sherko-bekes_resize

پشکۆنەجمەدین : چلچرایەک لە تەمتومانی مێژوودا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو ساڵ و دوو مانگ پێش ئێست ا، من لە ملانێیەکی سەختدا لەگەڵ نەخۆشیی خوێنبەربوونی مێشک ، دوور ئێجگار دوور لە کوردستان ، بە گازوگیر هاتبووم . زەنگی تەلەفوونەکەم لێی دا و بەسەر شەپۆلی شیعرەوە ، دەنگێک کە لە هیچ دەنگێکی تر نەدەچوو، پێی گوتم :

(( کاکە پشکۆ ، دڵمان لای تۆیە و دڵنیاین تۆ لە نەخۆشی بەهێزتری . تۆ بە تەندروستییەکی باشەوە ، دێیتەوە لامان!)) ئەوە دەنگی کاک شێرکۆ بوو . دەنگێک لە ئاسۆ ڕوونەکانی نیشتمانەوە ، چەند هەزار میل ، بەسەر باڵی هومێدەوە ، دەهات و لە ناهومێدییەکانی کێڵگەی ڕووحمدا ، تۆوی گەشبینییەکانی ژیانی تۆو دەکردن . ئەوە دواجار بوو ، ئەو دەنگە ژیاندۆستە سیحراوییە بژنەوم!

پێش سێ مانگان ، هاتمەوە کوردستان و (شێرکۆ) نەبوو . ئەو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەفسانەی مەرگ و ژیان ، بۆ سوێد سەفەری کردبوو! ئێمە جێگۆڕکێمان کردبوو . لە سوێد ، نەمتوانی یانژی نەمویست لە دوا ساتەکانی ژیانیدا بیبینم . من نەمدەویست وێنە ڕەنگینەکانی ڕووخساری ئەو، ڕووخسارێک کە سیمای جوانییەکانی شیعر بوو لە هزرمدا، شوێن بۆ وێنەی تاڵییەکانی مردن چۆڵ بکەن .

بە تەلەفوون، لە لەرەی دەنگی تەماویی ( نەسرین خان) ی هاوسەریدا ، تەپەی پێی مردنم دەبیست . مردن پەلەی بوو . مردن لە شاعیری ئێمە خێراتر بوو . ئەو زۆر زوو گەیشت!

ئێستا ، لەسەر مێزی نووسینەکەم ، ” شێرکۆ ” ی گەورە ، بە هەموو بەرهەمەکانییەوە ئامادەیە و بەیانیان ، بەیانیباشی لێ دەکەم!

چ ئەستەمە ، تۆ لە پایینی چیایەک لە دەقی شیعریدا ، دۆش دامابیت و دەڕۆست هەڵکۆڵینی ئێستاتیکا و هەڵگەڕان بە بەرزاییی باڵای شیعردا نەیەیت!

کۆبەرهەمی شیعری شێرکۆ ، لە زیاتر لە پەنجا ساڵدا ، خولقاندن و داهێنانی پڕ بەهرە و سازاندنی جوگرافیایەکی شیعریی ڕۆژهەڵاتگرە ، پانتایییەکە ، بە سەدان پەنجەرە و ڕۆژنەی پڕ تیشکەوە ، بۆ شیعر و ئەدەبیاتی کوردی کە ڕەنگاڵەی تاڵەکانیان ، لە ئەدەب و شیعری جیهان دەئاڵێن .

ئەدەبی کوردی ، لە درێژاییی مێژووی پڕ هاتی خۆیدا ، لە پرۆسەی گەشەکردن و تیشکدانەوەیدا ، چەندین ناوی گەورە و شاعیری داهێنەری خولقاندووە ، بەڵام بێ هیچ دوودڵییەک، دەشێ بێژین ، هیچ شاعیرێک هێندەی شێرکۆ ، پڕ بەرهەم و شاباڵی خەیاڵی قووڵ و بەرزەفڕ نەبووە .

بەرهەمی شیعریی شێرکۆ ، هێند داهێنەرانەیە ، بەشی سەد ساڵی دیکەی کۆڵینەوە و تۆێژینەوەی ئەدەب و مێژووی خولقاندنی ئەدەبی داهێنراو دەکات .

شیعری ” بێکەس ” ، لووتکەی ئەدەبی بەرگری و ئینسانیی کوردە و مەکۆیەکی کەموێنەیە بۆ تەوزیفکردنی کەلەپوور و مێژووی کورد ، لە هونەری داهێنانی شیعریدا . هیچ شاعیرێکی ئێمە ، هێندەی شێرکۆ ، دەستەڵاتی بە سەر خولقاندنی ئەم هونەرەدا نەشکاوە.

شێرکۆ ڕۆیشت . شیعر ناڕوات. ” نیرۆدا ” گوتەنی( شیعر نەمرە. شیعر ڕووحی حەوت پشیلەی هەیە!)

داستانە شیعرییەکانی شێرکۆ ، ( لە زمانی ” پابلۆنیرۆدا ” وە کە ” ڕۆفائیل ئەلبێرتی ” دەدوێنێت ، ئەو داستانانەی کە ” ئەلبێرتی ” ، لە سەربازگە و جەرگەی جەنگەکانی پارتیزانانی ئەسپانیادا دەیخوێندنەوە ) ، لە ڕووحی نەتەوەییی ئێمەدا ، هەمان سیحریان خولقاند!

شێرکۆ ، سەرپاکی کێش و ڕیتمی شیعری کوردیی ، لە ستاییل و دەنگی تایبەتی خۆیدا ئەزموونکردن . مرواریی درەوشاوەی شیعری کوردی ، لە پەیمانەی بلوورینی ئەزموونی شیعریی شیرکۆ دەڕژێ !

لە چلەی کۆچی گەورەترین شاعیری ئێمەدا ، چلچرایەک لەسەر تەختی ئیمۆراتۆریای شیعری کوردی، بۆ ئەبەد دەگڕیێ !

سوێد

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت