کونجــرینی : قەیرانە سیاسییەکەی دوای هەڵبژاردن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم هەڵبژاردنەی 21/9 یەکێتی باجی هەڵەکانی خۆی دا ، باجێک لەدەستدانی بەشێک لە پێگەی جەماوەری و حیزبی و سیاسی خۆی لەسەر ئاستی هەرێم و پاشان کوردستان و عیراق .

باجێک بۆ زیاتر لە 10 ساڵە جاودێرانی سیاسی و دڵسۆزەکانی ناو یەکێتی دەیبینن . دەساڵە قسە لەسەر ئەوە دەکرێت خۆبەستنەوەی یەکێتی بەچارەنوسی پارتییەوە تەنها زیانە بۆخۆی و قازانجە بۆ پارتی . کارکردنی پارتی لەسەر چوار کوچکەی پیلان ، توانی کار لەسەر ئەو پێگەیە بکات و نەگەڕێتەوە بۆ توانا عەسڵەکەی خۆی ، کە تەنها % 10 بۆ 15 ی دەنگەکانی هەرێم ” ـە .

1 / پارتی بەهۆی مۆنۆپۆلی ناوچەییەوە ، لە ناوچەکانی شەقلاوە بەسنوری برادۆست و شارۆچکەی مێرگەسور و دیانەوە ، جگە لەبادینان ، لەهیج هێزێکی قبوڵ ناکات بارەگاو بنکەی هەبێت ، واتە ئەوهەموو ناوچانە بەدڵی خۆی لەکورسییەکەوە تاچوارکورسی بەدەست دێنێت ..

2 / بەهۆی دەسەڵاتە زۆرەکانییەوە بەسەر هەیمەنەتی کوردستان ، بەتایبەتی 10 ساڵی رابردوو بەهۆی هەڵەکانی یەکێتییەوە توانیویەتی پێگەی جەماوەری خۆی لەو ناوچانە بهێڵێتەوەو پارێزگاری لێبکات ، کە خۆی دەستی باشی پێیان ڕادەگات .

3 / بەهۆی پلەوپایەو بەخشینەوەی پارەی گشتی .

4 / بەهۆی ترس و تۆقاندن و گرتن و فڕاندن و تیرۆرکردنەوە .

پارتی لەڕابردوودا هەمیشە کاری لەسەر ئەوە کردووە ، چۆن و بەچ شێوەیەک ، هێزی بەرامبەرو هاوپەیمان و هێزەکانی تر پچوک بکاتەوەو خۆی بکات بەکوێخا بەسەریانەوە . ئەم ستراتییژییە ، ئەو سەرە ڕمە بوو ، یەکێتی بەدەستییەوە دەتلایەوەو لەکەوانەی پچوک بونەوە بۆ پچوکتر تاویی دەدا .

یەکێتی باجی خۆی دا ، بەڵام لەبەردەماندایە چ هێزێکی تر عەوداڵ بە کۆشکوتەلاری حوکم و دەکەوێتە داوی سیاسەتی پارتییەوە . گوێمان لێی بوو ، خوێنەری ئەو چەند رستەیە بووین ، کە یەکێک لە ناودارترین کەسەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت : ئێمە نزیکیترینین لەپارتی وەک لەهەر هێزێکی تر ، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەسەر حوکمی داهاتوو ..

ئەزمونی پارتی لەبەرەی کوردستانییەوە تا هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی ، ئەو واتایە دەدات بەدەستەوە ، هەر هێزێک هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ببەستێت نەگبەتییەتی و مەرگ و ڕیسوا بوونی خۆی هەڵدەبژێرێت . کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان بییەوێت لەگەڵ پارتی بچێتە ناو کابینەی حوکمەتەوە ، دەبێت بەڵێنەکانی بیر نەکات و وتارەکانی دانەگرێت .. پارتیش بەمەرج و بەهەگبەی بەڵینەوە کەسی قبوڵ نییە ، گەر قبوڵیشی بێت ، دەبێت لەوە بگات فێلەو هاوپەیمانییەکە ماوە کورتە ..

یەکێتی گەر دەستبەرداری پارتی نەبێت و وانەی وەرنەگرتبێت ، نەگبەتییەکی دورو درێژی تا سەرگۆڕ هەڵدەبژێرێت و لەبەردەمیدا هەڵوەرینێکی گەورەتر لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا دەبینێت .

