عەتا قەرەداخی : ئەویش کۆلۆنیالیکردنی کەلتووری کوردییە!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

( سووکایەتی کردنی رۆشنبیران و نووسەرانی داگیرکەرانی کوردستان بە کوردو بە رابردووى ئەم نەتەوەیە بەشێکە لە پرۆسەى بەردەوامی کۆلۆنیالیکردنی کەلتووری کوردی کە بە بەرنامەو نەخشە جێبەجێ دەکرێت . ئەو کوردەى کە قسەى تورکێک یان فارسێک یان عەرەبێک بە بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ سەلماندنی لاوازى ناپاکی و برا کوردەکەی خۆی ئەوە کوردێکی نەزان و کاڵفامە چونکە دڵی بە قسەى سووکی دوژمنەکەى سەبارەت بە براکەى خۆی خۆش دەبێت. )

مێژووى هەر نەتەوەیەک بریتیە لە کۆی ئەو رووداوانەى کە لەسەر جوگرافیای ئەو نەتەوە روویان داوە لەگەڵ ئاستی ئامادەبوونی ئەو نەتەوەیە لە نێو ئەو رووداوانەو چۆنێتی کارکردنی و رۆڵبینینی لە جوڵەى رووداوەکان و ئاستی بە بکەربوونی لە گۆڕینی جوڵەو ئاراستەى ئەو رووداوانەو بەکارخستنیان لە بەرژەوەندی خۆی و ئەویش بە مەبەستی سوود لێوەرگرتنیان و چۆنێتی بەکارخستن و بەکارهێنانیان لە پێناوى بەرژەوەندى باڵای خۆی و بیناکردنی ئێستاو ئایندەدا و ئەویش بە مەبەستی خودسەلماندن و خودبیناکردن و بەشداریکردنی لە بیناکردن و بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. راستە بە پێی زۆرێک لە تیۆرەکانی کۆمەڵناسی و مێژووى شیکاری کە گرنگترین بەشی مێژووە کۆمەڵ مێژوو درووست دەکات نەک تاکە کەس بەڵام بەهیچ شێوەیەکیش رۆڵی تاکە کەسی دیار یان تاکە کەسی کاریزمی لە مێژوودا بەلاوە نانرێت و پاسیڤ ناکرێت. بەڵکو هەر کەسە بە ئەندازەى رۆڵبینینی لە مێژووى نەتەوە یان کۆمەڵگاو نیشتیمانەکەی یان لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا گرنگی و بایەخی پێدەدرێت. بوون و ئامادەبوونی مرۆڤ لەسەر بنەمای بەشداریکردنی لە بیناکردنی شارستانێتیدا پێناسە دەکرێت .

ئێمەى کورد کە تاکو ئێستا لەسەر نەخشەو جوگرافیای بوونء لەسەر ئاستی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ون و نادیارین لەبەر ئەوەیە کە نەمانتوانیووە لە رووى کارو بەرهەمهێنانی شارستانێتیەوە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ چ لەسەر ئاستی جیهان خۆمان بسەلمێنین . لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەبەردەمی دوو رێیانێکدا وەستاوین ئەویش ئەوەیە ئایا ئێمە رێز لە رابردووی خۆمان بگرین و وەها سەیری بکەین ئەوە بەشێکە لە بوونی ئێمە لە رابردووداو چەندیش لاوازو بێ نموود بێت ئەوە مێژوومانەو هەموومان لێی بەرپرسیارین؟ یان ئەوەتا بێ ئەوەى بیر لەوە بکەینەوە کە ئەو رابردووە رابردووى هەموومانەو بەشێکە لە بوونی ئێمە هێڵی راست و چەپی پێدا بهێنینء پێمان وابێت کە دەتوانین لە چرکە ساتێکدا دابڕان لەو رابردووە بکەینء ئێستایەکی گەشء داهاتوویەکی گەشتر بینا بکەین کە ئەوەش شتێکی مەحاڵە چونکە مێژوو بەقەڵەمباز ناڕوات.

بەهەرحاڵ مەسەلەکە بەهەر جۆرێکیان بێت ناشێت ئێمە یان هیچ کۆمەڵگایەکی تر لە رابردووى خۆی پەرت بکرێت و ئەوەش ئاشکرایە کە بەبێ بوونی رابردوو هەروا ئاسان نییە ئێستاو ئایندە بینا بکرێت . هەڵبەت مەبەستمان لەم قسەیە ئەوە نییە کە رابردوومان بە هەموو باش و خراپەکانیەوە بەلاوە پیرۆز بێت نەخێر هیچ رابردو ئێستاو داهاتوویەک پیرۆز نییە ، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە سووکایەتی بە رابردوو بکرێت .

تاکو ئێستا نەمانبینیووە یان نەمان خوێندووەتەوە کە گەلێک یان نەتەوەیەک هێڵێکی راست و چەپ بەسەر رابردووى خۆیدا بهێنێت و ئیدیعای ئەوەش بکات کە دەیەوێت ئێستاو ئایندەی هەبێت.

تاکو ئێستا ئەمەریکیەکان بە رێزەوە سەیری کەسێتی جۆرج واشنتۆن دەکەن کە رزگارکەرو درووستکەری ئەمەریکای سەربەخۆیە.

هیندییەکان بە رێزەوە سەیری جەواهێر لال نەهرۆ دەکەن و ئایەتوڵای خومەینیش لەلای شیعەى ئێرانی تاکو ئێستا نموونەى باڵای سەرکردەى رۆحی و کاریزمییە . ناسیونالیستە عەرەبەکان تاکو ئێستا بەرێزەوە سەیری جەمال عەبدولناسرو سەدام حسێن دەکەن ، هەمووشمان دەزانین کە مێژووی مرۆڤایەتی بەدەگمەن خوێنڕێژی وەکو سەدام حسێنی بەخۆیەوە بینیووە . مەبەستم لەم قسەیە ئەوە نییە کە ئێمەش وەکو ناسیونالیستی عەرەبی کوێرانە بەهەموو رابردووى خۆمان بڵێین باش و پەسەندە. بەڵام دەبێ بزانین زۆرینەى نەتەوەکانی دنیا کە شانازی بە رابردووی خۆیان و بى هێماو سیمبوڵەکانی خۆیانەوە دەکەن نەمەترسی لە ناوچوونیان هەیەو نە کێشەی نەبوون و قەیرانی شووناس وەکو کورد ئەوەى کورد بەدەست ئەو قەیرانەوە دەناڵێنێت بەڵام دەبینین ئەوانی دی بەو هەموو ئامادەبوونەشەوە نەک هەر رێگانادەن خەڵک سووکایەتی بە رابردوویان بکات بەڵکو هەموو ئەو بنەمایانە وەکو بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان سەیر دەکەنء هەر پێ لێنانێکی بە بەزاندنی هێڵی سوور دادەنێن.

