عەتا قەرەداخی : ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر سووریاو ئەگەری قەیرانی ترسناکتر .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بارودۆخی سووریا گەیشتووەتە ئاستێک کە پێشبینیکردنی ئایندەی کارێکی زۆر ئاسان نییە ، چونکە ئەوەى تەحەکوم بە ئێستای ئەو وڵاتەو کێشەکانیەوە دەکات نە حکومەتەکەى ئەسەدەو نە ئۆپۆزسیۆن و نە گەلی سووریا . بەڵکو ئەو وڵاتە بووەتە جێگای ململانێ نێو دەوڵەتییەکان و ، بەرژەوەندییە ناکۆک و دژ بەیەکەکانی دەوڵەتانی بڕیار بەدەست و دەوڵەتانی ناوچەکە لەو رووەوە دەور دەبینێت . ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا دەشێ چارەنووسی ئەو سیستێمە تۆتالیتارەى ئێستای سووریا بە کوێ بگات ؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە رێکەوتنێکی نێو دەوڵەتی لەسەر ئایندەى ئەو وڵاتە بکرێت و لەو بارە ناهەموارەوە بگوازرێتەوە بۆ بارێکی سەقامگیرو کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد بهێنرێت ؟ ئایا ئەگەری ئەوە ماوە کە گەل بتوانێت رژێمەکەى ئەسەد بڕوخێنێت ؟ ئایا ئەگەر ئەو رژێمە بڕوخێت ئەگەری ئەوە هەیە سیستێمێکی دیموکراسی لەو وڵاتەدا درووست ببێت ؟ ئەگەر گەل خۆی توانای ئەوەى نەبێت ئەو رژێمە بڕوخێنێت ، ئایا ئەمەریکا پرۆژەى ئەوەى هەیە لە رێگای هێرشی سەربازییەوە ئەو رژێمە بڕوخێنێت ؟ ئەگەر ئەمەریکا مەبەستی روخاندنی ئەو رژێمە نەبێت ئایا لێدانی گورزی سەربازی لەو رژێمە چ دەورێکی دەبێت لەسەر روخاندنی رژێمەکە ؟ ئایا بە گشتی هێرش کردنى ئەمەریکا بۆ سەر رژێمی سووری چ کاریگەرییەکی نێگەتیڤ یان پۆزەتیفی دەبێت ؟ ئایا لە هەل و مەرجێکی لەوجۆرەدا کوردی رۆژئاوا هیچ سوودێکی پێدەگات ؟

ئەوەى لە مێژووى خەباتی گەلانەوە فێری بووین و ئەوەى لە مێژوودا جێگای سەروەری گەلان بووە ئەو خەباتە بووە کە لە پێناوی ئازادی وڵاتدا کردوویانە . لە دوای سەرهەڵدانی ئیستیعمارو داگیرکردنی وڵاتان ، گەلانی چەوساوەو ژێردەستەو وڵات داگیرکراو خەباتی نەپساوەیان کردووە لە پێناوی ئازادیداو زۆرینەى گەلانیش بە خەباتی خۆیان توانیوویانە داگیرکەر لە وڵاتەکانیان دەربکەن و سەربەخۆیی خۆیان بەدەستبێنن. زۆرێک لە و گەل و نەتەوانەش لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا کاری سەختیان کردووەو ئەفسانەیان تۆمار کردووەو بەهێزێکی سنووردارەوە توانیوویانە چۆک بە داگیرکەری خوێنڕێژ دابدەن .

