بەهرۆز جەعفەر : یەکێتى باجە قورسەکە دەدات .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حزب ، کۆمەڵێک خەڵکن ، ئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراویان هەیە ، بەرژەوەندی هاوبەش کۆى کردونەتەوە،بۆ بەدیهێنانى ئامانجێکى باڵا و ڕەوا تێدەکۆشن ، لەچوارچێوەى بەرنامەو پەپڕەوو پرۆگرامى خۆیاندا.

بەپێی ئەم پێناسەیەى زانستى سیاسەت بۆ حزب ، دەردەکەوێت ، چەند توخم و پایەیەک گرنگ ڕۆح دەکات بەبەر حزبدا ، ئەگەر ئەوانە نەمان،کەواتە ئەو حزبە ڕووەو لاوازبون و لەقاڵبدان دەچێت . هەروەک هەیکەلیەى “حزبێکى ستونى” وەک یەکێتى ، پێکهاتووە لە :

یەکەم: بنکەو خوارەوە ، کە جەماوەرو کەوادیرى ئاسایی و تەنانەت زۆر جار لایەنگرانیش دەگرێتەوە .

دووەم: نوخبەو کادرى ناوەندیی ، کە پشتێنەو کەمەربەندى حزبن .

سێهەم: سەرکردایەتى ..

یەکێتى لەوەتەى ، هەیە باجى هەڵەى سەرکردایەتى ئەدات ، لەوەتەشی هەیە جەماوەرێکى پان و پۆڕى هەبووە ، نەک لەکوردستان بەڵکو تەنانەت لەناوچەکانى دەورو بەریش ، کەم حزب هەن ، وەک یەکێتى خەڵکى ناوەندیی و ڕۆشنبیرو بەئەزموونى هەبوبێت ، بەدرێژایی دواى ساڵى (1996) و ( 31 ى ئاب) یەکێتى لەگەڵ ئەوەى هێدی هێدى کێرڤى دادەبەزێت ، لە گەڵ چوونى تاڵەبانى بۆ بەغدا ، ئیتر بەیەکجار مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسە ئەمنیەکانى یەکێتى و سەرکردایەتى ، کەوتنە تەکەتولات و لێدان لە پشتێنەى کادرە وەسەتیەکان و زویرکردنى جەماوەر ، بەجۆرێک (4) ساڵ پێش ئێستا ( بەرهەم ساڵەح) نامەیەکى بۆ تاڵەبانى نوسیبوو،بەمەبەستى دەستلەکارکێشانەوە ، تیایدا هاتبو ” هەر باشە یەکێتى ماوە ، بەرگەى گرتووە” …

لەم ەهەڵبژاردنەى بڕیارە لە (21 ى ئەیلولى 2013) بکرێت ، بەباشی تێبینى دەکرێت ، هیچ کەسێکى ڕۆشنبیرو خەڵکە ناوەندییەکانى یەکێتى و تەنانەت بەشێک لەسەرکردایەتى ، سنگى خۆیان نادەنە بەرگوللەو تانەى خەڵک ، هیچ شەڕێکى ساردو گەرم بۆ یەکێتیەکەیان ناکەن ، بۆ؟.. چونکە ئەمان دەیان جار هەرچییەکیان کردووە ، سێ و چوار کەس ریسەکەیان کردۆتەوە بەخورى ، سێ و چوار کەس بەرژەوەندیی خۆیان و ماڵ و مناڵیان وەک یەکێتى نابینن ، بەڵکو خستویانەتە پێش یەکێتى و میللەت و هەموو شتەوە .

حاڵى حازر،تا دەگاتە مانگى (2ى 2014) واتە لەماوەى (4) مانگدا یەکێتى کەوتوتە بەردەم (3) بازگەو وێستگەى گەورەو قورس :

یەکەم : وێستگەى هەڵبژاردن ، کە دیارە یەکێتى بەکوێ ئەگا..

دووەم: وێستگەى تاڵەبانى، ئیتر دەبێت یەکێتى تاڵەبانى تێپەڕێنیت ، ڕاستە سەرکردەیەکى رۆحییەو ڕۆڵى هەبووە.

سێهەم: وێستگە قورسەکە،کە کۆنگرەیە ، کێ دەبێت بە سکرتێر ؟.

لەهەمووى قورستریش بۆ ئەم حزبە ، ئەوەیە وا دەردەکەوێت کە پارتى یەکێتى بەیەکجاریی لەچاوى خۆى دەرکردووە،ئیشى خۆى پێکرد و تەواو لە جەماوەرو خەڵکى خست،ئەوسا بڕۆ بۆ کوێ دەچیت برۆ..هەروەک چەندین بەرپرس بە کادرەکانى یەکێتى یان وتووە. بەو پێیەى پارتى نازانێت لەگەڵ کێ هەڵسوکەوت بکات لەناو یەکێتى ؟. ئەوەتا دەبینین مەلا بەختیار کە لەوەدەچێت پێشتر کاتى نەبوبێت ئێستا دەڵێت : پارتى ناوى مردووى نەسڕیوەتەەو تەزویر ئەکات !. لەبەرامبەرا مەسرور بارزانى هێرش دەکاتە سەر تاڵەبانى .

ئەوەى یەکێتى پێی دەکرێت ، لەدواى ئەم هەڵبژاردنە ، تەنها ئاژاوەو پشێوییەکى زیاترە لەناوچەى سلێمانى و کوردستاندا،تەنها هەندێ هەڕەشەو خۆش و بەشکردنى بەپەلەى هەندێ پارەو چەکو چکوکە .

بۆیەکاتیەتى ، یەکێتى باجەکەى بدات ، باجى بوغرایی ، باجى لێ نەپرسینەوە ، باجى لادان لەشاڕێ ڕاستەکەى و گوێ نەگرتن ، باجى ناعەدالەتى .باجى توندو تیژیی و گەندەڵى . باجى بێسەروبەرەیی .باجێک کە لەهەرە دڵسۆزەکانى یەکێتى پێیانوایە : بونى حزبێکى وانەخۆش ترسە لەسەر هەموو شتێکى ئەم ژیانە .