Hana-Ali

هانا عەلی : ژنانێکی زۆر هەن نازانن چێژ لە پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ مێردەکانیان وەربگرن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* نەبوونی هۆشیاریی سێکسیی لای تاکی کورد یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان

* ژن بەردەوام ترسی لە هێرشکردن و پەلاماردانی لەلایەن پیاوانەوە هەیە

* لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێش ئەوەی گوێ لە دەنگی ژن بگیرێت سەیری لەش و لاری دەکرێ

* کۆمەڵگەی کوردیی بۆ ژن کوشتن لە ریزی پێشەوەی زۆربەی کۆمەڵگاکانە

هانا عەلی ، نووسەر و چالاکوانی یەکسانی ژن و پیاو ، لەم دیمانە تایبەتەدا تیشک دەخاتە سەر دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنی کورد لە هەندەران . لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا باس لە رۆشنبیریی سێکسیی و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوی کورد دەکات لە سایەی ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتییەی هەنووکە هەیە. لە بەشێکی تری دیمانەکەدا باس لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشیی و تەنگ پێهەڵچنینی سێکسی ژنانی کورد دەکات .

ستیڤان : وەک دەزانین کوشتنی ژنانی کورد لە هەندەران بۆتە دیاردەیەکی دزێوی بەربڵاو . بە بڕوای تۆ کوشتنی ژنانی کورد لە ئەوروپا بۆچی دەگەڕێتەوە؟.

هانا عەلی : کوشتنی ژنانی کورد لە هەندەران بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەمان هۆکارەکانی لە کوردستان هەن ، کە تێڕوانینە بۆ ژن وەک جیا لە مرۆڤ، وەک کاڵای ناو ماڵ و شەرەفی پیاو و خێزان، شوبهاندنی بە هەموو شتێک تەنیا مرۆڤێکی خاوەن ماف و بڕیار نەبێ، هەموو ئەو تێفکرین و شوبهاندنە زۆر نامرۆڤانەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باکگراوندە دینی و خێڵەکییە کە لە کوردستانەوە لەگەڵ خۆیانی دەبەن و رزگاربوون لێی کارێکی ئەستەم و سەختە بۆ خێزانی کوردیی.

بە شێوەیەکی گشتیی ، نامۆبوونی ژنی کورد بە ماف و میکانیزمەکانی رێگە گرتن بە کاری توندوتیژیی و کوشتن ، یان بە هەند وەرنەگرتنی هەڕەشە و خەتەرییەکانی لە سەریانە ، تێفکرینی پیاوی سالاری کوردی بۆ ژن گەشتووەتە ترۆپکی خۆی و کەیسی کوشتن و توندوتیژیی خێزانیمان هەیە لە لایەن خەڵکانێکی بە حیساب عەلمانی و عەقڵی مۆدێرینتەی کوردییەوە ئەنجام دراوە و دەدرێ، بە شێوەیەکی گشتیی دەتوانم بڵێم هەموو ژنێک لە هەر ئاست و شوێنێکدا بێت و لە کوردستان یان دەرەوەی کوردستان لە مەترسی و هەڕەشەی گیانی بە دوور نییە ، بەڵام بێگوومان هەموو شوێنەکان جیاوازیی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە .

ستیڤان : خێزانی کورد لە هەندەران چەندین گیروگرفتی هەیە ، گرنگترینیان سەپاندنی کولتووری خێڵ و ئاینییە بەسەر نەوەکانیاندا. بە بڕوای ئێوە بۆچی تاکی کورد ناتوانێت لەگەڵ کولتووری ئەوروپا ئینسجام بکات؟ . پێتوایە هۆکاری پابەندی خێزانی کورد لە ئەوروپا بە نەریتی خێڵەوە بۆچی دەگەڕێتەوە ؟.