بەگوێرەى مێژووى کورد وەکو نەتەوەیەک کە تاکو ئێستا لە رووی بەشداریکردنی لە بیناکردنی مێژووى مرۆڤایەتیدا هیچ ئامادەبوونێکی نییە و ئەوەش وایکردووە وەکو نەتەوەیەکی نەبینراو سەیر بکرێت یان تەنانەت دەتوانین یڵین ئەوەندە ئامادەبوونی نەبووە کە لە لایەن ئەوانی ترەوە سەیریش بکرێت ، بۆیە ئەوەی کە هەیەو دەشێ لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردیدا وەکو جۆرێک لە ئامادەبوون سەیری بکرێت ئەو مێژووە ناوخۆیی یان لۆکاڵیەیە کە هەیەتی کە ئەوەش لە زۆر رووەوە بووەتە هێزێکی مەعنەوی بۆ رێگاگرتن لە رووخاندنء تێکشکاندنء لە ناوچوونی تەواوەتی ئەم پێکهاتە ئیتنیکیە کە ئێستا گەورەترین پێکهاتەى ئیتنیکی بێ دەوڵەتە لەسەر گۆی زەوی. لە سنووری ناوخۆی کوردستانء تا ئەندازەیەکیش لەسەر ئاستی ئەو دەوڵەتانەى کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەو مێژووە ناوخۆییە مایەی جۆرێک لە شانازییە بۆ مرۆڤى کورد چونکە توانیوێتی بە شێوازى جۆراو جۆر بەرگری لە مانەوەى خۆی بکاتء رێگا نەدات ئەوانی داگیرکەری کوردستان بە تەواوەتی تێکیبشکێننء لە ناوى ببەن، بە ئاشکراش دەتوانین بڵێین کورد لە پێناوى مانەوەدا خەباتی زۆری کردووەو خوێنی زۆری بەخشیووە، بێگومان لەو سەروبەندەشدا کاری ناجۆر روویداوەو هەڵەش کراوەو کەموکورتیش هەبووە چ لە لایەن سەرکردەی بزووتنەوەکانەوە چ لە لایەن ئەوانەى کە بەشداری بزووتنەوەکانیان کردووە چ لە لایەن میللەتیشەوە چونکە سەرئەنجام بە سەرکردەو خەباتگێڕانء پێشمەرگەو خەڵکیشەوە هەر هەموو کوڕی کۆمەڵگای کوردیء واقیعی سەختء ناجۆری کوردستانی داگیرکراوو دابەشکراووبە بەرنامە دواخراو نەخوێندەوارکراو بوون.

بێگومان دەبێ لەو روانگەیەوە سەیری هەریەکە لەو بزووتنەوانە بکرێت کە بە هەموو کەموکورتیەکانیشیانەوە بەشێکن لە مێژووى گەلی کوردو دەبێ واقیع بینیش بین و بزانین ئەو کەسێتیانەى کە رابەرایەتیء سەرکردایەتی بزووتنەوەکانیان کردووە کەسانێک بوون لە نوخبەى دیاری کۆمەڵی کوردەواری کە ئەوانیش بۆ قۆناغەکانی پێشتر شێخء ئاغاو بەگء مەلای کوردستان بوون، هۆکەشی ئەوەیە کە ئەو گوڵبژێرە لە چینء توێژەکانی تری کۆمەڵی کوردەواری هوشیارتر بوون، بەڵام لەبەر ئەوەى خەباتی کورد هەر لەسەرەتاوەو تەنانەت لە پێش دەرکەوتنء پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردیء لە پێش دەرکەوتنی ناسیونالیستێکی بەهێزى کوردیشدا خەباتی گەلێکی داگیرکراوو دابەشکراو بووەو، ئەو خەباتەش شێوازى خەباتی رزگاری نیشتیمانی وەرگرتووەو سەرکردەو رابەرانی ئەو بزووتنەوانەش سیماو رووخساری سەرکردەو رابەری نەتەوەییان وەرگرتووەو لە رووی مەعنەویشەوە لە کۆنەستی کوردەواریدا هێماو سیمبوڵی بەرگری ء خۆڕاگری کۆڵنەدانء نەبەزینء چۆک دانەدان بوونء تەنانەت دووژمنانء داگیرکەرانی کوردستانیش وەکو قەڵای سەخت سەیری ئەو سیمبوڵانەى مێژووى کوردیان کردووەو بە کۆسپء بەربەستیان داناون لە رێگای جێبەجێ کردنی بەرنامەو نەخشەکانیاندا بۆ لە ناوبردنى تەواوەتی کورد. لێرەوە ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەگەر بڕوامان بە ئایندەى کورد هەبێت دەبێ بڕوا بەوە بهێنین کە زیندوو کردنەوەى کوردو بیناکردنەوەى کەسێتی تێکشکاوى کوردی تەنیاو بەس تەنیا بە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی گەورەى رێنیسانسی نەتەوەیی دەبێت کە ئەو پرۆژەیەش چەندین پایەی گرنگء سەرەکی هەیە کە یەکێک لەو پایانە هێماو سیمبوڵەکانی رابردووەو دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە یەکێک لە پایەکانی ناسیونالیزم ئەفسانەیە کە دەشێ لەو میانەدا نەتەوە بە خەیاڵ سەرکردەى ئەفسانەیش لە رابردووى خۆیدا درووست بکات بۆ زیندووکردنەوەى رۆحی کەسێتی ئەفسانەیی نەبەزیوو لە نەستی تاکەکانی ئێستایدا، هەر بۆیە ناوهێنانی شێخ عوبەیدوڵای نەهریء شێخ عەبدولسەلامی بارزانیء شێخ سەعیدی پیرانء شێخ مەحمودی بەرزنجیء سەید رەزای دەرسیمء قازی محەمەدء مەلا مستەفای بارزانیء قاسملۆو… بۆ هەر تاکێکی کوردی کە تەنانەت بنەمایەکی لاوازى هەستی ناسیونالیزمانەشی هەبێت دەبنە سەرچاوەى وروژانء زیندووکردنەوەى ئینتیمای نەتەوەییء نیشتیمانی کە ئەوەش ئەو رووبەرەیە کە تیایدا هێماو سیمبوڵەکانی رابردوو دەبنە پایە بۆ ناسیونالیزمی کوردیء تەنانەت بۆ رێنیسانسی نەتەوەیش لەگەڵ چەندین توخمء رەگەزى تردا پێکەوە کاردەکەن.

