Sirwan-Abdul

‌سیروان عەبدول : تۆزێک ئاڵۆزتر لە پڕۆپاگەندەی سیاسیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بزوتنەوەی گۆڕان کارێکی عاقڵانە دەکات کاتێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا و لە ڕێتۆریکی سیاسیی خۆیدا ، خەسڵەتی بنەماڵەیی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر زەق دەکاتەوە و ، هەوڵدەدات ئەو خانەوادەچێتیی و ئەو مەحسوبییەتەی کە لەناو پارتییدا هەیە وەک نیشانەی کۆنەخوازیی و وەک نیشانەی نیازخراپیی ئەو پارتە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا پیشان بدات . ئەم هەوڵەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کورتکردنەوەی ناکۆکیی و کێشمەکێشەکان بۆ هاوکێشەیەکی ئاوا سادە ، کارێکی زیرەکانە و لێزانانەیە ، چونکە لە هەموو بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا ئەوە باوە کە حیزبەکان هەوڵدەدەن فۆکەس و تەرکیزی دەنگدەر ببەنە سەر سیاسەت و خەسڵەتە خراپەکانی تەرەفە ڕکابەرەکانی خۆیان و، لەڕێگەی عەرزکردنێکی یەکئاراستە و سادەکراوەی دۆزە ئاڵۆزەکانەوە، دڵی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدەران ببەنەوە کە بە دڵ قەناعەت دێنن و بە مێشک توانای لێکدانەوەی قوڵی ناکۆکییە سیاسییەکانیان نییە . ئەم جۆرە لە قسەکردنە یەکئاراستیە لە زمانی سیاسییدا پێی دەوترێت پرۆپاگەندەی سیاسیی .

«ڕکابەریی نێوان بەها جیاوازەکان – ڕکابەریی نێوان گروپە جیاوازەکان»

بۆیە ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەم ڕووەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و لە تەبلیغی ڕۆژانەی خۆیدا دەیکات کارێکی ئاساییە. ئەوەی کە ئاسایی نییە ئەوەیە کە کەسانی ئەکادیمیست بێن و سەنگی ئەکادیمیی خۆیان بخەنە پشت ئەو عەرزکردنە سادەکراوە و یەکئاراستەیەی کە حیزب بۆ ستراکتۆری ناکۆکییە سیاسییەکان و بۆ دۆزی دیموکراتییەت لە هەرێمی کوردستاندا دەیکات و، بێن دیموکراتییبوون و نادیموکراتییبوونی هێزە جیاوازەکان لەسەر ئەو بنەمایە دەستنیشان بکەن کە ئایا کامیان دژ بە دەسەڵاتدارێتیی ئەو بنەماڵەیەن و کامیان لەگەڵین. بۆ نموونە، ئەوە چی لێکدانەوەیەکە دوو ئەکادیمیست ڕەخنەیان لە بنەماڵەی بارزانیی لەسەر کۆنەخوازیی و لەسەر دژەدیموکراتییەتی ئەو بنەماڵەیە بێت، کەچی بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر کۆنەخوازیی و دژەدیموکراتییەتی ئەو بنەماڵەیەدا، یەکێک لە پێشنیارەکانیان ئەوە بێت کە گرنگ ئەوەیە خەڵک دەنگ بە پارتیی نەدەن ئیتر گرفت نییە تەنانەت ئەگەر دەنگ بەو سەلەفییە-جیهادییانەش بدەن کە لەناو کۆمەڵی ئیسلامییدا شەڕ بۆ بەکوفرپیشاندانی سیستەمی دیموکراتیی و بۆ ڕێگرتن لە دەرکەوتنی ژنانی کورد لە تەلەفزیۆنەکانەوە دەکەن؟ لایەنگریی لە دەنگدانی خەڵکی کوردستان بە سەلەفییەکان لەپێناو وەستانەوە لەبەرامبەر کۆنەخوازیی و دژەدیموکراتییەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانییدا، قسەیەکی ناکۆنسیستێنتە کە زۆر ڕەوایە وەک پڕۆپاگەندەی سیاسیی پۆلێن بکرێت نەک وەک شیکردنەوەیەکی جیددی و زانستیی. قسەیەکە کە ئاشکرا دیارە خاوەنەکەی بە پلەی سەرەکیی بەدوای بەهێزکردنی بەهاکانی پێشکەوتنخوازیی و لیبراڵییەت و مافی مرۆڤ و بەدوای بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراتییەتی لیبراڵەوە نییە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو بە پلەی یەکەم لە خەمی لاوازکردنی هێزێکی دیارییکراودایە .

ئەوە قورس نییە ببینین کە پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی تەواو سەرکوتگەر و دژەدیموکراتییە کە ئامادەیە لەپێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا، هەر لە نیپۆتیزم و خزمچێتییەوە بگرە تا دەستبردن بۆ تەسفییەی جەسەدیی نەیارانی خۆی، هەموو ئامرازێک بەکار بێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت تەواو بەئاگا بین لەئاست ئەو لێکدانەوانەدا کە هەوڵ دەدەن دۆزی دیموکراتییەت و بەختی گەشەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا کورت بکەنەوە بۆ هاوکێشەیەکی سادەی خاوەن دوو جەمسەری ”خێر و شەڕ”، کە لەبەری شەڕەکەی «سوڵتانیزمی سیاسیی» بنەماڵەی بارزانیی دادەنێن و، لە بەری خێرەکەی هەموو ئەو هێزە چەپ و ڕاست و کۆنسەرڤاتیڤ و لیبراڵ و پرۆدیمۆکراتیی و دژەدیموکراتییە دادەنێن کە دەسەڵاتدارێتیی بنەماڵەیان پێ قبوڵ نییە، لەناویاندا هێزگەلێک کە هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتییان شانازیی بە دژەدیموکراتییەتی خۆیانەوە دەکەن و دەرفەت لە دەست نادەن کاتێک ڕۆژنامەنووسان پەیوەندییان پێوە دەکەن و دوژمنایەتیی خۆیانیان بۆ دیموکراتییەت پێ دەکەن مانشێت. قسەکردن لەسەر ئەم هێزانە وەک ئەندامانێکی ناو بەرەی خێر لەبەر ئەوەی لەبەرەی دژ بە پارتییدان، گۆڕینی پێناسەی پرۆسەی دیموکراتییە. گۆڕینێتی لەوەوەی کە «شەڕ و کێشمەکێشی نێوان بەها جیاوازەکان» بێت، بۆ «شەڕ و کێشمەکێشی نێوان گروپ و بەرە جیاوازەکانی ناو نوخبەی سیاسیی» .

«ئیمکانی کۆکردنەوەی دژەبنەماڵەیی و دژەدیموکراتییەت»

ئەوەی کە بڵێیت لێسەندنەوەی دەسەڵات لە «بنەماڵەی سوڵتان» ئەو هەنگاوە هەنوکەییە بەنرخەیە کە وڵات دەخاتە سەر سکەی ڕۆێشتن بەرەو دیموکراتییەت و بەرەو زامنبوونی ئازادیی دەربڕین و ئازادییە مەدەنییەکانی تر و، هەوڵ بدەیت وای پیشان بدەیت کە لەم پێناوەدا گرفت نییە نفوزی ئیسلامی سیاسیی لەناو پەرلەمانی کوردستان و لەناو کۆمەڵگای کوردییدا زیاد بکات، قسەیەکی وا دیماگۆجییەتێک و تەفرەدانێکی ڕووتە کە بۆ من سەرسوڕهێنەر نییە سیاسەتمەدارێکی پۆپۆلیستی وەک نەوشیروان موستەفا پێداگریی لەسەر بکات، بەڵام تێناگەم و پێم سەیرە چۆن کەسانێکی ئەکادیمیست ئامادەن لێکدانەوەیەکی وا ڕوکەشانە بکەن بە ماڵ بەسەر خۆیانەوە و چۆنە هیچ باکیان بە ئیعتیبار و کرێدیتی قسەی خۆیان نییە لای خوێنەرانی خۆیان. من تێناگەم ئەو ڕۆشنبیرانە پێیانوایە بەمە چی مەسئولییەتێکیان پیشان داوە لەئاست ئەو ژنانەی کوردستاندا کە لەناو ماڵەکاندا ڕۆژ نییە لێ نەدرێن و نوێنەرە ئیسلامیستەکانی گەلیش لەناو پەرلەماندا ڕۆژ نییە پێداگریی لەسەر گرنگیی ”تەئدیب” و گرنگیی پوچەڵکردنەوەی یاسای توندوتیژیی خێزان نەکەن؟ یان پێیانوایە چی مەسئولییەتێکان پیشان داوە لە ئاست دۆزی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی باوەڕ لە کوردستاندا لەکاتێکدا کە تەنانەت لە سیناریۆی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانیشدا قەدەغەکراوە کەسێک ڕایەکی نێگەتیڤی لەسەر مەلای مزگەوتەکان هەبێت، کەچی ئیسلامییەکان لە پەرلەماندا خەبات بۆ ئەوە دەکەن کە هەر هاوڵاتییەک لێی دەرکەوت باوەڕی بە ئاینەکەی ئەوان نییە، زوو بە زوو ببرێتە بەر دادگا و سزا بدرێت؟

ئەو ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستانەی حەماسەت بۆ حیزبایەتیی ملی پێ ناون بە پرۆپاگەندەی سیاسییەوە ئەوە دەبینن کە ئەو گۆڕانگارییەی شۆڕشی ئێران لەو وڵاتەدا خستییەوە ڕێک ئەم جۆرە گۆڕانکارییە بوو کە ئەوان ئێستا وەک ڕێگەی کەوتنەوەی دونیایەکی باشتر پیشانی دەدەن. ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران کرا نەهێشتنی حوکمی بنەماڵە بوو لە وڵاتدا. ئەوکات زۆرێک وا بیریان دەکردەوە کە ئەوە گرنگ نییە کە سەرکوتگەریی بنەماڵەی پەهلەویی نفوز و شەرعییەتێکی زۆری بۆ کۆنەخوازە ئیسلامییەکان پەیدا کردبوو. بۆ ئەوان گرنگیی لابردنی حوکمی بنەماڵە نەیدەهێشت ئەوە ببینن کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە کۆنەخوازەی ئاخوندەکانی قوم نوێنەرایەتییان دەکرد و وەک ئۆپۆزیسیۆنی دژە بنەماڵە لای خەڵک شەرعییەتیان وەرگرتبوو، شەڕکەری چی بەهاگەلێکی دژەدیموکراتیی و دژە مافی مرۆڤ بوون. ئێستا پاش زیاتر لە سی ساڵ لە لابردنی حوکمی بنەماڵە لە ئێران، کەسێک نییە ڕای وابێت ئەو وڵاتە بەدەست ئیسلامیزمی دژەبنەماڵەوە دۆخی دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ تیایدا بەرەو باشتر چووە .

«نەبوونی نیپۆتیزم بەڵگەی دیموکراتییبوونی هێزێک نییە»

