Behroz-6

بەهرۆز جەعفەر : ئەگەر نازمى حەمەى سلێمان دەما ، عێراقى تێکو پێک دەشکاند !!.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دیارە ، لەساڵى (1982) شەڕى عێراق – ئێران گەرم بوو ، کادرو سیاسییەکان گفتۆگۆ دەکەن ، یەک لەکادرە سیاسییەکان دەڵێت : گەر ئومەم موتەحیدە تەداخول بکات عێراق شکست دەهێنێت !. ڕابەرى سەید برایم وەک نوکتە دەگێڕێتەوە ، کە یەکێک لەپێشمەرگەکان ، دەڵێت : چى چى ئومەم موتەحیدەى چى ، وەڵلا ئەگەر نازمى حەمەى سولەیمان دەما ، عێراقى تێک و پێک دەشکاند!!. ( شەهید نازمى حەمەى سولەیمان فەرماندەیەکى قارەمان و دیار بوو لە قەندیل لەشەڕى براکوژى شەهیدکرا ) .

دیسان ، لەساڵى (1974) دواى ئەوەى شۆڕشی ئەیلول و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد ، درێژە دەکێشێت ، ئێران و عێراق ڕێککەوتننامەى جەزائیر مۆردەکەن ، وە گەلەکۆمەیەکى نێودەوڵەتى و ئیقلیمى لەکورد ئەکەن ، خەبەر ئەگاتە ئاوایی ، گوایە ” شۆڕشەکەى مەلا مستەفا ” کۆتایی هات !. وە توێنرایەوە . یەکێک لە ژنەکانى ئاوایی ، کوڕەکەى سەرپەل بوە ، ئەمەى زۆر لا ناخۆش ئەبێت و لە سەر کانى خەبەر ئەبیستێت ، کە شۆڕش تاوایەوە .ئەویش ئێژێت ” سا بەخوا ئەحمەوى ئێمە ئەمە قبوڵ ناکات “..!.

من لێرە ، باس لەئیرادە ئەکەم ، باس لەوە دەکەم ، مرۆڤ پێویستى بە (3) شتە ، یەکەم : ئیرادە .. دووەم : ئیرادە.. سێهەم: ئیرادە . کاتێک لەئێران هەواڵ گەیشت بە ” ئارشی کەمانگیر ” و ، وتیان : سنورى ئیران تا ئەو شوێنەیە کە تیرەکەى تۆ دەیگاتێ .!. ئەویش ئەوەندە بەهێز و ئیرادەوە،تیرەکەى ڕاوەشاند ، بەخەیاڵى ئەوەى هێزى ڕاوەشاندنى تیرەکەى ، تائەوپەڕى سنور دەڕوات.ئەمەیە ئیرادە و بیروباوەڕ .

ئێمە لەکوردستان ، لەڕووى بیروباوەڕو ئیرادەى گۆڕینەوە ، زۆر بەرەو دوا ڕۆیشتوین ، لەسەروەختێکدا ، کە هیچ ئامرازێکى ماددى و پەیوەندیکردن ، نەبووە ، رۆحى کوردایەتى و پێشکەوتن و بارى ویژدانى و ئەخلاقى ، پرشنگدار تربووە.. بەیەکجار سەدان پرسیارمان بۆخۆمان دروست کردووە ، لەکاتێکدا زەمەن فشەى پێمان دێ . بۆنمونە : وەرن با بپرسین ، یەک سەعات پێش گرتنى بەغدا ، کێ دەیگوت سەددام بەو دەردە دەچێ ، کەچوو.ئەوەندە ئیرادەى عێراقیەکان لاوازبو ، تەنانەت لەپێش چاوى فەزائییەکانى جیهانەوە بینیمان ، نەک خۆى ، بەڵکو نەیانتوانى پەیکەرەکەشى لەبەغدا بڕوخێنن ، تا سرینگێکى بێگانە هات و ڕوخاندى . ئەدى یەک کاتژمێر بەر لە شۆڕش دژى ئەسەد ، یەک کوردێک ناسنامەیەکى نەبو ، زمانیان بڕابو ، هەموو دەنگهەڵبڕینێک یاساغ بو ، ئێستا یانسیبێک بۆ کوردان دەرچووە ، باسی حکومەتى خۆجێیەتى و پەرلەمان و حوکمێکى زاتى و کەناراوەکانى دەریاى سپى دەکرێت !.

لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا ، چ دەسەڵاتى سیاسیی ، چ هاژو هوژەکانى ئۆپۆزسیۆن ، چ ئەو شەپۆلە نا ڕۆحیە ( مەعنەوییە ) ى کەدونیاى گڵۆباڵیزم و ماددەگەرایی و تەکنەلۆژیا ، هێناویەتى ، بەتەواوى تاکى کوردییان ڕەشبین و بەدبین کردووە ، لەکۆڕێکدا سەعاتێک قسەدەکەى ، ئەو لەکۆتاییدا دەتگەڕێنیتەوە ، بۆ ” فڵانە بەرپرس و فڵانە سەرکردایەتى و فیسارە مەسەلە” !. بەجۆرێک لەگێژەڵۆکێکدا ، تەنها مەسەلە لاوەکیەکان دەخوێنێتەوە . لەوەتەرى گرنگ و حەساسەوە قسەناکات . بۆچى دەبێت وابێت . تەنها چەند دەیەیەک پێش ئێستا تاقە کەسێک لەم کوردستانە ، ئومێدى ئەوەى لێکراوە ، تەنگ بە دکتاتۆرو دەوڵەتێکى گەورە هەڵچنێت .