kurdistan

ئاکۆ برایم : کێ سنورێک بۆ ئەو عارەق خۆرانە دادەنێت؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر رێت کەوتبێتە جادە دووسایدەکەى بەکرەجۆى تازەو ، ئێواران و شەوان گوزەرێک بەو ناوەدا بکەیت ، چاوت پڕ دەبێ لەئاو و وگریانت بۆ ئەو دیمەنە ناشیرین و قێزەونانەى کەسانى مەشروب خۆردێت ، کە ئەو دەوروبەرە دەکەن بە سەرەنوێلک و زبڵدان . بن هەر دارێک ، چۆڵەوانیەک ، نابینیت پاشماوەى شووشە و قوتوى بەتال ۆ ، توێکڵە گوڵە بەرۆژەو ، پاقلە و مەزەى رژاو ، رشانەو و تەنانەت دەبەى میز ، کەئەو مرۆڤانە تاقەتیان نییە هەستن بۆ سەر ئاو،میزەکانیان ئەکەنە ناو ئەو دەبانەوە . گەر وابڕوات ساڵێکى دیکە ، بەچەشنى تانجەرۆ و خۆڵەکەى ئەوێش واى لێدێت .

زۆر بەداخەوە بۆ ئەو جیلە تازەیە ، کەهیچ هەست بەبەرپرسیاریەتى ناکەن ، هێندەى خەریکى تێکدان و ناشیرینکردنى ژینگەو شکاندنى درەختن ، چارەکى ئەوە لەخەمیدانین . کاکى عارەق خۆر ، گەنجى مەست و سەرخۆش ، هەرچەندە من تاسەر ئێسقان دژى مەشروب و بێهۆشکەرەکانم ، لە لام تاوان وگوناحە و ئاینەکەم رێگەم پێنادات ، لەوشتانە نزیک بکەومەوە ، بەدەر لەوە وەکو خۆم ، رێگەت پێدەدەم ، وەکو مرۆڤ بخۆیتەوە ، بەڵام بۆچى خواردنەوە و بادە ومەست بوونى تۆ ، ببێتە مایەى بێزارى ونارەحەتى ئێمەو مانان ؟ بۆچ دەبێت لەبەرخاترى ، چەند سەعاتێک کەیف و سەفا وبەزمى خۆت ، ژینگەى ئێمە ، باخ و شەقام و دارستانمان پیس بکەیت وبەودەردەى بەریت ؟ باش بزانە ، ئەو ژینگەو باخ و درەختانە، بەتەنیاموڵکى تۆ نیە ،، بەڵکو موڵکى من و خەڵکانى دیکەشە ، ئێمەش بۆمان هەیە سود و چێژى لێ ببینین! خۆشى وشادى لەجوانیەکەى ببینین. ئیدى بۆچى بەپاشماوەکەت ، ژینگەم پیس دەکەیت؟ بەشووشەشکاندنت ئۆتۆمبَیلەکەم پەنچەر دەکەیت؟ قاچى منداڵان برینداردەکەیت ؟ بەپاشەرۆ و پیسایى ورشانەوت ، دەیان نەخۆشیم بۆبڵاودەکەیتەوە ؟

هەقى وایە حکومەت و لایەنى بەرپرس ، لەسەر ئەو بێ سەروبەرىو خواردنەوەى سەرجادەکان هەڵوێستیان هەبێت ، رێگا نەدەن و لێپرسینەوە بکەن وسنورێک بۆ ئەودیاردە ناشیرین و قێزەونانە دابنێت .

هەموو دەزانین مەشروب خواردنەوە شوێن و جێگاى خۆى هەیە ، ناکرێت هەرچى دوو پول هاتە گیرفانى ریک و رەوان بڕوات یەک دووشووشە عارەق بکرێت و ، لەسەر ئەوجادەیە دانیشێت ، ئەو رێگاوبانە بکات بەنادى وباڕ. سەدانى وەکو من و رێبواران ئیزعاج بکات و پاش خۆى دیمەنێکى ناشیرین وسەرەنوێلکم بۆ بەجێ بهێڵێت .

ساڵانى پێشوو سەردمى بەعس،کە بەو هەموو زوڵم و ناهەقەیى دەیکرد، ئەبوایە لەبەر ئەوەى گەنجان و لاوان لەشۆڕش و خەبات و کوردایەتى دووربخاتەوە، وەکو ئێستاى ئێران کارى بۆ ئەوە بکردایە گەنجان ولاوان بەمەشروب و تلیاکەوە سەرقاڵ بونایە، تالەبیرى ئەوکارەدا نەبن. بەڵام لەگەڵ ئەو هەمووزۆردارى و ناهەقەیەیدا، رێگەى نەدەدا لەتەمەنى 18 ساڵ کەمتر بادە بنۆشێت،یان بیکڕێت.بەڵام ئێستا لەژێرناوى ئازادى ودیموکراسى هەرئەوەندە ماوە، بایەعەکانیش دابەشى بکەن و، لەبرى شیرى منداڵان،مەمکە مژەشیان بۆپڕبکەیت لەویسکى وبیرە. کەئەمەش بۆ ئایندە پاشەڕۆژ ئاکامێکى زۆر خراپ و ترسناکى دەبێت و،نەوەیەکى مەست و سەرخۆش و بێهۆش مان دەست دەکەوێت، کەناتوانرێت هیچ متمانە و باوەڕێکى پێ بکرێت.چاکترە سنورێک دابنرێت، ئاخر چ رەواى هەقە، یەک بوتڵ لەو مەشروبانە لەتورکیا نرخى لەنیوان 15 -20 دۆلارە ، کەچى لێرە هێندە هەرزانە و سانا دەست دەکەوێت ، کەناکاتە پارەى بیبسى وفانتایەک ، ئەگەر ئەمە سیاسەت وپیلانێکى گڵاو وژەهراوى دوژمنان نەبێت ،بۆ بێ کاریگەر کردنى گەنجان چى ناوێکى لێ دەنێت ؟

گەر بیرتان بێت جاران یاسایەک هەبوو، بەپێى ئەو یاسایە،ئەوەى کەمەسیح نەبوایە ، مۆڵەتى پێ نەدەدرا بازرگانى بە مەشروبەوەبکات ویانە وشوێنى فرۆشتنى عارەقى هەبێت ، بەڵام ئێستا هەموو کەس ئازادە، لەچ شوێن وجێگایەک پێى خۆش بێت ، دەتوانێت دوکان و فرۆشگا بۆ ئەو شتەبکاتەوە ، ئەوەش بۆئێمە بۆتە قوڕ بەسەرى و ماڵ وێرانى، بەهۆى ئەو شوێنانەوە زۆرێک لەگەنجان و هەرەزەکاران فێرى خواردنەوەى بوون ، سەیرەکەى لەوەدایە خاوەن دوکانەکانیش کەسانى هەرزە ومێر مندال و ناباڵغَن، هەروەها لەسەعات 7ى بەیانیەوە تا 3ى شەوان کراوەن .

تکایە بەرپرسان و مرۆڤ دۆستان،رێکخراوەکانى لاوان،بەئەرکى بزانن ، شەوێک بەپیاسە سەرێکى ئەو شوێنانە بدەن،بزانن چى دەبینن؟ من لەناخى دڵەوە گریانم دێت، بۆ ئەو هەموو گەنج و لاو و هەرزەکارە،کە لەبرى هەموو شتێک پەنایان بۆ مەشروب خواردنەوە بردوە،دیارە ئەمەش هۆکارى خۆى هەیە، بێکارى و نەبونى شوێنى کات بەسەر بردن وەکو گۆڕەپانى وەرزش و سەنتەرى هونەرى و،فەرامۆشکردنى ئەو توێژە لەزۆر لایەنەوە بۆتە هۆکارى پەنابردنە بەر ئەو کارە،بەداخەو ئێمە ساڵان بەخوێندنەوەى کتێب و رۆمانى وەکو(دایک و ئادەمیزاد لەکۆمەڵگاى کوردەوارى، ئافرەت و ژانى لەدایکبونێکى نوێ، تەنەکە و حەمە دۆک،ژانى گەل و کوێرەوەرى و کەشکۆڵى پێشمەرگە و..) رۆژمان دەکردەوە ، گەنجانى ئەمڕۆش لەگەڵ بیرەو عارەق و ویسکى شەرابدا شەو تابەیانى مەست و بێ هۆش دەبن .