هانا عەلی : ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و لەبەر ئەوەی من لە کەنەدا دەژیم و تا راددەیەکی زۆر ستایڵی ژیان و سیستمی کار و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و خێزان ، لەگەڵ ئەوروپا زۆر جیاوازە ، بۆیە پێم باشە باسێک لە هەردووکی بکەم . تۆ ببینە لە ئەوروپا کوشتنی ژنی کورد زۆر زۆرە و تەنیا یەک حاڵەت لە کەنەدا تۆمار کراوە کە ژنێکی کوردی رۆژهەڵات بووە ، ئەمە بۆ وایە ؟. بە رای من هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی وڵاتە ئەوروپییەکان بە کوردستانەوە ، کوردی ئەوروپا کۆنتاکتێکی زۆر زیاتریان لەگەڵ دین و کولتوور و فکری خێڵەکیی و کۆنسەرڤەتیڤی کۆمەڵگای کوردیی هەیە و ئاسانی سەفەرکردن و هاتووچۆ بۆ کوردستان و کەم تێچوون و هەرزانی سەفەر کردن ، هەروەها زۆربوونی رەوەندی کوردیی لە وڵاتانی ئەوروپا و مانەوەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناو هەمان قاڵب و جۆری ستایڵی ژیانکردن لە کوردستان .

هەر لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە کوردی ئەوروپا زیاتر پابەندن بە فکری خێڵ و خێڵگەرایی رێک وەک کوردستان . لە کاتێکدا لە کەنەدا زۆر جیاوازە، واتا سەختی سەفەرکردن و کۆنتاکتکردن لەگەڵ کوردستان بە پێی دووریی جوگرافیایی و تەنانەت جیاوازیی کاتیش و بوونی رەوەندی کوردیی بە ژمارەیەکی زۆر کەمتر و زیاتر تێکەڵاوبوونیان بە جۆری سیستمی ژیانکردن لە گەڵ کەنەدیی و باقی کۆمینیتیەکانی تری ئەم وڵاتە ، لە هەمووی گرنگتر سەرقاڵبوونی خەڵکی ئێرەیە بە کارکردن و پەیداکردنی بژێویی ژیان ، چوونکە لێرە ئەو ئیمکانات و پارەیەی حکوومەت بۆ هاووڵاتی سەرف دەکات ئێجگار کەمە و بەشی لایەنی کەمی ژیانی هیچ تاکێکی ئەم وڵاتە ناکات . بۆیە خەڵک لێرە بە تەواویی سەرقاڵی ژیانکردن و پەیداکردنی ئیمکاناتە و کاتێکی زۆر کەمیشی بۆ ئیسراحەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر لەوەش کەمتر بۆ سیاسەتکردن هەیە، لە یەک دێڕدا دەڵێم سیاسەتی حکوومەتی کەنەدیی و ئەمەریکی سەرقاڵکردنی خەڵکە بە کارەوە.

ستیڤان : توندوتیژیی دژی ژن لە ئەوروپا و ئەمەریکا تەنیا لەلایەن کوردەوە ئەنجام نادرێت ، بەڵکو لەلایەن خودی ئەوروپییەکانەوە هەمان توندتیژیی بوونی هەیە دژی ژنان. بە رای ئێوە جیاوازیی چییە لە نێوان توندوتیژیی دژی ژنان لەلایەن پیاوی کورد و پیاوی ئەوروپییەوە؟.

هانا عەلی : جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، هەموو ئەو هۆکارانەی لە کۆمەڵگای کوردییدا دەبنە هۆکاری کوشتن و توندوتیژییکردن لە بەرامبەر ژناندا زۆر جار هەر هەمان هۆکارن بۆ کۆمەڵگای سویدیی و بەریتانی و کەنەدیی … هتد. بەڵام ئەوەی جیاوازە کورتی دەستی دینە لە یاسادا و چۆنێتی مامەڵەکردنی یاسایە لە بەرامبەر تاوانبار و تاوانلێکراو ، سەربەخۆیی دادگا و لایەنگیریی کردنێتی لە مافەکانی ژنان بە راددەیەکی زۆر باشتر و زیاتر بە بەراوورد بە هی کوردستان.

جیاوازییەکە لە چۆنێتی ناساندنی تاوانەکە و کردنی بە کێشەی کۆی کۆمەڵگا و باسکردن و نیشاندانی تاوانبارەکە و ناساندنی بە خەڵک لەلایەن مێدیا و حکوومەتەکانەوە، پێچەوانەی کوردستان کە تا ئێستا خودی ئەو شوێن و دەزگایانەی کە تایبەتن بە کارکردن لەسەر دۆزی ژن بە پیت ناوی کەسی بکوژی ژن دەهێنن و رۆژیک لە رۆژان وێنەی بکوژێکی ژنمان لە سەر شاشە و لاپەڕەی رۆژنامەکان نەبینی، من پێموایە ئەو جۆرە شاردنەوەیە بۆ خۆی لایەنێکی تری برەودانە بەو قەتڵ و عامەی ژنان .

