sirwan-Kawsi

سیروان کاوسی : هۆکارەکانی بەدەوڵەتنەبوونی کورد! .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی یەکەم

مێژووی دێرینی گەلان بەگشتی تەژییە لەتێکهەڵپرژان و سەرکەوتن و هەڵەنگوتن و نووچدان و سەرهاتیی دڵتەزێن ، هزر و رامان ومێتۆلۆژیا و کۆمەڵەچیرۆکی جۆراوجۆر کە دەماودەم هاتوون و لەدرێژایی زەماندا مێژوو، شارستانێتی ، ئاین و کولتوور و داونەرێتی گەلانی ئەوڕۆیان لەسەر بنیادنراوە . مێژووی دوور و نێزیکی کورد بەهۆی ژێردەستی و نەبوونی کیانی سەربەخۆی کوردی و ، پێڕەوکردنی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزیی هەر لەسەدەکانی کۆن و ناوەڕاستی زاینەوە کە بندەستی سێ ئیمپراتۆریی ئیسلامیی عەرەبی و ئێرانی و تورکی بوو ، دواتریش لەسەدساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن رژێمەکانی داگیرکەرییەوە بەرەوڕووی جێنۆسایدی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و رەگەزی و تالانکاری و تووناکردنی ئاسەواری بووەتەوە و هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی مێژووی راستینەی ونکرێ و بشێوێندری .

ئەگەرچی زۆرینەی کورد رەچەلەکی خۆمان دەبەینەوە سەر ئیمپراتۆریی مادەکان و، شانازیی بەرابردووی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام کەم نین ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی کورد و بیانی کە دەڵێن : چ پێوەندییەکی رەگەزیی لەنێوان کورد و مادەکاندا نەبووە و نییە و ، باوەڕیانوایە بنەچە و رەگەزی کورد لەو هۆز و گەلانە پێکهاتووە کە پێش هاتنی ئاریاییەکان لە باکووری قەفقازیاوە بەرەو هێندستان و پەلاتی ئێران ، لەزنجیرەچیاکانی زاگروس و ئەو ناوچەیە ژیاوە کە لەیۆنانی کۆن بە ”میسۆپۆتامیا (1)” نێوی هاتووە .

مێژوونووسانی کورد و بیانی ، هەروەها نووسەرانی سەر بە داگیرکەرانی کوردستان ، سەبارەت بە رەچەڵەک و پەیدابوونی کورد بۆچوونی جیاواز و دوور لەیەکیان هەیە ، لەنێویاندا ئەوانەی وا بەشێوازێکی زانستی لەمێژووی کەونارانی کوردیان کۆڵیوەتەوە، دەڵێن : رەگەزی ئێستای کورد تێکەڵاوێکە لەو هۆز و گەلەخەڵکانەی وەک : گۆتی ، لۆلۆ ، کاشی ، ئیلامی ، ئایری ، هەتیتی ، سۆمەری ، خۆری ، میتانی ، یۆنانی ، بابلی و … هتد ، کە پێش هاتنی هۆزی ”ماد” لەو ناوچەیە ژیاون ، یان بەهۆی شەڕوشۆر و داگیرکارییەوە ئاوێتەی یەکبوونە و ، دوای شۆڕبوونەوەی ئارییەکانیش بۆ هەرێمەکە ، لەگەڵ رەگەزی ئاری تێکەڵبوونە و ، پاش هەزاران ساڵ ، ئەم گەلەی لێخولقاوە کە ئەوڕۆکە پێیدەگوترێت : ” نەتەوەی کورد ”. لەلایەنی باوەڕی ئاینیشەوە چەند هەزارساڵێک بەرلەئەمڕۆ و ، پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ، میسۆپۆتامیا و زنجیرەچیای زاگرۆس ناوەندی چەندین ئاینی وەک میترایزم و زەردەشتی و بوودیزم و مووسایی و عیسایی و مانیزم (2*) و مەزدانیزم (3*) بووە ، دوای هاتنی ئیسلامیش چەندین ئاینی خۆجێی وەک یاری و ئێزدی و ئارەویی سەریانهەڵداوە لەڕووی مێژوی شارستانییەوە، کوردستان بەیەکێ لەکۆنترین ناوچەکانی خاوەن شارستانێتی جیهان هەژمار دەکرێت(4*).

لەپێوەندیی لەگەڵ زمانی کوردیدا، کۆنترین شێوەی وشەی کورد لەنێو نووسراوەی کۆنی ” بزماری ” تاکو ئەوڕۆ دۆزرابێتەوە لەشێوازی نووسینی ”مات کورداکی” داهاتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێی پێشزاین . وشەی ” مات ” بەمانای هەوارگەیە و ، ” کی ” نیشانەیەکی کۆنی سۆمەرییە و مانای ”زەوی” بووە .