یەکێتی دەبێت ژیرانەو زانایانە مامەڵە لەدوای ئەم شکستەوە بکات و ، بەتای هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی لە مەیدانی ئۆپۆزسوێنیشدا زیان دەکات .. دەبێت هەموو هێزی خۆی بخاتە گەر تا هەموو ئەو پێکهاتانە شکست پێ بهێنێت ، کەدەبنە کەنارگیری ئەو لەدەسەڵات و هێندەی تەنازولی بۆ پارتی کرد لەڕابردوودا ، سەرکەوتن و ڕۆحی نوێ بوونەوەیە بۆی لەگەڵ هێزەکانی تردا بێتە سەرمێزی گفتوگۆ بۆ کابینەی داهاتوو .

قەیرانێک لەکوردستان دروست بووە ، پێویستی بە تەنازولی هەموو لایەکەو لەپێش هەموویانەوە پارتی . بۆ ئەمەش دەبێت پارتی واز بهێنێت لە کۆمەڵێک دەستکەوتی حیزبی و بەمەرجی بەرامبەر کە گۆڕانە ڕازیی ببێت ، ئەمەش کارێکی قورسە بۆ پارتی .. هەروەها گەر گۆران لەگەڵ پارتی بچێتە حوکمەوە ، چارەنوسی داهاتویی خراپی بەسەر دێت و باشتر نابێ لەیەکێتی ، چونکە جگە لەوەی پارتی خۆسەپێنەو ماوەی هەموو هاوپەیامنییەک لەگەڵی کورتە ، گۆڕان بەڵینەکانی خۆی دەدۆڕێنێت و ناتوانێت جیبەجێی بکات ، ئەویش بنەبڕکردنی گەندەڵیییە ، کە سەرتاپای پارتی لەخۆ گرتووەو ئیتر چۆن و بەچ شێوەک دەتوانێت گەندەڵی بنەبڕ بکات ..

گەر گۆڕان لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکانی ناو بەرەی ئۆپۆزیسوێن بیەوێت کابینەی حکومەت پێک بهێنیت ، ئەمەشیان لەدەنگداندا کورت دێنێت و ناتوانێت لەکابینەی پەڕلەمانی داهاتوو پەسند بکرێت ..

گەر گۆران بیەوێت لەگەڵ یەکێتی و دوو حیزبی ئیسلامی کابینەی حکومەتی داهاتوو پێک بهێنێت ، پارتی پەسندی ناکات و ڕەوشی کوردستان بەرەو توندوتیژی دەڕوات ، ئێمە هەموومان پارتی دەناسین لەپێناو پێگەی هەولێردا ٣١ ئابی خوڵقاندو ، لەشکری تورکی هێناو ، لولەی تۆپی پاسداری بۆخرایەگەر .. هەموومان ئەوە دەزانین لەسەر وتارێکی ڕەخنە ئامێز ئامادەبوو ، کارو ناوی تیرۆریستی بۆ خۆی هەڵبژێرێت و سەردەشت و سۆڕانی مامەحەمە شەهید بکات ،، حیزبێک پر لەتوندوتیژی لەپێناو دەسەڵاتدا ، تەنانەت خواش ناناسێت ..

چارەهەیە ، گەرزانایانەو ژیرانە بەدوایدا بگەڕێن سەرەداوەکان لەناخی ئەو هێزانەدایە ، کەئەرکی نیشتمانی و دینی و دنیاییان لەسەر دەستە ..

زەمەن زەمەنی ساڵانی نەوەدەکان نییە ، ماڵا پاشا وەک جاران ناتوانێت سوکانی سیاسەتی ناوچەکە بگرێت بەدەستەوە . هەموو هێزی سەربازیی ناوچەی سۆرانی لەدەست داوەو جەنگاوەری شەڕکەری بۆ گرتنی گردێک نەماوە .. عێراق لەژێر دەوارو چەرداخی ئەمەریکادایەو ، وەک جاران ماڵا پاشا ناتوانن بەدڵی خۆیان چەقی کوردستان بکەن بە فیلکەی سوڕاندنەوەی هێزی داگیرکەر .. بەغدادی سەدام کۆتایی هاتوو جارێکی ترو لە سیویەکێکی تردا ناتوانێت بەهەمان بیکردنەوەو لافو گوزارەوە حوکمی هەولێر بکات .. قۆڵی لێهەڵماڵن و کابینەی داهاتوو لەسەر چوارکوچکەیەک دامەزرێنن ، گوێ مەدەنە کوچکەیەکیان ، کە خەرقی گەندەڵی بووە ، بەدیموکراسیش بێت زۆرینە پاکە ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت