Derbaz-Serabi

دەرباز سەرابی : ( شکستی ئایدۆلۆژیاو وەهمەکانی حیزبی دەنگدەر )

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەگەڵ نزیک بونەوەی وادەی هەڵبژاردن حیزب و لایەنەسیاسیەکان پەلەقاژەیان تێکەوتوە ، هەریەکەیان شەڕی دواهەناسەی خۆیان دەکەن ، ئەگەرچی هێشتا لەڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە خۆیان وەکو حیزبی حاکم

مانیفێست دەکەن و دەیانەوێ جاڕی مۆنۆپۆلکردنی هەمو جومگەکانی ئەم وڵاتە لێبدەن ، بەڵام هەرچی بکەن ناتوانن ئەو تێکشکانە دەرونیەی خۆیان و میدیاکانیان بشارنەوە . لەم هەڵبژاردنەدا حیزب و لایەنە سیاسیەکان بەتەواوی قورسایی و قەبارەی خۆیانەوە هاتونەتە مەیدانەکەو ، شەڕی مان و نەمانی خۆیان دەکەن . ئەوەی هەیانە لەبەردەم دەنگدەرانیاندا هەرزان فرۆشی دەکەن . باشە من لەئێوە دەپرسم ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا دەگوزەرێ ، جگەلە مەهزەلەیەکی بێمانا چیترە؟! کام لایەنی سیاسی سواڵی دەنگی نەکردوە؟! کامیان هەزارجار مێژوی شۆڕش و شۆڕشگێڕبوونی خۆی بەچاوتاندا نەداوەتەوە ؟! لەکاتێکدا شٶڕشی کوردی وێڕای شتەجوانەکانی ، بەڵام بەدەست هەزارویەک سکانداڵەوە خەسێنراوە.

لەم ساتەوەختەدا مرۆڤ ئەگەر تۆزقاڵێک ڕوئیابینی خۆی هەبێت زۆرباش لەوە تێدەگات ئەوهێزانەی لەوەتەی هەن ناموسی نیشتمان ئەتک دەکەن ، زینا لەگەڵ خاکدا دەکەن ، شەق لەکەرامەتی هاونیشتمانیان هەڵدەدەن ، هەرچی بەهای دینی و ئەخلاقی و مرۆیی هەیە ئەوان بێ بەهای دەکەن ، کەچی ئەمڕۆ فریشتە ئاسا خۆیان بەفریادڕەسی نەتەوەوگەل پیشان دەدەن ، ئەرێ کێ هەیە باجی بێ کەرامەتکردنی تاکی لەلایەن ئەوانەوە نەدابێ؟! کێ هەیە قێزی نەک لە خەونەکانی بگرە لەخەون بینینیش نەهاتبێتەوە؟! ئەوان خەونیان لای تاکی کورد کاڵکردەوە ، دونیا بینینیان لێ سەندەوە ، ئەوان قودسیەتیان لەبەهاکان سەندەوە . بۆئەوەی چیتر خۆمان بەلاڕێدا نەبەین ، پێم خۆشە لەچەند خاڵێکدا زۆرێک لەسکانداڵەکانی لایەنەبخەمە ڕو تا هاونیشتمانیان چیترفریوی وەهم و درۆکانی پێش هەڵبژاردن نەخۆن .

١ . من پێم وایە شکست خواردوترین هێز لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی نیشتمانی دەبێت بەپشت بەستن بەم خاڵانەی خوارەوە:

A . لەوچەند ساڵەی ڕابردو گالیسکەکەی یەکێتی شەمەندەفەری پارتی ڕایکێشاوە ، خۆشتان باش دەزانن پارتی دیموکرات تەنها بەنێو توناوتونەکان و تونێڵە تاریکەکاندا ڕێدەکات ، بۆیە ئەوگالیسکەیەی یەکێتی چیتر توانای هەڵگرتنی هاونیشتمانیە بەویژدان و خاوەن هەڵوێستەکانی نییە .

B .  چەکی گەورەی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا منەتکردن بوە بەخەباتی ڕابردو لەکاتێکدا ئەمڕۆخەڵک خۆشگوزەرانی و ئاسودەگی دەوێت نەک ژیان لەنێو لاپەڕەکانی ڕابردو .

C  . چەقی بانگەشەی ئەوحیزبە بەدەست کەسانێکەوەیە کەزەمەنێکە دروشمی دۆلار دۆلار دەڵێنەوە .

D .  ئەوهەنگاوە قێزەونەی کەبۆکڕینی دەنگ و شکاندنی ئیرادەی تاکی کوردی دەستی پێکردوە ، لەوانەیە چەنددەنگێک بۆماڵەگەورەکە ئەوماڵەی کەخەریکە بەسەرخۆیان و ئەومیلەتە خێرلەخۆنەدیوەدا دەڕوخێ بگەڕێنێتەوە ، بەڵام بێ ئاگا لەوەی هەمو ئەودەنگانەی لێدەبات کەشکاندنی غروریەتی مرۆڤیان پێ قەبوڵ نیە.

ئەرێ لەکوێی هەیە حیزبێک لافی سۆشیال دیموکرات بون لێبدات و دونیایەک هێزی چەکدارو سیخوڕی هەبێت و بەبەرچاوی خەڵکەوە دەستی بەخوێنی ڕۆڵەکانی نیشتمان سوربێت ؟! ئەوەی لە سلێمانیدا دەگوزەرێ بەهەموو بارێک لەئەستۆی یەکێتی دایە ، چونکە ئەگەربکوژەکەش سەر بەئەوان نەبێت بەڵام خۆئەوان ئیدارەی شاریان بەدەستەوەیەو خۆیان بەپارێزەری موڵک و ماڵی هاوڵاتیان دەزانن . باشە دەبێ چ مەنتیقێک یەکێتی و سۆشیال دیموکرات بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ؟!

.C کودەتاکەی ٣٠ ی حوزەیران لای یەکێتی دەستکەوت و لای جەماوەرەکەشی سازشی سیاسیە نەوەک سازان .

٢. پارتی دیموکراتی کوردستان چیتر ناتوانێ بەوغرورەوە مامەڵە بکات و دڵنیایی بردنەوە بەخەڵکی بفرۆشێتەوە ، چونکە لەو چەند ساڵەی ڕابردودا جگە لەخراپەکاری شتێکی تریان نەکردوە تا چاوەڕوانی بەرهەمی دروێنەکراوی بکەن . ئەوان هێزێکن قورسایی پێگەی سیاسیان بەچەپاندنی ترس و تۆقاندن و دروستکردنی تاکێکی کۆیلەو دەستەمۆ بەستۆتەوە ، بۆیە پێم وایە پارتی هێدی هێدی درک بەکاڵ بونەوەی هەیمەنەی سیاسی خۆی دەکات ، بە پشت بەستن بەو خاڵانەی خوارەوە :

A . پارتی و شانازی مێژویی دوو شتن لەگەڵ یەکدا ڕێناکەن ، لەکاتێکدا پارتی لای نەوەی نوێش بە دێوەزمەی سیاسی ناسراوە .

B . پارتی و لایەنگرانی چ پێیان خۆشبێت یان نا لەبەردەم بەرپرسیارێتی خیانەتی مێژویی و نیشتمانیدان .

C  . تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لەنێو هەڕەمی دەسەڵاتی ئەو پرسیارێکی گەورەی خستۆتە سەرنیەتی ئەو هێزە لەئایندەی سیاسی ئەم ولاتەدا.

D  . ڕوداوەکانی ١٧ ی شوبات ئەوەی بۆخەڵک ڕونکردەوە کەپارتی لەپێناوی مانەوەی خۆیدا ئامادەیە پەنا بۆهەمو کارێکی لا ئەقڵانی و ئەخڵاقی بەرێت .

ئەگەر بیرتان بێت لەهەڵبژاردنەکانی پێشودا پارتی ئەوەندە گرنگی بەبانگەشەکردن نەدەدا ، وە لەهەمو ماوەی بانگەشەکردندا سەرۆکی هەرێم نەیوت دەنگم پێ بدەن ، کەچی ئەمڕۆ بە تەواوی قیادەکەیەوە سواڵی دەنگ دەکات .

٣. هەرچی ئیسلامیەکانە دۆخەکە بۆ ئەوان تاڕادەیەک جێگیرە ، چونکە لە٤ ساڵی رابردوی ئۆپزسیۆن بونیاندا تاڕادەیەکی باش خۆیان لەگەڵ جەماوەری ناڕازی خۆیان ئاشت کردەوە ، وە ئەوان زیرەکانە توانیویانە سود لە سۆزی خەڵکی بۆ دین ، هەرەسی ڕژێمە سیکۆلارە تۆتالیتاریەکانی ناوچەکە وەربگرن ، ئەگەر هەرەسی ئەزمونی ئیخوانەکان لەمیسر نەبوایە دەکرا بەسودمەندی یەکەم لەم هەڵبژاردنە ناوزەندیان بکەین .