نموونەی ئێران پیشانمان دەدات کە دروست نییە تەنها ئەوە بکەینە پێوانە بۆ دیارییکردنی ماهییەتی دیموکراتییبوون یان دژەدیموکراتییبوونی هێزەکان کە ئایا کامیان خانەوادەچێتیی دەکەن و کامیان نایکەن. نیپۆتیزم تەنها ستراتیجییەتێکە لەناو چەندین جۆری ستراتیجییەت بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتدارێتیی یان کارکردی سیاسیی. بۆیە دەستنەبردنی هێزێک بۆ ستراتیجییەتێک هیچ لەسەر ناسنامەی دیموکراتیی ئەو ناڵێت. سەیری ڕێکخراوی ئەلقاعیدە یەکێکە لە ڕێکخراوە هەرە هەمەڕەنگەکانی جیهان کە هیچ خانەوادەچێتیی و ”هاوخوێنیی” مومارەسە ناکات، بەڵام لەهەمانکاتدا یەکێکە لە دوژمنە هەرە سەرسەختەکانی دەوڵەتی مەدەنیی و دیموکراتییەت و مافە مەدەنییەکانی مرۆڤ. بۆیە سادەکردنەوەیەکی کوشندە و لێکدانەوەیەکی هەڵخەڵەتێنەرانەیە هەوڵ بدەیت خوێندنەوەیەکی ڕەش و سپییانەی دووبەرەیی بۆ سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا بکەیت و بڵێیت بەهێزبوونی هێزەکانی ناو بەرەی دەسەڵاتدار کە خەریکی خانەوادەچێتیین هەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراتیی، بەڵام بەهێزبوونی هێزەکانی ناو بەرەی ئۆپۆزیسیۆن ئەو خەتەرە گەورەیەی نابێت بۆ سەر ئەو پرۆسەیە وەک ئەوەی کە هێزەکانی ناو دەسەڵات هەیانە. دروست نییە نەبوونی نیپۆتیزم و خانەوادەچێتیی لەناو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا و ناڕەزایەتییان بە حوکمداریی پارتیی و یەکێتیی وەک بەڵگە و وەک گارانتی ئەوە بەکار بێنین کە لە حوکمدا دەست بۆ خانەوادەچێتیی یان بۆ وەسیلەی زۆر خەتەرناکتر لە خانەوادەچێتیی نابەن بۆ خۆفەرزکردن بەسەر خەڵکدا. بیرمان نەچێت لە وڵاتی یەمەن دژایەتییکردنی سیاسەتی بنەماڵەچێتیی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و ئەم بیرکردنەوە دوو بەرەییە بوو کە شەرعییەتێکی وا گەورەی بۆ ئیسلامی سیاسیی پەیدا کرد کە ئەو وڵاتە ئێستا بووەتە گەورەترین و خەتەرناکترین بنکە لە هەموو جیهاندا بۆ چەکدارەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە .

«نیپۆتیزم بە تەنها ئاکاری کۆنسەرڤاتیڤەکان نییە»

هەر لەم سیاقەدا گرنگە ئاگاداری ئەو هەوڵە یان ئەو هەڵەیە بین کە دەیەوێت خانەوادەچێتیی بنەماڵەی بارزانیی و پێدانی پۆستی گرنگی حکومیی و حیزبیی بە کەسوکاری خۆیان وەک ئاکامێکی کۆنسەرڤاتیڤییەت و عەقڵی خێڵەکیی ئەو بنەماڵەیە لێک بداتەوە. بەڵێ پارتیی حیزبێکی کۆنسەرڤاتیڤە و زۆرێک لە سەرکردەکانی خاوەن کولتوری خێڵەکیین، بەڵام دروست نابێت ئەو خانەوادەچێتییەی لە دابەشکردنی پۆستی حیزبیی و حکومییدا مومارەسەی دەکات وەک ئاکامی کۆنەخوازییەکەی لێک بدرێتەوە چونکە خانەوادەچێتیی ستراتیجییەتێکە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتدارێتیی کە هەم حیزب و دەسەڵاتداری لیبراڵ و هەم حیزب و دەسەڵاتداری کۆنسەرڤاتیڤیش دەستی بۆ دەبەن. بنەماڵەی ئەلبوناسر و تکریتییەکان لە عێراقی سەددام حسێن و، عەلەوییەکان لای ئەسەدەکانی سوریا و، بگرە سیاسەتکردنی خانەوادەیی بنەماڵەی بۆش و بنەماڵەی کەنەدیی لە ئەمریکا دەکرێت چەند نموونەیەکی سەلمێنەری ئەم ڕاستییە بن .

بینینی ئەم ڕاستییە گرنگە بۆ ئەوەی نادروستیی ئەو لێکدانەوەیە ببینین کە دەیەوێت لەڕێگەی ناونانی ئەو نیپۆتیزمەی ناو پارتیی بە ”سوڵتانیزم” ئەو دڵنیاییە ناڕاستە بە خەڵک بدات کە بڵێت ترستان نەبێت، هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی هەرێمی کوردستان گەر لە دەسەڵاتدا بن هەوڵ نادەن ئاوا وەک پارتیی بە شێوەی جۆراوجۆر دەسەڵاتدارێتیی خۆیان فەرز بکەن چونکە ئەوە پارتیی لەبەر کولتورە خێڵەکیی و کۆنسەرڤاتیڤەکەیەتی کە ئاوا بە وەسیلەی بنەماڵەیی و خانەوادەچێتیی دەسەڵاتی خۆی فەرز دەکات .

