عیماد عەلی: سوێند بە گۆڕی دەخوات و سەنگریشی چۆڵ دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم دونیا سیاسیە سەیرو سەمەرەیەی کوردستانی خۆماندا زۆر کاری نارەوا دەبینرێت کە بە خۆێی چێشتیش بێت لە هیچ کون و قوژبنێکی ئەم کەونە نایدۆزیتەوە و نابینرێت . زۆر جار لە کاتێکدا و لە شوێنێکی تایبەتدا کە وەسف و مەدحی کەسێک دەکرێت و بەشان و باڵیدا هەڵدەدەن و دەیکەن بە پاکیزەترین تاکی ئەم گەلە، بەڵام بۆ چرکەساتێکیتر و لە شوێن و جێیەکی جیاواز ئەوەی خودا حەزی لێ نەبێت بە هەمان کەسی دەڵێن.

لەهەمان کاتدا کەسی سیاسی واهەیە بەخۆی لە هەڵوێستیکدا لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا قسە و راوبۆچونێکی وا دەردەبرێت لە چرکەساتیکیتردا و لەسەر هەمان مەبەست بەجۆرێک بای دەداتەوە کە واهەست دەکەی قسە لە مرۆڤێکی ترەوە دەبیستیت و کارێک بە نەیارەکانی ئەمرۆ و دۆستەکانی دوێنێی دەکات گەردەلولیش بە پوش وپەڵاشی نەکردبێت.

لەم هەموو دووفافی و بێ راستگۆییەدا، قسە و هەڵوێست و راوبۆچونی وا دەبینیت، نەک بێ متمانەیی دروست دەکات بەڵکو سیاسەت لەپێش چاوی هەموان وا قێزەون دەکات کە نەتوانرێت بە زانستیانە لەم دونیا فراوانەیدا بروانیت و وابەباشتر دەزانیت خۆت لێی دورخەیتەوە.

کەس هەیە رۆڵ و بیر و پیرۆزی شەهید نەزانێت کە لە پێناو چ ئامانجێکدا خۆی قوربانی کردوە، تەنانەت رۆژانێک خەڵکێکی فیداکار بۆ مەبەستێک گیانیان بەخت کردوە ئەگەر ئێستا لە دونیادابایەن و هاورێیانیان ببینیایە هەڵوێست و بۆچونێکی تریان هەیە چ بۆچونێکیان دەبوو، بەڵام ئەوان هەتاهەتایە بە پیرۆزی خۆیان دەمێننەوە.

لەم ساتەوەختەی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگو قسەو باسو هەڵوێستی وا دەبینیت ، شەرم داتدەگرێت کە بیر لە ناوەخنەکەی دەکەیتەوە و حەقیقەتی کەسی خاوەن هەڵوێست و بۆچونەکەش دەبینیت و دەبیستیت، ئەگینا کەس هەیە لەناخیدا باوەری بە بنەما و پرەنسیپ و بیروباوەرێًک نەبێت و بە دەیان ساڵ خۆی هەڵبخەڵەتێنێت و بە روحی فیداکارانەوە ئیشی بۆ بکات، کە لەم کوردستانە دەیبینین.

هەر لەم ساتەوەختەدا، زۆر جار وەک چۆن لە تورەییدا شتی راست دەردەکەوێت، ئاوهاش لەم ماوەی پروپاگەندەیەی هەڵبژاردنەدا زۆر شتی ژێر بەڕە بەدەردەکەون، ئەوەتا خەڵکانێک دەبینیت لە گردبونەوە تایبەتیەکاندا قسەی وا دەڵێت لە کیسەی هیچ عەتارێکدا نیە، ئەگینا چ ویژدانێک قبوڵی ئەوە دەکات کەتا دوێنی تۆ لەهەمان سەنگری خەڵکانێک بیت و کتومت لەگەڵ بیروباوەریاندا بیت و ئاوێتەی یەکتر بن و تەنانەت لەپێناو ئەو مەبدەئە هاورێیانت شەهید بوبن و تۆش سوێند بە گۆریان بخۆیت و ئێستا بۆ بەرژەوەندیەکی تەسکی کاتی نکوڵیی لێ بکەیت و، نەک سەنگەر گۆرکێ بکەیت بەڵکو لەعنەت لەرابردوی خۆت بکەیتوە، بەڵێ ئەمە لە کوردستان و لەم هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنە روودەدات، ئەمەش زۆڵمێکە لە رابوردو و خودی شەهیدان دەکرێت . بۆیە حەق وایە ئەو خەڵکانەی لەناو مەسەلەکان بون حەقیقەتەکان بۆ خەڵک روون بکەنەوە و راستیەکان ئاشکرا بکەن و رووی راستەقینەی فرتوفێڵبازان کە بەناوی سیاسەتەوە دەیکەن بۆ خەڵک دەرخەن . بەو شێوەیەش دەتوانین بڵێین سیاسەت لەم هەرێمەدا رێچکەی راستی خۆی دەگرێت و خەڵکیش لەپێناو ئامانجەکان کاری راست و دروستی خۆیان دەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت