەی ئەملا دژی جەبهەی ئەولا. بۆ خۆ سەپاندن، دەستدرایە بڕینی شادەمارەخوێنی یەکدی و پەنابردن بۆ داگیرکارانی وڵات و جێبەجێکردنی ئەجێندا گڵاوەکانیان. هزری نەوەی نوێ لە کورداێتی شۆرایەوە، مەڵاشوویان بە هەڵبڕینی قوڕگی یەکدی هەڵدرایەوە .

پێویست ناکات بڵێین ئەمە جەندەمین هەڵبژاردنی پاڕلەمانە . ئەوەی پێویستە بپرسین ئەوەیە ، کوا جیاوازی نێوان یەکەم هەڵبژاردن و ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا ؟ لە هەموو وڵاتێکی دیمۆکڕاتدا ، کێبڕکێ لەناو پارتە بەشدارەکاندا لەسەر بردنەوەی زۆرینەی کورسیەکان هەیە و رەوایە ، وەلێ کێبڕکێی ئەوان بە ئەجێندایە – بەواتای هاتنە پێشەوە بە بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری وڵات و نەتەوە .

زۆر جێگەی داخە و جێگەی لۆمەکردنی سەرکرداێتی هەموو پارتەکانی باشووری کوردستانیشە کە ، هەتا ئێستا و دوای ئەو ئەزموونە تاڵەی لە شەڕی براکوژیدا چێشتمان ، وانەیەکیان وەرنەگرتووە و لە هەڵبژاردنی پاڕلەماندا ، لەجیاتی ئەوەی بەبەرنامەیەکەوە بێنە پێشەوە ، سەنگەری دژاێتی لە یەکدی دەگرن . لەجیاتی ئەوەی ئامۆژگاریی هەوادارە لاوەکانیان بکەن کە سبەی ئاییندەی کوردستان و نەتەوەکەیان دەکەوێتە دەست ، رێز لە بیروڕای جیاواز بگرن. دێن لە ماڵپەڕ و پێیجی” فێیسبووک”دا ، بۆ دەستکەوتی حیزبی دەفتەری کۆنە عەتاری یەکدیان پێ دەکەنەوە ، برینی کۆنی شەڕی براکوژییان پێ دەکولێننەوە. هەست و کۆنە کینەی خۆیان لە مێشک و هزری ئەو لاوانەدا دادەڕێژن و دەیانکەنە زمانحاڵی خۆیان” ئاگرەسوورێش لەخۆیا دوورێ ”

هەرچەندە جیۆپۆلیتیکی کوردستان، هەتا ئەم کاتەش جێگەی پاساوی پارتەکان بێت بۆ بە هەڵەداچوون و رەفتاری ناڕەوا و سازشکردن لەسەر چی و چی . بەڵام هیچ کاتێک پاساوی خیانەت ناداتەوە . ئالێرەدایە کە دەمەوێ بڵێم ؛ هیچ پارتێکی کوردستانی نییە هەڵەی نەکردبێت ، هەڵەی پێ نەکرابێت ، ناچاری هەڵە نەبووبیت و لەپێناو مانەوی خۆیدا ، یان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا خۆی فڕی نەدابێتە باوەشی داگیرکارانمنەوە . بەڵام من رێگە بەخۆم نادەم لەسەر ئەو هەڵانە تۆمەتی خیانەت ببەشمەوە . ئەگەر شەڕی براکوژی هەڵەیەکی گەورە و جێگەی لێبوردن نەبێت ، ئەوا گۆشکردنی لاوی کورد بە رەتکردنەوەی یەکدی لەسەر رای جیاواز و نەهێشتنی دایالۆگێکی عاقڵانی/ عەلمانی لەنێوانیاندا و تێزکردنیان هەتا ئاستی دوژمناێتی ، هەڵەیەکی لەوە گەورەترە .

فەرموون سەیری” فێیسبوک” بکەن و بزانن لەم کاتی هەڵبژاردنانەدا ، چ کارەساتێک دەبینن ، بزانن لاوە هەوادارەکانی پارتەکان” یەکیێتی ، پارتی ، گۆڕان” – واز لەوانی دیکە بهێنن ، چ سووکاێتییەک بە یەکدی دەکەن ؟ بزانن چۆن دیسان تۆوی ئافاتی شەڕی خۆکوژی نەفرەت لێکراو دەڕێژن؟ تۆ بڵێی ئەو پارتانە ئاگایان لەوە نەبێت؟ ئەی ئەگەر ئاگایان ڵێیەتی و بەدڵیان نییە، بۆ روونکردنەوە نادەن؟

ئەرێ ؛ مێژوومان تژیی نییە لە شەڕی خۆخۆری . لە نەهامەتی زیاتر هیچمان لێ چنیوەتەوە؟ ئازادی بیروڕا پیرۆزە . مافی هەر تاکێکە خاوەنی بیروڕای خۆی بێت ، بەڵام دەبێ رێزیش لەبیروڕای ئەوانی دیش بگیرێت . جنێودان و سووکاێتی بە یەکدی و هەڵدانەوەی لاپەڕە رەشەکانی پارتەکان ، تەنها ئامانجێک دەپێکێت – دوورکەوتنەوە لە یەکدی و بۆ هەتا هەتا بێ نیشتیمان و ناسنامە . گاڵتەجاڕیی داگیرکارانیشی بکەرە سەربار . خۆ لێرەدا وشەی” دێمۆکڕاسی” جێگەی نابێتەوە .

خیانەت ؛ تاوانێکی هەرەگرانە بدرێتە پاڵ کەسێک و بەتایبەتیش لایەنی سیاسی . بەڵام جێگەی داخێکی گەورەیە لای ئێمە وەک ئاوخواردنەوەی لێ هاتووە . لێرەشدا هەر پارتە کورستانییەکان تاوانبارن ، لەبەر ئەوەی هیچیان بە ئەجێندایەک/ بەرنامەیەکی کارەوە نەهاتوون بۆ هەڵبژاردن ، بەرنامەی خزمەتگوزاری و نەتەوەیی ، کە بەرنامەش نەبوو دەبێتە شەڕە گەڕەک ،

کاتی ئەوەش هاتووە پارتی و یەکیێتی بوێرانە بێنە پێشەوە و کێشەی ٣١ ئاب ، بۆ هەموومان روون بکەنەوە و ئەو لایەنەی شانی قورسە ، داوای لێبووردن لە نەتەوەکی بکات .