دواتر، تەنانەت خەسڵەتی کۆنسەرڤاتیڤییەت و داخراویی هێزە جیاوازەکان لە کوردستان و داکۆکییان لە کۆنەخوازیی و پێشکەوتنخوازییش دیسانەوە بەو ڕوونییە نییە کە کەسێک بتوانێت ئاوا پۆلێنیان بکات بەسەر دوو بەرەی ڕۆشندا و ئاوا ئاسان مۆری کۆنەخوازیی لەمیان بدات و مۆری پێشکەوتنخواز لەوی تریان. بۆ نموونە ئەگەر قسە لەسەر خێڵ و عەقڵی خێڵەکایەتییە ئەوا ڕاستە کە پدک زیاتر پابەندە بە عەقڵییەتی کۆلەکتیڤیی عەشیرەتییەوە، بەڵام بەبەراورد بە پارتیی، یەکێتیی نیشتیمانیی کاری چالاکانەتری بۆ زیندووکردنەوەی عەقڵی خێڵەکایەتیی لەناو خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی ئینتیمای عەشیرەتیی لای هاوڵاتییانی کوردستان کردووە تا پارتیی. ئەگەر قسە لەسەر وەستانەوەیە دژ بە سیستەمی پاتریارکیی و دژ بەو دۆزەخەی لە کوردستان بۆ ژنانی ناو کۆمەڵگای کوردییمان دروست کردووە، ئەوا نێچیرڤان بارزانیی لە پۆستی سەرۆکوەزیرییدا زۆر مەسئولانەتر و جیدییانەتر لە بەرهەم ساڵح بیری لای ئەوە بووە کە پێداگریی لەسەر ناڕەوایی سیستەمی پیاوسالاریی بکات. وە ئەگەریش قسە لەسەر کۆنسەرڤاتیڤییەتی ئاینیی و تۆڵێڕانسە بۆ ئازادیی بیروباوەڕ، ئەوا لەم چەند ساڵەی دواییدا نەوشیروان موستەفا و هەندێک ڕۆشنبیر نوخبە و ئەکادیمیستی دەوروبەری، زۆر لە مەسعود بارزانیی نامەسئولانەتر کارکردی نێگەتیڤیان لەسەر ڕەخنەی لیبراڵییانەی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و گەنجانی نادینیی هەبووە و کارێکیان کردووە ڕەخنەکانیان و تەنانەت باوەڕنەبوونیان بە ئاین وەک چالاکییەکی توندڕەوانە دەرکەوێت و ناچار بەوەیان کردوون سانسۆر بخەنە سەر ڕادەربڕین و پیشاندانی باوەڕی خۆیان .

«دەسەڵات بەرپرس نییە لە کەمتۆڵێڕانسیی ئۆپۆزیسیۆن»

دیارە من ئەمانە بەو مانایە ناڵێم کە تێزی پێچەوانەی تێزی کۆنەخوازیی پارتیی بسەلمێنم، بەڵکو دەمەوێت بڵێم کە دروست نییە یەکئاراستە قسە لە ستراکتۆری ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان بکەیت و وای پیشان بدەیت کە گوایە کەمکردنەوە یان نەهێشتنی هەیمەنەی بنەماڵەی بارزانیی و زاڵبوونی دەستی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا «سه‌ره‌تای دروستبوونی پرۆسه‌یه‌كی گرنگی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی دەبێت لە کوردستاندا»، یان وای پیشان بدەیت کە بەبێ لابردنی دەسەڵاتدارێتیی پارتیی و یەکێتیی مومکین نییە «له‌هیچ ئاستێكی تری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئیداری‌و ئابوری‌و فه‌رهه‌نگیدا لانی هه‌ره‌كه‌می گۆڕانكارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ ئەنجام بدرێت».