یەکێ لەو هۆزانەی پێش هاتنی ئارییەکان ، لەکوردستان و لەرۆژاوای ئێستای کوردستان توانیویانە بۆ ماوەی هەزارساڵێک حکوومەتێکی بەهێز دامەزرێنن و ، هۆزەکانی دەوروبەریش بخەنەژێر ڕکێفیانەوە ، هۆزی هۆری (خۆری) بوون ، زمانەکەشیان زمانی زاگرۆسی بووە و ، لەڕەوتی خۆیدا نێوی ”ئۆرارتوو” یلێنراوە . بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە خۆرییەکان بەزمانی خۆری و ” ئەکەدی” بۆیان بەجێهێشتووین ، دەردەکەوێ شوێنی نیشتەجێبوونیان هەر ئەم کوردستانەی ئێستابووە (5*) .

هەر لە سەدەکانی پێش زاینەوە لەلایەن ئاشورییەکانەوە نێوی کورد بە ”KURHI ” هاتووە ، دواتریش نێزیک بە سێ سەدە پێشزاین لەلایەن مێژوونووس و فەرماندەکانی یۆنانی کۆنەوە وەک ” گزەنفۆن ” فەرماندەی دەهەزار سوارەی یۆنانی ، مێژوونووسانی وەک ” هێرۆدۆت ” و ”پۆلیپ” و ”بەتلەمیۆس” وە , نێوی ” مارد ” و ” کورت ”، ” کورتچەکە ” (KURCHEKE) و ” کوردیک ” (KURDIKH) و ” کۆردووک ” (KURDUKH) هێنراوە کە لە کوردستانی ئێستا و ئازەربایجان (ئاترۆپاتاکان ) ژیاون .

لەگەڵ پەرەسەندنی قۆناخی کۆیلایەتی و شەڕوشۆر و پەلاماردانی هۆز و گەلان بۆ داگیرکردنی زەویوزاری بەپیتوبەرەکەت و نیشتگە و حەشیمەتی یەکتر ، شار و کۆشکوتەلار و پێگەی سەربازی و چینی دەستڕۆیشتوو و ، پلەنزم و پیشەوەر و جۆتکار پەیدابوون ، لەمەوە قۆناخی فیۆدالیزم سەریهەڵدا بەڵام کۆیلەکردنی مرۆڤەکان وەک رابردوو مایەوە و لەکاتی داگیرکردنی وڵاتاندا خەڵکەکەی دەبوونە کۆیلە و لەسازکردنی کۆشکوتەلار و قەڵاوە هەتاکو خزمەتکردنی ئاژەڵ و باخداری و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و بەردەستیکردنی چینەکانی گەلی باڵادەست بەکاردەهێنران .

شانبەشانی ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەلایەتییانە، لەنێو هۆز و گەلانی جۆراوجۆردا، بەپێی تێگەیشتنی ئەوکاتیان سەبارەت بە سروشت و رووداوەسروشتییەکان و ئاسمان و دەوروبەری خۆیان و ، بەپێی هەلومەرجی ژیان و رامان و بیرکردنەوەیان ، ئاینی جۆراوجۆری وەک میترایزم و زەردەشتی و بوودیزم و مووسایی و عیسایی پەیدابوون . پێشەنگ و پێڕەوانی نێزیکی ئەم ئاینانە هانی خەڵکیان دەدا باوەڕیان پێ بهێنن و ، پشتگیریی لە رێبازەکەیان بکەن ، لەمەوە چینی ئاینی سەریهەڵدا . بەرەبەرە ئەم ئاینە تازانە لەنێو هۆز و گەلانی خۆیاندا بوون بە ئاینی فەرمیی . پێشەوای ئاینی و پاشا و دەسەلاتدارانیش بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاینەکەیان ، هاوکات بەنیازی داگیرکردنی وڵاتانی رەنگینوزەنگین ، خەڵک وپێڕەوانی خۆیان خستەڕێ و ، لەشکرکێشیی ئەو جارەیان بەناوی ئاینەوە بۆ سەر یەکتری دەستیپێکرد . ئەم دیاردەیە بەتایبەتیی لەسەردەمی پەیدابوونی ئاینی عیسایی و دواتر لەکاتی پەیدابوونی ئاینی ئیسلام ، پەرەی سەند و داگیرکردنی وڵاتانی دی ، بەنێوی فەرمانی خودێ و شەڕی رەوا وپیرۆز لەدژی ” کافران ” و نەیاران لەقەڵەم درا .