شکستی ئیمپریالیزمی بەریتانی لە هیندستان و شکستی ئیمپریالیزمی ئیتالی و فەرەِنسی لە لیبیاو جەزائیرو شکستی ئەمەریکا لە ڤێتنام و … تاد ، هەموو بە خەباتی نەپساوەى گەلی ئەو وڵاتانە بووە . لە وەها سەرکەوتنێکیشدا چێژی ئازادی و هەستکردن بە سەروەری ئەو گەلانە زیاتر بووە . لە مێژووشدا دەرکەوتووە بەدەگمەن دەوڵەتانی باڵادەست لە پێناوی گەلانی ژێر دەستەدا هەنگاویان ناوە ، تەنانەت بە هێرشی ئەمەریکاشەوە بۆ سەرعێراق ، هەرگیز لە پێناوی گەلانی ئەو وڵاتانەدا نەبووە بەڵکو لە پێناوی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیزم و خاوەن بڕیار خۆیاندا بووە . ئاسەواری نێگەتیفی ئەو هێرشانەى کە دەوڵەتانی زلهێز بەناوی رزگارکردنی گەلانی ئەو وڵاتانەوە کردوویانەتە سەر رژێمە تۆتالیتارەکانی ئەو وڵاتانە لە دوو ئاستدا خۆی بینیووەتەوە . یەکەم درووستبوونی پشێویی و بێسەروبەری و کوشت و بڕی بێ سنوورو وێرانکردنی ژێرخانی ئەو وڵاتانە بە جۆرێک رووبەرێکی فراوان لە جەماوەری ئەو وڵاتانە ئاوات بە پێشتر بخوازن . دووەم رووخاندنی تواناو مەعنەویاتی گەلانی ئەو وڵاتانە بە جۆرێک کە هەست بکەن خۆیان هیچیان لەدەست نایەت و ناشێت و ناکرێت ئەمان جارێکی تر بتوانن بە باشی خۆیان بەڕیوەەببەن ، بەڵکو درووستکردنی فەزایەک کە زۆرینەى خەڵکی ئەو وڵاتانە پێیان وابێت تاکە چارەسەر ئەوەیە کە زلهێزێک رزگتریان بکات و هەرخۆیشی بەڕێوەیان ببات و بیانپارێزێت وەکو ئەوەى لە عێراق و ئەفغانستان بینیمان و تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە بەهاری ئیسلامی یان پایزى عەلمانییەت گرتوونیەتیەوە.

دیارە ئەوەش تەواوکەری سیاسەتی رابردووى دەوڵەتانی ئیمپریالیستییە کە چۆن تواناو ئیرادەی جەماوەری وڵاتانی ژێردەستە هەرەس پێبهێنن ، بەو ئومێدەى بوون و ئامادەبوونی خۆیان بۆ ماوەى دوورو درێژتر لەو وڵاتنەدا مسۆگەر بکەن . هەروەک لە لایەکی ترەوە ئەوەى بەئاشکرا دەبینرێت ئەوەیە کە وڵاتانی بڕیاربەدەست بە چاوی جیاواز سەیری وڵاتانی تر دەکەن و بە ئاشکرا دیارە کە بوونی بەرژەوەندی هەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوسا داگیرکراو یان ئێستا بەناو سەربەخۆ دیاری دەکات .

لە عێراق سیستێمەکەى سەدام حسێن گەیشتبووە ئەوەى کە بەئاشکرا نەک لە فەرمانی دەوڵەتانی بڕیار بەدەست دەربچێت بەڵکو ئیدیعای لە رووداوەستانیشی دەکرد ، کە ئەوەش بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی زیانبەخش بوو ، بۆیە بڕیاری رووخاندنی ئەو رژێمەیان دا. دیارە هۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو کە چاویان بڕیبووە سامانی دەوڵەمەندی عێراق ، ئەگینا لوتکەى کارە دژمرۆییەکانی سەدام حسێن لە سەروەختی بەکارهێنانی چەکی کێمیایی و ئەنفالدا دەرکەوت ، بەڵام ئەو دەوڵەتانەى کە باسی دیموکراسی و ئازادییان دەکردو لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمەریکاو بەریتانیاو سۆڤێتی ئەوساو دەوڵەتانی تری دیاری جیهان لەو سەروەختەدا نە چاوی بینینیان هەبوو کارەساتەکانی کوردو عێراقییەکانی پێ ببینن ، نە گوێی بیستنیان هەبوو ، تا گوێبیستی ئازارەکانی کوردبن . بەڵام دواتر لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ئەمەریکا سەرکردایەتی رووخاندنی رژێمەکەى سەدام حسێنی کرد. راستە بەو کارە گەلانی عێراق بە کوردیشەوە لە جەبەرووتی سەدام حسێن و بەعس رزگاریان بو و، بەڵام لە دەیان کێشەى ترەوە ئاڵان وەکو کێشەى بێکاری و برسێتی و کوشتن و بڕینی دەستی تیرۆرو شەڕی مەزهەبی و تائیفی .