ئەوە ڕوونە کە ئەم قسەیەی ئەخیر زیاتر پرۆپاگەندەی حیزبییە کە بە بۆنەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت تا ئەوەی لێکدانەوەیەکی جیددی بێت، ئەگینا کەس دەستی هێزە ئیسلامییەکانی نەگرتووە تۆڵێڕانس لەئاست چاپبوونی کتێبێکدا سەبارەت بە هۆشیاریی سێکسیی پیشان بدەن و هەڕەشە لە وەرگێڕە کچەکەی نەکەن. کەس دەستی بزوتنەوەی گۆڕانی نەگرتووە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکەی نەکاتە کەناڵی پڕۆپاگەندەی یەکئاراستە و تەنها هاوڕایان و هاوڕێیانی بزوتنەوەکە بتوانن قسەی لێوە بکەن. تەنانەت کەس دەستی میدیای ئەهلیی نەگرتووە واز لە دواکەوتنی هەواڵی بەرپرسان بێنن و واز لە پشتگوێخستنی ئەو وتارانە بێنن کە ناوەڕۆکیان لەگەڵ ”خەت”ی ئەواندا نایەتەوە و کەس دەستی نەگرتوون چەند دیبەتێکی ڕاستەقینە لەنێوان ڕا بەفیعلیی ناکۆکەکاندا دروست بکەن. ئەم ئەخلاقییاتانە هیچیان پارتیی و یەکێتیی فەرزیان نەکردووە بەسەر ئەو تەرەفانەدا. ئەمە هەمووی ئاکامی کەمتۆڵێڕانسییە بۆ جیاوازیی کە هەر تەنها لای دەسەڵاتداران ئامادە نییە، بەڵکو کەمتۆڵێڕانسییەکە کە هەر هێزێک هەیبێت، ئەوا لە کاتی دەسەڵاتدارێتییدا ووردە ووردە بەرەو ئەو جۆرە حوکمڕانێتییە دەڕوات کە پارتیی و یەکێتیی بۆی چوون .

«دروستکردنی دژەئارگیومێنتی وەهمیی»

کەواتە لێرەوەیە کەسێک دەتوانێت قسەیەکی وا بکات و بڵێت ئەگەرچی جیاوازیی گەورە لە پلەی گەندەڵیی و سەرکوتگەریی هێزەکاندا هەیە (ئیتر بە هۆی نەبوون لە حوکمدا بێت یان هەر هۆکارێکی تر بێت)، بەڵام گرنگە حیزبەکان مەبدەئیی بن و لەپێناو بردنەوەی دڵی دەنگدەردا سازش لەسەر بەها گرنگەکانی وەک دیموکراتییەت و مافە چەسپاوەکانی مرۆڤ نەکەن، وە ئەگەریش کارێکی وایان کرد و پۆپۆلیستانە پشتیان کردە ئەو بەهایانە، ئەوا جیاوازییەکی جەوهەریی لەنێوان ئەوان ئەو حیزبانەدا نییە کە دەستیان لە حوکم گیر بووە و سەرکوت و گەندەڵییەکی گەورەیان خستۆتەوە.