دوای ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام – محەممەد بەچەند شێوازێک ، لەماوەی بیستوچەند ساڵێک ئاینی ئیسلامی لەعەرەبستاندا بلاوکردەوە ، ئەوجا جێنشینەکانی ، بۆ بەهێزترکردنی رێبازەکەی دەستیانکرد بەلەشکرکێشی بۆ سەر گەلانی ناموسڵمان . لەسەردەمی ” عومەری فارۆق ” ( عمر ابن خطاب ) کە پاش خەڵیفە ئەبووبەکر لەساڵی 634 بۆ 644 ی زاینی بوو بەخەڵیفەی دووەم ، هێرشی موسڵمانان بۆ سەر ئیمپراتۆری ساسانی و کوردستان و میسر و سووریا دەستیپێکرد . دوای تێکشکانی ئیمپراتۆریی ساسانی و داگیرکردنی وڵاتانی میسر و ئێران و وڵاتی سووریا ، بەربەرەکانێی گەلی کورد لەزۆربەی ناوچە و هەرێمەکانی کوردستان دژ بە سوپای عەرەب ساڵانێکی زۆر درێژەیکێشا. شەڕ و پێکدادانی کوردانی زەردەشتی بەسەرۆکایەتیی ” فەڕۆخپاشا ” لە بنگرد و دۆڵی مەرگە و چیاکانی ” ئاسۆس” ، لەدژی سوپای ئیسلام بەفەرماندەیەتیی ”سعد ابن ابی وقاص ” لەساڵی 635 بۆ 640 ی زاینیی ، لەگەڵ زنجیرەیەک جەنگی گەورەوگران بەسەرۆکایەتیی پاشا ”مێردانیکور” (6*) لەپشتدەر، بەخوێناویترین جەنگەکانی ئەو سەردەمە دەژمێردرێن و ، سوپای ئیسلام بەدانی هەزاران کوژراو کە بەشێکی گۆڕستانەکەیان لە سەرووی گوندی ” مەرگە ” لەنێزیک شاری ” دووکان ” بەجێماوە ، توانی ناوچەی پشتدەر و دوکان داگیربکا و ، دەست بکات بە قەڵاچۆکردنی دانیشتوانەکەی . لەم بارەوە ئیمام واقدی کە به‌یه‌که‌م مێژوونوسی موسڵمان ناسراوه ‌، باسی جەنگی پشتدەری بەم شێوەیە تۆمارکردووە :

دوای گرتنی قه‌ڵاکه‌ی میردانیکورد ته‌واوی ناوچه‌که‌ که‌وته‌ ژێر ده‌ستی سوپای موسڵمانانەوە. ئه‌میر خالید نامه‌یه‌کی نوسی بۆ خه‌لیفه‌ عومەری کوڕی خه‌تاب ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌که‌یه ‌:

” بەناوی خودای بەخشندە و مێهرەبان . له‌ خالیدی کوڕی وه‌لیده‌وه‌ بۆ جێنشینی پێغه‌مبه‌ر عومەری کوڕی خه‌تاب ڕه‌حمه‌تی خوا ببارێنیت به‌سه‌رتانا . من سوپاسبێژی خودایه‌ک ده‌که‌م که‌ جگه‌ له‌و هیچ که‌س شایه‌نی نییه .‌ هه‌روه‌ها ڕه‌حمه‌تی خوا بڕژێت به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر و هه‌موو موسڵمانان له‌ مه‌ککه‌و مه‌دینه‌ له‌مهاجرو ئەنسار . سوپاس بۆ خودا ناوچه‌ی مەرگه‌ و پشتده‌رو دووگۆمانمان گرت ، میره‌کورده‌کانمان کوشت و‌ له‌شکره‌کانیشیانمان ته‌فروتوونا کرد .‌ خه‌لکی ناوچه‌که‌شمان گوێڕایه‌ڵ کرد که‌ نه‌وێرن به‌ره‌نگارمان ببنه‌وه‌ به‌مه‌رجه‌کانمان ڕازیبوون . ئێستا ئاڵای ئیسلام له‌م وڵاته‌دا ده‌شه‌کێته‌وه . ‌په‌رستگەزه‌رده‌شتییه‌کانمان هه‌موو وێرانکرد ‌، له‌ جێگه‌یدا مزگه‌وتمان بۆ دروستکردن ”.

لاشەیەکی زۆر لەعەرەب و کورد لەگۆڕەپانەکانی جەنگا کەوتبوون ، خالید کوڕی وەلید فەرمانی بە کوردەکان دا گۆڕ بۆ عەرەبەکوژراوەکان هەڵکەنن ، ئەوجا لاشەی کوردەکوژراوەکانیان لەگۆڕی بەکۆمەڵدا چاڵکردن و بەنیشانەی ” کافربوونیان ” یەکی حەوت بەردیان گرتە گۆڕەکەیان .

ئیمام واقدی لەدرێژەی نووسینەکەیدا دەڵ ێ: ” پاش تووناکردنی هێزوتوانای کوردانی پشتدەر و قەڵاچۆکردنی دانیشتوانی گوندی ” بێژوێ ” ی سەر بەئالانی سەردەشت لەلایەن قەعقاعی کوری خەڵیفە عومەرەوە ، ئەباعوبەید ، خالیدی نارد بۆ ڕۆژهه‌ڵات ( رۆژهەڵاتی کوردستان ) و قەعقاعی کوڕی خەڵیفە عومەریشی نارد بۆ شاره‌زوور .

ڕۆژی نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌ ( یه‌کشه‌ممه‌ بوو١٢ى ذي القعيدي سال٢١هجری ).

هەر لەو سەروبەندەدا و ، لەناوچەیەکی دیکەی کوردستان – لە هەورامان و شارەزوور ، سوپای ئیسلام دەستیکرد بە سووتاندنی پەرستگەکانی زەردەشتی ولەنێوبردنی جەنگاوەرانی کورد و بەدیلگرتنی هەزاران ژنومنداڵ و، تالانکردنی سامانی دانیشتوانەکەی ، ئەمەش 1378 ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن زانایەکی ئەو سەردەمەی ناوچەی هەورامان بە هۆنراوە نووسراوە کە دەڵێ :

هورمزان رمان ، ئاتران کوژان

وێشان شاردەوە گەورە گەورەکان

زۆرکاری عەرەب کردنە خاپوور

گنا ئی پالە هەتا شارەزوور

شەن و کەنیکا وەدیل بشێنا

مەرد ئازا تلی وەڕوی هوێنا

رەوشتی زەردەشت مانۆوە بێ کەس

بزیکا نیگا هورمز وەهیچ کەس .

بەهەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووەکەی ” ئیمام واقدی ”، ئەوەمان بۆ ئاشکرادەبێ ، هۆز و عەشیرەتەکوردەکان تەنیا ئەوکات بەرەنگاری سوپای عەرەب بوونەتەوە کە هێرشکراوەتە سەرخۆیان ، هەوڵیاننەداوە هەموو پێکەوە شەڕی سوپای عەرەب بکەن. ئەمەش هۆیەک بووە سەرکردەکانی سوپای عەرەب ، بۆ ترساندنی هۆزەکانی دیکە، هۆزێکیان بنبڕکردووە و ، بەهاسانی توانیویانە یەک بەیەکیان بخەنە ژێررکێفی خۆیانەوە و ناچاریانکەن واز لەئاینی زەردەشتی بهێنن و ، ئاینی ئیسلامیان بەسەردا بسەپێنن . زۆرێک لەهۆزەکوردەکان دوای ئەوەی بەچارەنووسی ئەو هۆزانەیان زانیوە کە لەگەڵ لەشکری عەرەب بەشەڕهاتوون ، بۆ پاراستنی خۆیان و ژنومنداڵ و سامانیان ناچاربوونە ببنە موسڵمان . هێزی هێرشکاری عەرەبی موسڵمانیش کە بە ناوەرۆکی فەرمانی ” جیهاد ” و ” ئەنفال ” گۆشکرابوو، زۆر بێبەزییانە بەرەنگاری هەرجۆرە دژایەتیکردنێک دەبوونەوە و، ماڵوسامان و ژنومنداڵی وڵاتی داگیرکراو دەبوونە بەشێک لەسامانی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی و لەشکری موسڵمانان ، بۆیە سوپای ئیسلام بێسڵەمینەوە و ، لەپێناو دەستکەوتی دنیا و قیامەتیدا دەجەنگا … سەرەڕای ئەمەش ، زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ، ساڵانیکی زۆر گۆڕەپانی بەرخۆدان و شەڕی نێوان کوردان و سوپای ئیسلام بوو . دوای ئەوەش کە زۆرینەی کورد بوونە موسڵمان ، سەرهەڵدان و راپەڕینی کوردان بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەیکێشا ، کە لەدرێژەی باسەکەماندا باسیان لێوەدەکەین .