ستیڤان : گرنگیی دروستکردنی هۆشیاریی سێکسیی لای تاکی کورد ، چۆن دەبینیت ؟. پێتوانییە راگەیاندنی کوردیی هێشتا شەرم لە ورووژاندنی بواری سێکس دەکاتەوە ؟. هۆکاری شەرمنیی راگەیاندنی کوردیی لە مەڕ باسکردن لە سێکس و هۆشیاریی سێکسیی بۆچی دەگەڕێتەوە؟.

هانا عەلی: نەبوونی هۆشیاریی سێکسیی لای تاکی کورد یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە بە تایبەت لە نێوان ژن و مێردەکان، ژنانێکی زۆرمان هەن نازانن ئۆرگازم چییە و هیچ کات ناتوانن چێژ لە پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ مێردەکانیان وەربگرن، کە من پێموایە تاوانێکی شاراوەیە و بە داخەوە کەمترین شکایەت و باسکردنی لە لایەن ژنانەوە لێ دەکرێت. راگەیاندنی کوردیی خۆی بۆ خۆی کێشەیەکی گەورەیە لە وڵاتی ئێمەدا و مادام پرسیارەکەی ئێوە تایبەتە بە سێکس و هۆشیاریی سێکسی، دەبێ بڵێم نەک شەرمنە لەم بوارە بەڵکوو تاوانباریشە .

ئاخر یانی چی من وڵاتێک بم سەدەها کەناڵی بینین و بیستراو، بە سەدەها گۆڤار و رۆژنامە و سایت و هەموو ئەوانی تر و زۆربەشیان باس لە ئازادیی و کۆمەڵگای مەدەنی و پەیوەندیی درووستی مرۆڤانە بکەن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، کەچی یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پەیوەندیی ژن و مێرد لەگەڵ یەکتر سێکس بێت و ئەمانە خۆیانی لێ بدزنەوە؟ هەروەها باڵادەستی بزووتنەوە و گروپە ئیسلامییەکان کە بەردەوام مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر مەدەنیەت و رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی کۆمەڵگا، ئەمانە بە بەردەوامی هەڕەشەن، تازەترین نموونەش هەڕەشەکردنیانە لە “سۆزان جەمال” وەرگێڕی کتێبی “هەزار پرسیار و وەڵام دەربارەی سێکس”، ئەمانە کوشتن و پارچە پارچەکردنی ژن بە رەوا دەبینن، بەڵام هۆشیاریی تاکی کوردیی بە غەریزە و پەیوەندییە سێکسییەکان بە حەرام و قەدەغەکراو حیساب دەکەن .

ستیڤان : هەست بەوە ناکەیت پیاوی کورد تەنیا وەک ئامڕازێکی سێکسیی سەیری ئافرەت دەکات؟. هەرواش پێتوانییە ئافرەتی کورد هەمیشە حەزەر لە پیاو دەکات و وەک پەلاماردەر لێی دەڕوانێت؟. بۆچی ئەو وێنە دزێوە لای ژن و پیاوی کورد لە بەرامبەر بە یەکتر دروستبووە یان بۆیان دروستکراوە؟.

هانا عەلی: ئەگەر وەک هەموو کێشەکانی تر بە شێوەیەکی گشتیی باسی بکەین، بێگوومان بەڵێ ژن لە لای ئێمە لە ناو هونەری ئاواز و گۆرانی، لە ناو نووسینی هۆنراوە و ئەدەبیاتدا، لەلایەن زۆربەی پیاوە ناودار و پایەدارەکانی کۆمەڵگای کوردیش کە لەو بوارانەدان، لە ناو ماڵ و سەر جێگا و شاقام و شوێنە گشتیی و تایبەتەکاندا، وێنەیەکی زۆر سێکسییە و پێش ئەوەی گوێ لە دەنگی بگیرێت، سەیری لەش و لاری دەکرێت. هەر بۆیە ژن بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی جەستەی خۆیدایە و بەردەوام ترسی لە هێرشکردن و پەلاماردانی لەلایەن پیاوانەوە هەیە، کە من پێموایە ئەم نەتیجەی پێی گەیشتووین بێحورمەتییەکی گەورەیە چ بە ژن یان بە پیاو .