ئەوەشمان بیرنەچێت دوا وتاری سەرۆکی هەرێم دەربارەی حوکمی ئیسلامی دڵسۆزی لایەنگرانیانی تۆخکردەوە . ناشبێ ئەوەمان بیربچێت قوڵبونەوەی ململانێی نێوان گٶڕان و یەکێتی ماڵەکەی ئەوان زیاتر ئاوەدان دەکاتەوە کەئەمەش دەکرێ وەکو مەترسی بۆسەر ئایندەی سیاسی لێکی بدەینەوە ، چونکە ئەگەر فێڵ لەخۆمان نەکەین دەزانین قەبوڵکردنی دیموکراسی لەلای ئەوان ناچاریە نەوەک مەبدەئو پڕەنسیپ . حیزبە ئیسلامیەکان چیتر ناتوانن بەو ئایدۆلۆژیا ئیسلامییەی خۆیانەوە خەونی گەڕانەوەی خەلافەت ببینن ، هەربۆیەش بەڕونی هەنگاونانیان لەحیزبێکی ئایدۆلۆژیاپەرستی ئەندامەوە بۆ حیزبی دەنگدەر تێدا بەدیدەکرێت .

٤. ئەگەر شیکردنەوەیەکی واقیعیانە بۆدۆخی چەپەکان بکەین زۆر بەئاسانی درک بە دابڕاوی ئەوان لەپڕۆسەی سیاسی دا دەکەین ، ئەوان لەچەند ساڵی ڕابردودا بەهۆی هەلە خوێندنەوەی هەلومەرجی سیاسی کەوتونەتە نێو گێژاوێکی گەورەوە کە بەئاوڕدانەوە بۆ توانای کەسی کادیرانیان هەست بە دژیەک بونێکی گەورە دەکەین . ئەوان پایەیەکیان لەنێو دەسەڵات و پایەیەکی تریشیان لەدەرەوەدا بوە لەکاتێکدا لەهیچ کامیان سەرکەوتو نەبون . ئەوان نەیانتوانی ببنە داکۆکی کەری ڕاستەقینەی هەژاروکرێکاری ئەم وڵاتە ، وە لە حوکمەتیشدا نمونەیەکی ئەوەندە جوانیان پیشان نەدا تاببێتە جێگای شانازی بۆیان . بۆیە لەبانگەشەی هەڵبژاردن پەشیمانیەکی گەورە بە گوتاری سیسیانەوە دیارە ، وە تەنازولێکی گەورەی فکریش لە پەیڕەوی چەپ بونیان بەدیدەکرێ ، ئەوانیش لەپێناوی مانەوەی سەنگ و هەیمەنەی خۆیان مەبدەئی ئایدۆلۆجیاو حیزبی ئەندامیان تێدا کاڵ دەبێتەوەو لەپێناوی دەنگەکەی باوەش بۆ هەمو بیرێک دەکەنەوە .

٥. من پێم وایە هیچ خوێندنەوەیەکی سیاسی ماهیەتی خۆی وەرناگرێت بەبێ ئاوڕدانەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان ، بۆیە پێم خۆشە لەچەند خاڵیکدا شیکردنەوە بۆدۆخی ئەو بزوتنەوە تازە دەرکەوتوە بکەین ، ئەگەرچی کەسانێک بە درێژبوەوەی باڵی ڕیفۆرم و کۆمەڵە ناوزەندی دەکەن ، بەڵام من تەنها دەمەوێ قسە لەسەر کارەکانی ٤ سالی ڕابردوی ئەو بزوتنەوەیە بکەم .

A . بزوتنەوەی گۆڕان لەهەلومەرجێکی زۆرباش دا لەدایکبو ، وە زیرەکانە توانی پەنجەبخاتە سەر برینە قوڵەکانی جەستەی هاونیشتمانیان . جەماوەری ئەو بزوتنەوەیە بۆ سێ ئاست دابەش دەکرێن :

١. ئەوکەسانەی خەمی ئایندەی ئەم وڵاتەیانەو خەون بەداهاتویەکی پڕلەعەدالەت و خۆشگوزەرانیەوە دەبینن ٢. کەسانێکی توڕەو زویربوو لەلایەنەکانی تر جا بەهەر بینوێکەوە بێت