دیارە بۆ نەتەوەیەک ئەگەر کۆمەڵی هێماو سیمبوولی رابردووی هەبێت ئەوا درووستکردنی سیمبوڵی گەورەى ئەفسانەیى ئاسانترە بە مەبەستی کردنی بە پایەى رێنیسانسی نەتەوەییء کردنی بە پایەى ناسیونالیزم کە ئەوەش بەمەبەستی زەمینە سازییە بۆ درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی هەر بۆیە لەم روانگەیەوە مایەى پرسیارە کە نەتەوەیەک هەبێت سووکایەتی بە رابردووى خۆی بکات بە هەموو توخمء رەگەزەکانیەوە. دیارە بە گوێرەى کورد زۆرێک لەو رابەرانەی بزووتنەوەکان لەو ئاستەدان ببنە پایەى رێنیسانس و پایەى ناسیونالیزمی کوردی ئەگەر ئێمە لە ئێستادا لەوە تێبگەین کە بایەخی ئەو هێماو سیمبوڵانە لەو رووەوە چەند گرنگە، بێگوان هیچ کام لە هێماو سیمبوڵەکانی رابردووى کوردیش هەمان شێوەى هێماو سیمبوڵی نەتەوەکانی تر لە سەرووى رەخنەو لە دەرەوەى رەخنە نین، بەڵام بێگومان لە سەروى سووکایەتی پێکردنء لە دەرەوەى سووکایەتی پێکردنن بەتایبەتیش ئەگەر کەسانێکی سەربەنەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان ئەو سووکایەتیە بکەن ئیتر گرنگ نییە ئەو بێگانە داگیر کەرانەى کوردستان لە چ ئاستء پلەو پایەیەکدان چونکە ئەوە ئاشکرایە ئامانجیان لە سووکایەتی کردن بە مێژووى کوردء بە راپەڕینەکانی کوردء بە هێماو سیمبوڵەکانی کورد بۆ سووکایەتی کردنە بە گەلی کوردء بۆ ئەوەیە ئەمانیش بەشداری رژێمی نەتەوە داگیرکەرەکانیان بە دژی کورد بکەن بەڵام لە سەنگەرێکی ترەوە کە سەنگەری کاری موخابەراتیء بەناو کەلتووریە بەڵام لە راستیدا کارەکانیان بەشێکە لە هەمان پرۆسەى کۆڵۆنیالیکردنی کوردستان کە دەشێ بە کۆلۆنیالیکردنی کەلتووری کوردی لە لایەن ئەوانی داگیرکەری فارسء عەرەبء تورکەوە جێبەجێ بکرێت.