عەتا قەرەداخی : لە نێوان کاریزماو خەڵکدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاریزما Charisma وشەیەکی کۆنی گریکییەو دواتر هاتووەتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە کە بە مانای بەخشش یان چاکێتی خودای دێت . هەروەک ئەم زاراوەیە بەوە وەسف دەکرێت کە بریتیە لە جۆرە راکێشانێکی کاریگەرو ئامادەبوونێکی خاوەن هەژموون کە هەندێ کەس لە کۆمەڵگەدا بەدەستی دەهێنن. لە ئاستێکی تردا کاریزما بە مانای توانای کارلێکردنێکی لە ئەندازە بەدەر دێت لەسەر کەسانی تر .

کەسی کاریزمی ئەو کەسەیە کە دەوروبەر لە رووی جەستەیی و رۆحی و عاتیفی و رۆشنبیرییەوە دەکەونە ژێر کاریگەری و هەژموونی ئەو هێزە سیحرییەى کە ئەو هەیەتی . کەسی کاریزمی خاوەنی دەسەڵاتێکی سەروو ئاساییەو ئەفسوون و هێزێکی شاراوەى ئەوتۆی هەیە کە وابەستەبوون و ئیلتیزام و هەڵچوون و تەنانەت نەستی کۆیی رووبەرێکی فراوان لە خەڵکی بە خۆیەوە دەبەستێت بەجۆرێک کە پەرتکردنی ئەو رووبەرە پەیوەستبووە پێیەوە کارێکی ئاستەم بێت . هەروەک کەسی کاریزمی کەسێکە کە تواناو لێهاتوویی و کارامییەکی ناسرووشتی هەیە لە سەرکردایەتی کردنی خەڵک و بە ئاسایی قایلکردنی خەڵک بۆ شوێنکەوتنی . بەجۆرێک کەسی کاریزمی دەبێتە ئەو هێما بەرزو بڵندەی کە بە چەمکی هیگڵی رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە خۆیدا کۆدەکاتەوەو هێزێکی سیحری هێندە بەربڵاوی هەیە کە بێ خۆماندوکردن دەسەڵاتی بەسەر رووبەری فراوانی کۆمەڵگەدا هەیە بە جۆرێک کە کۆمەڵگە بە پیرۆز سەیری دەکات و دەکەوێتە سەرەوەو دەرەوەى هەموو رەخنەو کەموکورتییەک . کەسی کاریزمی دەبێتە کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی رەها بە جۆرێک وتەو پێشنیارو بڕیارەکانی وەکو فەرمایشی لێدێت و نەک ناتوانرێت رەت بکرێنەوە بەڵکو جێگای گفتوگۆ لەسەر کردنیش نین .

وشەى کاریزما بەو مانا گشتییەی کە هەیەتی لە مێژوویەکی زووەوە بەکارهێنراوەو هەندێ لە بۆچوونەکان پێیان وایە دەرکەوتنی چەمکی کاریزما دەگەڕێـتەوە بۆ سەروەختی دەرکەوتنی ئایینی مەسیحی ، بەڵام لە راستیدا لە ئایینی جولەکەشدا هەمان زاراوە ناڕاستەخۆ ئامادەبوونی هەبووە بەتایبەتی کەسێتی موسا پێغەمبەر هەڵگری بنەماکانی کاریزما بووە . بەڵام هەتا قۆناغێکی درەنگ زاراوەى کاریزما وەکو زاراوەیەکی سیاسی بەکار نەهێنراوە . ماکس فیبەر (1864- 1920) یەکەمین کەس بوو کە دەلالەتی سیاسی بەخشی بە وشەى کاریزما ، ئەویش ئەو کاتە دەرکەوت کە ماکس فیبەر ئەم زاراوەیەی بەکارهێنا بەمەبەستی ئاماژەکردن بۆ ئەو توانایەى کە کەسێکی دیاریکراو هەیەتی بۆ کارکردن لەوانی تر بەجۆرێک کە ئەو کارلێکردنە سەرئەنجام ببێتە ناوەندی هێز بەگوێرەى ئەو کەسانەی کە دەکەونە ژێرکاریگەری ئەوەوە .