ئەم قسەیە تەواو جیاوازە لەوەی کە بڵێیت هەموو حیزبەکان لە ئیستادا بە یەک ئەندازە ئۆتۆریتار و گەندەڵن و هیچ جیاوازییەک لە پلەی تێوەگلانیان لە گەندەڵیی و سەرکوتگەرییدا نییە. ئەم قسەیەی دوایی و بەم مانایە هیچ کەس نەیکردووە لەکوردستاندا؛ نە ئەو حیزب و هێزانەی کە داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکەن (بۆ نموونە کۆمۆنیستەکان) و، نە ئەو ڕۆشنبیرانەشی کە پێیانوایە سیاسەت یەعنی ناپاکیی و پێیانوایە بەچاوپۆشین لەوەی کام حیزبی کوردیی دەسەلات دەگرێتە دەست، دەسەڵاتدارێتیی لە کوردستاندا هەر بەرەو دیکاتاتۆرییەت دەڕوات (بۆ نموونە کاک بەختیار عەلی). ئەم تەرەفانە قسەیان لەسەر پۆتێنسیاڵە نەک لەسەر پلەی کەم و زۆریی تێوەگلانی هێزە جیاوازەکان لە خستنەوەی ئەو بارە نالەبارە سیاسیی و کۆمەلایەتیی و ئابورییەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا زاڵە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لەکاتێکدا هیچ کەس و تەرەفێک نییە لە کوردستاندا بەم مانایەی ئەخیر قسەی لەسەر هێزە جیاوازەکان کردووبێت، کەسانێکی ئەکادیمیست دێن بۆ ئارگیومێنتکردن لە قازانجی بزوتنەوەی گۆڕان، دژەئارگیومێنتێکی وەهمیی وا دروست دەکەن گوایە کەس هەیە ڕایەکی وای هەیە و ئیتر لەوێوە دەست دەکەنە ئارگیومێنتکردن دژ بەو تێزە وەهمییە.

هەر ئەم تاکتیکەیە کە هەندێک بەکاری دێنن بۆ پاکانەی ئەو پۆپۆلیستییەی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا ئامادەیە سەنگەری هاوبەش لەگەل هێزە ئیسلامییەکاندا بگرێت، ئەو هێزە ئیسلامییانەی کە ئیمانداریی خەڵک و چوونیان بۆ مزگەوت دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژانی هەینییەک چەندین کاتژمێر وانەی کەمتۆڵێڕانسیی بۆ بیروڕا و باوەڕی جیاوازیان پێ بڵێنەوە. ئەکادیمسیتە حیزبییەکان ئەم قەلەقییەی لایەنگرانی ئازادیی بیروباوەڕ لەئاست هاوپەیمانیی ئیسلامییەکان و بزوتنەوەی گۆڕان وا پیشان دەدەن کە گوایە ”عەلمانییە توندڕەوەکان” داوای ئەوە دەکەن ئازادیی ڕادەربڕین و سیاسەتکردن لە موسڵمانانی سیاسەتکار قەدەغە بکرێت. دیارە ئەمە دژەئارگیومێنتێکە کەس لە کوردستاندا نەیوتووە چونکە تەنانەت ڕەخنەگرە هەرە سەرسەختەکانی ئیسلامی سیاسیی قسەیان ئەوە نییە کە ئیسلامییەک مافی نەبێت لایەنگری فرەژنیی یان لایەنگری قەدەغەکردنی کوفر بێت و داوای سزادانی بکەن لەسەر ئەو ڕایانە، بەڵکو ئەوان داواکاری ئەوەن گوێی لێ نەگیردرێت و بە قسەی نەکرێت. بۆیە ئەوەی دوو ئەکادیمستی لایەنگری گۆڕان بێن ئارگیومێنتی ئەم کەسانە وا پیشان بدەن کە گوایە دژ بە ئازادیی بیروڕا و بەشداریی سیاسیی کەسانی خاوەن ئایدۆلۆجیای ئیسلامیین، داتاشینی ئارگیومێنتێکی وەهمییە بۆ ئەوەی تەبریری پۆپۆلیستییەتی بزوتنەوەی گۆڕان پێ بکەن لە مامەڵەیدا لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکاندا.

دیارە ئەمە یەکەم جار نییە هەندێک لەو لایەنگرانەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم کارە دەکەن. لە دۆزی بەشداریی ئیسلامیستەکان لە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتدا و لە دیبەیتی عەلمانیزمیش لە کوردستاندا، ئاوا دژەئارگیومێنتی وەهمییان بەدەمی لایەنگرانیانی عەلمانییەتەوە دروست دەکرد و پاکانەی هاوپەیمانیی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامسیتەکانیان پێ دەکرد، تا ئەو شوێنەی مامۆستایەکی زانکۆیەکی ئەوروپیی هاتبوو دەیووت دوودڵیی لایەنگرانی عەلمانییەت لەئاست کاندیدبوونی سەڵاحەددین بەهاددین بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم تێنەگەیشتنی ئەوانە لە عەلمانییەت. ئەمە بەبێئەوەی خۆی ئەوەندە لە عەلمانییەت تێگەیشتبێت کە توانیبێتی لە وتارەکەیدا پێناسەیەکی ڕۆشن بۆ عەلمانییەت بنووسێت.

«هەڵبژاردن و هەڵوێستگیریی سادە»

بەڵی هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ سزادانی ئەوانەی سیاسەت و مومارەسەی خراپیان هەبووە، بەڵام من چاوەڕوانییم هەیە ئەکادیمیستەکانی ئێمە نەکەونە ئەو هەڵەیەوە وەک حیزبەکان هەوڵ بدەن ناکۆکییە سیاسییەکان بە مۆدێلی «بلۆکی شەڕ و بلۆکی خێر» و «بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن» شیکاریی بۆ بکەن. چاوەڕوانییم هەیە ئەوان تۆزێک جەدەلییتر و لەسەر بنەمای پرەنسیپ قسە لەسەر ناکۆکییەکان بکەن نەک تەرکیز بخەنە پێشێلکارییەکی ئەو پرەنسیپانە لەلایەن تەرەفێکەوە و هەوڵی پاکانەکردنی پێشێلکاریی تەرەفێکی تر بۆ ئەو پرەنیسپانە بدەن.

بەڵێ هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ موجازات و موکافەئە، بەڵام من چاوەڕوانیی ئەوەم هەبوو کە پشتچۆڵکردنی دۆزی عەلمانییەت و دۆزی ئازادیی باوەڕ لە کوردستاندا لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە یەکێک بوایە لەو دۆزانەی کە لەپاڵ دۆزی ناپاکییەکانی دەسەڵاتدارانەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند ببوایەتەوە. کە ئەمە نەکرا، بۆ من مانای ئەوەیە کە پۆتێنسیاڵی ئەوە لەناو ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆشنبیر و ئەکادیمستەکانی دەوروبەری ئۆپۆزیسیۆنیشدا هەیە کە بەم پۆپۆلیستییەتەیانەوە بە چەند ساڵێکی حوکم، دیسانەوە ئەو دۆخە پڕ لە سەرکوتگەریی و گەندەڵیی و نیپۆتیزمە بخوڵقێننەوە کە ئێستا حوکمداریی پارتیی و یەکێتیی خستویەتییەوە.

لە کۆتاییدا ئەوە بڵیم کە من تەواو ئاگاداری ئەوەم کە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا لە ئێستادا تۆڵێڕانس و تەحەمولێکی زۆر کەم هەیە بۆ ڕەخنەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و، دەزانم ڕەخنەکردنی ئەو بزوتنەوەیە زووبەزوو تۆمەتی پشتگیریی لە حوکمڕانیی دەسەڵاتدارانی ئێستای ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. دەشزانم ئەمە وایکردووە زۆر کەس لەو ناوەندەدا ڕای خۆی لەسەر ئەو بزوتنەوەیە هەڵگرێت بۆ خۆی. بەڵام بۆ من ناکۆکیی کەسی بەرامبەر و ئیحتیمالی توڕەبوونی، قەت تەبریرێک نییە بۆ ئەوەی من ڕای خۆم نەڵێم. ئەوەی کە ئێستا تەحەمول بۆ ڕەخنەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان کەمە، ئەوە خۆی ئارگیومێنتێکە بۆ زەرورەتی ئامادەکردنی ڕەخنە لەبەرامبەر ئەو بزوتنەوەیەدا لەئێستادا نەک بەپێچەوانەوە. ئەو واقیعەیە کە وا دەکات لەم کاتەدا زەروەرت هەبێت پێداگریی لەسەر ئەوە بکرێت کە ستراکتۆری ناکۆکییەکان لە سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا تۆزێک ئاڵۆزترە لەو پرۆپاکەندە سیاسییەی کە تیۆریزەکەرانی ئەو بزوتنەوەیە هەوڵدەدەن بانگەشەی بۆ بکەن.

ئۆسلۆ، 19.09.2013