ستیڤان : ئاین لە کۆمەڵی کوردەوارییدا رۆڵێکی گرنگی هەیە و ئەو تێزەش هەمیشە لەسەر زارە کە لە شەرعدا شەرم بوونی نییە واتە ئاساییە پرسە سێکسییەکانیش ببێتەجێی باس و خواس. ئەی کەواتە بۆچی هێشتا کۆمەڵی کوردیی ورووژاندنی پرسی سێکس بە ناشەرعی و حەرام دەبینێت؟.

هانا عەلی: بە رای من و لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ ئایندارەکان، تێنەگەشتنیانە لە خودی ئەو دینەی پەیڕەوی لێ دەکەن ، لە بەرئەوەی باسکردنی بابەتە سێکسی و کێشە و گرفتەکانی وەک ئێوە خۆشتان ئیشارەتان پێدا و بە گوێرەی خوێندنەوەی ئێمە بۆ کتێبە دینی و ئاسمانییەکان، ئەوە باسکردنی مەشروعە و هیچ عەیب نییە و زۆر شتیش هەیە کە لە دیندا نییە و کۆمەڵگای ئێمە پەیڕەوی لێ دەکات و کردووە بە ناوی دینەوە، یەک لەوانە خەتەنەکردنی ژنانە کە تاوانێکی ئێجگار گەورەیە و لە هیچ کوێی کتێبە دینییەکاندا باس لە خەتەنەکردنی ژنان نەکراوە، دیارە مەبەستمان لە دینی ئیسلامە کە زۆربەی خەڵکی دینداری ئێمە موسڵمانن .

دەبێت ئەوەش بڵێم سیاسەت و دەور و تەئسیری حزبە ئیسلامیە سیاسییەکان و چەندین مەلای دەم و دەست ئاوەڵا و پەلاماردانی بەردەوامیان بۆ سەر ئازادیی و مەدەنیەتی کۆمەڵگا و هەوڵدانیان بۆ گێژکردنی تاکی کورد بە تایبەت گەنج زۆر نێگەتیڤ و مەترسیدارە، چوونکە هێندەی هەوڵی گێژکردن و هاندانیان بەروە توندوتیژیی و حەرامکردنی سەرجەم ئارەزووە ئینسانییەکانیان کار دەکەن لە سەدا یەکی ئەوە کار لەسەر پێگەیاندن و ئاشناکردنیان بە مافە فەردیی و ئارەزووە مرۆڤانەکانیان ناکەن و بگرە هەندێکیان ئیشیان تەنیا فێرکردنی سەربڕین و ئەتککردنی مرۆڤە .

ستیڤان : پار ساڵ هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە تەنیا لە شارێکی وەک سلێمانی 400 ماڵی لەشفرۆشیی هەیە و لە بەرامبەر ئەمەشدا کەمپین لە دژی دروستکرا؟. تۆ پێتوایە چۆن رووبەڕووی دیاردەی لەشفرۆشی ببینەوە لە کوردستان؟. ئایا فراوانبوونی ئەو دیاردەیە لە کوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە ؟.

هانا عەلی: وەک هەموو دەزانین لەشفرۆشی دیاردەیەکی جیهانییە و ئەوەی مێژوو بۆی نووسیوینەتەوە لە یۆنانی کۆنەوە سەریهەڵداوە و گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی لە کۆمەڵگای رۆژئاوادا، رەنگە کۆمەڵگای ئێمە لە ریزی دواوەی هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا بێت پێچەوانەی ژن کوشتن کە لە ریزی پێشەوەی زۆربەی کۆمەڵگاکانە، ئەمەش خاڵێکی باشە و هۆکاری تەشەنەکردنی لەم ساڵانەی دوایدا زۆرن و دەکرێت ئیشارەت بە چەند دانەیەکیان بدەین، لەوانە کرانەوەی دەرگای کوردستانە بە رووی زۆربەی وڵاتانی تر و هاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ کار و ژیانکردن لە کوردستان، بەڵام بە داخەوە لەبەر نەبوونی پلانی باش و دابینکردنی کار و بژێویی ژیانێکی شایستە بۆیان، بۆیە بەشێکی ئەو خەڵکە دەست دەدەنە کاری لەشفرۆشی .

ئەو ژنانەی خۆشمان کە لە دەستی خانەوادەی نا مەسئول و پیاو و برا و کەسی تاوانکار و بێدەربەست بە ژیانی مێنەیی ناو خێزانەکانیان هەڵدێن و دەست دەدەنە کاری لەشفرۆشی، ئەو ژنانەش کە بە بێ خواستی خۆیان لە لایەن خودی خانەوادەی خۆیانەوە مەجبووری کاری لەشفرۆشی دەکرێن. لە بەرامبەردا پیاوانێکی زۆری تینووی سێکسکردن لە سەرجەم توێژە جیاجیاکان و ناهۆشیاریی دام و دەزگا حکوومییەکانی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتی، لەوانە پۆلیس خۆیان دەورێکی خراپیان هەیە لەم بابەتەدا، چەندین حاڵەت هەیە کاتێک ژنێکی لەشفرۆش کاری بە دام و دەزگای پۆلیس و حکوومەت گەشتووە، ئەوان خۆیان داوای سێکسیان لێ کردوون و چەندین حاڵەتی دەستدرێژیکردن و بە زۆر سێکسکردنیشی تێدایە .

هەروەها بە پێی چەند لێکۆڵینەوەیەک کە کراوە، زیندان یەکێکە لەو شوێنانەی کاری لەشفرۆشی و بازرگانی لەشفرۆشی تێدا دەکرێت و ژنانێکی تر کە لە ناو زینداندان بە زۆر هۆکاری تر تەنیا لەشفرۆشی نەبێ، بەڵام دەستڕۆشتوویی بازرگان و دەڵاڵەکانی لەشفرۆشی لەو جێگایە، ژنان پەلکێش و واداری کاری لەشفرۆشی دەکەن. چارەسەریشی زۆر روونە دابینکردنی کار و دانانی پڕۆگرامێکی تۆکمە و زانستی بۆ ئەو ژنانەی کە نایانەوێت ئەو کارە بکەن و مەجبوور کراون، کە ئەمە بە دەرەجەی یەک کاری حکوومەت و دەزگای تایبەتی حکوومییە بۆ ئەو کارانە .

ستیڤان : تا هەنووکە و لە هەموو ئاستەکاندا ئافرەتی کورد رووبەڕووی تەنگ پێهەڵچنینی سێکسیی دەبێتەوە. بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئەمە بۆ لاوازیی کەسێتی ئافرەتی کورد دەگەڕێتەوە. تۆ لەمبارەوە چ را و سەرنجێکت هەیە ؟.

هانا عەلی : لاوازیی کەسێتی ژن؟! نەخێر ئەوە بۆچوونە زۆر هەڵەیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ یەک لە وەڵامەکانی پێشووم، ئەویش بە ئامێری سێکسکردن تەماشاکردنی ژنە لە لایەن زۆرێک لە پیاوانی ئێمە، نەبینیانە وەک مرۆڤ کە وەک پیاو هەموو توانا و ئیمکاناتێکی هەیە بە جیا لە سێکسکردن، ئەوە چاو قایمی پیاوانە و کە ئەوانیش کۆمەڵێک هۆکاری دینی و کولتووریی وای لێکردوون، ماف بە خۆیان بدەن زۆر ئاشکرا و بێ شەرم پەلاماری کەرامەتی ژن و جەستەی ژن بدەن کە ناوە زانستییەکەی (توندوتیژیی سێکسییە)، ئیتر ئەم توندوتیژییە لە تەعلیق و قسەی سەر جادەوە دەست پێ دەکات تاکو لاقەکردنی جەستەیی، زۆر زۆر بەداخەوە کە دەتوانم بڵێم ئەمە نەخۆشییەکی ئێجگار بڵاوی ناو پیاوانە و هیچ توێژێکی رۆشنبیر و خاوەن فکر و هۆشیشی لێ بە دوور نییە.

تێبینی : ئەم دیمانەیەم لە ژمارە ” 27 ” گۆڤاری ” شەپۆل” لە 10-8-2013 بڵاوکراوەتەو ە.