هەر لەو رووەوە ماکس فیبەر سێ جۆر دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا دیاری دەکات کە یەکێکیان دەسەڵاتی کاریزمییە . جۆری یەکەمی دەسەڵات بەلای ئەوەوە دەسەڵاتی نەریتییە کە ئەم دەسەڵاتە شەرعییەتی خۆی و ئیلتیزامکردنی شوێنکەوتووانی بە فەرمانەکانییەوە لە عورف و داب و نەریتەوە دەردەگرێت . جۆری دووەمیان کە دەسەڵاتی یاساییە ، رەوایەتی خۆی لە بڕوابوونی شوێنکەوتووانییەوە بەیاساو کۆمەڵێک بنەماو رێ و شوێنەوە وەردەگرێت . ئەم جۆرە دەسەڵاتەش ماف دەدات بەوانەى کە دەگەنە دەسەڵات پیادەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن و ئەو بڕیارو فەرمانانەش دەربکەن کە دەبێ هەموو کۆمەڵگە ئیلتیزامی پێوە بکەن . سێیەمیان کە مەبەستی باسەکەى ئێمەیە بریتیە لە دەسەڵاتی کاریزمی ، ئەمیش رەوایەتی خۆی لە بڕوا بوونی خەڵکیەوە بە توانای بەرزو نائاسایی ئەم خۆیەوە وەردەگرێت. بێگومان کەسی کاریزمی کەسێکی نائاساییەو کۆی ئەو خاسێتانەى کە تیایدا کۆدەبنەوە هێزێکی نموونەیی ئەوتۆی پێدەبەخشن کە وەکو جۆرێکی تایبەت لە مرۆڤ دەربکەوێت کە ئەویش ئەوجۆرەیە بۆ رابەرایەتی کردن و پێشەوایی درووستبووە . هەر لەم روانگەیەوە ئەو لێکۆڵینەوانەى لەسەر کەسێتی کاریزمی کراون کۆمەڵێک خاسێتیان بۆ کەسی کاریزمی دیاری کردووەو بەبێ بوونی ئەو خاسێتانە کەسێتی کاریزمی درووست نابێت ، لەوانەش دەبێ کەسی کاریزمی هەرگیز لاسایی کەرەوە نەبێت بەڵکو خاسێتی تایبەتی داهێنەری هەبێت ، دەبێ بڕواو متمانەى تەواوەتی بە خۆی هەبێت ، دەبێ هەمیشە کەسێکی نەرمء نیان و هێورو هێمن و پتەوو بین درێژو دانبەخۆدا گرتوو بێت، دەبێ سۆزو خۆشەویستی ئەوانی تر لە سیمایدا دیارو ئاشکرابنء لە کردەوەیدا رەنگ بدەنەوە. دەبێ هەمیشە بیر بکاتەوە ئەوسا بدوێتء لە دواندندا بڕوا بەخۆبوون و قەناعەت بوون بەو قسانە دیار بێت کە دەیانکات و دەبێ توانای قەناعەت هێنانی بەوانیتر بەهێزبێت و دەبێ سازان لە نێوان پێگەو دەربڕین و هەڵسوکەوت و رەفتارکردنیدا هەبێت ، دەبێ زاهیدو خۆنەویست و بێباک بێت لە مادەو حەزو ئارەزوو کە ئەمانەش وای لێدەکەن لەبەرچاوی هەمووان جوانترین نموونە بێت ، لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا هێزێکی سیحری دەوێت کە هەموو ئەم خاسێتانەى بۆ کۆبکاتەوەو بەرەوجوڵەو کارپێکردنیان ئاراستەی بکات و بیگەیەنێتە ئەو پێگەیەی کە پێگەى کەسی کاریزمییە کە ئەویش کۆکردنەوەو خواست و ویست و داواکاری و ئارەزووەکانی خەڵکە لە کەسێتی خۆیداو کارکردنە لە پێناوی بەدیهێنانی ئەوەى خەڵک دەیخوازێت و خەونی پێوە دەبینێت و درووستکردنی ئەو متمانەیەش کە بەڕاستی هی خەڵکەو لە پێناوی خەڵکدا دەژی .

بێگومان مێژووى مرۆڤایەتی گەلێک نموونەى بەرزی کاریزمای پێشکەش کردووە بە تایبەتی لە رابردوودا کە زۆرینەى کەسێتـە کاریزمییەکان وەکو کەسێتی ئەفسانەیی لە مێژوودا دەرکەوتوون . زۆرینەى پێغەمبەران کەسانی کاریزمی بوون کە ئایین بووەتە بنەمای سەرەکی گەیاندنی پێغەمبەران بەو پایە بەرزە نموونەییەی کە کردوونی بەرابەرو جەماوەری بەرفراوان شوێنیان کەوتوون و لە پێناویاندا خۆیان بەخت کردووە .