لە کاتێکدا ئەمەریکییەکان بەوجۆرە سووربوون لەسەر روخاندنی رژێمەکەى سەدام و پاشتریش سووربوون لەسەر روخاندنی رژێمەکەى قەزافی ، ئەوەندە بایەخیان بە رووخاندنی رژێمەکەى عەلی عەبدوڵا یان موبارەک و پاشتریش رژێمەکەى ئەسەد نەدا ، چونکە ئەم وڵاتانە لە رووی ئابوورییەوە ناتوانن ببنە سەرچاوەى گرنگ بۆ ئەمەریکا ، بۆیە ئەمەریکا بەڵایەوە گرنگ نییە کە کێ فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتانە دەکات . تاکو ئێستاش پێناچێت ئەمەریکاو رۆژئاوا پرۆژەى رووخاندنی رژێمەکەى ئەسەدیان هەبێت ، هەرچەندە بەبەرچاوی ئەوان و هەموو جیهانەوە ئەو رژێمە بەردەوام تاوانی دژە مرۆیی ئەنجام دەدات ، بە تایبەتیش کە ئێستا بە ئاشکرا دیارە ئەو ئۆپۆزسیۆنەى کە لە سووریادا هەیە ، بەو مواسەفاتانە نییە کە ئەمەریکاو رۆژئاوا دەیانەوێت ، ئەویش بەهۆی باڵادەستی ئاراستە ئیسلامییەکانەوە تیایدا . هەروەک باری ئابووری سووریاش بەجۆرێک نییە کە جێگای تموحی ئەمەریکاو ئەوانیتر بێت ، هەربۆیە بەرامبەر بە رژانی خوێنی ئەو هەموو هاوڵاتییە سووریە لە دوو ساڵ زیاتری رابردوودا هەموو بێدەنگییان لێکردووە . هەڵبەت ئەزموونی سەرنەکەوتووی ئەمەریکاش لە عێراق و ئەفغانستاندا هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەى کە ئەمەریکا بوێری ئەوەى نەبێت بەو شێوەیە پێبخاتە نێو خاکی سووریاوە . کەواتە لێرەوە ئاشکرا دەبێت کە تەنبا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمەریکا گورزێکی سەربازی کورت خایەن لە سووریا بووەشێنێت ، بەڵام ئەوە هەرگیز بەو مانایە نییە کە ئەمەریکا دەیەوێت ئەو رژێمە بڕوخێنێت . بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەیە جیهان بەوە فریوبدات کە ئەو واتە ئەمەریکا دژی رژێمە سەرکوتکەرو نادیموکراسیەکانەو ئەو گورزەش لە رژێمی سووریا دەوەشێنێت بۆ ئەوەى وریای بکاتەوە کە ناتوانێت بەو شێوەیە بکوژێت و ببڕێت و وێران بکات .

بەهەرحاڵ هێرشکردنی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا ئەگەری ئەوەی هەیە کە بارودۆخی ناوچەکە لەوەى ئێستای ئاڵۆزتر بکات ، بەتایبەتی ئەگەر ئەو هێرشە نەبێتە هۆی رووخاندنی رژێمەکەى ئەسەد . چونکە وەک دەزانین سووریا لە رووی جیۆستراتیجەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە . لە رۆژئاواوە ئیسرائیل وەکو بنکەیەکی بەهێزى خاوەن رۆڵ لە درووستکردنی بڕیاری جیهانیدا.

لە باکورەوە تورکیا وەکو ئەندامی پەیمانی ناتۆو هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریکاو یەکێک لەو دەوڵەتانەى کە رۆڵی زۆر گرنگی هەیە لە نەخشەى سیاسی و لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، لەلایەکی تریشەوە ئێران ئامادەبوونێکی گەورەى هەیە لەو ململانێیانەداو خۆی وەکو جەمسەری دژە ئەمەریکا نیشان دەدات و دەشێ پاڵپشتی ئەوو لایەنگرەکانی لە حیزبڵاو ئەوانیتر بۆ رژێمەکەى ئەسەد کاردانەوەى سەختی هەبێت بۆ هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا بە تایبەتی ئێران بەردەوام ئەوە دەردەبڕێت کە لە هەر هێرشێکی لەوجۆرەدا ئەو هەڵوێستی تووندی دەبێت بەرامبەر بە ئیسرائیل . دیارە ئیسرائیلیش دەوڵەتێکی هێندە لاواز نییە کە کاردانەوەى سەختی نەبێت بۆیە مەترسی گەورەبوونی ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوەو لە بارێکی وەهاشدا رەنگە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لەو شەڕەوە بئاڵێت کە دەشێ وەهاش لێکبدرێتەوە ئامانجی ئەمەریکا لە وەشاندنی گورز لە رژێمەکەی ئەسەد بە جۆرێک لە جۆرەکان درووستکردنی قەیرانێکی گەورەى لەوجۆرە بێت لە ناوچەکەدا بەبێ ئەوەى کە خۆی یاریکەرێکی سەرەکی ئەو یارییە ترسناکە بێت ، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئاشکرایە ئەمەریکا نایەوێت رژێمەکەى ئەسەد بڕوخێت .