٣. کەسانێک کەچاویان لەپلەوپۆستی باشترلە پۆستەکانی پۆستەکانی پێشویان بوو . هەربۆیەش لەوچوار ساڵەی ڕابردودا بزوتنەوەکە بەرزونزمی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە . دیاری نەکردنی ناسنامەیەکی ڕون بۆبزوتنەوەکە تائێرە بەپۆزەتیڤ بۆبزوتنەوەکە شکاوەتەوە ، بەڵام پرسیارە گەورەکە لێرەوە دەست پێدەکات کەئایە لەگەڵ گەیشتنی بەدەسەڵات دەتوانێ بەهەمان ڕۆحیانەتی بێناسنامەیی و فرەناسنامەیی خۆی ئیش بکات یان نا ؟!

B . هەڵبژاردنی ئۆپزسیۆن بون داهێنانێکی تازەبوو لەپڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتەدا بەڵام ئایا میللەت کەدەمێکە بەوە گۆشکراوە کە لایەنی باش لای ئەو بەخشەرەوەی باش بێت ، ئۆپزسیۆنێکی ڕوت و ڕەجاڵ دەلاوێنێتەوە ؟! ئایا بڕیاردەدات کەشەڕە دەبەو مێزکوتانی نێو پەڕلەمان گێرەشێوێنیە یان پراکتیزەکردنی دیموکراسی؟!

C . خۆجیاکردنەوەی بزوتنەوەکە لەڕوداوەکانی ١٧ ی شوبات و بەشدارینەکردنی بەتەواوی قیادەوە لەڕوداوەکانی دوای ١٧ی شوبات چ دونیابینەک لای ئەو جەماوەرە پڕجوڵەیەی ئەو بزوتنەوەیە دروست دەکات کە لەبزوتنەوەیەکی جەماوەری دەنگدەرەوە بەرەو حیزبی ئەندام هەنگاو دەنێت؟!

D . تا ئێستاش بەدیلی نەوشیروان مستەفا هەر نەوشیروان مستەفایە ! جائەمە بۆ کەم تونایی نەوەی نوێ یان بۆ سیاسەتی پەیڕەوکراوی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە،من نازانم بەڵام پرسیارەو منیش عەوداڵی وەڵامەکەیم .

بزوتنەوەی گۆڕان بێبەری نەبوە لەململانێی نێوان کۆنەیەکێتیەکان و نەوەی تازە دەرکەوتوی ناو بزوتنەوەکە ، ئەمەش ئەگەر زیرەکانە چارەسەر نەکرێت دەکرێت هەمان سیناریۆی سەر یەکێتی دوبارە ببێتەوە.

E . لاوازی گوتاری سیاسی بزوتنەوەکە دوای کودەتاکەی ٣٠ی حوزەیران لەئاستی سەرەوەدا لێڵێیەکەی بەدۆخەکە بەخشی ، ئەگەرچی ئەندام پەڕلەمانەکانی بوێرانە جەنگان بەڵام کپ بونێکی لەناکاو بەدۆخەکەوە بینرا!! مانەوەی ئۆپزسیۆن دوای بەسەرچونی ماوەی پەڕلەمان لە ٢٠ی ئابدا لەنێو پەڕلەمان بەهەربیانوێک بێت قەبوڵکراونەبوو، چونکە دەکرا ئەمە بکرێتە هەنگاوێکی بوێرانە بۆبەدەستهێنانەوەی شەقامی داگیرکراو. بەڵام هێشتا ئەوبزوتنەوەیە چانسێکی باشی هەیە بۆنزیکبونەوەی لەخەڵکی زوڵم لێکراوی ئەم وڵاتە بە پشت بەستن بەم هۆکارانەی خوارەوە :

١. نەیارەکانی ئەو بزوتنەوەیە پڕن لەشکستی مێژویی و تائەوپەڕی بێ مۆڕالی ڕۆیشتون

٢. دروشمەکانی ئەو بزوتنەوەیە ئەگەر نەبن بە وەهم دەکرێ ئایندەیەکی باشیان لەسەر بنیات بنرێت ، بەڵام ئەگەر لایەنگرەکانی ملکەچی بۆ هەمو بڕیارێکی سەرەوە پیشان بدەن دورنیە ئەو بزوتنەوەیەش وەکو هێزەکانی ڕابردو نەک هەر شەق لەدروشمەکانی خۆی بەڵکو شەق لە میللەت و هاونییشتمانیانیش هەڵبدات .