لە کۆمەڵگە نەریتی و کۆنەکاندا کە ئەفسانەو بڕوابوون بە هێزی لەبن نەهاتووی تاکە کەس رووبەرێکی فراوانی لە سەرخانیان داگیرکردووە ، زەمینەى درووستبوونی کەسێتی کاریزمی زیاتر بووە . لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و شکاندنی ئەو بنەما نەریتی و تەقلیدیانەی رابردوودا زەمینەى درووستبوونی کەسێتی کاریزمی زیاتر تەسک دەبێتەوە ، چونکە کاتێک کۆمەڵگە گەشە دەکات مانای وایە تاکەکەسی خاوەن شووناس لە ئاستی گشتیدا درووست دەبێت کە ئەوەش درووستبوونی هێزی خەڵک و دەنگی خەڵک و بڕیاری خەڵک بەرهەم دەهێنێت کە ئەوەش لە راستیدا تەسک کردنەوەى رووبەری دەنگء بڕیارو ئامادەبوونی تاکەکەسی کاریزمی و تەنانەت سەرکردەیشە . کەواتە دەتوانرێت بگوترێت ئێستا لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنۆلۆجیاو لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو تێڕوانینانەدا کە کارو ئامادەبوون ، بوونی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات ، رووبەری ئامادەبوونی خەڵک وەکو جەماوەر فراوانتر دەبێت کە ئەوەش بەو مانایەیە جەماوەر یان نەتەوە یان گەل یان کۆمەڵ پێدەگات و وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی خۆی نمایش دەکات کە هێزی کۆمەڵیش لە هێزی تاکەکەس بەهێزترە ، با ئەو تاکەکەسە کاریزمیش بێت . کەواتە لێرەدا دووانەیەک پێکدێت کە ئاراستەیان پێچەوانەیە ئەویش دوانەى کاریزماو کۆمەڵ یان سەرکردەو خەڵکە کە بەپێی رەوتی مێژوو یەکەمیان لە پاشەکشەو دووەمیان لە بەهێزبووندایە . هەر ئەوەشە کە ئێستا لە جیهانی نوێ و ئەو رووبەرە فراوانەى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا کاردەکرێت لە پێناوی دیموکراسیدا ، مانای وایە قورسایی کۆمەڵ زیاتر دەبێت و ئاراستەى ئیشکردن بۆ ئەوەیە کە دەنگ و بڕیار هەڵقوڵاوی دەنگی جەماوەر بێت ، واتە دەنگی زۆرینە کە ئەوەش لەگەڵ دەنگ و بڕیارو ئامادەبوونی کەسێتی کاریزمیدا پێچەوانە دەگۆڕێت . بۆیە لەم روانگەیەوە دەتوانرێت بگوترێت ئێستا قۆناغی ئامادەبوونی خەڵک یان کۆمەڵ کە لە پەرەسەندندایە بوار بۆ درووستبوون و دەرکەوتنی کەسێتی کاریزمی یان سەرکردەی کاریزمی زۆر تەسک بووەتەوە.

رابردووی کۆمەڵگەى کوردی نموونەى کەسێتی کاریزمی بەخۆیەوە بینیووە ئەگەرچی رەنگە بەپێی کۆمەڵگەکەو ئاستی ئامادەبوونی کۆمەڵگەکە کەسێتی کاریزمی کوردیش جیاواز بووبێت لە کەسێتی کاریزمی نەتەوەکانی تر. کەسێتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی گەیشتووەتە ئاستێک لە کەسێتی کاریزمی کە سنوورەکانی کۆمەڵگەى کوردی تێپەڕاندووەو وەکو رابەرو پێشەواو نوێکەرەوەیەکی ئەفسانەیی لە جیهانی ئیسلامیدا دەرکەوتووەو تەنانەت پرتەوی کەسایەتی کاریزمی ئەو رووبەرێکی فراوانی جیهانی گرتووەتەوە . کەسێتی کاریزمی مەلا مستەفای بارزانی بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی مادی ئەوتۆ هەژموونی بەسەر کۆمەڵگەى کوردیدا کردووەو وەکو رابەرێکی گەورەی نەتەوەیی خۆی نمایش کردووەو تەنانەت زۆرینەى کوردناسانی رۆژئاواو رۆژهەڵاتیش نەیانتوانیووە لە ئەفسوونی دەسەڵاتی کەسێتی ئەو رزگاریان ببێت و خۆیان لە باسکردنی کەسێتی کاریزمی ئەو دوور بگرن . بەڵام لە دوای ئەو قۆناغە وەک دەبینین قۆناغی پێکهاتن و پێگەیشتنی خەڵک دەست پێدەکات و بە ئاشکرا دەنگی نوخبەی سیاس و نوخبەى رۆشنبیر لە کۆمەڵگەى کوردیدا دەبیسترێت و بە دوای ئەوانیشدا ئێستا بەرەو پێکهاتنی دەنگی گەل یان جەماوەر هەنگاو دەنرێت کە ئەوەش رێگای بەرەو پەرەسەندنی کۆمەڵگەى کوردی و گواستنەوەیەتی بۆ قۆناغێک کە تیایدا هێزی یەکەم جەماوەر بێت نەک کەسێتی کاریزمی و تاکە سەرکردەو تەنانەت تاکە حیزب و تاکە روانین و تاکە بەرنامە .

بەبڕوای من لە ئێستا بۆ دواوە کە قۆناغی درووستبوون و ئامادەبوونی خەڵکە ، قۆناغی درووستبوونی کەسێتی کاریزمی بەو شێوە تەقلیدییەى پێشوو بەرەو کۆتایی دەچێت . ئێستا قۆناغی ئامادەبوونی جەماوەرو قۆناغی دەنگی خەڵکە واتە قۆناغی گۆڕینی ئاراستەی پەیوەندییەکان لە ئاراستەی هەرەمییەوە بۆ ئاراستەى ئاسۆیی ، لە کۆمەڵگەی پەیوەندی ئاراستە ئاسۆیدا هاوشانی و یەکسانی تاکەکان درووست دەبێت کە ئەوەش زەمینەى دەرکەوتنی تاکەکەسی کاریزمی و تاکە رابەرو تاکە سەرکردە تەسک دەکاتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت