Hellbjardn1

شێرزاد وڵاتدۆست : بەڵێنە بێ کردارەکانی پێش هەڵبژاردن …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانی پێش هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانەکەی بەڕێدەکات ، لەم ڕۆژانەدا بەڵێنگەلێکی زۆر و وەها لەلایان پاڵێوراوان و لیستە جیاوازەکانەوە بە هاوڵاتیان دەدرێت کە هەرگیز نابنە کردار، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دەنگێکی زیاتر لیستەجیاوازەکان ئامەدەن هەموو بەڵێنك بدان ، بەڵام وادیارە هەستیان بەوەنەکردوە زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە گوێیان پڕبوە لەم جۆرە بەڵێنەنا و ئیتر دەزانن ئەم بەڵێنانەی پێش هەڵبژاردن هیچ نیە جگە لە بەڵێنێکی پوچ و بێ بنەما کە لە دوای هەڵبژاردن هیچ کەسێک و لایەنێک خۆی بە خاوەنی نازانێت .

لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 1992 هەرێمی کوردستانەوە لیستەکانی ئەو کات بەلێنگەلێکی وەهایان بە هاوڵاتیان دا کە دوای تێپەڕبوونی 21 ساڵ ئەو بەڵێنانە نەبوونە کردار ، بەڵکو لە پێش ئەنجامدانی هەموو هەڵبژاردنکان دووبارەو چەندبارە دەبنەوە بێ ئەوەی ببن بە کردار، بەڵکو تەنیا بەمەرەکەبی سەرکاغەزو بیرەوەری لە هزر و بیرەوەری هاووڵاتیان دا دەمێننەوە .

ئیتر زۆرێک هاووڵاتیان لەوە گەیشتوون کە هەرچەند بەڵێنیان پێبدرێت جێبەجێناکرێت و تەنیا ئەوکاتانە گوێبیستی دەبنەوەو دڵنیا دەکرێنەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و گفتانەی کە لایەنە سیاسیەکان نزیک دەبنەوە لە هەڵبژاردنەکان ، وە بۆ بەدەستهێنانی دەنگێکی زیاتر بۆخۆیان ئامادەن هەوموو جۆرە بەڵێنک بدەن بە هاوڵاتیان لەمەڕ باشترکردنی ڕەوشی ژیانیان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کەموکوڕیانەی هەن ، بێ سڵیمینەوە لەوەی کە ئاخۆ لە توانیان دا دەبێت دوای بەدەستهێنانی متمامەنەی هاوڵاتییان ئەو بەڵێنانەی داویانە بە کردار پیشانی دەنگدارنی خۆیان بکەنەوە،بەڵام بەداخەوە لەژێر ڕۆشنایی وادەی دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت دان بەو ڕاستییە دابنێین هەرکە ئەو لایەنە سیاسیە یان ئەو پاڵێوراوە گەیشتن بە پەرلەمان و دڵنیابوونەوە لە بەدەستهێنانی کورسیەکانیان ئیتر هیچ شتێکی پێش هەڵبژاردنیان لە بیر نامێنێت ، وەك بڵێیت ئەوە ئەوان نەبوون کە لەسەر دەزگا ڕاگەیاندەکان دەپاڕانەوە لە هاوڵاتیان بۆ تەنها دەنگێك و شار و شارۆچکە نەدەما نەڕۆن بۆی بۆ زیاتکردنی دەنگەکانیان و هەڵخەڵتاندی هاونیشتمانیەکانی خۆیان بە بەڵێنی بێ بنەما کە خودی خۆشیان لەوە دڵنیا بوون ، کە ناتوانن هەرگیز ئەم بەڵێنانە جێبەجێ بکەن ، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات بەکاریان دەهێنن .

لەهەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 1000 پاڵێوراو لەسەر چەندین لیستی جیاواز خۆیان پاڵاوتوە بۆ بەدەستهێنانی تەنها 111 کورسی پەرلەمان ، ئەوەی لێرەدا جێی تێرامانە کە ئاخۆ لەماوەی پێش هەڵبژاردنی ئەم جارە چەند بەڵێن بدرێت ، بێگومان ژمارەیەکی زۆر دەبێت چونکە کێبڕکی ئەمجارە زۆر توندەو دەنگەکانی پەرلەمانی داهاتوو دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوە لە نێوان ئۆپۆسزیۆن و دەسەڵات ، وە هەروەها دەبێتە پیشاندەری ڕێژەی لایەنگری هەموو پارتە سیاسیەکانی هەرێم ، کە زۆربەیان دڵنیان لایەنگریان زۆر بووە و لەم هەڵبژاردنە پیشانی ڕایگشتی دەدەن ،بەڵام بێگومان ئەمەش دەکرێت ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت .

وە پێویستە ئەوە بڵێین سودمەندی سەرەکی لە ڕووی مادی و پلەوپۆستەوە لەم هەڵبژاردنەن بێگومان ئەو پاڵێوراوان کە دەگەن بە پەرلەمان دەبن بە ئەندام پەرلەمان ، چونکە موچە و خانەنشینی چەند ملییۆنی و چەندین ئیمتیازات زۆرگەورە لە چاوەڕوانیان دایە ، هە ئەمەش هۆی سەرەکیە بۆ هەوڵدانی ئەم ڕێژە زۆرە لە پاڵێوراوان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، با لێرادا پرسیارێک بکەین کە ئایا ئەگەر موچە و ئیماتیازاتی ئەندام پەرلەمانێک وەک ئەو مووچەو ئەو ئیمتیازاتە بێت کە فەرمانبەرێکی ئاسایی هەیەتی ئاخۆ چەند کەس لەم پاڵێوراوانە ئامادەبوون بچن بە پەرلەمان ؟!

ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بانگەشەی سەرەکی زۆر بەی لیستە جیاوەزەکانە برییتیە لە بنبڕکردنی گەندەڵی و ئاشکراکردنی داهاتی نەوت و داهاتەکانی تری ئەم هەرێمە و دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەری بەسەر تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی ، هەروەها چەندین بەڵێنی تر کە هیچ شتێکی وەها نەماوە لە دروشمی جوان بریقەدار کە لیستەکان و کاندیدەکان بەکاری نەهێن بەمەبەستی زیادکردنی دەنگەکانیان ، بەڵام ئەوەی لای خۆیان و لای هاوڵاتیان تەواو ئاشکرایە ئەوەیە ئەم دروشم و بەڵێنانە هەرگیز بە کردار نابینرێن و تا هاتنەوەی هەڵبژاردنێکی تر دووبارە نابنەوە .

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی تەواو هاوڵاتیان لە بانگەشەکانیان بێزار بووە لیست و کاندیدەکانی لایەنی دەسەڵاتە ، چونکە ئەم لایەنانە ماوەی 21 ساڵە لە حکومڕانیدان و دوای ئەم هەموو ساڵە لە ئێستادا هەندێک دروشم و بەڵێن بەرزدەکەنەوە ، کە هەمان دروشمی هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی ساڵی 1992پەرلەمانی هەرێمی کوردستانن ، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئاخۆ ئەگەر لەماوەی 21 ساڵ حکومڕانی نەتوانرابێت ئەم بەڵێن و دروشمانە بە کردار پیشانی دەنگدەرەکانیان بدەن چۆن دەتوانن لە ماوەی تەنها 4 ساڵ دا ئەوە بکەن ؟!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت